د‌رك پێ كردنی فه‌لسه‌فیانه به نوێخوازی له نێوانی هیگل و هیدگه‌ردا
December 24, 2012
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :محه‌مه‌د سه‌بیلا
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
یه‌كه‌مین بیرمه‌ند كه هۆشیارییه‌كی روونی له لا دروست بوو سه‌باره‌ت به پیوه‌ندیی قووڵی نێوان رووداوه مه‌زنه‌كانی كه بوونه ده‌سپێكی نوێخوازی، هه‌روه‌ها هه‌ستی به ته‌واو نوێ بوونی ئه‌و رووداوانه له چاو ئه‌وان به‌ر له خۆیان كرد، هاوكات په‌ی به واتای هاوبه‌شی فه‌لسه‌فیانه‌ی نێوان رووداوگه‌لی په‌رت و ناته‌با برد، ئه‌وا هیگل بوو.نوێخوازی، وه‌ك هابرماس ده‌ڵێ، له رووی فه‌لسه‌فییه‌وه روون و ئاشكرا هه‌ستی به خۆی نه‌كرد، ته‌نیا له‌گه‌ڵ هیگلدا نه‌بێت، چونكه ئه‌و زاراوه‌ی "چاخی نوێ"ی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌كار هێنا كه جودایه له چه‌مكی زه‌مانیی باو له لای مێژوونووسان، به‌وه‌ی ته‌نیا ئاماژه به سه‌رده‌مێكی دیكه له سه‌رده‌مه‌كانی مێژوو به گوێره‌ی پۆلێنی باوی مێژوویی ده‌كات: چاخی كۆن، چاخی ناوه‌رِاست، چاخی نوێ.
چاخی نوێ له روانگه‌ی هیگله‌وه، چاخی فره نوێیه، چاخێكه به شێوه‌یه‌كی جۆره‌كی له‌وانی پێشووی جودایه. چاخی نوێ به‌م واتایه، وا په‌سنی هه‌نووكه ده‌كات كه ماوه‌یه‌كی راگوزه‌ره، له لایه‌كه‌وه به هه‌ست كردن به خێرایی، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به چاوه‌رِوانی كردن و پێشبینی كردنی ئایینده‌یه‌كی جۆره‌كیانه‌ی جیا له هه‌نووكه، به شێوه‌یه‌كی ریشه‌ییانه‌ش جیا له رابردوو، خۆی ساغ ده‌كاته‌وه.
له پێشه‌كیی كتێبی "فینۆمۆنۆلۆژیای رۆح"دا، هیگل وا په‌سنی ئه‌و زه‌مانه ده‌كات كه تێیدا ده‌ژی، به‌وه‌ی "زه‌مانی له‌دایك بوون و گواستنه‌وه‌یه به‌ره‌و سه‌رده‌مێكی نوێ. رۆحی ئه‌و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه جیهان تا هه‌نووكه هه‌یه، له رووی بوون و هه‌رس كردنه‌وه برِیویه‌تی. ئه‌و زه‌مانه‌ی هه‌نووكه له دۆخی نقوم كردنی هه‌موو ئه‌و رابردووه‌دایه، هه‌روه‌ها ئێستاش كار بۆ هه‌رس كردنی ده‌كات. ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی پرِ ده‌داته ئه‌وه‌ی تا ئێستا ماوه و هه‌ستی په‌نهان (سه‌باره‌ت به هاتنی) شتێكی نادیار، نیشانه‌ی مژده‌ده‌رن كه شتێكی دیكه‌ی (جودا) له خۆ ئاماده كردندایه. ئه‌و ده‌ست له خۆ به‌ردانه، گزنگی خۆر ده‌یبرِێت، كه هه‌وڵ ده‌دات به چاو ترووكانێك و به پرِتاوێك، ته‌لاری جیهانی نوێ دابمه‌زرێنێت"(1).
هیگل، به بۆچوونی هابرماس، یه‌كه‌م كه‌سه پرسی دابرِانی نوێخوازی له‌گه‌ڵ ئیحا و ئیلهامی پێوه‌رانه‌ی رابردوو كه به لای (نوێخوازییه‌وه) نامۆن، له شێوه‌ی گرفتێكی فه‌لسه‌فیدا خسته روو(2). له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه‌وه، نوێخوازی كه‌وته باری ئه‌وه‌ی گرفتی (به گوته‌ی بلۆمنبێرگ) له نێو (خودی)دا ره‌وایی تایبه‌تی خۆی بدۆزێته‌وه، یان (به گوته‌ی هابرماس) له خودی خۆیه‌وه مسۆگه‌ریی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌م پرسه له لای هیگل شێوه‌یه‌كی توندی گرته‌خۆ كه وه‌ك گرفتێكی فه‌لسه‌فی باسی كرد، ته‌نانه‌ت وه‌ك گرفتێكی سه‌ره‌كی له نێو فه‌لسه‌فه‌كه‌ی خۆیدا. به هۆی نه‌بوونی نموونه‌ی پێشتر ئاماده‌وه، نوێخوازی خۆی ناچار بینی كه هاوسه‌نگیی خۆی بداته‌وه، ئه‌ویش به ده‌سپێك له‌و دابرِان و لێبرِانانه‌ی خۆی دروستی كردن، ئه‌و لێبرِانانه‌ی لاسه‌نگییان دروست كرد، ئه‌میش نائارامی (نیگه‌رانی)یه‌كی هێنایه ئاراوه، كه به لای (هیگل)ـه‌وه ده‌بێته ئه‌و چاوگه‌ی هه‌بوونی فه‌لسه‌فه ده‌كاته پێویست. ئه‌ویش له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه ئیدی فه‌لسه‌فه كه‌وته بن باری ئه‌وه‌ی خۆی ببینێت، به ده‌سپێك له‌و كاته‌وه، كه ئه‌ركی په‌رچڤه كردنی سه‌رده‌م و زه‌مانی خۆی بۆ بیرۆكه، خراوه‌ته ئه‌ستۆیه‌وه(3). ته‌نانه‌ت هیگل به ته‌واوی برِوای وا بوو، مه‌حاڵه بگه‌ینه ئه‌و چه‌مكه‌ی كه فه‌لسه‌فه بتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی نوێخوازیدا د‌رك به خۆی بكات(4)، روون بووه‌وه كه پرسیاری نوێخوازی هه‌ر ته‌نیا پرسیارێك نییه له نێو كۆمه‌ڵێك پرسیار كه ده‌بێ فه‌لسه‌فی له خۆی بكات، به‌ڵكوو ره‌نگه ئه‌و، پرسیاره ناوه‌ندییه‌كه (سه‌ره‌كییه‌كه) بێت. پرسیاری پرسیاره‌كانه كه سه‌رده‌م له رێی فه‌لسه‌فه‌وه له خۆی ده‌كات، تا له خۆی بگات و په‌ی به ماهیه‌ت و واتاكه‌ی ببات و هیواكانی به‌دی بكات.
تایبه‌تمه‌ندیی كولتووریانه‌ی فه‌لسه‌فه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی تواناكانی دیاری ده‌كات، بریتییه له برِست و تینی ئه‌و، كه سه‌راپاگیرانه بیر له كێشه‌كانی سه‌رده‌م بكاته‌وه، هه‌روه‌ها له وێنا كردن و هه‌رس كردنی (ئه‌و كێشانه)، نه‌مازه كه له‌نگی و لاسه‌نگی ده‌گاته ترۆپك. هیگل ده‌ڵێ: "كاتێك هێزی یه‌كتر گرتن له ژیانی خه‌ڵكدا نامێنێت، هه‌روه‌ها كاتێك ناته‌باییه‌كان (كه په‌یوه‌ندیی زیندووی خۆیان و كاری دووسه‌ره‌یان له‌ده‌ست داوه) سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌وكات پێویست بوونی فه‌لسه‌فه دێته ئاراوه. جا به‌م واتایه بێت ئه‌م پێویستییه شتێكی لابه‌لایه، به‌ڵام، له گۆشه‌ی ئه‌و دابرِانه‌ی رووی داوه، كارێكی پێویسته بۆ ره‌ت كردنه‌وه‌ی ناته‌بایی نێوان خود و بابه‌ت"(5).
هیگل قسه له‌باره‌ی ناته‌بایی و لێك دابرِان و درز ده‌كات كه هاوشانی نوێخوازین. مه‌به‌ستیشی له‌وه كۆی ئه‌و داتلیشانانه‌ی، له‌گه‌ڵ هاتنی نوێخوازیدا، تووشی هه‌ر یه‌ك له واقیع و هۆشیاری بوونه‌وه، كه خۆی ده‌نوێنێت له:
- دابه‌ش بوونی عه‌قڵ به سه‌ر خۆیدا، وه‌ك كه ته‌لاركاریی عه‌قڵ له فه‌لسه‌فه‌ی (كانت)دا ئه‌وه ده‌نوێنێت.
- ناته‌بایی نێوان عه‌قڵ و ژیان.
- نه‌بوونی یه‌كبوونی رۆحی كه هۆشیاریی ئایین باوه‌رِی پێیه‌تی.
- سه‌ربه‌خۆیی و جیا بوونه‌وه له نێو بازنه‌ی كولتووردا (سه‌ربه‌خۆیی زانست و زانین).
- جیا بوونه‌وه‌ی بازنه‌ی مه‌عریفه له بازنه‌ی باوه‌رِ.
- چاخی نوێ پێویستی به ئاشته‌وایی هه‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا، نه‌مازه كه ئه‌و به‌نده به نوێی ره‌هاوه، هه‌روه‌ها دابرِانی ریشه‌یی له رابردوو، له به‌ها و پێوه‌ره‌كانی (ئه‌و رابردووه)(6).
خۆ ره‌نگه گرنگترینی ئه‌و له‌نگیانه خۆی له په‌یوه‌ندیی رابردوو به ئێستاوه ببینێت. ئه‌می دوایی (ئێستا) چاخێكی به ته‌واوی نوێیه، چاخێكه كه‌وتووه‌ته دۆخی دابرِان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و نموونانه‌ی له رابردووه‌وه هه‌ڵهێنجراون، چاخێكه ناتوانێت بێ له خۆی پشت به هیچی دی ببه‌ستێت، ناشتوانێت ئاراسته‌كانی ئایینده‌ی خۆی وه‌گیر بهێنێت ته‌نیا له خودی خۆیه‌وه نه‌بێت. ئه‌و په‌یوه‌ندییه مۆله‌قه له‌گه‌ڵ رابردوو، میراتێكی رۆشنگه‌رانه‌یه، ئه‌و زاراوانه‌ی له سه‌ده‌ی نۆزده‌میشدا به‌كار هاتوون، پیشانی ده‌ده‌ن، كه فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری به‌كاری هێنان، وه‌ك: قه‌یران، پێشكه‌وتن، رزگاری، شۆرِش... ئه‌و ماوه‌یه‌كه كه ره‌وایی بوونی له خودی خۆیه‌وه وه‌گیر ده‌خات، له رێی دووپات كردنه‌وه‌ی ئه‌و دابرِانه‌ی كه ریشه‌ییانه له رابردووی جیا ده‌كاته‌وه.
ئه‌و گرفته سه‌ره‌كییه‌ی له پرسی نوێخوازیدا بیری هیگل به‌رِێوه ده‌بات، بیر كردنه‌وه‌یه كه ئاخۆ له كام هه‌لومه‌رج یان بارودۆخدا كۆمه‌ڵگای نوێ ده‌توانێت ناسنامه‌ی تایبه‌ت به خۆی بپارێزێت، ناسنامه‌یه‌ك كه درێژه‌دان نییه به سنووربه‌ندیی رابردوو.
لێره‌دا هیگل رۆڵێكی تایبه‌ت به فه‌لسه‌فه ده‌به‌خشێت له ده‌ست نیشان كردنی داتلیشان و له هه‌ڵهێنجانی ئه‌و بنه‌مایه‌ی ده‌ی هێنێته ئاراوه، هه‌روه‌ها له د‌رك كردن به هه‌مه‌جۆر ئه‌و دینامیكی هزری و مێژووییه‌ی كه ئه‌وانی هێناوه‌ته به‌رهه‌م، له سه‌رووی ئه‌وانیشه‌وه ئاشته‌وایی نوێخوازی له‌گه‌ڵ خۆیدا، چونكه فه‌لسه‌فه "ئه‌و شوێنه‌یه كه ده‌كرێ عه‌قڵی تێدا به‌رجه‌سته بێت وه‌ك توانایه‌كی ره‌ها له رووی یه‌كخستنه‌وه"(7).
له پاش ئه‌وه، هیگل هه‌نگاوێكی دیكه ده‌هاوێت له هه‌وڵی ده‌ست نیشان كردنی ماهیه‌تی فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی، ئه‌وه‌ش زه‌ق ده‌كاته‌وه كه ئه‌و به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له خودێتی به هه‌ردوو ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كییه‌وه‌ی: (ئازادی و هزر)دا خۆی ده‌نوێنێت. "ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه چاخی ئێمه (وه‌ك هیگل ده‌ڵێ) ببێته چاخێكی مه‌زن، سه‌لماندنی ئازادی و موڵكایه‌تیی هزره". توخمه‌كانی ئه‌م خودێتییه (وك ئه‌وه‌ی هابرماس شییان ده‌كاته‌وه) بریتین له:
- مه‌یلی تاك.
- مافی ره‌خنه و كار كردن به عه‌قڵ.
- سه‌ربه‌خۆیی كاری مرۆڤ.
- فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیست.
هیگل پیاوه‌تیی ئه‌وه‌ی پێ برِا كه سیما به‌راییه‌كانی ئه‌و وه‌رچه‌رخانه به‌دی بكات كه هاوشانی نوێخوازین، هه‌روه‌ها پیاوه‌تیی هه‌وڵی پوخته كردنی بناغه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌ویشی به نسیب بوو. هه‌ستی به‌وه‌ش كرد كه مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ چاخی نوێ‌دا پێی نایه نێو چاخێكی نوێوه، كه دابرِانێكی ریشه‌یی له‌گه‌ڵ رابردوودا دروست كرد، راشی گه‌یاند "خۆر گزنگێكی نوێ و نایابی دا" كه دیره‌گه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئازادی و خودێتییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له مه‌زنه رووداوگه‌لی مێژووییانه‌ی دابرِی نێوان سه‌ده‌كانی ناوه‌رِاست و سه‌ده‌كانی نوێ. ئه‌م ده‌ست نیشان كردنه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌ی روونی (كانتی) و (رۆشنگه‌ری)ی پێوه دیاره، چونكه رۆشنگه‌ری بریتی بوو له شۆرِشی نوێ بوونه‌وه دژ به نه‌ریت، شۆرِشی ره‌خنه‌ی عه‌قڵی دژ به برِیاری پێش وه‌خته، هه‌روه‌ها ده‌رچوون له حاڵه‌تی كه‌ماسییه‌وه بۆ حاڵه‌تی متمانه به خۆ و پشت به خۆ به‌ستن (كانت).
هیدگه‌ر: میتافیزیكی نوێخوازی
وا باوه كه نوێخوازی دژ میتافیزیكه، به‌ڵام هیدگه‌ر وا ته‌ماشای نوێخوازی ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی تێرِكی پرۆژه‌ی میتافیزیكه، نه‌ك به‌وه‌ی كه خۆی میتافیزیكه. نوێخوازی چاخێكه له چاخه‌كانی جیهان، چاخێكی میتافیزیكه به هه‌ڵوێستی هه‌مبه‌ر به گیاندار و به وێنای خۆی هه‌مبه‌ر به هه‌قیقه‌ت، گه‌ڵاڵه ده‌بێت.
نوێخوازی له روانگه‌ی هیدگه‌ره‌وه، خاوه‌نی پێنج خه‌سڵه‌تی بنه‌رِه‌تیانه‌ی كولتوورییه، كه هه‌موو سه‌ده‌كانی نوێخوازی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌یان هه‌یه و ئه‌وانیش بریتین له:
1- زانست، به‌وه‌ی توێژینه‌وه‌یه، هه‌روه‌ها داباراندنی پێشه بۆچوونه به سه‌ر سروشتدا، به ئامانجی ئه‌وه‌ی بیركاریانه دركی پێ بكرێت.
2- ئه‌گه‌ره ته‌كنیك، به‌وه‌ی كه ئه‌و جه‌وهه‌ری خودی زانسته.
3- هونه‌ر ده‌چێته نێو ئاسۆی ستاتیكاوه (جوانناسییه‌وه)، واته له ره‌نگدانه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی سیسته‌می جیهانه‌وه، ده‌یگۆرِێت به‌وه‌ی گوزارشتێكه له خودی مرۆیی و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی چه‌شه‌یه.
4- وا ته‌ماشای كرداری مرۆیی بكرێت به‌وه‌ی گوزارشتێكه له كولتوور یان شارستانیه‌ت.
5- ون بوونی پیرۆز و ئاماده بوونی دیرۆك.
به‌ڵام هیدگه‌ر پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت به ته‌كنیك ده‌دات به راده‌یه‌ك وا دێته پێش چاو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆ خۆی ماهیه‌تی خودی نوێخوازی بێت.
ته‌كنیك پیاده كردنی كرداریانه‌ی زانست نییه، به‌ڵكوو زانستی نوێ له جه‌وهه‌ردا ته‌كنیكه، واته ده‌كه‌وێته به‌ر حوكمی خواست و پێداویستی تیۆری و كرداره‌كیی ته‌كنیكه‌وه. هه‌روه‌ها خه‌سڵه‌تی ئه‌وه‌شی هه‌یه كه ده‌چێته نێو پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌وه كه "پرۆژه‌ی بیركاریانه‌ی سروشته"، یه‌كه‌مین ناوكی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش بیرۆكه‌كه‌ی گالیلۆ بوو كاتێك له ساڵی 1623دا دووپاتی كرده‌وه، كه سروشت به زمانی زه‌مینه قسه ده‌كات، واته زمانی سێگۆشه و چوارگۆشه و په‌یوه‌ندیگه‌لی بیركاریانه.
پرۆژه‌ی بیركاریانه‌ی سروشت به‌نده به پرۆسه‌ی پێشه داباراندنی تاكه دیزاین یان هێڵكارییه‌كه، ده‌شبێ هه‌موو دیارده‌كان ملكه‌چی ئه‌و بن تا ده‌بێته به‌شێك له سروشت. ئه‌م هێڵكارییه‌ش ده‌چێته فۆرمی زنجیره‌یه‌ك له ئه‌رێنده (به‌دیهی: شتی سه‌لمێندراو)ه‌وه، هه‌ر له به‌راییه‌وه دیاریی ده‌كات كه ده‌بێ شتان و په‌یوه‌ندیی دووسه‌ره‌یان چۆن بن تا ده‌بێته ئه‌وه‌ی قابیلی چاره‌سه‌ری كرداره‌كی بێت، ته‌نانه‌ت ده‌بێته به‌شێك له سروشت، مافی ئه‌وه‌ش به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه رۆڵه‌ی ئه‌و (سروشت) بێت. ئه‌م پێشه هێڵكارییه‌ش بریتییه له زنجیره‌یه‌ك ئه‌رێنده (شتی سه‌لمێندراو) هه‌ر له پێش را دیاریی ده‌كات كه شتان و په‌یوه‌ندیی دووسه‌ره‌یان چۆن بن، ئه‌وانه‌ش ئه‌رێنده‌ی وان، مافی ئه‌وه به خۆ ده‌ده‌ن كه ته‌نیا یه‌ك ته‌رزه جووله هه‌یه، ئه‌ویش جووله‌ی خۆجێیه (جووله له هه‌مان جێ‌دا)، ئاراسته‌كانی شوێنیش له رووی به‌هاوه تێكرِا یه‌كسان و چون یه‌كن، هه‌روه‌ها هه‌موو چركه‌كانی زه‌مان هاوشانن، هێزیش به راده‌ی كاریگه‌رییه‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت، ...هتد(8).
به هۆی ئه‌و هێڵكارییه‌وه ده‌كرێ له فیزیادا بیركاری به‌كار بێت، به ئامانجی كۆنترۆلڕ كردنی ئاسته‌نگه‌كانی قه‌باره له دیارده‌كاندا، ئه‌وه‌ی ناشكرێ دركی پێ بكرێت، پشت گوێ ده‌خرێت، چونكه ته‌لاری زانست به هزری ژمێره‌ر نه‌ك هزری راماناوی راده‌گیرێت.
كه‌واته له جه‌وهه‌ردا زانست ته‌كنیكه. ته‌كنیكیش چوارچێوه‌ی نوێخوازییه، به‌ڵكوو ئه‌و جه‌وهه‌ری خودی نوێخوازییه، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن له نوێخوازی پێویست به رامان له ماهیه‌تی ته‌كنیك ده‌كات، به‌وه‌ی (ته‌كنیك) ئه‌و توخمه‌یه كه سه‌راپاگیرانه (نوێخوازی) دیاری ده‌كات.
هه‌ڵبه‌ت ته‌كنیك، وه‌ك هیدگه‌ر قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كات، شتان و داهێنراوی ته‌كنیكی و ئامێره‌كانی ته‌كنیك نین، هێنده‌ی كه هه‌ڵوێستی ته‌كنیكییه، چونكه ماهیه‌تی ته‌كنیك شتێكی ته‌كنیكی نییه، به‌ڵكوو ئه‌و هه‌ڵوێست و میتافیزیكه، واته ته‌رزێكه له په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به شتانی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌وه. كاتێكیش ده‌ڵێین ئه‌م چاخه‌ی ئێمه چاخێكی ته‌كنیكییه، له‌به‌ر ئه‌وه نییه كه ته‌ژییه له ئامێر و ته‌كنیك، به‌ڵكوو خودی شتانی ته‌كنیكی واتای خۆیان له ماهیه‌تی ته‌كنیكیانه‌ی چاخه‌كه‌وه وه‌رده‌گرن.
ئه‌وه‌ی ته‌كنیكی نوێ له ته‌كنیكی كۆن جیا ده‌كاته‌وه، وه‌رگه‌رِانی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و شتانی ته‌كنیكیی ده‌سكرده‌ی خۆیه‌تی. ته‌كنیكی كۆن بریتی بوو له كۆمه‌ڵێك ئامراز له ده‌ستی مرۆڤدا، چۆنی بویسبایه ئه‌وه‌ها به كاری ده‌هێنا و له‌به‌ر ده‌ستی خۆیدا بوون و به ویستی خۆی هه‌ڵگێرِ و داگێرِی پێ ده‌كردن. به‌ڵام ته‌كنیكی نوێ كۆمه‌ڵێك توانای زه‌به‌لاحه، هه‌روه‌ها هێزی زۆر و زه‌وه‌ند كه ملكه‌چی لۆژیكی ناوخۆی خۆیه‌تی، به پێی ویسته‌كانی خۆی نه‌ك به گوێره‌ی ویسته‌كانی مرۆڤ، گه‌شه ده‌كات، به‌رده‌وامیش هه‌ره‌ِشه‌ی له ده‌ست ده‌رچوون، ته‌نانه‌ت هه‌ڵگه‌رِانه‌وه لێی (له مرۆڤ) ده‌كات.
ته‌كنیك مرۆڤی كردووه‌ته ده‌سكه‌لای ده‌ستی خۆی، ده‌سكه‌لایه‌ك كه ده‌كرێ گه‌مه‌ی پێ بكرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وی كردووه‌ته "به‌سته‌زمانێك بۆ كار كردن"، ئه‌وی فرِێ داوه‌ته جیهانێكه‌وه، هه‌ر چیی كه تێیدایه‌تی ته‌كنیكه. په‌یوه‌ندیی مرۆڤی به گه‌ردوون به گشتی و په‌یوه‌ندیی ئه‌و به خۆیه‌وه به تایبه‌تی، سه‌راوبن كردووه.
ته‌كنیكی نوێ، وه‌ك ته‌كنیكی رابردوو نییه، كه شتێك بێت له ژێر ده‌ستی مرۆڤ و له بن كۆنترۆڵی ئه‌ودا بێت، چونكه ئه‌و ئه‌مرِۆ بانگ له سروشت ده‌كات و هانیشی ده‌دات كه ئه‌و وزه شاراوه‌یه‌ی نێوی راده‌ست بكات، به چه‌شنێك كه وزه و داهات و به‌رات و ئه‌و هێزانه‌ی له‌ودا شاردراونه‌ته‌وه، وه‌گیر بخرێن، پاشان فه‌رامۆش كردنی و واش ته‌ماشا بكرێت كه ته‌نیا عه‌مبار یان كۆگایه‌كه.
به گوته‌ی (بۆرێ)، رۆژێكیان هیدگه‌ر سه‌رسامییه‌كی تێكه‌ڵ به واق ورِمان و ترس و سامی هه‌مبه‌ر به سویچی كاره‌با پیشان دا(10)، كه به جووله‌یه‌كی نزیك له سیحر، رووناكی ده‌هێنێت، له كاتێكدا له‌م رۆژگاره‌ی ئێمه‌دا ئه‌و جووله‌یه بووه‌ته رۆتینێكی رۆژانه‌ی ساده و ئاسایی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له زانست و ته‌كنیك هاوبه‌شن، نه‌ك له‌وه‌ی كه زانست له جه‌وهه‌ردا ته‌كنیكه و به ته‌واوی ملكه‌ی قه‌ده‌ری ته‌كنیك و پلانه‌كانیه‌تی، به‌ڵكوو له‌وه‌شدا هاوبه‌شن كه پێكه‌وه هه‌ڵوێستێكی نوێیان هه‌مبه‌ر به سروشت هه‌یه نه‌ك هه‌ڵوێستی رامانكه‌ر، كه هه‌مبه‌ر به جوانی و كه‌ماڵی سروشت و بۆ رێژه و وه‌رچه‌رخانه‌كانیشی، تاسه ئه‌وانی بردووه‌ته‌وه، به‌ڵكوو هه‌ڵوێستی كه‌سێكی لێپرسی و دنه‌ده‌ر، كه سروشت ده‌خاته به‌ر توێژینه‌وه و بانگی ده‌كات تا هه‌موو نهێنییه‌كانی به ده‌سته‌وه بدات، هه‌روه‌ها هه‌موو كلیل و وزه و تواناكانیشی پێشكه‌ش بكات. زانسته ته‌كنیك یه‌كه‌م ئه‌ركی دۆزینه‌وه و ئاشكرا كردن ده‌گرێته ئه‌ستۆ، پاشان سروشت ناچار ده‌كات خێر و بێر و وزه و هێزه‌كانی راده‌ست بكات، پاشان ده‌كه‌وێته سه‌ر باری وه‌به‌رهێنانی ئه‌وه‌ی سروشت به گۆرِین و كه‌ڵه‌كه كردن و داكردنی هێناویه‌تییه به‌رهه‌م، ئنجا به‌كار بردنی بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ بگه‌رِێته‌وه سه‌ر خولی به‌رهه‌م هێنان له سه‌ره‌تاكه‌یه‌وه، ئیدی به‌م جۆره.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش دوو قۆناغ یان دوو هه‌نگاو ده‌گرێته خۆ: دنه‌دانی تیۆری كه خۆی له ملكه‌چ پێ كردنی دیارده‌كانی سروشت بۆ پێوه‌ره‌یلی چه‌مكی و میتۆدی ده‌نوێنێت، ئه‌میش وه‌ك فۆرمگه‌لێكه كه وا له دیارده‌كان ده‌كات قابیلی چوونه نێو (ئه‌وه‌ی زانست ناوی ده‌نێت) دیارده‌كانی سروشته‌وه، بن. پاشان ئه‌و به‌ها به‌رایی و نموونه‌ییه‌ی زانست به میتۆدی ده‌دات، وه‌ك خود دامه‌زراندنێك بۆ مه‌عریفه و هه‌قیقه‌ت. دنه‌دانی تیۆری ناچار كردنی سروشته تا ملكه‌چی پێشه پلان بێت كه له لایه‌ن زانسته‌وه ئاماده كراوه، هه‌روه‌ها تۆرِه چه‌مكی میتۆدكارانه‌ش ئاماده بكرێت، مه‌خسه‌د لێی ئاماده‌سازییه‌كی بابه‌تیانه‌یه، كه توانای ژماردن و پێوانه كردنی برِه‌كه‌ی و ئامار كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌داتێ.
هه‌رچی دنه‌دانی كرداره‌كییه، ئه‌وا ناچار كردنه به راده‌ست دانی خێر و بێر و نهێنییه‌كانی، له پێناو گۆرِینی به به‌كاربرده و هێز و توانا. ئه‌مه‌ش رێخۆشكه‌ر بوو بۆ گواستنه‌وه له ماوه‌ی بابه‌تایه‌تییه‌وه بۆ چاخی ئاماده‌سازی، كه بوو به ناوكی چاخی به‌كاربردن و كۆمه‌ڵگای به‌كاربه‌ر، كه تێیدا هه‌موو شتێك كرا به "مادده‌یه‌ك بۆ به‌كار بردن" و به‌كار هێنان، له نێویشیاندا، په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و شتان به پله‌ی یه‌كه‌م كرایه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌كاربه‌رانه‌ی ئامرازانه، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی شتان به‌های خۆیان له خودی خۆیانه‌وه وه‌رنه‌ده‌گرت، به‌ڵكوو ئه‌و به‌هایه‌یان له به‌كار بردن و ئه‌و سووده‌ی ده‌یبه‌خشن، به‌ده‌ست ده‌هێنا، كه ئامرازایه‌تی، شیان بۆ به‌كار بردن، سه‌ركه‌وتوویی و داهات كرانه پێوه‌ری سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر شتێك. هاوشانی ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه جۆرێك له سازش له نێوانی شتاندا هاته دی، هه‌روه‌ها جۆرێك له هاوگونجانی ره‌ها و ره‌ت كردنه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆر جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندیی گه‌رم و گورِانه. تاك و ده‌گمه‌نی، پێگه‌ی خۆیان له‌ده‌ست دا، ئیدی هه‌موو شتێك وای لێ هات قابیلی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه و گۆرِین بێت، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وه‌ی شتان دیاری ده‌كات توانای ئه‌وان بۆ گۆرِینه. به واتای ئه‌وه‌ی شتێك بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می نوێ‌دا هه‌بێت، ئه‌وه‌یه كه شیانی گۆرِین بێت. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین بنه‌مای مۆده (فاشیۆن) و ریكلام و میدیای نوێ بوو، وه‌ك هیدگه‌ر له یه‌كێك له كۆرِه‌كانی دوادوایی خۆی له زانكۆدا، روونی كرده‌وه(11).
ئه‌و هه‌موو ده‌ركه‌وتانه، له گۆشه‌نیگای جیاجیاوه، روونی ده‌كه‌نه‌وه كه ته‌كنیك له‌وه‌دایه ملكه‌چی جۆرێك له خود قه‌ده‌رییه‌كی تایبه‌ت بێت، كه مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ره‌وه نییه. ئه‌وه‌ی جڵه‌وه‌كه‌ی گرتووه‌ته ده‌ست زه‌رووره‌تی به‌رده‌وام ئاشكرا بوونه، هه‌روه‌ها خود په‌ره‌سه‌ندنی گه‌رم و گورِ و هه‌میشه زیاد كردنی هێز و گورِ و توانا. وه‌ك ئه‌وه‌ی ویستی هێز كه حوكمی ته‌كنیك ده‌كات و وه‌ك قه‌ده‌رێكی ناوخۆش ئاراسته‌ی ده‌كات، دواجار ئه‌و "ویستی ویسته"، واته ویسته هێزێكه بێ له خۆی هیچ ئامانجێكی دیكه‌ی نییه، واته بێ له به‌ده‌ست هێنانی هێز و توانای زیاتر. مرۆڤی نوێ، كه به ته‌واوی كه‌وتووه‌ته بن قه‌ده‌ری ته‌كنیكه‌وه "كه‌ڵه‌ك ده‌كات هه‌ر له پێناوی كه‌ڵه‌كدا، له پێناوی به‌رهه‌مدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، هه‌ر له پێناوی داكردنیش داكردن ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه كردن و به‌رهه‌م و داكردن به ده‌نگه‌وه هاتنێك بێت بۆ پێداویستی كرده‌نی. ته‌كنیك خۆبه‌خۆ ئه‌و پێداویستانه داده‌هێنێت كه وای لێ ده‌كه‌ن باڵاده‌ستیی ئه‌و زل و زه‌به‌لاح بێت"(12).
رواڵه‌تی هه‌ره به‌رچاو كه هێزی ته‌كنیكی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت كۆنترۆڵی سیاسییه. كۆنترۆڵی سیاسی، له گۆشه‌یه‌كی دیاری كراوه‌وه، رووكارێكی باڵاده‌ستیی ته‌كنیكه، وه‌ك چۆن كۆنترۆڵی سیاسی به پله‌ی یه‌كه‌م پشت به ته‌كنیك ده‌به‌ستێت له رووی ئه‌وه‌ی داهێنراو و ئامێری چاودێری و گوێ راداشتن و خێرایی له گه‌یاندنی فه‌رمان و ساز كردنی سوپای بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئامێره‌كانی كۆنترۆڵی ده‌روون و هزر و ئایدیۆلۆژیاشی په‌ره پێ داوه. ته‌كنیك بناغه‌ی نوێ مه‌یلی هه‌مه‌كایه‌تییه، به‌وه‌ی هه‌ر خۆی بوو كه ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی و پۆلیسیی هێنایه به‌رهه‌م، كه ده‌توانێ له دووره‌وه كۆنترۆڵ بگرێته ده‌ست، هه‌روه‌ها توانای چاودێری كردنی جموجۆڵی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت رازی ده‌روونی ئه‌وانیشی هه‌یه.
شرۆڤه‌ی هیدگه‌ر بۆ نوێخوازی له ئه‌وانی پێش خۆی جیا ده‌كرێته‌وه، كه هه‌وڵ ده‌دات ماهیه‌تی فه‌لسه‌فی بدۆزێته‌وه ته‌نانه‌ت ماهیه‌تی میتافیزیكیانه‌ی نوێخوازی، به‌وه‌ی دوور له هه‌ر شرۆڤه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژی یان هه‌نووكه‌یی ئابووریانه یان هی دیكه، شیته‌ڵی ده‌كات. یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م جۆره شرۆڤانه ملكه‌چی به‌شه‌كییه تێگه‌یشتنن. دووه‌م شرۆڤه‌كاریی زانستی مرۆیی شرۆڤه‌ی ته‌كنیكین، پاشان ئه‌و ناتوانێت له چوارچێوه‌ی ته‌كنیك ده‌ربچێت، ناشتوانێت له ماهیه‌تی نوێخوازی حاڵی ببێت. به‌ڵكوو زانسته‌یلی مرۆیی یه‌كێكن له به‌رجه‌سته بوونه‌كانی رۆحی ته‌كنیك كه له نوێخوازیدا خۆی مه‌ڵاس داوه.
ده‌كرێ له‌و پێنج دیارده‌یه‌ی هیدگه‌ر قسه‌ی له‌باره‌وه كردن، به‌وه‌ی سیما رواڵه‌تی نوێخوازین (زانست، ته‌كنیك، خۆییاتیی هونه‌ر، داماڵینی مۆركی پیرۆز، كولتوور و شارستانیه‌ت) چه‌ندین رواڵه‌تی كۆنترۆڵ هه‌ڵهێنجین، كه ده‌كرێ له‌مانه‌دا چرِیان بكه‌ینه‌وه:
- عه‌قڵانیه‌تی ریزه‌به‌ند، به‌وه‌ی سه‌باره‌ت به هه‌موو گیاندا‌رێك توێژینه‌وه له‌باره‌ی هۆكار و هۆوه ده‌كرێت.
- خود میتافیزیك، كه سه‌باره‌ت به هه‌موو گیاندا‌رێك خود ده‌بێته بناغه و نموونه.
- هه‌ساره كۆنترۆڵی ته‌كنیكی له‌ده‌ست ده‌رچوو، وه‌ك كۆمه‌ڵه هێزێك كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له مرۆڤ جیا ببنه‌وه و (ئه‌و) بخه‌نه ژێر كۆنترۆڵی خۆیانه‌وه، وه‌ك چۆن ئه‌ویش كۆنترۆڵی ئه‌وانی گرتووه‌ته ده‌ست.
- هه‌مه‌كایه‌تیی جڤاكی ئابووریی سیاسی، كه به هۆیه‌وه گیاندار داده‌دۆشرێت و شه‌كه‌ت ده‌كرێت، به شێوازێكی بیروكراتیانه‌ی ورد و رێك، به چه‌شنێك (ئه‌و كاره) ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی بێ سنوور و بێ كۆتایی. ئه‌و "خۆسازدانی هه‌مه‌كی"ی هه‌موو هێز و ده‌رامه‌تێكه، له‌وانه خودی "ده‌رامه‌تی مرۆیی"ش، ئه‌گه‌ر ئه‌و له هه‌موویان له پێشتر نه‌بێت.
له نێو شرۆڤه‌كانی هیدگه‌ردا، ده‌ست نیشان كردنی جه‌وهه‌ری هزری و فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی، به شێوه‌یه‌كی به‌رز، ئاوێته به شیته‌ڵ كردنی ره‌خنه‌ییانه‌ی پێكهاته‌كانی ده‌بێت، تا راده‌ی ئه‌وه‌ی مرۆڤ وای بۆ ده‌چێت كه گوتاری فه‌لسه‌فیی ئه‌و به‌ره‌و ره‌خنه گرتن له نوێخوازی و ته‌نانه‌ت ره‌ت كردنه‌وه‌شی ده‌چێت. هیدگه‌ریش له لای خۆیه‌وه چه‌ندین جار ئه‌و شته‌ی ره‌ت كرده‌وه، روونیشی كرده‌وه كه ئه‌و بانگه‌شه بۆ هه‌ڵگه‌رِانه‌وه له نوێخوازی یان گه‌رِانه‌وه به‌ره‌و رۆمانسی و بۆ سروشت و ده‌ست به‌ردان له ئامێر ناكات، به‌ڵكوو ئه‌و ته‌نیا ده‌خوازێت مه‌ترسییه‌كانی ته‌كنیك روون بكاته‌وه، كه بریتین له خودی ته‌كنیك، ته‌نانه‌ت له ماهیه‌تی ته‌كنیك كه دوولایه‌نه زاڵه به سه‌ر په‌یوه‌ندیی مرۆڤ به گیاندار و كه‌ینوونه‌وه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی ئه‌و به ماهیه‌تی خۆیه‌وه.
تام و بۆی ره‌خنه كه له شرۆڤه‌كانی هیدگه‌ردا(13) به‌دی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له نووسینی پێشه‌نگانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتیشدا، به "كولتووری ره‌خنه"وه گرێ دراوه، ئه‌مه‌ش له سییه‌كانی (سه‌ده‌ی 20)ـه‌وه كولتوورێكی باوه له نێو هزری ئه‌ڵماندا، كه فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانی شۆرِشگێرِی نه‌ریتپارێز له نموونه‌ی ئیرنست یونگه‌ر، ئیزوالد سپنگل، كلاگس، ماكس شیله‌ر، لیوبۆلد زیگله‌ر و هی دیكه‌ش، ده‌چنه نێو چوارچێوه‌كه‌یه‌وه. ئه‌م ره‌وته‌ش به ریزه‌به‌ندێكی (رێرِه‌وێكی) دیكه‌وه گرێ دراوه، كه رێره‌وی فه‌لسه‌فه‌ی ژیانه، كه سووره له سه‌ر ئه‌وه‌ی ناته‌باییه‌كی به‌هێز له نێوانی رۆح و عه‌قڵدا هه‌یه، ئه‌مه‌ش بووه مایه‌ی سه‌ركه‌وتنی عه‌قڵ به سه‌ر رۆحدا(14)، كه له نێوان هه‌ردوو جه‌نگی (جیهان)دا زۆر به گورِ له نێو ناوه‌ندی كولتووری ئه‌ڵماندا باو بوو.
پرسی نوێخوازی بابه‌تێكی سه‌ره‌كی بوو له چوارچێوه‌ی گفتوگۆی بیرمه‌ندانی ئه‌ڵمان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هۆسرڵ ناوی نا "قه‌یرانی مرۆییاتیی ئه‌وروپا"، هیدگه‌ر تانه‌ی ئه‌وه‌ی له‌وان دا، كه ئه‌و پرسه‌یان به شێوه‌یه‌كی میتافیزیكانه نه‌خسته روو، واته له گۆشه‌ی پرسی كه‌ینوونه‌وه، ئیدی وه‌ك دیلی ده‌ستی فه‌لسه‌فه‌ی به‌هاكان مانه‌وه، چونكه "وای بۆ چوون كه قه‌یرانی هاوچه‌رخی مێژوویی هه‌ر قه‌یرانێكه (دیده‌كانی جیهان) تێیدا ناته‌با ده‌بن، یان قه‌یرانی ناته‌بایی به‌هایه. بۆیه كۆششی هزریی ئه‌وان، له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه هه‌ر ته‌نیا زێده نیشانه‌یه‌كه بۆ سه‌ر قه‌یرانه‌كه، چونكه ئه‌وان بره‌ویان به‌و بیرۆكه ساده و رووكه‌شه دا كه ده‌ڵێ، ده‌كرێ له رێی گرتنه‌به‌ری سیسته‌مه‌یلی تازه‌ی گرێچنه‌وه، ئه‌م قه‌یرانه تێپه‌رِێندرێت"(15).
گفتوگۆ و مشتومرِ له‌باره‌ی نوێخوازی و ململانێی نێوان مه‌یلی نوێخوازی و مه‌یلی دژه نوێخوازی بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی (بیسته‌مه)وه زۆر به توندی ده‌ستی پێ كرد، له‌و كاته‌وه كه نامه‌كه‌ی پاپا بڵاو كرایه‌وه، كه له ساڵی 1907دا شه‌رِی دژ به مه‌یلی نوێخوازی راگه‌یاند. دژه نوێخوازان حه‌زیان ده‌كرد داكۆكی له نه‌ریت و كه‌لتوور و بیر و باوه‌رِی كڵیسه بكه‌ن، هه‌روه‌ها پره‌نسیپی زنجیره‌ی وه‌زیفی له نێویدا. نه‌یارانی ئه‌وانیش، كه لایه‌نگری نوێخوازی بوون، ئه‌وان كه‌وتوونه‌ته به‌ر پیلانێكه‌وه كه خه‌ڵكانی بندیواری دژ به رۆحی راچه‌نیوی زانست و هزری رۆشنگه‌ری و دژ به مه‌یلی عه‌قڵی و مه‌یلی مرۆیی و بیری پێشكه‌وتن، ده‌یكه‌ن(16).
مشتومرِی توند له‌باره‌ی ته‌كنیكه‌وه بوو، ئه‌نجام گفتوگۆیه‌كی گشتی له‌باره‌ی نوێخوازی له ئه‌ڵمانیادا هه‌بوو، ئه‌مه‌شه ئه‌و ریزبه‌نده‌ی هیدگه‌ر هاته سه‌ری، به‌ڵام ئه‌و ناوی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی ئه‌ڵمانی نه‌هێنا كه به‌شدارییان له گفتوگۆدا كرد ته‌نیا یه‌ك ناو نه‌بێت كه ئیرنست یۆنگه‌ر بوو. جارێكیان له یه‌كێك له توێژینه‌وه‌كانیدا ئاماژه‌ی دا، كه ئه‌و نایه‌وێ تازیه‌بارانه ده‌ست به گریان بكات بۆ ته‌كنیكه شارستانیه‌تی نوێ وه‌ك هه‌ندێك كردیان، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه كردنێك بۆ شپنگله‌ر له كتێبه‌كه‌یدا "داته‌پینی رۆژاوا".
هیدگه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌یه كه به مۆركی فه‌لسه‌فیانه‌ی خۆی و به هه‌وڵی زه‌ق كردنه‌وه‌ی پاشینه و بنه‌ماگه‌لی خۆبه‌خۆی میتافیزیكی ته‌كنیك و نوێخوازی، هاته ده‌ست، كه ریشه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌شی بۆ خودێتی وه‌ك عه‌قلڕ و ویست، هه‌روه‌ها بۆ مه‌یلی نه‌بوونیزم، گه‌رِانده‌وه و چرِی كرده‌وه. به‌ڵام هۆسرلڕ بۆ خۆی، كه مامۆستای هیدگه‌ره، وه‌پیش ئه‌و كه‌وت له رووی باس كردنی قه‌یرانی هۆشیاریی ئه‌وروپا له كتێبی "قه‌یرانی زانسته‌كانی ئه‌وروپا و فینۆمۆنۆلۆژیای لووت به‌رز"(17). هۆسرڵ له‌و كتێبه‌دا قسه له سه‌ر قه‌یرانی هۆشیاریی ئه‌وروپا ده‌كات، كه له روانگه‌ی ئه‌وه‌وه قه‌یرانی واتایه و ئاراسته‌یه‌كیشه، كه زاده‌ی زاڵ بوونی مه‌یلی بابه‌تیانه‌یه، له پاڵ وێنا كردنێكی ته‌سك بۆ زانسته. بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی نوێ مه‌یلی بابه‌تیانه ئه‌وه‌یه كه جیهانی زانست، واته ئه‌و جیهانه‌ی زانست دروستی ده‌كات، وه‌ك كه یاسا و تیۆری و په‌یوه‌ندیی بیركارانه به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن، كه ورد و بابه‌تیانه‌یه، كه به سایه‌ی كرداری زانستییه‌وه گه‌ڵاڵه كراوه، به جیهانی راسته‌قینه‌شی داده‌نێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له بنه‌رِه‌تدا ته‌نیا بنیادێكی بیركارانه‌یه و به سایه‌ی كرداری زانستییه‌وه هاتووه‌ته به‌رهه‌م. هه‌رچی جیهانی گوزه‌ران و ژیانی رۆژانه‌یه، ئه‌وا له روانگه‌ی مه‌یلی بابه‌تیانه‌وه ته‌نیا نیمچه گوزارشتێكی، خۆیی، رێژه‌ییه و جیهانی "راسته‌قینه" ده‌شێوێنێت.
به بۆچوونی هۆسرڵ، قه‌یرانی كولتووری ئه‌وروپا بۆ له بیر چوونه‌وه‌ی جیهانی ژیان و زاڵ بوونی لێكدانه‌وه‌ی بابه‌تیانه بۆ زانست، ده‌گه‌رِێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی هۆسرلڕ له زانستی نوێی ده‌گرێت هه‌ڵوێستێكی دوژمنكارانه هه‌مبه‌ر به (زانست) ناگرێته خۆ، به‌ڵكوو ئه‌و زیاد له جارێك گوزارشت له سه‌رسامیی خۆی له ئاست ده‌سكه‌وت و دۆزینه‌وه زه‌به‌لاحه‌كانی ده‌رده‌برِێت. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌شی له ته‌كنیك نه‌گرت، ئاماژه‌شی به نه‌رێنییه‌كانی نه‌كرد، به‌ڵكوو باسی ترسناكیی مۆركی ته‌كنیكیانه‌ی كرد، كه له نێو زانستی نوێ‌دا باوه. له رواڵه‌ته‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌ش، ئه‌وه‌یه كه مه‌یلی بابه‌تیانه پرسیاری واتا و مه‌به‌ست، ئازادی و به‌رپرسایه‌تی ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی چێوه‌ی زانسته‌وه، ناشچێته نێو چوارچێوه‌ی بایه‌خ پێدانی ئه‌وه‌وه(18).
ده‌بینین فه‌لسه‌فه‌ی رۆژاوا، له رێی هه‌ندێك نموونه‌وه، به پرسی نوێخوازی و ته‌كنیكه‌وه سه‌رقاڵ بوو، هه‌روه‌ها به‌و پرسیانه‌ی كه گرێدراوی ئه‌وان بوون وه‌ك عه‌قڵ و واتا و نه‌بوونیزم و خودێتی و پرسی دیكه‌وه، هه‌روه‌ها چۆن كه بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه له‌باره‌ی ئه‌م پرسانه‌وه، وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ پێداویستی كرداریانه‌ی دیرۆكی، ئه‌ویش بیركردنه‌وه‌یه له ماهیه‌تی نوێخوازی و ته‌كنیك، له رووی واتا و كاریگه‌ریی جۆربه‌جۆریانه‌وه، هه‌روه‌ها چۆن كه ئه‌و درز و له‌نگییه جۆربه‌جۆرانه‌ی نوێخوازی هێنانییه ئاراوه، ئه‌وه‌ی پێویست كرد كه سه‌راپاگیرانه بیر له‌م وه‌رچه‌رخانانه بكرێته‌وه، كه هیگل ناوی نان، پێویست بوونی فه‌لسه‌فه.
جا ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی له رێی گه‌وره نوێنه‌رانییه‌وه هه‌ر له كانت، هیگل، نیچه، ڤیبه‌ر، هیدگه‌ر و هابرماسه‌وه، بیریان له پرسی نوێخوازی كرده‌وه، ئه‌وا ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه له قۆناغه‌كانی به‌رایی خۆیدا هه‌وڵی دا له ماهیه‌تی نوێخوازی بگات و بنه‌ماگه‌لی فه‌لسه‌فیشی هه‌ڵبهێنجێت. به‌ڵام هه‌ر زوو هه‌وڵی ده‌ست نیشان كردنی ماهیه‌تی فه‌لسه‌فیانه‌ی نوێخوازی، به ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فیانه له‌وه‌وه، گرێ درا. نیچه، ئه‌و نه‌ریته فه‌لسه‌فییه‌ی هێنایه ئاراوه كه پێ به پێ گشتێندرا و ده‌ست نیشان كردن به ره‌خنه‌ش تێكه‌لڕ به‌و بوو، نه‌مازه به جه‌خت كردنه سه‌ر ره‌خنه گرتن له عه‌قڵانیه‌تی توند و مه‌یلی ئامرازایه‌تی و شتاندن و رووتكاری و زاڵ بوونی نه‌بوونیزم و هه‌مه‌كایه‌تیی سیاسی و نه‌بوونی واتا و مه‌به‌ست. ئه‌و فه‌یله‌سووفانه روونیان كرده‌وه، كه ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی نوێخوازیی ئه‌وروپا پێشكه‌شی كردن كه خۆی له هزری رۆشنگه‌ریدا ده‌نوێنێت، هه‌موو ئه‌و مژده و به‌ڵێنانه‌ی خۆی به‌دی نه‌هێنا و هه‌موو ئه‌و چاوه‌رِوانیانه‌شی به‌دی نه‌هێنا كه به‌وه‌وه هه‌ڵواسرا بوون، به‌ڵكوو دیارده‌ی نه‌رێنیی لێ كه‌وته‌وه وه‌ك مه‌یلی توندی شتاندنی عه‌قڵانیانه‌ی ئامرازكارانه، هه‌مه‌كایه‌تیی سیاسی، نه‌بوونی واتا و نه‌بوونی ئه‌وپه‌رِه مه‌به‌ست.
ئه‌مه‌ش بوو وای له‌و فه‌یله‌سووفانه كرد، نوێخوازی و خودی رۆشنگه‌رییش بخه‌نه به‌ر پرسیاری ره‌خنه‌ییه‌وه. خۆ ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت كه ئه‌و ریتمه ره‌خنه‌گرانه‌یه، له ده‌ست نیشان كردنه‌كانی نیچه و هیدگه‌ر و ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، شرۆڤه بكات، كه ناعه‌قڵانیه‌تی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ژی له عه‌قڵانیه‌تیان مه‌حكووم كرد. ئه‌وانه روونیان كرده‌وه كه نوێخوازی ته‌نیا به‌خته‌وه‌ری نییه، یان به‌دی هێنانی یۆتۆپیا و گشتاندنی پێشكه‌وتنی ته‌كنیكی و داد و سیاسه‌ت و دیموكراسی، به‌ڵكوو ئه‌و هه‌روه‌ها عاقڵمه‌ندی و كۆنترۆَلڕ و زاڵ بوونیشه به سه‌ر مرۆڤدا، له رێی كۆنترۆڵ كردنی سروشته‌وه. ئه‌مه‌و، كه‌سانی دی هاتنه پێش بۆ داكۆكی كردن له نوێخوازی و رۆشنگه‌ری دژ به هه‌موو گومانه‌كان، وه‌ك هابرماس كه پێی وایه نوێخوازی هێشتا جێی هیوایه، پرۆژه‌یه‌كیشه هێشتا ته‌واو نه‌بووه.
فه‌لسه‌فه‌ی مه‌غریب و پرسی نوێخوازی
مه‌به‌ستمان له فه‌لسه‌فه‌ی مه‌غریب كۆی ئه‌و كاره هزریانه‌ی كاركردانی مه‌غریبه به هه‌ردوو ئاراسته سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌وه: بایه‌خدان به كه‌له‌پووری عه‌ره‌بی ئیسلامی وه‌ك (ساغ كرنه‌وه)، وه‌ك (توێژینه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی).
هه‌ڵبه‌ت فه‌لسه‌فه‌ی مه‌غریب خۆی له‌و دۆخه‌شدا ده‌بینێته‌وه كه به‌دواداچوون بۆ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هزری جیهانیش بكات. هه‌روه‌ها كه پێویسته په‌نا ببردرێته به‌ر (هزری جیهانی) له كاتی بیركردنه‌وه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حاڵه‌ته‌كه‌ی مه‌غریب و عه‌ره‌بدا، هه‌ر بۆیه من پێم وایه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی فه‌لسه‌فه‌ی مه‌غریبه بیر له نوێخوازی و په‌یوه‌ندیی ئه‌و به نه‌ریته‌وه بكاته‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و هزری ئێمه گرێدراوی، به‌ڵكوو شه‌ته‌ك دراو و دادرِاوی هه‌ردوو سه‌ری ئه‌م دووالیزمه‌یه. ئه‌و نوێخوازییه‌ی له ناوه‌رِاستی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه به ته‌كنیك و ئامێره‌كانییه‌وه، خۆی كرد به نێو كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، گفتوگۆیه‌كی توندی له نێو زانایانی ئاییندا نایه‌وه، كه روویان كرده پشكنینی ته‌كنیكی سه‌ربازی و پێكه‌وه‌رِۆیی وه‌ك برووسكه و ته‌له‌فۆن و پایسكل و ئوتومبیل و پۆشاكی هاوچه‌رخ و سه‌رتاشینی هاوچه‌رخانه و هی دیكه‌ش له رواڵه‌ته‌كانی سه‌رده‌می نوێ، له روانگه‌ی شه‌رعه‌وه، هه‌روه‌ها فه‌توادان له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌كار هێنان و سوود لێ وه‌رگرتنیان.
زۆر له توێژه‌ران رابوونی مه‌غریبی نوێ بۆ پێكدادانی (ئیسلی) و شه‌رِی (ته‌توان) ده‌گێرِنه‌وه، ئه‌م دوو رووداوه هه‌ستی ئه‌وه‌یان به بژارده‌ی سیاسی و بژارده‌ی رۆشنبیرانی مه‌غریب گه‌یاند كه وڵات پاشكه‌وتووه و ناتوانێ "داگیركاری توورِ بدات و سه‌ربه‌خۆیی بپارێزێت". ئه‌مه‌ش بووه هۆی به‌رپا بوونی گفتوگۆ له‌باره‌ی هۆیه‌كانی ئه‌م پاشكه‌وتنه. هه‌بوو (ئه‌و پاشكه‌وتنه‌ی) بۆ واز هێنان له ئایینی و له‌ده‌ست دانی نه‌ریت و له بیر چوونه‌وه‌ی كه‌له‌پووری باپیران و نكووڵی كردن له رابردووی نه‌ته‌وه‌ی ده‌گێرِایه‌وه. هه‌شبوو وای ده‌زانی كه هۆیه‌كه كورت هێنان بوو له هاوشان رۆیشتن له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زانست و ته‌كنیك كه شارستانیه‌تی نوێ دای هێنان. كه‌سانێكیش هه‌بوون پێیان وا بوو، كه دیكتاتۆریه‌تی سیاسی هۆی ئه‌م پاشكه‌وتنه‌یه. هی دیكه‌ش هه‌بوون لایان وا بوو كه چه‌ق به‌ستنی هزری عه‌ره‌ب و بوونی به قاڵبی به‌ستووی ئاماده هۆی پاشكه‌وتنه. ئه‌و گفتوگۆیه له نێوان شرۆڤه‌ی قوول و هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌ره‌پێیی، هه‌روه‌ها له نێوانی پاساو هێنانه‌وه بۆ خۆ و ختووكه‌دانی كۆخه‌یاڵی كۆمه‌ڵ كه ده‌سته چه‌وره‌كه به ئه‌وی دی (رۆژاوا، كۆلۆنیالیزم، پیلان) ده‌سرِێته‌وه، یان به بریندار كردنی خۆی كه هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كه‌ی ده‌خرێته ئه‌ستۆ، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری ده‌كرد.
ئه‌و نوێخوازییه‌ی له پرِ خۆی كرد به نێوماندا و به پرِتاو ئێمه‌ی پێچایه‌وه، یه‌كه‌م: نوێخوازییه‌كی رواڵه‌تی و ده‌ره‌كییه، نه‌ك ناوه‌رۆكی و ناخی بێت، به واتای ئه‌وه‌ی له خاكی عه‌ره‌بیانه‌ی ئێمه‌دا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شارستانیه‌تی عه‌ره‌ب تا ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی ده‌یه‌میش له ئه‌وپه‌رِی گه‌شه كردنی خۆیدا بوو بێت، به‌شداریش بوو له ئاماده‌سازی بۆ ئه‌م نوێخوازییه‌دا. به‌ڵكوو ئه‌وه نوێخوازییه‌كه له‌گه‌ڵ پێی كۆلۆنیالیستدا هات، پاشان سه‌یری و سه‌مه‌ره‌یی و رۆژاوایی و نامۆییه‌كه‌شی له‌وێ بوه‌ستێت.
دووه‌م: ئه‌و له شێوازی چاره‌سه‌ر و به‌دی هاتنیدا، هه‌روه‌ها له كرده‌ی شیته‌ڵكارانه‌ی كه ده‌رهه‌ق به هه‌موو بنیاده نه‌ریتییه‌كانی جڤاكی و هزریدا كردی، نوێخوازییه‌كی تونده، درزی خسته نێو هۆش و یادگه و زمان و خه‌یاڵ و شێوازه‌كانی د‌رك پێ كردنه‌وه.
سێیه‌م: نوێخوازییه‌كه تێیدا زۆر به ناسكی، رزگاری تێكه‌ڵ به زاڵ بوون (كۆنترۆلڕ) ده‌كرێت، ئه‌و (خه‌ڵك) له قورسایی كه‌له‌پوور و گرانییه‌كانی و شێوه‌كانی ئیفلیجیی ئه‌و، هه‌روه‌ها له وێنه‌كانی جیهانی كۆن رزگار ده‌كات، تاك له كۆتی نه‌ریت و باری رابردوو رزگار ده‌كات، گه‌رِان به دوای بژارده‌ی پێ ده‌به‌خشێت و برِێكی زۆرتر له ئازادی و به‌رپرسیاره‌تیی پێ ده‌به‌خشێت، شه‌به‌نگه ره‌نگێكی هه‌ڵبژاردنی له به‌رده‌مدا ده‌كاته‌وه. به‌ڵام (نوێخوازی) پێچێك به ده‌وری ئه‌و ئازادییه‌دا ده‌داته‌وه، به شێوه و شێوازی وا تاكوو (تاك) ده‌سته‌ومۆ و به‌رمه‌رج ده‌كات و ره‌هه‌نده‌كانی ره‌خنه‌شی لێ ده‌قرتێنێ، ته‌نیا یه‌ك ره‌هه‌ند ده‌هێڵێته‌وه كه ره‌هه‌ندی گوێرِایه‌ڵی و تاك ره‌هه‌ندییه.
چواره‌میش: نوێخوازییه‌كه بێ مۆڵه‌ت درِ به هه‌موو شتێك ده‌دات. ئه‌و له نێو هه‌موو شێوه‌كانی بوونی جڤاكیدا به شێوازی جۆربه‌جۆر بڵاو ده‌بێته‌وه، كۆمه‌ڵ ده‌خاته نێو ململانێی نێوان كۆن و نوێ، نێوانی نه‌ریتی و هاوچه‌رخه‌وه. نوێخوازی درِ به جیهانی نه‌ریتی ده‌دات، به قه‌واره‌گه‌لی جه‌وهه‌ریی ئه‌و جیهانه و ریزبه‌ندی ئه‌نتۆلۆژی و ماهیه‌تگه‌لی نه‌مرییه‌وه. نوێخوازی جیهانی كۆن ده‌خاته نێو كارلێكه ململانێیه‌كی كوشنده‌وه، له نێو كووره‌كانی خۆیدا، فۆرمی سه‌یر له ئه‌ڵقه‌رِێزی و كارلێك و ئاوێته بوونی دوورِه‌گ له ئاستی وێنه‌ی جیهان و زمان و ته‌كنیك و ده‌زگاكانی سیاسی و به‌هاگه‌لی ئیتیك، ده‌هێنێته ئاراوه. نوێخوازی له رێی زۆر ئامرازه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه، له رێی بازرگانی و گه‌شت و كۆچ و كۆلۆنیالیزمه‌وه، جاری وا هه‌یه به توند و تیژی، جاری واش هه‌یه به نه‌رم و نیانی. ئه‌و ختووكه‌ی ئاره‌زوو ده‌دات و خه‌یاڵ ده‌بزوێنێت و وه‌همی هێزیش وه‌گه‌رِ ده‌خات، وه‌ك ئاگر و پووش ده‌روونی خه‌ڵك ده‌گرێته‌وه، هه‌ندێك جار په‌نا ده‌باته به‌ر ته‌فره و فریودان، برِێ جاریش په‌تا و توند و تیژی به‌كار ده‌هێنێت. به‌ریه‌ك كه‌وتنێك ده‌نێته‌وه كه ناوی لێ ندرا هێدمه‌ی نوێخوازی، هه‌روه‌ها درزێكی قووڵیش ده‌خاته نێو هۆشیاریی نه‌ریتییه‌وه، هه‌روه‌ها له تێرِوانینی نه‌ریتی بۆ جیهان.
نوێخوازی ستراتیژیه‌تی ئه‌وپه‌رِی هێرش كردنی هه‌یه، كه بریتییه له گۆرِینی جه‌وهه‌ر به په‌یوه‌ندی، ماهیه‌ت به نه‌برِانه‌وه، مه‌به‌ست به ئامراز، هه‌موو شتێكی پیرۆز ده‌كاتێنێ (ده‌زه‌مه‌نێنێ: ده‌دنیایێنێ)، هه‌موو شتێكی هه‌میشه‌ییش ده‌دیرۆكێنێ (ده‌مێژوویێنێ)، هه‌موو شتێكی ره‌قیش ده‌هه‌ڵمێنێ (ده‌كاته هه‌ڵم). كرداری ئه‌و چون كرداری "شله‌ی توێنه‌ر: تیزاب"ـه كه ده‌توانێت مادده بتوێنێته‌وه و له‌به‌ریه‌كی هه‌ڵوه‌شێنێت، هه‌روه‌ها ئه‌و گوڵه جوانانه‌ش لا بدات كه دنیای نه‌ریتی داپۆشی بوو، هه‌روه‌ها په‌رت كردنی ئه‌و واتا نایابانه‌ی پێوه‌ی هه‌ڵواسرا بوون (نووسا بوون). ئه‌و به یه‌ك جار، پاڵ به جڤاكه نه‌ریتییه‌كانه‌وه ده‌نێت و ده‌یانخاته نێو گرِی شه‌رِێكی بێ ئامانه‌وه، ده‌یانخاته به‌ر زریانه هه‌ڵایساوه‌كانی دیرۆكه‌وه، له سه‌رده‌می دووباره‌وه بووی هه‌میشه‌یی خۆشییه‌وه ده‌ری ده‌كات، هه‌روه‌ها له زه‌مانیه‌تی نێرگزایه‌تیی خۆیه‌وه ده‌ری ده‌كات به‌ره‌و زه‌مانیه‌تێكی گه‌ردوونی، كه ته‌لاره‌كه‌ی نوێ بوونه‌وه‌ی جۆ