برینێک که‌ ساڕێژ نابێت

برینێک که‌ ساڕێژ نابێت

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

(كە خەتەنە كرام تەمەنم دە ساڵان بوو، داپیرم كە ئێستا مردووە، ڕۆژێك پێی گوتم: با بچین بۆ دەم ڕووبارەكە، لەوێ خواردنی خۆش دەخۆین. منی منداڵی دڵپاكیش، وەك مەڕ چۆن بەرەو قەسابخانە دەچێت، لەگەڵیدا چووم. لەوێ بردمیانە ژوورێكی تاریكەوە، ڕووتیان كردمەوە و چاویان بەستمەوە. بە چوار ژنی بەهێز لەسەر پشت پاڵیان خستم، دووانیان توند توند هەردوو لاقیان گرتم، یەكێكیان بۆ ئەوەی بە تەواوی جووڵەم لێ ببڕێت، لەسەر سینگم دانیشت، بۆ ئەوەی دەنگم دەرنەچێت، پارچە پەڕۆیەكیان خزاندە نێو دەممەوە، ئیدی بێ بەنگ، بە دەمە چەقۆیەكی كول خەتەنەیان كردم. پرۆسەكە هەر لە شەڕێكی سامناك دەچوو، هەستم بە ئازارێكی سەخت كرد، خوێنێكی زۆرم لەبەر ڕۆیشت. ئەنجامدەرانی پرۆسەكە هەموویان نیمچە سەرخۆش بوون، دوای خەتەنەكردنی من، دەستیان بە سەماكردن و گۆرانیگوتن كرد.) كچێك له‌ (سیرالیۆن)ه‌وه‌
ڕۆژانە هەزاران كچ خەتەنە دەكرێن، خەتەنەكردنی كچانیش تەواو وەك ئەشكەنجەدان دەبێتە هۆی ئازارێكی دژوار، ئازارێك كە لە دوای خۆیەوە برینێك جێ دەهێڵێت كە هەرگیز ساڕێژ نابێت، برینێك كە هەر جەستەیی نییە، دەروونیشە. كیژان هەر لە (ئەندەنووسیا)وە تا (پێرو) دووچاری ئەو هەتككردنە دەبنەوە، لای كەم لە بیست و هەشت وڵاتی ئەفریكا، خەتەنەكردنی كچان یەكێكە لە نەریتە باوەكان. وەك چۆن ئەوە ئەركی دەسەڵاتە، تاكی كۆمەڵ لە سووكایەتی پێ كردن، زەبروزەنگ و هەموو جۆرە ئەشكەنجەدانێك بپارێزێت، ئەوەش هەر ئەركی دەسەڵاتە بە گژ نەریتی خەتەنەكردندا، كە بەكارهێنانی زەبروزەنگە دژ بە ئافرەت، بچێتەوە و نابێت بە پاساوی ئەوەی بەشێكە لە كولتوور، ئایین، یان شتێكە تایبەت بە خێزانەكان چاوپۆشی لێ بكرێت، ئاخر خەتەنەكردنی كچان پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، بەكارهێنانی زەبروزەنگە دژی منداڵان، ئەشكەنجەدانی كچانە و بە چاوی سووك سەیركردنی ژنانە. لەهەر شوێنێك دەسەڵات بە گژ خەتەنەكردنی كیژاندا نەچێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت كە لەگەڵ ئەو نەریتەدا هاوسۆزە.

باوترین جۆری خەتەنەكردنی كچان، بریتییە لە لێكردنەوەی بەشێك لەو (چووزەرە ڕێواسە)ی(*) لە نێو زێدایە، دژوارترین جۆریش كە بە خەتەنەكردنی فیرعەونی ناوی زڕاوە، ئەوەیە وێڕای چووزەرە ڕێواسەكە، بەشێك لە لێوەكانی (زێ)یش لێ دەكرێنەوە و ئینجا بەهۆی دوورینەوەوە، پاشماوەی دوو لێوەكە پێكەوە دەبەستنەوە و تەنیا كونێكی یەك میللیمەتری بۆ دەربازبوونی میز و خوێن جێ دەهێڵرێت و كاتی شووكردن، بۆ ئەوەی مێرد جووتبوونی تەواوی بۆ ئەنجام بدرێت، تەقەڵەكان دەردەهێنرێن. بەگشتی كچان كاتێك تەمەنیان لە نێوان چوار تا هەشت ساڵیدایە خەتەنە دەكرێن، وەلێ ڕێ دەكەوێت بە كۆرپەیی، بە چواردە ساڵی، یان دوای ئەوەی دەبن بە ژن و یەكەمین منداڵیان دەبێت، خەتەنە بكرێن.
زۆرجار كچانی هاوتەمەن بە گرووپ خەتەنە دەكرێن، ئەوی بەو كارە هەڵدەستێت، مامانە، وەلێ دەشێت سەرتاش و دۆكتۆریش هەمان ڕۆڵ ببینن. بەگشتی سەروەختی خەتەنەكردن، كچان بەنگ ناكرێن و ئەگەری ئەوەش هەیە تووشی خوێنبەربوون ببن. مامان بە پارچە شووشەیەك، سەرە قووتوویەك، دەمە گوێزانێك، مەقەستێك یان دەمە چەقۆیەك كچان خەتەنە دەكات و بۆ پاكژكردنەوە و ڕاگرتنی ئەو خوێنەشی لەبەریان دەڕوات، سووتوو، خۆڵەكەوە یان پەیین! بەكار دەهێنێت. زۆر لەو ژنانەی لەسەر شێوازی فیرعەونی خەتەنە دەكرێن. مامان دوای هەر منداڵبوونێك سەرلەنوێ زێیان دەدوورێتەوە. بۆ ژنی خەتەنەكراو، یەكەمین جووتبوون زۆر بە ئازارە و دەشێت بە درێژایی تەمەنی لەگەڵ هەموو جووتبوونێكدا ئازاری هەبێت.
كیژان لە ئەنجامی خەتەنەكردنەوە، وێڕای ئەوەی ئازارێكی سەختیان پێ دەگات، تووشی گوشاری جەستەیی دەبن و دەشێت زێ و میزەڕۆیان(**) هەو بكات، گورچیلەیان بەرد پەیدا بكات، سێكسكردن بۆیان زەحمەت بێت و كە منداڵیشیان دەبێت، ئازاریان لە ژنی خەتەنەنەكراو زێتر پێ بگات. لە هەموو ئەمانەش خراپتر، ئەو ژنانەی خەتەنە كراون، دەشێت تووشی نەزۆكی ببن و ڕێژەی تووشبوونی ئایدزیش لەنێوانیاندا بڵندە. وێڕای ئەو نەخۆشییە جەستەیییانە، ژنی خەتەنەكراو، دووچاری كۆمەڵێك كێشەی دەروونیش دەبێت، وەك: دڵەڕاوكێ، خۆ بە كەم زانین، نائومێدی و ترس. زۆر كچ لە ئەنجامی ئەو شۆكەوە كە سەروەختی خەتەنەكردن تووشی دەبێت، ئافرەتێكی ملکه‌چی لێ دەردەچێت، لەو جۆرە ئافرەتەی لەو وڵاتانەدا خەتەنەكردنی کچانیان تێدا باوە، پەسەند دەكرێن.
كیژی خەتەنەكراو بەوە دڵخۆشی خۆی دەداتەوە كە ئیدی كۆمەڵ پێی قایلە و مێردی دەست دەكەوێت، چونكە لە نەریتی باو یاخی نەبووە، ئاخر لەو جۆرە كۆمەڵگەیەدا، نەفرەت لە ئافرەتی خەتەنەنەكراو دەكرێت. ئەوە چییە ئەم نەریتەی كە دەشێت تەمەنی سێ هەزار ساڵێك بێت، بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟ هەندێك پێیان وایە هۆكاری ئایینی لە پشت تەمەنی درێژی خەتەنەكردنی كچانەوەیە، ئەگەرچی ئەم نەریتە نە تایبەتە بە ئایین یان ئایینزایەكی دیاریكراو، نەهیچ دەقێكی پیرۆز پشتگیریی دەكات. خەتەنەكردنی كچان پێش سەرهەڵدانی ئیسلام هەبووە، وەلێ زۆربەی موسڵمانان ئەو نەریتە ڕەچاو ناكەن، چونكە لە قورئاندا تێكستێك نییە، بۆ ئەو كارە هانیان بدات.(***)
هەن پێیان وایە، خەتەنەكردنی كیژ، پێوەندیی بە شوێنپێ و ڕۆڵی ژنەوە هەیە و پردێكە كیژ بەرەو بە ژنبوون دەپەڕێنێتەوە، هۆكارێكە بۆ ژنومێردایەتییەكی تەمەندرێژ و سەركەوتوو، چونكە وا دەكات، كیژ تا وەختی شووكردن پاكیزە بێت و دوای شووكردنیش ناپاكی لە مێردی نەكات. ئەوانەی لایەنی خەتەنەكردنی كچان دەگرن، دەڵێن: خەتەنەكردن هەم ئۆرگانی سێكس خاوێن و جوان دەكات و هەم كچ دەكات بە ژنێكی ڕاستەقینە. لە ئەنجامی خەباتی خەڵكی مرۆڤدۆست و ئەو ڕێكخراوانەوە كە داكۆكی لە مافی مرۆڤ دەكەن و بە پشتگیریی یوو ئێن، لە گەلێك وڵاتدا بە گوێرەی یاسا خەتەنەكردنی كیژان قەدەغە كراوە و ڕەچاونەكردنی ئەو یاسایە، تاوانە و سزای لەسەرە.
ئەگەر سۆماڵییەك كچەكەی لە سوێد خەتەنە بكات، سزاكەی لای كەم دوو تا چوار ساڵە و دەشێت تا دە ساڵیش بڕوات، تەنانەت ئەگەر بیباتەوە بۆ سۆماڵ و لەوێ خەتەنەی بكات و بگەڕێتەوە، هەر سزا دەدرێت، ئاخر خەتەنەكردن تاوانە دەرهەق مافی منداڵ، ئاخر ئەوە یەكێكە لە مافەكانی منداڵ كە لە بەرانبەر زەبروزەنگی جەستەیی و دەروونیدا پارێزراو بێت. بە گوێرەی ئاماری یوو ئێن، ڕۆژانە هەزاران و ساڵانە زێتر لە دوو میلیۆن كچ خەتەنە دەكرێن. خەتەنەكردنی كچ، كارێكە دژی مافی مرۆڤ، دژی لەشساغی، دژی ئایین و جۆرێكی زەقە لە سووك سەرنجدانی ژن، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەو كولتوورەی داكۆكی لەو كارە دڕاندانەیە دەكات، كارێكی پێویستە و دەبێت هەوڵ بدرێت ڕەگوڕیشەی ئەو نەریتە لە هەموو شوێنێك لە بنەوە هەڵبكێشرێت.

هەندێك پێیان وایە، سەروەختی منداڵبوون، (چووزەرە ڕێواسەكە) زیان بە كۆرپە دەگەیەنێت و لێوی زێ و ئەو چووزەرە ڕێواسە، دوو بەشی پیاوانەن و بە بڕینیان كچ دەبێتە ژنێكی تەواو، ژنێكی نەرم و نیانی گوێڕایەڵ. بە زۆری خەتەنەكردنی كچ بەو مەبەستەیە، ئارەزووی بۆ سێكس كەم بكرێتەوە، تا بێجگە لە مێردەكەی، سێكس لەگەڵ كەسی دیكە نەكات. لە هەر شوێنێك خەتەنەكردنی كچان باو بێت، پیاو متمانەی بە پاكیزەیی كچی خەتەنەنەكراو نییە، هەر بۆیە لەو شوێنانە كچانی خەتەنەنەكراو بە زەحمەت شوویان دەست دەكەوێت. لەو كۆمەڵگەیەدا كە خەتەنەكردنی فیرعەونی باوە، ئەوە مێردە كە تەقەڵەكانی زێی بووك دەردەهێنێت. لەو كۆمەڵگە تەواو بابسالارییانەدا هەموو شكۆمەندیی خێزان لەوەدا چڕ دەبێتەوە كە كچیان پێش شووكردن، سێكسی نەكردبێت.
یۆمۆ كێناتا كە سەرەككۆماری كێنیا بوو، دەیگوت: (خەتەنەكردن كارێكی پێویستە، ئەگەر نا كچ نە دەبێتە بەشێك لە كۆمەڵگە و نە دەبێتە خاوەنی ناسنامە.) لە وڵاتێكدا كە خەتەنەكردن نەریتێكی زاڵ بێت، هەر كچێك خەتەنە نەكرابێت، بە پێگەیشتوو ناژمێردرێت. ئەوانەی لەگەڵ خەتەنەكردنی كچانن، ئەو پرۆسەیەیان ناو ناوە پاككردنەوە،(****) وەك كچ پێش خەتەنەكردن پیس بێت، لە هەندێك وڵات ئافرەتی خەتەنەنەكراو وەك پیس سەرنجی دەدرێت و مافی ئەوەی نییە دەست لە خۆراك و ئاوەوە بدات. هەر لەو جۆرە وڵاتانە زێی ئافرەتی خەتەنەكراو بە ناشیرین دەزانرێت و پێیان وایە ئەو ژنەی خەتەنە نەكرابێت، چووزەرە ڕێواسەكەی بەردەوام گەورە دەبێت و دواجار وەك (وانێك)ی پیاو بە ناوگەڵیدا شۆڕ دەبێتەوە. خەڵكانێك هەن، وای بۆ دەچن، چووزەرە ڕێواسەكە شتێكە بەد، ئەگەر (هین)ی پیاوی بەر بكەوێت، دەشێت پیاوەكە بمرێت، یان ئەگەر سەری كۆرپەی بەر بكەوێت، كۆرپەكە گیان لەدەست دەدات. لە هەندێك كۆمەڵگەدا وای بۆ دەچن، ژنی خەتەنەكراو توانای وەچەخستنەوەی زیاد دەكات و ژنی خەتەنەنەكراو دووگیان نابێت.

چونكە ئینسان بە چاوپۆشین لەوەی مێیە یان نێر، هەمان ماف و هەمان بەهای هەیە، چونكە ئینسانەكان هەموویان بە ئازادی لە دایك دەبن و یەكسانن، بۆیە پێویستە ژنان و هەموو ئەو پیاوانەیشی بڕوایان بە ئازادی و یەكسانی هەیە، هەوڵ بدەن، ڕۆژێك زووتر كۆتایی بەو تراژیدیایە بهێنن، كە لەمێژە ژیانی لە بەشێكی بەرچاوی ئافرەتانی وڵاتی ئێمەش تێك داوە. لە هەر شوێنێك پێگەی كۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئابوریی ژن لاواز بێت، هەر كۆمەڵگەیەك بابسالاری بێت، لە هەر شوێنێك باسێك لە یەكسانی نەبێت، لەو جێیانە كچان خەتەنە دەكرێن.
وەك چۆن ئینسان، بێ گوێدانە ڕەنگی پێست، ڕەگەز، ئایین، زێد یان زمانی، هەمان مافی هەیە، ژنیش بە چاوپۆشین لەوەی سەر بە كام كولتوورە، كەس هەقی ئەوەی نییە، بە بیانووی گوێڕایەڵی بۆ دابونەریتی باوی ناوچییەوە، ناسكترین بەشی جەستەی ئەتك بكات، لە هەموو كولتوورێكدا نەریتی جوان و ناشیرین هەیە، خەتەنەكردنی كچان نەریتێكی ناشیرینە و پەڵەیەكە بە تەوێڵی كولتووری كوردیشەوە، بۆیە پێویستە چی زووترە، بە یاسا قەدەغە بكرێت و ئەوی ڕەچاوی نەكات، سزا بدرێت، ئاخر خەتەنەكردنی كچان، شتێكی تایبەت نییە بە خێزان، نواندنی زەبروزەنگە دژ بە ئافرەتان، تاوانە دژ بە مافی منداڵ و سووكایەتیكردنە بە ئینسان، هەر بۆیە، بۆ نموونە ئەگەر لە كەنەدا، ئافرەتێك بڵێت، (بە گەڕانەوەم بۆ زێدی خۆم، مەترسیی ئەوە هەیە، خەتەنە بكرێم،) وەك پەناهێنەری ئینسانی، مۆڵەتی مانەوەی پێ دەدرێت.
*
سەرچاوە و پەراوێز

(1) Kvinnlig konsstympning, Den smartsamma traditionen, feb 2006 www.unicef.se
(2) Amnesty internationals arbete mot Kvinnlig konsstympning. www2.amnesty.se
(*) لەو كانییەدا چووزەرە ڕێواسی ڕووابێ
بەو چووزەرە ڕێواسە كەمێكی قڵەشابێ. (نالی، دیوانی نالی، ل611)
(**) مجری البول.
(***) دەڵێن پەیامبەری ئیسلام شتێكی فەرمووە كە بە كوردی لەوانەیە ببێتە: (بیبڕن! ئەمما لە بنەوە نا.)
(****) طهارة.
Top