چی بكەین بۆ كورده بیانییه‌كان!؟
December 1, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :ڕێبوار سیوەیلی
كوردی بەشەكانی دیكەی كوردستان مافی خۆیانه لە ئێمە زیاتر لەم هەرێمەدا بمێننەوهههرێمی كوردستان چیی بۆ كوردی به‌شه‌كانی دیكەی كوردستان كردووه، كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاویان به ویستی خۆیان و له خۆشه‌ویستییانه‌وه بۆ ئه‌م ئه‌زموونه هاتوونه‌ته ئێره‌و ژماره‌یه‌كی دیكەشیان به ناچاری و له ئه‌نجامی گوشار و كێشه‌ی پارچه‌كانی دیكەی كوردستان كه هه‌تا ئێستاش ژێرده‌سته‌یی ڕژێمه بێگانه‌كانن و ژماره‌یه‌كیشیان وه‌ك گه‌شتیار و بۆ هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادیی، هاتوون.
پێشه‌كی، ده‌مه‌وێت بڵێم كوردی به‌شه‌كانی دیكەی كورستان له ئێمه زیاتر مافی هاووڵاتیبوون و مافی مه‌ده‌نی و مافی تایبه‌تیی خۆیان هه‌یه له‌م هه‌رێمه‌دا بمێننه‌وه، چونكه له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی تێیاندا ده‌ژین، سه‌رچاوه‌ی چه‌وساندنه‌وه، ڕووشكێنی، سه‌ركوتانه‌وه، مه‌حرومییه‌ت و ته‌نانه‌ت گرتن و زیندان و له سێداره‌دانیشیان بریتییه له كوردبوونه‌كه‌یان، جگه له هه‌رێمی كوردستان. بۆیه ئه‌وان هه‌تا كوردبن و له‌و وڵاتانه‌دا بژین كه تێیاندا ده‌چه‌وسێنه‌وه، ئه‌و وڵاتانه به نشتیمانی خۆیان نازانن و هه‌رێمی كوردستان نیشتیمانی یه‌كه‌میانه.
چه‌مكی نیشتمان له‌لای مرۆڤ چه‌مكێكی هه‌سته‌وه‌ریانه‌ی قووڵه و ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی ده‌روونی، هه‌سته‌كی و هووشیاریانه‌ی هه‌یه. ڕه‌نگه زۆر له كوردی شوێنه جیاوازه‌كانی هه‌رێم و به‌شه‌كانی دیكەی كوردستان هووشیاریی ئه‌وه‌یان نه‌بێت، كه ئه‌وان كوردن و كوردستان نیشتیمانیانه، هه‌روه‌ك چۆن زۆر له كوردستانییه‌كانیش، هه‌ستی ئه‌وه‌یان نییه كه كوردستان وڵاتی ئه‌وانه. من بیستوومه كابرا به‌خۆی ده‌ڵێت (من مه‌سیحیی خه‌ڵكی زاخۆم و عیراقیم)، له كاتێكدا هه‌شمانه ده‌ڵێت (من كوردی مه‌سیحیم). له نێوان ئه‌م دوو گوزاره‌یه‌دا جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان دوو جۆر هوشیاریدا هه‌یه، هوشیارییه‌ك كه شوناسی خۆی ڕه‌تده‌كاته‌وه و شوناسێكی ناڕه‌سه‌ن بۆخۆی دروستده‌كات، له‌گه‌ڵ هوشیارییه‌ك كه جه‌خت له شوناسی خۆی ده‌كاته‌وه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی جیاوازیه‌كانی. ئه‌مه‌ی دواییان هه‌میشه په‌سنده، چونكه كوردستان جێگه‌ی جیاوازییه‌كان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام جێگه‌ی خۆجیاكردنه‌وه نییه.
من وه‌ها تێگه‌یشتووم، كه ئێمه به جیاوازییه‌كانمانه‌وه كوردستان نیشتیمانمانه، هه‌ركات باس له كێشه نیشتیمانییه‌كان یان پرۆژه‌ی نیشتیمانی یاخود حكومه‌تی نیشتیمانی ده‌كه‌ین، باسی پرۆژه و كێشه و حكومه‌تێك ده‌كه‌ین، كه ڕه‌چاوی پێكهاته‌كانی هه‌رێم و گه‌لان و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌كانی ده‌كات. لێره‌دا گوزاره‌ی (كوردستان) به ته‌نیا مانای وڵاتی كورد ناگرێته‌وه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه به جوگرافیایه‌ك كه پێكهاته و نه‌ته‌وه‌ی دیكەیشی تێدا ده‌ژین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ خۆمان جیابكه‌ینه‌وه، كوردستان مانایه‌كی نامێنێت و ئه‌مه‌ش برینداركه‌ره، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له پێناوی كوردستاندا خوێنیان به‌خشیوه.
كورد هه‌میشه له هه‌ستێكی قووڵه‌وه وابه‌سته‌یی خۆی له‌گه‌ڵ خاك و نیشتیمان‌دا ده‌دۆزێته‌وه. نیشتیمان بۆ كورد مانایه‌كی دیكەی هه‌یه وه‌ك له‌وانه‌ی هه‌رگیز هه‌ستی له ده‌ستدانی نیشتیمانیان نه‌بووه. ئه‌م هه‌سته‌ی كورد له‌و په‌یوه‌ندییه قووڵه‌ی ئه‌وانه‌وه دێت له ئاست له‌ده‌ستدان و غیابی نیشتیمان‌دا. سیحری مانه‌وه‌ی كورد له‌ناو مێژووی ئه‌زموونكراویدا، به هه‌ر شێوازێك كه په‌نای بۆ بردبێت و مانه‌وه‌ی خۆی له ڕێگه‌یه‌وه دابینكردبێت، هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌یه‌تی به‌رامبه‌ر به خاك و نیشتیمان. په‌یوه‌ندیی كورد، له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به زه‌وی و موڵكایه‌تیه‌وه‌یه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی مه‌عنه‌وی ئه‌وانه به شوێنێكی تایبه‌ته‌وه.
من نه دژی عه‌ره‌ب، یان فارس، یان شیعه و سووننه‌م، نه دژی سه‌حرا و نه دژی ده‌ریا و نه دژی هیچ شتێك كه كولتووری ئه‌وانیترم بیر ده‌هێنێته‌وه، به‌ڵام من خۆم به عێراقی نازانم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حه‌فتا ساڵ پێش له‌دایكبوونی من جوگرافیایه‌كی سیاسی به عێراق ناوبراوه و ئایدیۆلۆژیایه‌ك هه‌بووه، كه ناوه‌ڕۆكی بۆ ئه‌م عێراقه داتاشیوه. ده‌شێت ئه‌م هه‌سته و ئه‌م له‌خۆتێگه‌یشتنه، هه‌ست و له‌خۆتێگەیشتنی كوردی پارچه‌كانی دیكەیش بێت كه له‌و وڵاتانه‌دا ده‌ژین سه‌دان و بگره هه‌زاران ساڵه چیرۆكی له‌و شێوه‌یه‌یان بۆ داده‌تاشرێت و به زۆر و به خوێن و قڕكردن وه‌ك ده‌رمانی تاڵ ده‌كرێت به گه‌رووی هاووڵاتیانی كوردی وه‌ك ئێمه‌دا. نیشتیمان له چیرۆكدا جوان و خۆشه، به‌ڵام به‌ته‌نیا چیرۆك ناتوانێت هه‌ستی نیشتیمان له‌لای مرۆڤ دروستبكات.
ئه‌و شته‌ی زۆری تێدا بێت، له دواجاردا یه‌ق ده‌كرێته‌وه. به‌مجۆره‌ش هه‌روه‌ك چۆن عێراقیبوون له‌لای من ده‌رمانێكی تاڵه، ئاواش ئێرانی‌بوون، توركییبوون و سوریاییبوون له‌و وڵاتانه‌دا بۆ هاوزمانه‌كانم ده‌رمانێكی تاڵه و له هه‌لی مێژوویی جیاوازدا یه‌قی ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی قووتدانی ئه‌م فۆرمانه‌ی شوناس، ئه‌م ده‌رمانه تاڵانه بۆی هه‌یه بێهۆشكه‌ر و به‌شێوه‌یه‌كی كاتیانه ئارامبه‌خشی زۆرێك له هاوزمانه‌كانیشم بێت، جا به سه‌پاندنی به‌زۆر، یان له ناهووشیارییه‌وه بێت.
له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رچه‌نده واقیعی هه‌رێمی كوردستان له زۆربواردا هه‌مان تامی ده‌رمانه تاڵه‌كه‌ی هه‌یه، به‌ڵام قووتدانی ئاسانه چونكه ئه‌م تاڵاییه ناچێته جه‌سته‌یه‌كی نامۆوه. لێره‌وه، كوردبوون پڕه له هه‌دادان و دۆخێكی ڕۆحیانه‌ی عاریفانه و سۆفیانه‌یه كه بۆ هه‌موو كوردێك شیاوی قه‌بووڵكردنه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه قووڵه‌ی نێوان كوردبوونی سۆژه‌ی هه‌سته‌وه‌ر و خودی هووشیار و كوردستانیبوونی نیشتیمانه، كه بۆ ئێمه و بۆ كوردی پارچه‌كانی دیكەیش قابیلی په‌سه‌ندكردنه.
به‌ڵام بۆی هه‌یه هه‌م هه‌ستكردنی سۆژه به كوردبوونی خۆی و هه‌م هه‌ستكردنی ئه‌م سۆژه‌یه به بێ نیشتیمانی، له ساته‌وه‌ختیكدا نا ئومێدانه و هه‌مان چێژی تاڵایی هه‌بێت و ژه‌هراوی عێراقیبوون و توركیاییبوون و ئێرانی‌بوون و تاراوگه‌ییبوونمان بیر بخاته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه تێیدا بكه‌ری هه‌سته‌وه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی كه له وڵاته بێشوناسكراوه‌كانی لێوه‌ی هاتوون، لێره‌ش هه‌ست به بێشووناسی خۆیان بكه‌ن.
ئه‌مه ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه ده‌بێت تێیدا پرسیار بكه‌ین: ئایا ئێمه چیمان بۆ كوردی به‌شه‌كانی دیكەی كوردستان كردووه، كه لێره له‌گه‌ڵمان ده‌ژین و سه‌فه‌ر بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كه‌ن و به‌ناچاری، یان به خواستی خۆیان تێیدا ده‌مێننه‌وه؟
مه‌رج نییه ئه‌وان هه‌موویان ببنه (هێمنی موكریانی) و بانگیی (ناڵه‌ی جودایی) به گوێی جیهاندا بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وان له‌ئێستاشدا هه‌مان بارودۆخیی ده‌روونی و هه‌ستی بێ‌شوناسی تێده‌په‌ڕێنن كه هێمن تیایدا ده‌ژیا. ئه‌وان له سنووره‌كانه‌وه وه‌ك بیانی و بێگانه، پێشوازییان لێده‌كرێت. له پرسگه‌كان به هه‌مان شێوه ڕاده‌گیرێن و له فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تدا وه‌ك بیانی له ڕیزی بێگانه‌كاندا سه‌ف ده‌به‌ستن و له شاره‌كانماندا و له فرۆشگا‌كان و له ناوڕێدا هه‌مان هه‌ستی خۆبه‌نامۆبوونیان تێدا ده‌ڕوێت، كه ئێمه جاران له پرسگه و شارانی نائازاد و فه‌رمانگه‌كاندا هه‌مان بوو.
هه‌روه‌ك چۆن ئیدی ئێمه ناتوانین له‌و هه‌سته‌دا بژین و له كه‌سی قبووڵ ناكه‌ین به‌و چاوه ته‌ماشامان بكات، كه كوردبوونه‌كه‌مان سه‌رچاوه بوو بۆ ئه‌ویتر تا لێوه‌ی نیگامان بكات، ئاواش بۆ كوردی به‌شه‌كانی دیكە قورسه له پارچه‌یه‌كی دیكەی كوردستاندا وه‌ك بیانی ته‌ماشایان بكرێت و كوردبوونیان و هاتنیان له به‌شێكی دیكەی نیشتیمانه‌وه بكرێته سه‌رچاوه‌ی جیاكردنه‌وه‌یان. من ده‌زانم ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه، ئه‌م جۆره له به‌خۆنامۆكردن، پلانی شاراوه و مه‌به‌ستگه‌رایانه‌ی هیچ بكه‌رێك، یان كارمه‌ندێكی ئاسایش، یان پاسه‌پۆرت و مانه‌وه، یان دائیره‌كانی نیشته‌جێبوون و هیچ دانیشتوویه‌كی ئه‌م هه‌رێمه نییه له ئاستیاندا، به‌ڵام لێم ڕوونه ئه‌مه زمانی یاسا و زمانی ده‌سه‌ڵاتیی هه‌رێمه‌كه‌مانه بۆ له دوورڕاگرتنی ئه‌وان و دروستكردنی مه‌ودایه‌كی ده‌روونی له نێوان هه‌رێم و پێكهاته‌ی دانیشتوانیدا. ئه‌م زمانه زمانێكی مه‌ترسیداره، چونكه كاریگه‌ریی ترسناكی هه‌یه بۆ سه‌ر هه‌ستكردنی ئه‌وان و له‌خۆتێگه‌یشتنیان و دواجار په‌یوه‌ندییان به‌م هه‌رێمه و كوردبوونیانه‌وه.
ئه‌وه هه‌ر ته‌نیا ئایدیۆلۆژیای به‌رامبه‌ر نییه كه له ئێمه وێنه‌یه‌كی دیكە دروستده‌كات، كه ئێمه نین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه به‌رجه‌سته ده‌كات خۆمانین له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دیكەدا، كه ده‌بینه شتێكی دیكە لەوەی كه هه‌ین، یان ده‌بێت هه‌بین. ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده ده‌بێته هۆكاری برینداركردنی هه‌ستی ئه‌وان، به‌ڵام به‌ڵگه‌یشه له‌سه‌ر ئه‌و ناهووشیارییه‌ی كه له‌م ساته‌وه‌خته‌دا چوارده‌وری كوردبوونی ئێمه‌ی گرتووه. ناهووشیارییه‌ك، كه ڕه‌نگه زۆر سه‌رچاوه‌ی جیاوازیی هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بێت و ناكرێت سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وانه جۆرێك له له‌خۆڕازیبوونی ڕه‌گه‌زپه‌رستیانه‌ی پێچه‌وانه نه‌بێت، كه ئێمه‌ی داگیر كردووه و ده‌بێته هۆكاری هه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌كی دیكەیش، كه له ئێمه‌وه ئاراسته ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌وانی دی..
بۆیه هه‌تا ئێمه به‌مجۆره بین له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی دیكەی خۆمان، كه جوگرافیا و سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیاكان تێماندا ڕه‌گاژۆی كردوون، ناتوانین وه‌ك پێویست بۆ ئه‌وانیتر هه‌بین و ده‌بینه دۆزه‌خ و سه‌رچاوه‌ی نائومێدی و ناتوانین هیچیان بۆ بكه‌ین.
ده‌بێت دوعا بكه‌ین تا له‌م فۆرمه‌ی ئێمه‌بوونه ڕزگارمان ببێت و هووشیار ببینه‌وه له ئاست ئه‌و فۆرمه‌ی كوردبووندا، كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، زمانه‌كه‌ی، دروشمه‌كانی و په‌یام و ئامانجه‌كه‌ی چ له واقیع و چ له یاسا و چ له زمانی فه‌رمانگه‌كانیدا یه‌كسان ده‌بێته‌وه به یه‌كدی. چونكه ئه‌م دوو فاقییه له ئه‌خلاقدا، ده‌بێته هۆی دابه‌شبوونێكی دووفاقیانه‌ی دیكەی كورده‌كان له نشتیمانی خۆیاندا، ئه‌و كاته‌ش نابێت پێمان ناخۆش بێت، كه مه‌سیحییه‌كی زاخۆیی خۆی به عێراقی بزانێت، له‌كاتێكدا كه ئه‌و ئاسایش و ڕزق و ئاسووده‌ییه‌ی بۆی لواوه، ته‌نیا له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، نه‌ك له شوێنێكی دی..
له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م واقیعه‌دا، له‌به‌رده‌م ئه‌زموونێكی مێژووییدان.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به به‌خشینی ڕێنمایی به‌رده‌وام له‌سه‌ر پرانسیپی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و فره‌یی كولتووری و ڕێزگرتنی یه‌كسان له هه‌موو پێكهاته‌كان و ڕه‌چاوكردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و میوانداریی و په‌یوه‌ندیی هاووڵاتیان به ئه‌وانی دیكەی كۆچبه‌ران و هاوزمانه‌كانمانه‌وه.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان به پێشكه‌شكردنی پڕۆژه یاسا و هه‌مواركردنه‌وه و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به مافی تاكه‌كه‌س و كه‌رامه‌تی مرۆیی و مافی بێگانه‌كان و هاوزمانانه‌وه هه‌یه. هه‌روه‌ها به خاوێنكردنه‌وه و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و ڕسته و گوزارانه‌ی بۆنی جیاكاره‌یی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و جۆره‌كانی به‌په‌راوێزخستنیان لێدێت.
هه‌روه‌ها پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌ت، به ده‌ركردنی ڕێنمایی و فه‌رمان و به‌رچاوڕوونیی بۆ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان و بواری جێبه‌جێكردن، به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی چۆنێتیی پیاده‌كردنی یاساكان به له‌به‌رچاوگرتنی شعوری هاووڵاتیان و بێگانه‌كان و هاوزمانان، به‌شداریی بكات له خستنه‌ڕووی هووشیارییه‌كی یاسایی بۆ كارمه‌ندانی جێبه‌جێكار، هه‌ر له پۆلیس و ئاسایشێكه‌وه، تا كارمه‌ندانی پۆست و پرسگه‌ی فه‌رمانگه‌كانه‌وه تا ده‌گاته وه‌زیره‌كان. ئه‌م ڕێنماییانه گرنگن بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره وته‌یه‌ك، له باره میزاجییه‌كه‌ی و خستنه‌ڕووی وه‌ك ڕێنمایی یاسایی كه له‌ڕێگه‌یانه‌وه په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیان به یه‌كسانیی ڕێكده‌خرێت. به‌مجۆره‌ش ئێمه ده‌كه‌وینه به‌رده‌م به‌كولتووركردنی دیموكراسی و دیموكراتیزه‌كردنی خود، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر جۆره بڕیارێكی میزاجیانه و خۆبه‌خۆ كه پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی ئه‌زموونه‌كه‌مانە. چونكه ئه‌م ئه‌زموونه به‌بێ سیما و زمان و ڕه‌فتاره یاساییه‌كانی له ئاست ئه‌وانی دیكەدا نابێته ئه‌زموونێكی ڕاقیی و شانازییه‌ك بۆ مێژوو به‌جێناهێڵێت.
* سەرۆكی بەشی فەلسەفە كۆلیژی ئەدیبات زانكۆی سەڵاحەدین