هەڵکشانی مەریەم بۆ ئاسمان

هەڵکشانی مەریەم بۆ ئاسمان

نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن

لای ئایینی جوو، پێوەندیی سێکسیی لە نێوان نێر و مێدا، بە مەبەستی وەچەخستنەوە ئەنجام دەدرێت، تا توخمی ئینسان هەر بەردەوام بێت. سەر زەوین شوێنێکی گونجاوە، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزە و بۆ درێژەدان بە هەبوونی خەڵک. ئەوە مافی ڕەوای ئینسانە، بۆ دابینکردنی بژێوی، سوود لە ماسیی زەریا، مەلی ئاسمان و زیندەوەری سەر زەوین، وەربگرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین، ئایینی جوو زێتر بایەخ بە ژیانی ئەم دنیا دەدات. بە گوێرەی گێڕانەوەی ئایینی موسا، سەرەتا ئادەم لە قوڕ چێ دەکرێت و دواتر لە کەپوویەوە، هەناسەی ژیانی، واتا ڕۆحی بە بەردا دەکرێت. دواتر لە پەراسوویەکی ئادەم، ئێڤای مێ، بۆ هاودەمیی ئادەمی نێر دەخوڵقێنرێت، کەواتە هەر لە سەرەتاوە، ئێڤا بە ئێسک و بە گۆشت، قەرزداری ئادەم دەبێت. ئادەم و ئێڤا بە ڕووتوقووتی دەخوڵقێنرێن و هەر وایش دەژین، بێ ئەوەی شەرم لە یەکدی بکەن. هەنووکەیش لە ئەفریکا، هەندێک خێڵ، نزیکەی هەر بە ڕووتی، ژیان بەسەر دەبەن.

یەکەم گوناهی ئینسان، کە دەبێتە یەکەم یاخیبوونی ئینسان لە خودا، ئەوە دەبێت کە لە بەری درەختی زانینی خێر و شەڕ کە لێی حەرام کراوە، دەخوات. ئیدی لەو سۆنگەیەوە لە بەهەشت وەدەر دەنرێت. میڵتۆن کە شاعیرێکی گەورەی ئینگلیزە، لە داستانی (بەهەشتی بزربوو)دا دەبێژێت: (ئینسان بۆیە دەمرێت، چونکە لە بەری کوشندەی ئەو درەختەی خواردووە، ئەوەیش کارەساتی هەموومانە.) ڕەنگە کارەساتەکە ئەوە بێت، سزای ئەو لە خودا یاخیبوونە، مەرگی کوتوپڕ نییە، بەڵکوو ژیانێکی پڕ لە ڕەنجکێشان و ئازار و مەینەتییە.

چونکە بە گوێرەی ئەو گێڕانەوەیە، ئەو ژن بووە پیاوی فریو داوە لە بەری دارەکە بخوات، ئەوە بۆیە ژانی منداڵبوون، هێندە سەختە. لە هەمان گێڕانەوەدا (مار)یش هەیە، کە هەم ڕەمزە بۆ نەمریی، ئاخر مار لە ڕێی گۆڕینی کاژەوە درێژە بە ژیان دەدات، هەم ڕەمزیشە بۆ چووک و وا باوە، ئەوە مار بووە، ئینسانی فێری بە یەکگەییشتنی سێکسی کردووە. ئادەم و ئێڤا هەر کە لە بەری درەختەکەیان خواردووە، چاویان کراوەتەوە، هەستیان بەوە کردووە ڕووتن، بۆیە بە گەڵای داری هەنجیر خۆیان داپۆشیوە و لەوە بە دواوە، ئادەم تێگەییشتووە مێردی ئێڤایە، ئیدی لە گەڵیدا جووت بووە و نەوەیان خستووەتەوە.

(قال هي عصاي أتوكأ عليها وأهش بها على غنمي، ولي فيها مآرب أخرى. سوورەتی تەها ١٨) پەرجووی گەورەی موسا لە عەسایەکەیدا بووە کە دەبووە مار، کەسێک مار پێوە دابا، سەیری کردبا، چاک دەبووەوە، ئاوی لە زەوینی ڕەق پەیدا دەکرد و توانای دوولەتکردنی زەریای سووریشی هەبوو. لە سەروەختی (حزقیا) پاشادا، مار هێندە پیرۆز بوو، (بوغرد)یان بۆ دەسووتاند و لە تەوراتدا بایەخێکی زۆر بە مار کە وەک سیمبۆڵ بۆ چووک ناسراوە، دراوە. خەتەنەکردنی نێر کە لای جوو هەیە، پێوەندیی بە پیرۆز سەیرکردنی ئەندامی نێرینەوە هەبووە، هەرچەندە خەتەنەکردنی نێر هێندە کۆنە، پێش ئەوەی چەقۆ داهاتبێت، هەبووە و ئەوسا پێیان وابووە، ئەو (بەرگە گۆشتینە) ڕێ لە بەردەم پێوەندیی سێکسیدا تەسک دەکاتەوە. جوولەکە، کوڕ لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنە دەکەن، کریستیانیش لە هەمان تەمەندا، ناو لە منداڵ دەنێن. خەتەنەکردن لای جوو، ئاماژەیە بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ خودادا. (فتختنون في لحم غرلتکم، فیکون علامة عهد بیني وبینکم.)

کتێبی پیرۆزی جوولەکە، پێ لەسەر باوکسالاری و هەژموونی نێر دادەگرێت، بڕوای بەوە هەیە، ژن پلەیەک لە پیاو نزمترە، ژن موڵکی مێردە و لە تەلمووددا هاتووە کە پێویستە پیاوان شوکری خودا بکەن کە وەک مێ لە دایک نەبوون و ڕۆژانە لە کاتی نوێژکردندا، ئەم نزایە بڵێنەوە: (سوپاس ئەی خودای من کە بە ژن نەتخوڵقامدم.) پێویستە ژنانیش بە بەشی خۆیان قایل بن و بڵێن: (سوپاس ئەی خودای من کە بە پێی ویستی خۆت، منت خوڵقاند.) لای جوولەکە بەختەوەر پیاوێکە، ژنێکی چاک، ئازا، شەرمن و بێدەنگی هەبێت، ژنێکی هێندە جوان کە وەک خۆر بدرەوشێتەوە. هەر بە گوێرەی تەلموود، ژنان زۆربڵێ و کەمعەقڵن و تەنیا بیر لە جوانیی خۆیان دەکەنەوە.

لای ئایینی جوو، سزای زیناکەران و هاوڕەگەزبازان، مەرگە و ئەگەر ژنیش سێکس لەگەڵ ئاژەڵدا بکات، هەم ژنە و هەم ئاژەڵەکەیش دەکوژرێن. ئەوانەیشی لاقەی باوەژن یان بووک (ژنی کوڕ)یان دەکەن، هەر بە مەرگ سزا دەدرێن و ئافرەتیش ئەگەر پێش هاوسەرگیری، کچێنی لە دەست بدات، سەنگباران دەکرێت. ئەوەیش گوناهە ئەگەر ژن، جلی پیاوان بپۆشێت، یان پیاو پۆشاکی ژنانە لەبەر بکات. بە گوێرەی تەلموود، وا باشە پیاو ژنی هاوتەمەنی خۆی بهێنێت، ئاخر ئەگەر ژنەکەی لە خۆی گچکەتر یان گەورەتر بوو، ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە. لای جوولەکە، ئەگەر لە ئاوەدانیدا، پیاوێک ژنێکی ئەتک کرد، هەردووکیان دەکوژرێن، بەڵام ئەگەر ئەتکردنەکە لە دەشتودەر ڕووی دا، تەنیا پیاوەکە سزا دەدرێت، ئیللا مەگەر هەم پارە بدات و هەم ژنەیش بخوازێت. ژن کە منداڵی دەبێت، ئەگەر منداڵەکە نێر بوو، ژنە دوای حەوت ڕۆژ پاکژ دەبێتەوە، وەلێ ئەگەر کچی بوو، تا دوو حەفتە بە پیس دەزانرێت. ژن کوڕی ببێت یان کچ، هەر تا سی و سێ ڕۆژ بۆی نییە، دەست لە شتی پیرۆزەوە بدات، یان سەردانی پەرستگە بکات.

لای جوولەکە، هاوسەرگیری ئەرکێکی ئایینییە، چونکە (هەموو پیاوێک پێویستی بە ژنە و هەموو ژنێکیش حەوجەی بە پیاوە و هەردووکیشیان پێویستیان بە خودایە.) پیاوی جوو پێی وایە، ژن ماڵی پیاوە، بۆیە ئەگەر ژنەکەی بە ناوی خۆیەوە بانگ نەکات، بە (ماڵەکەم) گازی دەکات. هەرچەندە هاوسەرگیری لە نێوان خزماندا، لای جوولەکە باوە، بەڵام پێیان وایە، نابێت پیاوی درێژ، ژنی درێژ بهێنێت، یان پیاوی کورتەباڵا، ژنی باڵاکوڵ بخوازێت، ئاخر ئەگەر وایان کرد، ئەو خەسڵەتانە، خەستتر لە منداڵەکانیاندا ڕەنگ دەدەنەوە.

بۆ پیاوانی ئایین و فەرمانڕەوایان، فرەژنی ئاسایی بووە، وەلێ جوولەکە بە گشتی لە یەک ژن زێتریان نەبووە. (پیاو دایک و باوکی جێ دەهێلێت و وا توند بە ژنەکەیەوە پێوەست دەبێت، وەک یەک جەستەیان لێ دێت.) لە دوای سەدەی یازدەیەمەوە، فرەژنی لای جوولەکە بە شەرع و بە یاسا قەدەغەکرا، هەرچەندە پێشتر هەبوو. لە ناو بەشێک لە جوولەکەدا، تەڵاقدانی ژن، کاتێک ڕەوایە کە ژنە بە جیابوونەوە قایل ببێت، یان مەگەر ناپاکیی لە مێردەکەی کردبێت، وەلێ بەشێکی تریان، لەسەر خراپ لێنانی چێشتێک، ژن تەڵاق دەدەن و دەڵێن: هەر وەختێک ڕقت لە ژنەکەت هەڵسا، تەڵاقی بدە! دەڵێن موسا، دوای ئەوەی لەسەر کێوی سینا، بەرەو ڕووی خودا بووەوە، ئیدی کۆتایی بە پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ ژنەکەیدا هێنا.
*
ئایینی یەسووس، ڕەنگە تاقە ئایین بێت، هەر لە سەروەختی سەرهەڵدانییەوە، بانگەشەی بۆ تاک ژنومێردایەتی کردبێت و قەت لایەنی فرەژنی نەگرتبێت. لە تاک ژنومێردایەتیدا، ئەگەری ئەوە زۆرترە، ژن و پیاو لە ئەرک و مافدا یەکسان بن و ڕێز و خۆشەویستی باڵ بەسەر خێزاندا بکێشن. ئایینی مەسیح، بە ڕیفۆرم لە ئایینی موسادا دەستی پێ کرد و لە فیکری یۆنانی و عیبرییەوە نزیکە.

ئەرستۆ وای بە گونجاو دەزانی، ئینسان دەبێت بایەخ بە سێکس بدات، بەڵام زێدەڕۆیی تێدا نەکات. ئیفلاتوون ئەوەی بە دروست نەدەزانی کە هۆمیرۆس باسی لە ژیانی ژن و مێردایەتیی خوادەوەندەکان کردبوو. دیۆگێنیس دەیگوت: ئەوەی سروشتی بێت، ناشیرین نییە و هەقە بە ئاشکرا بکرێت. ڕەواقییەکان بڕوایان بەو پێوەندییە نەبوو کە خێزان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەپیکور پێی وابوو، (پیاوی دانا، تووشی داوی خۆشەویستی نابێت و پێوەندیی سێکسی، هەرگیز سوودی نەبووە.) فیساگۆرسییەکان لەگەڵ ئەوەدا بوون، ئینسان خۆی بەرزەفت بکات و پێوەندیی سێکسییان بە پۆخڵ دەزانی. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئایینی یەسووس، ئەو خۆ بە پاکژی ڕاگرتنە بوو کە مەسیحییەکان پێی بەناوبانگ بوون.

(ئامانجی ئایین، ئازادکردنی ڕۆحە کە لە زیندانی ئارەزووکردنی سێکسدا، بەندە.) ئەو تێزە کە هی مانەوییەکان بوو، زۆر لە بۆچوونی مەسیحییەکانەوە دوور نەبوو. مەسیح دەیگوت: ئەوە خودایە، کە هەر لە سەرەتاوە تاک ژنومێردایەتیی سەپاندووە و ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە، تازە نییە و ژیانی ئینسان بە خوڵقاندنی نێر و مێیەک دەست پێ دەکات. مەسیح لە بارەی تەڵاقەوە دەڵێت: (ژن و پیاو کە خودا کۆیان دەکاتەوە، ناکرێت ئینسان لێکیان بترازێنێت.) بە گوێرەی ئینجیلی مەرقس و لۆقا، (پیاو ژنی تەڵاق بدات و ژنێکی تر بخوازێت، بە زیناکار هەژمار دەکرێت. ئەگەر ژنیش لە مێردەکەی جیا ببێتەوە و شوو بکاتەوە، حیسابی زیناکاری بۆ دەکرێت.) مەسیح پێی وابوو، ئەگەر پیاو سەیری ژنێک بکات و حەزی بچێتە سەری، وەک ئەوە وایە، لە دڵەوە زینای لەگەڵدا کردبێت.

پۆڵس دەیگوت: هاوسەرگیری بۆ هەمووان پێویستە، بۆ خۆ بە دوور گرتن لە زینا، با هەموو پیاوێک ژنێکی هەبێت و هەموو ژنێکیش، پیاوێکی هەبێت. ئەوەی کە ژن ئەگەر زینای کرد، پیاوی مافی ئەوەی هەیە تەڵاقی بدات، دەڵێن دوای مەسیح بۆ ئینجیل زیاد کراوە. کە ژنێک بە تۆمەتی ئەوەی زینای کردووە، دەبەنە کن یەسووس، بۆ ئەوەی مۆڵەتیان بدات، بەردبارانی بکەن، پێیان دەڵێت: (کامتان بێ گوناهە، با ئەوەتان یەکەمین بەردی تێ بگرێت.) دەبێت پیاوان ژنانی خۆیان خۆش بوێت، وەک چۆن یەسووس کەنیسەی خۆش دەویست. ژنانیش دەبێت وەک چۆن ملکەچی خودان، ئاوا ملکەچی پیاوانیش بن، چونکە پیاو، سەری ژنە، وەک چۆن یەسووس سەری کەنیسەیە. لای ئایینی مەسیح، دەبێت چ پیاو و چ ژن، مافە سێکسییەکانی یەکدی ڕەچاو بکەن و نابێت ژن پێی وا بێت، تەنیا خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی، ئاخر بەشی مێردەکەشی پێوەیە و ژنیش لە جەستەی مێردیدا بەش و مافی هەیە. پۆڵس چونکە بە ناسروشتی دەزانی، دژی هاوڕەگەزبازی، ئیدی چ لای ژنان بووایە، یان پیاوان، دەوەستایەوە.

لە ڕوانگەی لاهووتییەکانەوە، ئەوین دوو جۆری هەبوو، پیرۆز و پۆخڵ، یان: فریشتەیی و شەهوانی. چونکە خودا دنیای خۆش دەوێت، کەواتە خودا، خۆشەویستییە و دەبێت ئینسان هەم خودای خۆش بوێت و هەم دراوسێکانی. مەسیح هەوادارانی هان دەدا، تەنانەت دوژمنانیشیان خۆش بوێت. ئەو یەکگرتنەی نێوان ژن و پیاو کە لە ئینجیلدا هاتووە، لە ئەوینێکی سۆفییانەوە نزیکترە، تا ئەوینێک کە ئارەزوو هاندەری بێت.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، سێکس وا نمایش دەکرا، وەک دژی بەها پیرۆزەکان بێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگیرا کە خۆ بە پاکیزەیی هێشتنەوە، لە هاوسەرگیری باڵاترە و سێکس ئەگەر خراپەکاری نەبێت، ئەوا لای کەم، سەر بە سروشتێکی نەوییە. تەنانەت هەبوون بە پاساوی ئەوەی، مەحاڵە پیاو بتوانێت، هاوزەمان خودا و ژنیش ڕازی بکات، خۆیان دەخەساند. ساڵانێکی دوورودرێژ ئایینی مەسیح کەوتە ژێر کاریگەریەتیی بۆچوونەکانی (ئوگوستین)ەوە کە دەیگوت: ئەو گەشکەیەی ئینسان لە ئەنجامی کردەی سێکسەوە پێی دەگات، گوناهە و سێکس ناکۆکە لەگەڵ بەها ڕۆحییەکاندا.

له‌ سونگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ گوتبووی: خۆر سه‌نته‌ری گه‌ردوونه‌ و زه‌وین به‌ ده‌وری خۆردا ده‌سووڕێته‌وه‌، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ک له‌ ئینجیلدا هاتووه‌، که‌نیسه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی، فه‌رمووده‌ی خودای ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه‌، حوکمی مه‌رگی به‌سه‌ر گالیلۆدا(١٥٦٤ _ ١٦٤٢) سه‌پاند. چونکه‌ سی ساڵێک پێشتر، له‌سه‌ر هه‌مان تێز، که‌نیسه‌ زمانی گیوردانۆ برونۆ (١٥٤٨ _ ١٦٠٠)ی بڕی و جه‌سته‌ی ده‌رخواردی ئاگر دا، گالیلۆ له‌ پێناوی قوتارکردنی ژیانیدا، له‌ قسه‌ی ڕاست و دروستی خۆی پاشگه‌ز بووه‌وه‌. ئه‌و سه‌روه‌خته‌ تاریک و ئه‌نگوسته‌چاوه‌، که‌ به‌ سه‌رده‌می دادگاکانی پشکنین، ناوی زڕاوه‌، (دیکارت)یش (١٥٨٦ _ ١٦٥٠) وه‌ک گالیلۆ بیری ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ ترسی مه‌رگ، زاتی نه‌ده‌کرد، قسه‌ی دڵی بدرکێنێت.(*)

ئەوەی مەسیح لە مەریەمی پاکیزە بووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دنیای ماددی پۆخڵە و لەدایکبوونی ئاسایی، لە ئاستی پایەی بڵندی مەسیحدا نییە و بە پاکیزەیی مانەوە، لە ژیانی هاوسەرگیری باڵاترە. بە گوێرەی قورئانیش دووگیانبوونی مەریەم بە هێزی پەیڤی خودا بووە و مەریەم تاقە ژنە، بە ناوی تەنیای خۆیەوە، لە قورئاندا ناوی هاتووە و بە گوێرەی هەندێک گێڕانەوە، ئەویش وەک مەسیحی کوڕی، هەر ڕۆحی نا، جەستەیشی بەرەو ئاسمان هەڵکشاوە. لە ڕوانگەی (یۆنگ)ەوە، باوەڕهێنان بە هەڵکشانی مەریەم بەرەو ئاسمان، بەخشینی پلەی خوداوەندە پێی، وەک چۆن لە گەلێک ئایینی دیکەدا، خواژن هەیە.

کریستیانە ڕیفۆرمیستەکان لەوەدا کە ستایشی خۆ بە پاکیزەیی هێشتنەوە دەکرا و بەرز سەرنجی ئەوانە دەدرا کە بە ڕەبەنی دەمێننەوە و ئارەزووەکانیان سەرکوت دەکەن، ڕەخنەی توندیان لە کەنیسە گرت و ئەوەیان بە لادان لە یاسای خودایی کە لەگەڵ هاوسەرگیریدایە، لە قەڵەم دا و گوتیان: هاوسەرگیری وێڕای وەچەخستنەوە، ئینسان لە زینا دوور دەخاتەوە، وای لێ دەکات چالاکانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدار ببێت و ئاسوودەییشی پێ دەبەخشێت، ئاخر خێزان فێرگەیەکە، تێیدا فێر دەبین، وەک ئینسان ڕەوتار بکەین.
٢٥/٨/٢٠١٢
ستۆکهۆڵم

(١) جیفری بارندر، الجنس في أدیان العالم، ترجمة: نورالدین البهلول، دار الکلمة 2001 دمشق.
(0) (٢) التأکیدات العبریة و وألإختلاف ألمسیحي، جیفری بارندر، الجنس في أدیان العالم، ترجمة: نورالدین البهلول، دار الکلمة 2001 دمشق.
(1) (٣) هاشم صالح، کیف إنتصر غالیلو علی محاکم التفتیش، الشرق الأوسط ١٢ أب ٢٠١٢ لندن.
(2) (*) ئێستا که‌ چوار سه‌ده‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌و دیرۆکه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، که‌ نزیکه‌ی هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌ورووپا سیکولاریستن،‌ که‌نیسه‌ بووه‌ به‌ شوێنه‌وار و ڤاتیکان داوای لێ بوردنی له‌ گالیلۆ کردووه‌، تازه‌کی له‌ کوردستان، ڕیشدرێژه‌ کورتبینه‌کان، له‌ هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی دادگاکانی پشکنیندان.
Top