ئەوین ژیانمان لە کن شیرین دەکات

ئەوین ژیانمان لە کن شیرین دەکات

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

کە ژن لە زیندانی ماڵ و خێزان قوتاری دەبێت، ئیدی لە ڕەگەزی دووەمەوە، دەبێتە هاوتای پیاو. ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەیییە، زادەی گەشەسەندنی شارستانییە، یان دروستتر زادەی سەرهەڵدانی شارستانیی دووڕەگەزەیە کە شێوازی ژیانی ئینسانەکان و پێوەندییەکانی نێوانیان، بە خۆشەویستیشەوە، دەگۆڕێت. کە لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستدا، شۆڕشی سێکسی بەرپا بوو، کەنیسەیش وازی لەو تێزە هێنا، سێکس بە گوناه هەژمار بکات و هاتە سەر ئەو ڕایەی، پێویستییەکانی جەستەیش، وەک پێویستییەکانی ڕۆح، شەرعی و ئینسانین.

تا ئازادی بەرفراوانتر بێت، ڕەوشی خۆشەویستی چاکتر دەبێت، کە ئازادی دەگاتە لووتکە، خۆشەویستی دەوڵەمەندتر دەبێت. ئینسان هەر شتێک زۆر بەکار بهێنێت، لێی بێزار دەبێت، بەڵام لە خۆشەویستی وەڕز نابێت. ئینسانی هۆشمەند بە دوای هەرە زۆردا ناگەڕێت، بە دوای هەرە چاکدا وێڵ دەبێت و ڕێسای کەم و پوخت نەک زۆر و بۆر، بۆ ئەوینیش هەر دروستە. وەک چۆن ئازادی ئەگەر لە سنووری خۆی تێبپەڕێنێت، زیانی بۆ ئینسان دەبێت، ئەوینیش سنووری خۆی هەیە و نابێت ئینسان لە پێناوی خۆشیی خۆیدا، ئەوانی دیکە بخاتە ناخۆشییەوە.

وەک چۆن با لە هەوا جیا ناکرێتەوە، ئاخر با، هەوایە لە وەختی جووڵەدا، سێکسیش لە ئارەزوو، لە هەست، لە سۆز و ئەوین جیا ناکرێتەوە. لە ئەورووپا، هەندێک ڕێکخراوی توندڕۆی لاوان، کە لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستدا بانگەشەیان بۆ هاوسەرگیریی بە کۆمەڵ دەکرد و پێیان وابوو، نابێت تێرکردنی ئارەزوو، تێکەڵ بە هەست و دەروون بکرێت، هەر زوو مایەپووچ دەرچوون، ئاخر خۆ ئینسان بیۆڕۆبۆت (ڕۆبۆتی بایۆلۆژی) نییە و ناکرێت، لە کردەی سێکسدا سایکۆلۆژیا لە بایۆلۆژیا لێک جیا بکەینەوە.

جیاکردنەوەی سێکس لە سۆز و سەیرکردنی سێکس وەک ژەمە خواردنێکی سەفەری، ئەو کولتوورەیە کە بازرگانانی سێکس لە ڕێی فیلمی پۆڕنۆوە، برەوی پێ دەدەن و وایان کردووە، ئینسان وەک شتێکی قێزەون سەیری سێکس بکات. کە سێکس لە سۆز بێبەش بوو، دەبێتە بەرکەوتنێکی میکانیکی لە نێوان دوو جەستەی بێ ڕۆحدا و لە خۆشی، چێژ، گەرمی، هەست و سۆز بێبەش دەبێت. نووسەری فەرەنسایی ستانداڵ (١٧٨٣ _ ١٨٤٢) دەڵێت: لە سەروەختی پێکگەییشتندا، جەستە ڕۆحێکی دیکە دەکاتە بەر کە خۆشەویستییە، یان لە سەر زاری ئیفلاتوونەوە: کە جەستە پڕ دەبێت لە خۆشەویستی، بە هۆی ڕۆحەوە تەعبیر لە خۆی دەکات. جیاکردنەوەی سۆز لە سێکس، وەک جیاکردنەوەی ڕۆحە لە جەستە و وەک بە بیابانکردنی مێرگەکانی ڕۆحە. بەگەڕخستنی سێکس لە پێناوی قازانجدا، هەر بەنگکردنی ڕۆح نییە، بێ ڕۆحکردنی جەستەیشە.

لە پۆڕنۆگرافیادا نەک هەر هەست و سۆز بزرن، بەڵکوو تەنانەت جەستەیش وەک پێویست لەوێ نییە، ئاخر پێوەندییەکە زێتر لە نێوان ئەندامەکانی زاوزێدایە. پۆڕنۆگرافیا کاتێک دەست پێ دەکات کە بزواندنی ئارەزوو دەبێت بە کاڵا، ئاخر پۆڕنۆگرافیا و پەیداکردنی سامان، دوو ڕووی یەک دراون. لە پۆڕنۆگرافیادا، کە ئامانج لێی ورووژاندنە، یەکیەتیی نێوان بایۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا هەڵدەوەشێتەوە و ڕۆح لە جەستە دەکرێتە دەرەوە. ئەرکی پۆڕنۆگرافیا لە بزواندنی ئارەزوودا چڕ دەبێتەوە و کار تەنیا لەسەر جەستە دەکات، بەڵام ئێرۆتیکا کە هونەری خۆشەویستییە، کە چێژ تێیدا ئامرازە نەک ئامانج، وامان لێ دەکات، هەست بە خۆشی و تامەزرۆیی بکەین، ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ئەوینی نێوان ئینسانەکانە، بە کولتووری گەلان ئاشنامان دەکات و ئینسان لە پارچەپارچەبوون و خێزان لە هەڵوەشاندنەوە دەپارێزێت. پۆڕنۆگرافیا تەنیا بەر یەک کەوتنی دوو جەستەیە، بەڵام ئێرۆتیکا، بە قسە هێنانی دەروونە، ئاوازی ڕۆحە، چرپەی سۆزە، هاواری جەستەیە و وا لە ئینسان دەکات هەست بە بەرزیی ژیان بکات.

ئینسان بریتی نییە لە دڕندەیەک و فریشتەیەک لە هەمان جەستەدا، ئینسان ئەوەیش نییە کە لە سەروو گەدەوە دەست پێ دەکات، ئینسان ڕۆحێکی بەرجەستە و جەستەیەکی بەڕۆحبووە و لە هیچ ڕوویەکەوە، چ وەک ناخ و چ وەک دیوی دەرەوە، لە ئاژەڵ ناچێت. فیورباخ دەڵێت: ئینسان تەنیا لە بیرکردنەوەدا لە ئاژەڵ جیاواز نییە، وەک هەموو بوون لە ئاژەڵ جیاوازە، تەنانەت بۆنکردن و چەژتنیش لای ئینسان دەگاتە ئاستی کردەیەکی ڕۆحی و گەدەیش لای مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئینسانیی هەیە و لە هی ئاژەڵ ناچێت.

کە دوو ئەویندار وەک جەستە لێک دی نزیک دەبنەوە، ئیدی هەست بە زەمەن ناکەن و هەر چی لە دەوریان هەیە وەک نەمێنن، لەبەر چاویان بزر دەبن. سەروەختی ئاوێزانبوون، ئەوینداران لە کۆت و پێوەندی شوێن و زەمان ڕزگار دەبن و ئیدی هیچ شتێک ئەوان بە دونیاوە نابەستێتەوە و تەنیا هەستێکی بێ سنوور لە کنیان دەمێنێت، هەستێک وەها نابینایان دەکات و یادەوەرییان دەسڕێتەوە، نە بیریان لای خەڵک دەمێنێت، نە لای دابونەریت. کە دەگەنە لووتکەی چێژوەرگرتن، تەنانەت خودی خۆیشیان لە بیر دەچێتەوە و ئیدی بوون و نەبوون (وجوود و عەدەم) لە لایان وەک یەکی لێ دێت.

سایکۆلۆژیا و بایۆلۆژیا لە ئینساندا، وەها تێکەڵ بە یەکدی بوون، تا ئاستی لە یەکتردا توانەوە، ئەم خەسڵەتەیش کە فیورباخ بە یەکیەتیی ڕۆح و ماددەی لە قەڵەم دەدات، یەکێکە لە تایبەتمەندییە گەوهەرییەکانی ئینسان. هەستی خۆشەویستی پێوەندیی بە جەستەوە هەیە، ئاخر هەست ناتوانێت لە دەرەوەی جەستە هەبێت، تەواو وەک با، کە چۆن ناتوانێت بێ هەوا هەبێت. خۆشەویستی: شەماڵی هەست و سۆزە، لە ڕۆحەوە کە بێ جەستە هەبوونی نییە، هەڵدەکات.

ئەگەر شتی هاوبەش لە نێوان ئینسان و ئاژەڵدا هەبێت، پێوەندیی بە جەستەیانەوە هەیە، نەک بە دەروونیانەوە، ئەوە بۆیە تێرکردنی ئارەزووی جەستە، ناوی لێ نراوە: ئەوینی ئاژەڵی. پێکەوە بەستنەوەی ڕۆح و جەستە و تێگەییشتن لە پێویستییە ڕۆحییەکانی لەش، لە ڕێنیسانس بە دواوە هاتنە کایەوە. لە ڕوانگەی گەلێک نووسەری مەزنەوە، ئەوینی تایبەت بە جەستە، شتێکە سروشتی و پاکژ، نەک سەیر و پۆخڵ، لەوانە: بەلزاک، ئێمیل زۆلا، هەمەنگوای، پۆشکین و گۆرگی. هەن دەڵێن، تەنیا ئەوینی ئیفلاتوونی خاوێنە و هەر ئەوینیک پێوەندیی بە جەستەوە هەبێت، پیسە، بەڵام نووسەری فەرەنسایی ڕۆمان ڕۆڵان (١٨٦٦ _ ١٩٤٤) پێی وایە: خۆشەویستی ئیدی ڕۆحی بێت، یان جەستەیی، لە کرۆکدا ئارەزوویەکە پاکژ، وەکوو ئاگر.

هەرچەندە سەلیقەی سێکسی لە نێوان ئاژەڵ و ئینساندا هاوبەشە، بەڵام سێکس سەرچاوەی دەرکەوتنە هەر باڵا و جوانەکانی ئینسانە و هەموو جەستە و دەروونی ئینسانی سمیوە و تەنانەت لە تۆنی دەنگیشیدا، کاریگەریی جێ هێشتووە. زانای سویسرایی ئوگەست فۆریل (١٨٤٨ _ ١٩٣١) دەڵێت: بەختیاریی خێزان، زادەی پێکەوە گونجانی دەروونی و سێکسی ژن و مێردە و بۆ ئەوەی ئەو بەختیارییە درێژەی هەبێت، پێویستە خۆشەویستیی ڕۆحی و سێکسی لە نێوان ژن و مێرددا بەردەوامیی هەبێت و کە ژن و مێرد، ژووری نوستنیان جیا کردەوە، ئیدی لێک جیابوونەوەیان چاوەڕوانکراو دەبێت.

ژن و مێرد تا لە ڕووی دەروونییەوە لە یەکدییەوە نزیکتر بن، لە ڕووی جەستەیییەوە، زێتر چێژ لە یەکتری دەبینن، ئەگەر نا، خەمۆکی، جێگەی شادی دەگرێتەوە و جەستەیش نە توانای چێژبەخشینی دەمێنیت، نە چێژوەرگرتن، ئاخر ئەوە ئەگەرێکی لاوازە، دوو کەس لە ڕووی دەروونییەوە ناتەبا بن و لە ڕووی جەستەییەوە کۆک بن. خۆشەویستی و سێکس، تەواوکەری یەکدین، چی لەوە ئەستەمترە، کەسێکمان خۆش نەوێت و بتوانین توند لە ئامێزی بگرین و قووڵ و گەرم ماچی بکەین؟ خۆشەویستیی جەستە، وابەستەی خۆشەویستیی ڕۆحییە و ئەوە ئەوینی ڕۆحییە لێ ناگەڕێت، ئاگری خۆشەویستیی جەستە خامۆش ببێت. ڕۆشنبیریی خۆشەویستی، پێش ئەوەی جەستەیی بێت، ڕۆحییە، گرنگ ئەوەیە، بتوانین وا هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆشەویستەکەماندا بکەین کە ئینسانە، نەک ئامێرێک بۆ ئەوەی چێژمان پێ ببەخشێت.

وەک سایکۆلۆژیا و بایۆلۆژیا، ژنان و پیاوان لە یەکدی جیاوازان، پیاوان زێتر شەیدای خۆشەویستیی جەستەیین، ژنان زێتر پێویستیان بە ئەوینی ڕۆحییە و ئەوە پیاوانن پێش ژنان دەگەنە چڵەپۆپەی چێژوەرگرتن. ڕەنگە نەبوونی زانیاری لە بارەی سێکسەوە، ببێتە هۆی زوو کوژانەوەی چرای خۆشەویستی، ئاخر ئینسان با تەمەنیشی هەڵکشاو بێت، هەر پێویستی بە خۆشەویستی دەبێت و ئەوە ئەوینە پیری دوا دەخات و ئینسان بە چالاکی دەهێڵێتەوە. سروشتی ژن وایە، ئەگەر لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە نەبێت، وەک جەستە ئارەزووی بۆ سێکس نابزوێت و زۆر جار ئەوە زادەی هەڵە یان نەزانیی پیاوە کە ژن بە ساردوسڕ تۆمەتبار دەکرێت. لەو ناوەڕاستی ئەفریکایە، لای هەندێک خێڵ، مێردێک توانای تێرکردنی ژنەکەی نەبێت، بە پیاوی ڕاستەقینە هەژمار ناکرێت.

هیگڵ دەڵێت: کرۆکی خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە، ئینسان خودی خۆی ڕەت بکاتەوە، خودی خۆی لەوی دیکەدا بیر بچێتەوە، بە هۆی ئەم خۆ لەوی تردا ونکرنەوەوە، ئینسان بۆ یەکەمین جار خۆی دەدۆزێتەوە و دەبێتە خاوەنی خۆی. فیورباخ پێی وایە: لە خۆشەویستیدا نابێت بە دوای بەختەوەریی خۆماندا بگەڕێین، دەبێت لە هەوڵی بەختەوەرکردنی ئەوی دیدا بین، ئاخر کە ئەوی ترمان بەختەوەر کرد، خۆیشمان هەست بە بەختەوەری دەکەین. لە خۆشەویستیدا شتێک نییە بە ناوی خۆفەرامۆشکردنەوە،، ئاخر ئەوی شادی دەبەخشێت، خۆیشی هەست بە شادی دەکات.

یەکێک لە نهێنییە قووڵەکانی خۆشەویستیی ڕاستەقینە، بەیەکبوونی دوو ئەویندارە. ئیفلاتوون دەڵێت: هەموو ئەویندارێک تامەزرۆی ئەوەیە لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا ببن بە یەک و ئەم تامەزرۆیییە گرنگترین لایەنی ئەوینە. ئەوینداری ڕاستەقینە وا توندوتۆڵ لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا یەک دەگرێت، نازانێت لە کوێدا خۆی تەواو دەبێت و ئەو دەست پێ دەکات، هەر وەک ئەو، ئەم بێت. ئەویندارانی ڕاستەقینە هێندە لێک نزیک دەبنەوە، ئەمیان خەم و خولیای ئەوی تریان، بە هی خۆی دەزانێت و هەردووکیان وا هەست دەکەن ڕۆحیان چووەتە نێو جەستەی یەکدییەوە و ئەمەیش گرنگترین جیاوازییە لە نێوان خۆشەویستی و حەزدا. جیاوازیی نێوان حەز و خۆشەویستی، وەک جیاوازیی نێوان خەڵووز و ئەڵماس وایە، خەڵووز و ئەڵماس هەرچەندە هەردووکیان لە کاربۆن پێک دێن، بەڵام ئەمیان بە ئاسانی وردوخاش دەبێت و ئەویان سەختترین ماددەی سەر گۆی زەوینە.

حەز، هەستێکە بە دەوری (خود)دا دەسووڕێتەوە و لە پێناوی (خود)دا هەیە. ڕەنگە حەز لە ئەوین ئاگرینتر بێت، بەڵام ناخی ئینسان ناسمێت، بۆیە زوو دەکوژێتەوە. ئەوین ناخی ئینسان دەپێکێت و بە هەموو گۆشەیەکی دەروونیدا ڕۆ دەچێت، بۆیە تەمەنی درێژە و دەبێتە هەوێنی گۆڕانی قووڵ. ڕێ دەکەوێت، ئەوینێکی قووڵ بە حەزێکی ساکار دەست پێ بکات. ناخودپەسەندی، یان ئەویدیپەسەندی کە بریتییە لە بایەخدان بەوی دیکە، نەک بە خودی خۆمان، بناغەی پتەوی خۆشەویستی پێک دەهێنێت و بریتییە لەوەی چیمان بۆ خۆمان پی باشە، بۆ ئەوی تریشمان پێ باش بێت و وا لەگەڵ ئەوی تردا ڕەوتار بکەین کە پێمان باشە، ئەوی تر لەگەڵماندا بیکات. ئەوینداری ڕاستەقینە لەوەیشی تێدەپەڕێنێت و ئەوەی گوێی پێ نەدات، بەرژەوەندیی خۆیەتی و بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوی دیدا کۆک بێت، دەستبەرداری هەندێک لە شتە تایبەتییەکانی خۆی دەبێت.

ڕەنگە ڕۆژێک دابێت، کۆمەڵ پێویستییە ڕۆژانەیییەکان بۆ ئینسان دابین بکات، بەڵام دابینکردنی پێویستییە ڕۆحییەکان بە جڤاک جێبەجێ ناکرێت، ئاخر دەشێت ئینسان تووشی کەسێکی وا نەیەت کە لەگەڵیدا بگونجێت، یان ڕەنگە کەسێکی خۆش بوێت کە ئیمکانی ئەوە نەبێت پێی بگات، بۆیە با بە هیوای ئەوە نەبین، بەهەشتی خۆشەویستی لە سەر گۆی زەوین بێتە ئاراوە. بۆ شاعیر ئەوە ئاسانە کێش و سەروا بۆ هەموو بەیتەشیعرێکی کە دوو نیوەدێڕە، پەیدا بکات، بەڵام ئەوە وەک مەحاڵ وایە، هەموو کەس نیوەکەی دیکەی خۆی ببینێتەوە.

بۆشایییەک دەکەوێتە نێوان پێگەییشتنی سێکسی و پێگەییشتنی گشتیی ئینسانەوە، ماوەیەکی زۆر پێش ئەوەی ئینسان لە هەموو ڕووەکانی دیکەوە پێ بگات، ئارەزووی سێکس تێیدا سەر هەڵدەدات و تا پیر دەبێت، ئەو ئارەزووە هەرچەندە لاواز دەبێت بەڵام هەر دەمێنێت. تەمەنی گونجاو بۆ دووگیانبوون، لە دوای بیست ساڵییەوەیە، بەڵام ئارەزووی سێکسی، ساڵانێک پێش ئەو تەمەنە لە کچاندا پەیدا دەبێت. خۆشەویستی هەستکردنمان بە وەخت دەگۆڕێت، ئاخر لە کاتی خۆشەویستیدا هەستی پێ ناکەین، هەر وەک نەبێت، یان لە جێی خۆیدا وەستا بێت، بەڵام هاوزەمان هەر چرکەیەکی ژووان، پڕیشە لە تاسە و هەڵچوون. کە خەمناکین زەمەن خاو دەجووڵێتەوە و کە دڵشادین خێرا، ئەو ناکۆکییە پێوەندیی بە هەستمانەوە هەیە. لە سەروەختی حەسرەت و تامەزرۆییدا، چرکەکان هێندە خاو تێدەپەڕن، وەک هەر یەکێکیان ساڵێک بێت. جۆلیا لە کاتی دابڕانیدا لە ڕۆمیۆ، دەڵێت:
ئەو ساتانەی لێی دوور دەبم
ئەوەندە درێژ دەبنەوە
وا هەست دەکەم
سەد و یەک ساڵ گەورە دەبم.

لە کاتی خۆشیدا، بە جۆریک دەورووژێین، ڕیتمی ئۆرگانەکانی جەستەمان خێرا دەبێت، ئەوە بۆیە وا هەست دەکەین، زەمان خێرا تێدەپەڕێت، بەڵام لە ناخۆشیدا، هەر دەڵێی دەستیان ناوەتە بینی ڕیتمی ژیانمان، بۆیە زەمان لە کنمان سست دەڕوات. لە یادەوەریماندا بە پێچەوانەوەیە، ناخۆشییەکانمان زوو لە بیر دەچنەوە و خۆشییەکان لە یادماندا جێگیر دەبن، ئەوە بۆیە هەمیشە تامەزرۆییمان بۆ ڕابردوو هەیە.

لە دوورگەیەکی ئیندۆنێسیا، ئەگەر ژنیک ناپاکی لە مێردەکەی کرد، سزا نادرێت، ئەوە پیاوەی کەتنکەرە، دەبێت قەرەبووی ماددیی، مێردی ژنە بکاتەوە. لە هەندێک شوێنی ماداگاشکەر، ئەو کچە خوازبێنیکەری زۆرترە، کە پێش شووکردن، چەند منداڵێکی بووبێت، چونکە بەوە سەلماندوویەتی کە توانای وەچەخستنەوەی هەیە. ڕەوشت شتێکە ڕێژەیی، شتێک نییە بۆ هەموو هەلومەرجێک دەست بدات. ڕەوشت لە کۆندا پشتی بە (نا) دەبەست، نا بۆ دزیکردن، نا بۆ کوشتن، نا بۆ حەز لە ژنی ئەوی دی کردن، بەڵام ڕەوشتی نوێ، لەسەر بناغەی متمانە بەوی دیکە کردن و دەستنیشانکردنی ئەرک و ماف ڕۆ دەنرێت.

شیرینی، هەرچەندە خۆش و بەسوودە، بەڵام زۆر خواردنی هەم زیانی دەبێت و هەم وا دەکات، لەبەر چاویشمان بکەوێت، سێکسیش بەو جۆرەیە، ئەگەر زێدەڕۆیی تێدا بکرێت، هەم زیانی بۆ جەستە هەیە و هەم دەبێتە شتێکی قیزەونیش. دەشێت نەوەکانی داهاتوو لە ئێمە ئینساندۆستانەتر ڕەوتار بکەن، لە ئێمە زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەبێت، لە سێکسی هەرزان و سووک خۆیان بە دوور بگرن و توانای خودکونترۆڵکردنیان لە هی ئێمە باڵاتر بێت. ڕەنگە هاوسەرگیریی لە داهاتوودا، گوێ بە پۆست و پارە و ڕێسا زەوینی و ئاسمانییەکان نەدات و تەنیا لەسەر بناغەی لێکنزیکیی ڕۆحی ڕۆ بنرێت.

ڕۆسۆ دەبێژێت: ئینسان تا کەمتر بزانێت، لای وا دەبێت، زۆرتر دەزانێت. خۆشەویستی هەستێکە قووڵ و نهێنی، لە خۆڕا نییە کە بە مانگیان چوواندووە، ئاخر مانگ بەردەوام دێت و دەڕوات، خۆیمان نیشان دەدات و بزر دەبێت، جارێک لە برۆی یار دەچێت و جارێک لە سیمای گەشی. خۆشەویستی لە سفینکس دەچێت، مەگەر (ئۆدیب)ێک پەیدا ببێت، وەڵامی پرسیاری سەختی بداتەوە. بە گوێرەی ئەفسانەی یۆنانی، سفینکس، دڕندەیەکی ترسناک بوو، هەم ژن بوو، هەم شێرێکی باڵداریش، هەر ڕێبوارێکی دیتبا، لێی دەپرسی: ئەو زیندەوەرە چییە، بەیانیان چوار پەل و نیوەڕۆیان دوو پەل و ئێواران سێ پەلی هەیە؟ ئەگەر نەیزانیبا، دەستبەجێ دەیخوارد، باشبوو ئۆدێب مەتەڵەکەی هەڵهێنا و گوتی: ئینسانە.
*
(*) یو. ب. ریورکوف، الحب، حاضره ومستقبلە.
(**) فلسفة الحب، مجموعة من المٶلفین، ترجمة: هیثم صعب، الجزء الأول، دار المدی للثقافة والنشر ٢٠١٠ دمشق.
Top