قه‌سر و قه‌بر
August 7, 2010
فیکر و فەلسەفە

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
له خۆرئاوا له‌مێژه خه‌ڵک، ده‌ستبه‌رداری به‌هه‌شتی ئه‌و دنیا بوون و بیر له‌و به‌خته‌وه‌رییه ده‌که‌نه‌وه که ده‌شێت له‌م دنیا به ده‌ستی بهێنن. بنیامین فرانکلین ده‌ڵێت: لوتکه‌ی خواپه‌رستی ئه‌وه‌یه، کاره‌یلی وه‌ها بکه‌ین، خه‌ڵکی ئه‌م دنیایه خۆشی و چێژی لێ ببینن، ئه‌گه‌ر له‌م دنیا له پێناوی به‌خته‌وه‌ریی ئینساندا ئیش نه‌که‌ین، زه‌حمه‌ته خودا له‌و دنیا لێمان خۆش ببێت. له ڕوانگه‌ی (هاشم ساڵح)ه‌وه، جیاوازیی نێوان ئینسانی سه‌ده تاریکه‌کانی ناوه‌ڕاست و ئینسانی سه‌روه‌ختی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وه‌یه، یه‌که‌میان سووک سه‌یری ژیانی ئه‌م دنیایه‌ی ده‌کرد و ته‌نیا ژیانی ئه‌و دنیای به لاوه گرنگ بوو، به‌ڵام دووه‌میان بایه‌خی به ژیان و خۆشییه‌کانی ئه‌م دنیا ده‌دا و ئه‌م دنیای واقیعه‌ی به کاته‌کی و پووچ نه‌ده‌زانی.عه‌لمانییه‌کان ئینسان بۆ ئه‌وه هان ده‌ده‌ن، له‌م دنیا له پێناوی قه‌سرێکی ڕۆشندا خه‌بات بکات، وه‌لێ ئه‌وه‌ی به لای ئیسلامیی توندڕۆوه گرنگه، قه‌برێکی پڕ له نووره. لای سیکولاریستهکان، (مانه‌وه، به‌قاء) گرنگه، لای ئیسلامیی توندڕۆ (له‌ناوچوون، فه‌ناء) جێی بایه‌خه، ئه‌وه بۆیه پیاوانی ئایینی توندڕۆ، جه‌سته به لایانه‌وه هیچه، ڕۆح له کنیان گرنگه. لای سیکولاریستهکان، سه‌رمایه‌ی ئینسان، ژیانه و ژیان له سه‌نته‌ردایه، له کن ئیسلامییانی توندڕۆ، مه‌رگ ده‌که‌وێته سه‌نته‌ره‌وه. له کاتێکدا عه‌لمانییه‌کان، هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه ئینسان بێ ترس و به دڵنیایی بژی، ئیسلامییانی توندڕۆ به‌رده‌وام به ئه‌شکه‌نجه‌ی قه‌بر و به ئاگری دۆزه‌خ ئینسان ده‌تۆقێنن. نه عه‌لمانی، که‌سێکی مولحیده، نه عه‌لمانیبوون، دژایه‌تیکردنی ئایینه. وه‌ک چۆن هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، سیسته‌می خۆی هه‌یه، ئایینیش خاوه‌نی سیسته‌می تایبه‌ت به خۆیه‌تی، عه‌لمانیبوون جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو سیسته‌مه‌یه له یه‌کدی که به زیانی ئیسلامییانی توندڕۆ، وه‌لێ به قازانجی هه‌ردوو سیسته‌مه‌که (سیاسی و ئایینی) ده‌که‌وێته‌وه.
ئیسلامیی توندڕۆ په‌لاماری ژیان ده‌دات، دنیا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، وه‌ک زه‌ندیق بۆ موسڵمانی نائیسلامی ده‌ڕوانێت و سووک سه‌رنجی خه‌ڵکانی سه‌ر به ئایینه‌کانی دیکه ده‌دا. ئیسلامیی توندڕۆ، ئه‌وی تا هه‌نووکه‌یش بڕوای به جیهاد هه‌یه و خۆی پێ موجاهیده، ته‌نیا قینی له‌وی دیکه نییه، ڕقی له ژیان، له سه‌رده‌مه‌که، له کۆمه‌ڵگه و له دنیایه. ئیسلامیی توندڕۆ ته‌نانه‌ت ڕقی له خودی خۆیشی ده‌بێته‌وه، ئه‌وه نییه شه‌یدای ڕه‌نگی ڕه‌شه و ته‌نانه‌ت خزمه‌تی ڕیشی خۆیشی ناکات! موجاهید هێنده ڕقی له خۆیه‌تی، ئاماده‌یه خۆی بته‌قێنیته‌وه! بۆیه ده‌بێت له کن مه ئاسایی بێت که بڕوای به جیاوازی و ئازادی نه‌بێت، وه‌ک ده‌خوازێت، ده‌ست وه‌ر بداته ژیانی که‌سانی دیکه‌وه و زۆر به ئاسانی هانا بۆ نواندنی زه‌بروزه‌نگ ببات.
(ژنیش که مه‌خلووقێکه له نێوان فریشته و ئینساندا و نزیکترین زینده‌وه‌ره له که‌ماڵه‌وه،)(1) ده‌که‌وێته به‌ر به‌رقی غه‌زه‌بی موجاهید. تا پیاوانی توندڕۆی ئایین، زێتر کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵگه بکه‌ن، ژیان له ژنان تاڵتر ده‌بێت، ژنان زێتر دووچاری په‌لاماری پیاوان ده‌بنه‌وه و سووکایه‌تییان زێتر پێ ده‌کرێت. له‌و شارانه‌دا که ئیسلامیی سیاسی جێپێی پته‌وه، زۆرترین ژن دووچاری ته‌نگ پێ هه‌ڵچنین، توندوتیژی، ئه‌تککردن و کوشتن ده‌بنه‌وه.
جیاوازییه‌کی سه‌ره‌کیی نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتوو له‌گه‌ڵ هی پێشکه‌وتوودا ئه‌وه‌یه، له یه‌که‌میاندا، ده‌سه‌ڵاتدار له ڕۆشنبیر به‌ناوبانگتره و له دووه‌میاندا، کاریگه‌ریی ڕۆشنبیر له هی ده‌سه‌ڵاتدار زیاتره. موجاهید، ڕقی زۆری له ڕۆشنبیره و ڕۆشنبیر به دوژمنی سه‌ره‌کیی خۆی ده‌زانێت و له هه‌ر کوێ ده‌ستی ڕۆییشتبێت، ده‌ستی له ڕۆشنبیر وه‌شاندووه. پێوه‌ندییه‌کی پته‌و له نێوان ده‌سه‌ڵاتداری نادیموکرات و پیاوی ئایینیی کۆنپارێز و توندڕۆدا هه‌یه، هه‌ردوو لایان بۆ پته‌وکردنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا، سوود له توانای یه‌کدی وه‌رده‌گرن و هه‌میشه به هانای یه‌کدییه‌وه ده‌چن. پیاوانی ئایینیی توندڕۆ چونکه هاوسه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاتداری نادیموکراتن و لێی سوودمه‌ندن، له گوتار و قسهوباسیاندا، توخنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵکاری ناکه‌ون و دژی ناوه‌ستنه‌وه.
(خودایه ئاوڕوویان ببه!
خودایه ڕیسواتریان بکه!
خودایه زهلیلتریان بکه!
خودایه لووتیان بشکێنه!
خودایه چی زووتره بیانفه‌وتێنه!
خودایه وا بکه، ده‌ستیان بچێته خوێنی یه‌کدی!
خودایه که‌سێک بکه به سه‌روه‌ریان ئه‌شکه‌نجه‌یان بدات و برسییان بکات!)(2)
ئه‌وانه (نزا و تکا)ی واعیزێکی عه‌ره‌بستانی سعوودن، له دژی که‌سانی موسڵمانی لیبرال و عه‌لمانی. به ڕاست ئه‌وانه دوعان؟ یان جنێون؟ ئاخۆ ئایینی ئیسلام ڕێ به‌وه ده‌دات، له بڵندگۆی مزگه‌وته‌وه، واعیزێک ئه‌و جنێوانه ئاڕاسته‌ی که‌سانێکی هاوئایینی خۆی بکات؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و واعیزه جنێوده‌ره که پێ ناچێت هێنده‌ی گه‌ردێک ئه‌وین له دڵیدا هه‌بێت، ده‌ستی بڕوات، ئه‌وانه قه‌لاچۆ ناکات که بیروڕایان له هی ئه‌و جیاوازه ؟
هه‌رچه‌نده یه‌کێتی و پارتی له ڕێکه‌وتننامه ستراتیژییه‌که‌ی نێوانیاندا، پێ له‌سه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت داده‌گرن، که‌چی پۆستی وه‌زیری ئه‌وقاف به که‌سێک سپێردراوه که دژی جیاکردنه‌وه‌ی ئایینه له ده‌وڵه‌ت!(3) بۆچی ئه‌وان پێش ده‌که‌ون و ئێمه نا؟ چونکه ئه‌وان ئایینیان له ده‌وڵه‌ت جیا کردووه‌ته‌وه و ئێمه نا، ئاخر جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، هه‌نگاوی یه‌که‌مه بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دژهمهرگی ژیاندۆست، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له گۆڕاندا و ده‌ربازبوو له زیندانی ته‌نگی ڕابردووی تاریک.
ئه‌وه بۆیه له سه‌ره‌تاوه باسی ئه‌م دنیا و ئه‌و دنیام کرد، چونکه زۆر له‌وانه‌ی دژی سیکولاریزم ده‌وه‌ستنه‌وه، پێیان وایه سیکولاریزم به واتای عیلمانییه‌ت دێت و له عیلمه‌وه هاتووه، وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی عه‌لمانییه‌ته، له (عاله‌م)ه‌وه هاتووه و مه‌به‌ست لێی، وێڕای جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت، بایهخدانیشه به کاروباری دنیا. چونکه ڕووی ده‌می ئایین له‌وانه‌یه که بڕوایان به غه‌یب و موعجیزه هه‌یه، ئیسلامی توندڕۆ به پاساوی ئه‌وه‌ی زانست له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌دا ناکۆکه، سیکولاریزم ده‌بنه‌وه بۆ لای عیلمی کافران و به‌و بیانووه‌وه سه‌نگه‌ری لێ ده‌گرن.
یه‌کێک له‌وانه‌ی به هه‌ڵه تێی نه‌گه‌ییشتووه و به هۆشیارییه‌وه سه‌رقاڵی فریودانی عه‌وامه، (مه‌لاعه‌لی باپیر)ی ئه‌میری کۆمه‌ڵه، ئه‌وه‌تا شتێکی وه‌ها ده‌ڵێت: (ئه‌وی بچێته ناو حیزبێکی عه‌لمانییه‌وه، زانا نییه، کۆلکهمهلایه، مه‌لا ده‌بێت ئیسلام به‌رنامه‌ی ژیانی بێت.)(4) به مه‌رجێک سیکولاریزم تاک ئازاد ده‌کات، وابه‌سته‌ی کام ئایین ده‌بێت و لێ ناگه‌ڕێت، که‌س به تۆپزی ئایینێک به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا بسه‌پێنێت. عه‌لمانیبوون، ئایین به گشتی، نه‌ک ته‌نیا ئایینی ئیسلام، ده‌باته‌وه بۆ شوێنه شیاوه‌که‌ی خۆی، بۆ خانه‌ی پێوه‌ندیی ئازادی نێوان تاک و خودا. وه‌ک چۆن ده‌شێت، زانایانی ئایینی، سه‌ر به حیزبێکی سیکولاریست بن، ئه‌وه‌یش هه‌ر ئاسایییه، زانایانی بواره‌کانی سروشت، موسڵمانی ڕاسته‌قینه بن. موسڵمانبوون پردێکه له نێوان تاک و خودادا، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به وابه‌سته‌ییی حیزبییه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر به ده‌ستپاکییه‌وه، سیکولاریزم بکه‌ینه کوردی، ده‌بێته دنیایی، دنیاییبوون به‌و مانایه‌ی کاروباری دنیا له هی دین جیا بکه‌ینه‌وه، نه زانکۆ ده‌ست بخاته ئیشوکاری مزگه‌وته‌وه، نه مزگه‌وت، پرۆگرامی زانکۆ ده‌ستنیشان بکات، هه‌ردوو لایان له بواری کاری خۆیاندا ته‌واو ئازاد بن.
مه‌لاعه‌لی باپیر بڕوای به‌و ئازادییه نییه و ده‌ست له کارێک وه‌رده‌دا که ئیشی ئه‌و نییه. تێکستی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، ده‌قێکی ئایینی نییه، ده‌قێکی ئه‌ده‌بییه، بۆیه شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه، ئیشی ڕه‌خنه‌گرێکی ئه‌ده‌بییه، نه‌ک مه‌لایه‌ک با میری گرووپێکی ئیسلامی‌یش بێت. مه‌لاعه‌لی باپیر ده‌بێژێت: (دینمانه ئایینمان هه‌ر نیشتمان، کوفره و شه‌رعییه‌تدانه به‌وه‌ی، غه‌یری خوا، شتێکی دیکه‌یش بپه‌رستین، بۆیه من له‌به‌ر سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ڵنه‌ستامه‌وه.)(5) به ڕای من، کێشه‌که دوورونزیک پێوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه، پێوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه، مه‌لای ناوبراو پێش ئه‌وه‌ی کوردستانی بێت، ئیسلامییه، با که‌س ئیسلامی‌بوون له‌گه‌ڵ موسڵمانبووندا تێکه‌ڵ نه‌کات، که یه‌که‌میان که‌مینه‌یه‌کی خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌یه و دووه‌میان زۆربه‌ی زۆری هاووڵاتییانی کوردستانن. ده‌شێت ئیسلامییه‌ک له جێیه‌کی دیکه‌ی دنیا، له پێناوی نیشتماندا خه‌باتی کردبێت و ته‌نانه‌ت خۆیشی به کوشت دابێت، وه‌لێ پێم شک نایه‌ت، ئیسلامییه‌کی کن خۆمان، له ڕێی کوردستاندا، دڵۆپێک خوێنی به‌خشیبێت.
نالی به داوه‌شه‌عری ده‌قیقی خه‌یاڵی شیعر
بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که شاعیره سه‌د داوی نایه‌وه.
چونکه ده‌قی ئه‌ده‌بی زێتر له لێکدانه‌وه‌یه‌ک هه‌ڵده‌گرێت، (دینمانه ئایینمان هه‌ر نیشتمان،) له ڕوانگه‌ی منه‌وه، هاوبه‌ش بۆ خودا دۆزینه‌وه نییه، لوتکه‌ی بڕوا به خودا هێنانه، ئاخر هه‌ر (حب الوطن من الإیمان)ه. ناڵێم مه‌لاعه‌لی باپیر هیچ ده‌رباره‌ی جیناسی موحه‌ڕڕه‌ف، ته‌شبیهی موره‌ککه‌ب، لهففونهشری موره‌تته‌ب یان هی موشه‌ووه‌ش نازانێت، کێشه‌که ئه‌وه‌یه، به وریایییه‌وه خۆی له ڕه‌وانبێژیی شیعر نه‌بان ده‌کات. نه ئایین نیشتمانه و نه نیشتمان ئایین، له (دینمانه ئایینمان، هه‌ر نیشتمان)دا، لێکچوواندن هه‌یه که ڕه‌گه‌زێکی گرنگی شیعری دێرینه. وه‌ک چۆن مه‌مک ده‌شوبهێنرێت به به‌ی و کوڵم به په‌ڕه‌ی گوڵ، ئاوا نیشتمانیش شوبهێنراوه به ئایین و لێکچوواندنێکی هه‌تا بڵێیت شاعیرانهیشه. ئه‌وه نه‌ک هه‌ر سووک سه‌رنجدانی ئایین نییه، به‌ڵکوو لوتکه‌ی ڕێزلێنانه له ئایین و به‌و مانایه دێت، وه‌ک چۆن له‌ژێر هیچ گوشارێکدا ده‌ست له ئایینی خۆمان هه‌ڵناگرین، هه‌ر وایش له هیچ هه‌لومه‌رجێکدا ده‌ستبه‌رداری نیشتمان نابین. مه‌لاعه‌لی باپیر چونکه بڕوای به جیاوازی نییه، چونکه هه‌ر ڕه‌ش و سپی ده‌بینێت و ئه‌وی وه‌ک خۆی بیر نه‌کاته‌وه به کافری ده‌زانێت، ئه‌وه بۆیه (دینمانه ئایینمان، هه‌ر نیشتمان) به کوفر لێک ده‌داته‌وه، به مه‌رجێک ده‌یتوانی بڵێت، له‌و ده‌ربڕینه شیعرییه‌دا، موباله‌غه‌یه‌کی ناهونه‌ری، یان لێکچوواندنێکی نه‌گونجاو هه‌یه.
*
(1) به‌لزاک.
(2) راکان حبیب، واعظ لا یعرف الحب 24/ 06/ 2010 إیلاف.
(3) هه‌ولێر 23/ 06/ 2010 لاپه‌ڕه پێنج.
(4) لڤین، ژماره132 ل11 شه‌ممه 10/ 07/ 2010 سلێمانی.
(5) سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
(*) قه‌سر و قه‌بر: ته‌لار و گۆڕ.
(**) حب الوطن من الإیمان: خۆشویستنی نیشتمان له بڕواهێنانهوه هه‌ڵده‌قوڵێت.
(***) پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌و ڕۆژه‌دا که سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ خولی یه‌که‌م، له به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی کوردستاندا، سوێندی یاسایی ده‌خوات و ئه‌ی ڕه‌قیب لێ ده‌درێت، هه‌موو ئاماده‌بووانی هۆڵه‌که، بۆ ڕێزگرتن له سروودی نیشتمانیی کوردستان، به‌رزه‌پێ هه‌ڵده‌ستن، مه‌لاعه‌لی باپیری ئه‌میری کۆمه‌ڵ نه‌بێت، که له جێی خۆی نابزوێت، که‌چی 14ی حوزه‌یرانی 2010 که وه‌ک په‌رله‌مانتارێکی عێراق بۆ سوێندخواردنی یاسایی، له به‌غدا ده‌بێت، هه‌ر که (موطني موطني) لێ ده‌درێت، بێ دوودڵی هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ و تا سروودی نیشتمانیی عێراق ته‌واو نه‌بێت، دانانیشێتهوه! وه‌ختی خۆی، ئه‌م ساتیرهشیعرهم به‌و بۆنه‌یه‌وه نووسی که مامۆستای ناوبراو ڕێزی له سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب نه‌گرت.
سڵاوێک له عه‌تر و عه‌بیر
بۆ تۆ مه‌لاعه‌لی باپیر،
هه‌ر تۆمان هه‌بی به‌سمانی
کاریزما و فهریادڕهسمانی،
ئێمه مێگه‌لین، تۆ شوانی
سایه‌ی پیرۆزی یه‌زدانی،
گومڕاین، ڕێنیشاندهرمانی
خۆت عوسمان و عومهرمانی،
زاڵمین، خۆت زهواڵمانی
خۆت عه‌لی کیمیکاڵمانی،
بۆ پێشه‌وه
پێشمان که‌وه،
تۆمان هه‌بی،
نه له شه‌وله‌بان ده‌ترسین،
نه له شه‌وه،
ئێمه تۆمان خۆش گه‌ره‌که
پێشمان که‌وه، بۆ مه‌عره‌که،
ئاره‌زوومان له جیهاده
یان سه‌رکه‌وتن، یان شه‌هاده.
16/ 06/ 2005
کاریزما: ڕێبه‌ری پیرۆز.
فه‌ریادڕه‌س: که‌سێک که به هانامانه‌وه دێت.
سایه: سێبه‌ر.
گومڕا: ئه‌وی ڕێی ڕاستی بزر کردبێت.
زه‌واڵ: نه‌مان، له‌ناوچوون.
کیمیکاڵ: کیمیاوی.
شه‌وله‌بان: باگردێن.
شه‌وه: جنۆکه، مۆته‌که.
مه‌عره‌که: شه‌ڕ.
شه‌هاده: شه‌هیدبوون.