نەوەی نوێ زۆر تەمبەڵە رێزی بایەخە كۆنەكان ناگرێ و هەوڵیش بۆ بەدیهێنانی شتی نوێ نادات

نەوەی نوێ زۆر تەمبەڵە رێزی بایەخە كۆنەكان ناگرێ و هەوڵیش بۆ بەدیهێنانی شتی نوێ نادات

نووسه‌ر :گۆنتەر گراس

وه‌رگێڕ : سەنگەر شنۆیی

گۆنتەر گراس، ناسراوترین نووسەری ئەم سەردەمەی وڵاتی ئەڵمانیایە، لەم ماوانەدا نوێترین كتێبەكەی بڵاوبووە، گراس دەڵێت ئەوە دوایین بەرهەممە كە بڵاودەبێتەوە. بەڵام دەبێ وابێ؟! چونكە راستە گراس بە تەمەنە بەڵام مامۆستای خۆراگرییە و دەكرێ بڵێین بە ژیان دەوێرێ . ئەو چەند ساڵێكە تەمەنی لە هەشتاساڵی رابوردووە، كەچی هێشتاش ساڵانە چەندین گەشت بۆ ناساندنی كتێبەكانی، سەردانی شارەكانی ئەلمانیا و وڵاتە هاوسێكانی ئەلمانیا دەكات. لە ململانێی سیاسیدا، هەركاتێك باسی حزبی سۆسیال دیموكرات دێتە گۆڕێ ناتوانی بە ئارامی دانیشێ. لە یەكێك لە دوایین وتارەكانی خۆیدا گلەییەكی زۆری لە نەوەی نوێیە و رەخنەی لێگرتوون، گراس پێیوایە بەرەی نوێ زۆر تەمبەڵن، رێزی ئەو شتانە ناگرن كە هەیە، بۆ بەدەستهێنانی شتی نوێش هەوڵ نادەن. ئەمە دیمانەیەكە كە دیرشپیگلی ئەلمانی لەگەڵ گۆنتەرگراس كردوویەتی.
• لە پێربوون بێزاری؟
- نا، لەگەڵ ئەوەیدا پیری بەسەر هەموو جەستەمدا باڵی كێشاوە، بەڵام هیچ گلەیەكم لێی نییە. لە راستیدا چوونە سەری تەمەنیش خاڵی ئیجابی خۆی هەیە كە یەكێك لەوانە ئەوەیە بە باشی لە رابردوو رادەمێنێت. بە چوونە سەری تەمەن تەنانەت مرۆڤ لە ئاست وەرزەكانیش هەستیارە و هەرجارەی شتێكی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە.
• لە مردن ناترسی؟
- نا پێچەوانە، بیردەكەمەوە كە ئەگەر ژیانێكی ئەبەدی و نەبڕاوە بۆ مرۆڤ دەبوو ئەو كات مرۆڤ لە مانەوەی خۆی لە ژیاندا دەترسا. هەموومان میوانی ئەم خاكەین، رۆژێكیش دەبێت ئێمەی میوان ماڵی خانەخوێ جێبهێڵین.
• باشە ئەو جۆرە بیركردنەوە رەشبینی نییە بەرامبەر بە ژیان؟
- نا ئەوانەی باسم كردن، هیچ رەشبینی تێدا نییە، پێشبینی كردنی كۆتایی ژیان تەواو لەگەڵ واقعیەت دەگونجێ. ئێمە بەو كارە نابەجێیانەی ئەنجامی دەدەین، كۆتایی تەمەنی زەوی نزیك دەكەینەوە. بەو پیسكردنەی ژینكە كە پاشماوەی خراپەكارییەكانی ئێمەیە زەوی پیرتر دەكەین و بەرەو نەمانی دەبەین.
• ئەی رێگا چارە؟
- نازانم.
• ئەوە راستە كە دەڵێن ئێوە لە ناخی كارەسات و قەیرانەكاندا بابەتەكانت دەدۆزیەوە؟
- كاتێك باس لە قەیران دەكەی، هزری من بۆ لای قەیرانی ئابووری كە ئێستا باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە دەچێ، بەڵام بۆ من قەیران لە هونەر و بیركردنەوەدا گرنگی هەیە.
• ئەو كاتەی كە دەڵێی، بۆ جیهانی باشتر هەوڵ دەدەی، پێتوایە ئەوە لەگەڵ واقیع دەگونجێت؟
- ئێمە لە جیهانێكی ئاڵۆزدا دەژین، بەڵام من زۆر بەباشی دەژیم و خۆشم دەوێ. من ماوەیەكی زۆر لە كیشوەری ئاسیادا ژیام، ماوەیەكی زۆر لەگەڵ هاوسەرم لە "كلكتە" ژیام و دیتم كە چۆن هەژاری و نەداری، مرۆڤەكان دەجوڵێنێ، من لەو ساڵانە گەلێك شت فێر بووم.
• وەكو چی؟
- ئەوەی كە شادبوون دەبێ مانای تایبەت بەخۆی هەبێ، مرۆڤ نابێ خۆویست بێ و سیاسەتمەدارێك دەبێ راستییەكان ببینێ؟
• ئەدی هونەرمەندێك چۆن؟
- هونەرمەندێك هاووڵاتییەكە، من لە تەمەنی 14 ساڵیدا پێموابوو دەبمە هونەرمەند، بەڵام من گرێداری نەوەیەكی ترم. كاتێك كە هۆنراوە دەنووسم، بڕوام بە گونجان و خۆسازاندن نییە، بەڵام كاتێك كە لە كۆمەڵگادا چالاكیم هەیە بەپێی گونجان و سازان ژیان دەكەم. من ئەوە بەباشی فێر بوومە.
• گەورەترین سەركەوتنی سیاسی تۆ چ بووە؟
- بە شانازییەوە دەڵێم كە یارمەتییەكی زۆری "ویلی برانت"م دا بۆ یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا. پێشنیارێكی دیكە كە بە "گێردهارد شرۆیدەر" كردم ئەوە بوو كە خۆ لە شەڕی عێراق وەرنەدا. بەراستی لەو پێشنیارانەی خۆم هەست بە سەربەرزی دەكەم.
• دوای "ویلی برانت" هیلمۆت كۆل راوێژكاری ئەلمانیاش گەلێك قسەی ناشیرین پێگوترا ئەو كاتەی دەیویست ئەلمانیا یەكبگرێتەوە. ئەو قسە ناشیرینانەی وەك "گەمژە، نەزان، هەرمێ" روانگەتان لەوبارەوە چییە؟
- لەو قسە سووكانە بێزارم، مرۆڤ ناكرێ لەگەڵ سێو و هەرمێ بەراورد بكرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا بەو شێوازەی كە "كۆل" باسی دەكرد، هەڵەیەكی گەورە بوو.
• راتان بەرامبەر ئەو كەسەی كە لە كاتی نائومێدیدا ئاواتەخوازە كە خۆزگە لەدایك نەدەبوو، چییە؟ چی پێ دەڵێی؟
- دەزانی هەر ئەو پرسیارەت هەستێكی بێ هیوایی لەمن دا پێكهێنا، راستیت دەوێت حەزم لە وەڵامی ئەو پرسیارە نییە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم هەر ئەوەی كە لە دایك بوومە خۆی جێگای سەرنجە.
• ناخۆشترین ساتەكانی ژیانت چ بووە؟
- مردنی دایكم، كە تەمەنی 57 ساڵ بوو بە هۆی شێرپەنجەوە مرد.
• ئێوە لەكاتی ناشتنیدا نەگریان؟
- من هێشتاش هەر دەگریم، ئەو زۆر بیری لە هونەرمەند بوونی من دەكردەوە، زۆر پرۆژە و پلانی بۆم هەبوو، بەڵام قەت نەیتوانی من بەسەركەوتوو ببینێ، تەنیا شتێك كە لەسەركەوتنی من دیتی، پەیكەرێك بوو كە لە كاتی راپۆرتی ساڵانەی ئەكادیمی هونەرە جوانەكانی شاری دۆسلدۆرف، واتە لە شوێنی خوێندنی من داندرا. دایكم مرۆڤێكی رۆمانسی بوو.
• زۆرت خۆش دەویست؟
- بەڵێ، رەنگە لەسەر گۆڕی من بنووسرێ، ئەوە گۆڕی "گۆنتەرگراس"ە كە شەیدای دایكی بوو.
• لەبارەی رۆمانی "سپی كردنی پیواز" كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بڵاوت كردەوە و كێشە و هەڵڵایەكی زۆریشی لەسەر بوو، چونكە لەودا دانت بەوە ناوە كە لە سەردەمی گەنجێتیدا ئەندامی سوپای "S،S" بووی، وایە، دوای 60 ساڵ دانت بەوەنا. ئەگەر زووتر ددانت بەوەنابا پێتوابوو خەڵاتی نۆبلت نادرێتێ؟
- یەكەمین جارە كە گوێم لە قسەیەكی وا دەبێ، ئەكادیمی خەڵاتی نۆبل لە ستۆكۆلم پاش ئەوەی رونكردنەوەیەكی بۆ من نارد، كە خەڵاتی نۆبل هیچ پەیوەندییەكی بەو شتانەوە نییە. نایشارمەوە كە ئەندامی SS بوومە، لەوەی كە ئەندامیش بوومە گەلێك شەرمەزارم، و هەست بە تاوان دەكەم. بەڵام بڕوا بكە من هیچ كەسم گوللە باران نەكردووە. من لە هەلومەرجێكدابووم كە نەمتوانی لەو تەنگەژەیە دەرباز ببم. بەڵام هەرچۆنێك بێ ئەو پەشیمانییە دەبێ هەتا كۆتایی تەمەنم هەر لەگەڵم دابێ.
• ئەگەر ئەو ئەزموونەی لەكاتی لاوێتیدا لە شەڕدا بەدەست نەهێنابا، رەنگە نەتوانیبا هیچ بنووسی؟
- كاتێك من دەستمدایە نووسین، نازییەكان زیانێكی گەورەیان بە زمان و ئەدەبیاتی ئەلمانیا گەیاند، بەڵام زۆر شت دەبێتە هاندەرت بۆ نووسین، وەك بەرزەفری، دوورروانین لە داهاتوو...
• كاتێك پرسیاریان لێكردی كە چ كاتێك هەستت بە خۆشبەختی كردووە، لە وەڵامدا دەڵێی "قەت"؟
- تۆ بیردەكەیەوە كە من ناتوانم بەختەوەر بم؟ كەوایە منت بەكەم گرتووە، خۆشحاڵی و بەختەوەری گشت مرۆڤەكان تەنیا چەند ساتێكە، ئەو هەستە دەتوانێ لە دانانی پرۆژەیەك، یان دروستكردنی پەیكەرێك بێتە دی. بەڵام قەت ناكرێ مرۆڤ بۆ هەمیشە هەست بە خۆشبەختی بكا، تەنانەت ئەو ساتانەی كە مرۆڤ هەست دەكات بەدبەخترین مرۆڤی سەرزەوییە، لە شەڕدا كاتێك مانای ترس فێربووم، كاتێك لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەچاوی خۆم دیتم كە چۆن مرۆڤەكان لە یەك ساتدا لەناو دەچن، لەراستیدا ناخۆشترین ساتەكانی ژیانم تاقیكردەوە.
گۆنتەر گراس لە دایكبووی ساڵی 1927ە، لە شاری دانسیگی پۆلۆنیا لەدایك بووە، پاشان بۆ هەمیشە لە ئەڵمانیا ماوەتەوە. یەكێك لە نووسەرە بەناوبانگەكانی ئەلمانیایە كە ناوی وڵاتەكەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبل لە مێژوودا تۆمار كردووە. گراس ئەو كاتانەی كە بۆچوونەكانی خۆی لە بارەی مەرگ، ژیان، سیاسەت دەردەبڕێ هیچ ترسێكی نییە. گراس یەكێك لەو نووسەرانەیە كە حەزی لە قسەیە. هەربۆیە ئەو كاتەی كە دیمانەی لەگەڵ دەكەی حەز دەكات باسی هەموو شتێك بكەی. ئەو كەسێكی قسەخۆش و مەجلیس گەرمە. لەو خاڵە گرنگانەی كە پێویستە لەبارەی گراسی تەمەن 83 ساڵەوە بیزانی ئەوەیە كە شۆفێری نازانێت و ئیجازەشی نییە. ئەو كاتەی كە دەنووسێت تامەزرۆی چاخواردنەوەیە.
Top