بیركردنەوە لە فەزای گشتیدا:تیشك خستنەسەر فكرەكانی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانیایی (یۆرگن هابرماس) 2-3

بیركردنەوە لە فەزای گشتیدا:تیشك خستنەسەر فكرەكانی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانیایی (یۆرگن هابرماس) 2-3

نووسه‌ر :د. شیرزاد نجار

(گۆڕینی پەیكەربەندی لە فەزای گشتیدا:لێتوێژینەوە لەهەمبەر جۆر لە كۆمەڵگەی بۆرجوازیدا)
2ــ3

لە سەدەی هەژدەیەمەوە بواری گشتی نوێ خەسڵەتێكی ناوازەی وەرگرتووەو هەر لەو كاتەوە بە(شوێنگەی پێوەندی زمانەوانی) ناوزەدكراو، وتووێژێكی زۆری لە بارەوە ئەنجام دراوە، چونكە زمان ڕۆڵێكی ناوازەی تێدا گێڕاوە، لە شوێنە گشتییەكان گفتوگۆكردن لە نێوان خەڵكیدا دەستی پێكردووەو لە سەدەی نۆزدەیەمینەوەش ئەم دۆخە وەرچەرخانێكی لە ئامڕازەكانی گەیاندن و ماسمیدیاكاندا لێكەوتۆتەوە، بە تایبەتیش لە رێگەی هۆیەكانی ڕاگەیاندنی نووسراوەوە، دواتریش لە سەدەی بیستەمەوە بە هۆی هۆیەكانی ڕاگەیاندنی ئیلكترۆنییەوە زیاتر پەرەی پێدرا..
ئەم فراوانبوونی ڕووبەری ئیلكترۆنیە، لە سۆنگەی ڕوانینەكانی هابرماسەوە هاوكوف نەبوو بە گەشبینی لە ئاست بواری پێوەندییە سیاسیەكان، بە پێچەوانەوە ئەم بەرفراوانییەی هۆیەكانی ئیلكترۆنی تەشەنەی كردوەو بووە بە هۆیەك بۆ داڕمانی بواری گشتی سیاسی Niedergang der politischen Oeffentlichkeit جەماوەری دەستەبژێری عەقڵانی raesonierende Publikum گۆڕیوە بۆ جەماوەرێكی بەكاربەری بێ بەرهەم konsumierende Publikum von Produktionen .
لەدۆخێكی ئاوهادا ڕای گشتی جەماوەریی لە لایەن دروستكارانی دەزگاكانی ڕاگەیاندنەكانەوە ئاڕاستە دەكرێت، چونكە ئەوان پێیان وایە جەماوەر بریتیە لە خەڵكانێكی چەپڵەلێدەر و بەس akklamative publikum .
ئەم ڕای گشتییە گوزارشت لە ڕای نافەرمیی دەكات، بەڵام ناشچێتە چوارچێوەی بونیاتنانی پرۆسەی دروستكردنی ڕاوبۆچوونەوە، واتە پێكەوە وێكنایەتەوەو لێكنابەسترێنەوە، چونكە بۆ گەیشتن بە شوێنگەكانی پێوەندی كردن كەناڵی گەیاندنی ئاسانیان پێ نییە kommunikative Raeumen تا ئامادەسازییان بۆ بكات بۆ چۆنیەتی گەیشتن بە هۆیەكانی وەشان و چاپەمەنی و گەیشتنیان بە مەیدانەكانی وتووێژو گفتوگۆو دواجار گەیشتن بە هەمواركردن و چڕكردن و پوختەو بژاردنی ڕاو بۆچوونەكان..
لە شوێنگەو بوارە گشتیە سەقامگیرو چەسپاوو بیچمگرتووەكاندا زیاتر زەین دەدرێت بە شتە سەرپێی و بەدیهیەكان selbstverstaendlichkeiten و مۆدێلەكانی بەرهەمە ڕۆشنگەرییەكان. بەڵام ئەم گفتوگۆیانە زیاتر ئاستیان بەرتەسك دەكرێنەوە smalltack-Niveau لە دەوری هاوڕایی و وەك یەكیی بێ بەرهەمانەی بەشداربووانی گفتوگۆ دەسوڕێنەوە، بۆیە هابرماس جەخت دەكاتەوە و دەڵێت ((ئەم كۆمەڵانە جەماوەرێكی كەم و دەگمەنن و لە شێوازو ستایلی كۆمەڵە بۆرژوازییەكانی پێشان دەچن، كە تێیدا بیروڕا كۆنینەو دێرینەكانی پێشان ڕەگداكوتاو بوو لە نێوانیاندا، هەروەها هێڕشبەرنەبوون unpoemisch و بیرو ڕای خۆیان لە ژێر كاریگەری یاساكانی بیروڕادا دەردەبڕی
«Law of opinion» (Habermas،p 355
كاتێك لەو ڕوانینانە ورد دەبینەوەو سەرەڕای ئەوە حەقیقەتێكیش هەیە كە ژمارەیەك لە تاكەكان و ڕێكخراوەكان هەن تەبەنای بیركردنەوەی ڕەخنەسازی دەكەن das kritische Denken بەڵام ئەو دەرئەنجامانەی بەهۆی لێكۆڵینەوەكانی تێزەكەی هابرماسەوە لەسەر وەرچەرخانە پەیكەربەندییەكان هەڵهێنجراون، یان ئەوانەی تایبەتمەندن بە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی بوارەگشتیەكە، دەكرێت بە پێی ڕای توێژەرەوە(Leguizamon) بە دەرئەنجامی میانڕەو بناسرێنەوە(Leguizamon،42).
ئەلتەرناتیف بۆ ئەم دۆخە: دۆزینەوەی دەستەبژێرێكە لەو كەسانەی كە لە ناوەندی جەماوەرێكی بەرفراوان هەبوونیان هەیە، پێویستیبوونی سەر شانی ئەو دەستەبژێرەیە كە سەرۆكایەتی بوارە عەقڵانیە گشتیەكە بكەن و قوربانی بدەن بە گشتگیرییەكان لە پێناوی عەقڵانی بووندا Verfnueftigkeit das Prinzip Allgemenkeit (یان عەقڵانیبوونی جەماوەری).
بەڵام لە ئەنجامی چەسپاندنی مەبدەئی یەكسانبوون كە ئەمە ڕای ئەوانەیە كە پشتگیری لە سیستمی پەرلەمانی دەكەن و لایەنگریی لە ڕای گشتی دەكەن، بەوەی بیكەنە پرۆسەیەك بۆ بەدامودەزگایی كردن، وا دەردەكەوێت كە ئەوە دوایەمین قۆناغ بێت، كە نە زامنی یەكسانبوونی عەقڵانی و نە زامنی یەكسانبوونی نوێنەرایەتی لێ دەكەوێتەوە.
لە بەرانبەردا هابرماس لەسەر ئەلتەرناتیفی سێیەم دەدوێت كە ئەویش پتەوكردنی ڕێكخستنی ناوخۆیی بوارە گشتیەكەیە بە هەموو تێڕوانین و ئاڕاستەكانی هاووڵاتیانەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕای ناگشتییەو ڕای ڕەخنەیی گرێدەداتەوە بە ڕای دەزگاییكراوی گشتی و نیمچەگشتییەوە، ئەمەش لە حەقیقەتدا بناغەیەكی تازەی عەقڵانی پێویستە(Leguizamon،42).
پەیكەربەندی كۆمەڵایەتی بواری گشتی Sozial Strukturen der Oeffentlichkeit
تێگەیشتن لە بواری گشتی بۆرژوازی Buergerliche Oeffentlichkeit وەك بوارێك كە هاووڵاتیان تێیدا كۆدەبنەوە لە پێناوی بایەخدانی یەكەمینیان داخوازییەكانی بوارە گشتییەكەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتی بواری گشتیدا، لەوێوە شێوەیەك لە كێبەركێ و ململانێ لە هەردوو بوارەكەدا دروست دەبێت: بواری مەیدانیی هاووڵاتیان و بواری مەیدانیی دەسەڵات، لە ناوەندی ژینگەیی ئەم دوو بوارەی مەیدانیی: عەقڵانیەتی گشتی پێكدێت das oeffentliche raesonnement كە بە پێی دیاریكردنی هابرماس ئەمانە دەگرێتەوە ئەوانیش
1ـ پەنابردن بۆ عەقڵ
2ـكەمكردنەوە لە كاریگەری عەقڵ تا ئەو ئاستەی بە عەیبەو خەوش لێكبدرێتەوە
پێوەری عەقڵی/ Vernunft و شێوازەكانی یاسا/ Gestetz كە پێویستە لەسەر هاووڵاتیان ملی بۆ كەچ بكەن لە پێناوی داخوازییان بۆ گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە كۆمەڵگەدا، مانا سۆسۆلۆژییەكەی لە ڕێگای شرۆڤەكردنی بوارە گشتییە بۆرژوازییەكەوە كەشف دەكرێت، بەدیهییاتی عەقڵانی بواری گشتی بە شێوەیەكی تایبەتی هاوبەندە بە ئەزموونی تایبەتمەندییەوە كە لە بوارە تایبەتی و خانەوادەییەكانەوە وەرگیراوە. (7Habermas،p.6)
بەر لەوەی بواری گشتی ئەرك و وەزیفە سیاسیەكانی بترنجێنێتە ناو ئەستێڵكی ناوەندگیرانەی دەوڵەت و كۆمەڵگەوە، ئەوە بوارە تایبەتەكەی كە گەمەی تێدا دەكات دادەمەزرێنێت، تەنانەت بەر لەوەی بكەوێتە ناكۆكیەوە لەگەڵ بواری گشتی دەسەڵاتە گشتیەكە ئەوەش بە هۆی عەقڵانیەتی سیاسی و دواجار هەوڵدانی بۆ داماڵینی دەسەڵات لێی، ئەوە پێویستە لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا بوارێكی گشتی لە شێوازێكی سیاسییانە دامەزرێنێت/ unpolitische Gewalt . (Habermas،p.88)
ئەم بوارە بوارێكە بۆ پیادەكردنی عەقڵانیەتی گشتی، كە تا ئێستاش بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوەــ پرۆسەیەكە بۆ ڕووناكبیری زاتیی لە بواری تایبەتی لەسەر ئەزموونی هاووڵاتیانی، لێرەوە سەرەڕای لێكۆڵینەوە ئابوورییەكان، لێكۆڵینەوەكردن لەسەر دەروونی ئەوانیدی یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی زانستی بۆرژوازی كە لە سەدەی هەژدەیەمەوە دامەزرێنراوە..
بەرژەوەندییە دەروونییەكان لە ڕێگەی عەقڵانیبوونەوە ڕێچكەی خۆیان وەردەگرن بۆ ناو بواری گشتی و رۆشنگەرێتی خۆیان لەم ڕێگایانەوە بونیاد دەنێن: هۆڵەكانی خوێندن، شانۆكان، قاوەخانەوە، هۆڵەكانی مۆسیقا، مەیدانی ڕۆشنبیری مەیدانێكی گرنگە بۆ ئەو بابەتانەی قابیل بە گفتوگۆو دیالۆگن..
ئەم چوارچێوە كۆمەڵایەتییەی مەیدانی گشتی بۆرژوازی لە سەدەی هەژدەیەمین هابرماس بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوونی دەكاتەوە (Habermas،p.90)
مەیدانی تایبەت بە دەسەڵاتی گشتیبواری ناوەندكاریمەیدان
1- دەوڵەت ـ دەسەڵاتی پۆلیسی بۆرژوازیمەیدانی گشتی سیاسیكۆمەڵگە.
2- یانەكان، ڕۆژنامەكانگۆڕینەوەی بزگوڕوكەلوپەل، كار.
3- كۆشك و ڤێلای خانەوادەیی بۆرژوازیڕۆشنبیری ڕۆشنبیران.
لێرەوە تەركیزكردنی هابرماس لەسەر ئەو بوارە یەكلاكەرەوەیە كە بە بواری ناوەندكاری لە نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە دەژمێردرێت ئەم ڕۆڵەش لە لایەن مەیدانی گشتی سیاسییەوە هەڵدەسوڕێت.
تێبینی ئەوەشی كردووە كە بواری گشتی لە كۆمەڵگەی بۆرژوازیدا خۆی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی گشتی دەخزێنێت، لە بواری تایبەتیشدا تێبینی هەبوونی مەیدانی گشتی كردووە بەڵام مەیدانێكی تایبەتە ( واتە مەیدانێكە بۆ دەوڵەت ناگەڕێتەوە). كەواتە لە مەیدانی تایبەتیدا جیاكارییەك لە نێوان ئەستێڵكی تایبەتی و ئەستێڵكی گشتی بەدی دەكرێت، ئەستێڵكی تایبەتی بە واتای كۆمەڵگەی بۆرژوازی بە واتا بەرتەسكەكەی كە دەكاتە ئەستێڵكی گۆڕینەوەی كەلوپەل و بزگوڕو كاركردن و خانەوادە، بەڵام مەیدانی گشتی بە پێی ڕوانینی هابرماس لە ئەركێكی تایبەتمەندی هەستیارەوە دەردەچێت كە بریتییە لە ئەركی ئازووقە پێدان و پێبەخشین دەوڵەت بە ڕای گشتی كە بریتیە لە داخوازی و پێداویستیەكانی كۆمەڵگەی. (Habermas،p.90)
Top