ئاسۆی فه‌لسه‌فه له کوردستان..وه‌ڵامێک بۆ به‌ختیار عه‌لی
April 28, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :نه‌وزاد جه‌مال
(1)پێشه‌کی
به‌زنجیره وتارێک له‌ژماره‌کانی (131 تا134)ی هه‌فته‌نامه‌ی "باس"دا "به‌ختیار عه‌لی" به‌ناونیشانی "کورد‌و فه‌لسه‌فه" باس له نه‌بونێتی فه‌لسه‌فه ده‌کات له‌نێو کوردا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و وتاره درێژانه بانگه‌شه‌ی(claim) تێداکراوه، قسه‌وباسی جیاواز هه‌ڵده‌گرێ. به‌ڵام به‌گوێره‌ی ده‌ر‌فه‌ت و شوێن وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه. سه‌ره‌تا ده‌ڵێم، له‌ماوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان و ده‌ستبه‌کاربوونم هه‌م به‌نوسین‌و هه‌م به‌وتنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه، ئامانجێک که له‌گه‌ڵ هاوکاره‌کانماندا چاومانتێبڕیووه: دۆزینه‌وه رایه‌ڵێکی کولتوری له‌نێوان بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤی کورد‌و فه‌لسه‌فه‌دا. دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر له سمیناری زانکۆ‌دا قسه‌م له "کورد‌و فه‌لسه‌فه"کرد له نێو په‌یوه‌ندیه‌کی مێژوییدا. ئێستاش خه‌ریکی توێژینه‌وه‌یه‌کم له‌وباره‌وه که وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێک پرسیاره: ئاخۆ کورد ئاشنایه‌تی هه‌بووه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا؟ ئه‌و جومگه‌و په‌یوه‌ندییه چۆنبووه‌و به‌چی گه‌یشتووه‌و بۆنه‌بۆته نه‌ریتێکی فه‌لسه‌فیی.
1- چیرۆکی ئاشنایه‌تی
پێموایه کورد له‌مێژووی خۆیدا به‌شێوه‌ی جیاواز ئاشانبووه به‌فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوف. له‌بواری سیاسه‌تدا هه‌ندێ چه‌مکی فه‌لسه‌فی له‌ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێڕی چه‌په‌وه په‌ریوه‌ته نێوبیرکردنه‌وه‌ی ئێمه‌وه، له‌خوێندنی حوجره‌کاندا هه‌ندێ چه‌مک و زاراوه‌ی لۆجیکی ئه‌رستۆ و که‌لام و پرسی فه‌لسه‌فه‌ی باوه‌ڕ (ئه‌شعه‌ری) له‌په‌راوێزدا کارابوون. له‌ته‌سه‌وف و عیرفانی فه‌لسه‌فییداو له‌سه‌ر ئاستی میللی و ئه‌ده‌بیاتیشدا که‌متازۆر ناوبانگی فه‌لسه‌فه هه‌بووه. ئێستاش خۆشبه‌ختانه له"زانکۆی سه‌لاحه‌دین و راپه‌رین"، به‌شی فه‌لسه‌فه هه‌ن، به‌هه‌موو که‌مووکورتیه‌که‌وه گوڕوتینێکی فه‌لسه‌فی له‌رێدایه. جگه‌له‌وه‌ی کورد جۆره "فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ژیانیی" هه‌بووه که‌ره‌نگدانه‌وه هه‌لومه‌رج و بیروباوه‌رو سروشتی ژیان خۆیه‌تی له‌فۆرمی په‌ندوئامۆژگاری، شیعر‌و قسه‌ی نه‌سته‌قدا به‌رجه‌سته‌ی کردووه. لێره‌دا ئه‌و جۆره فه‌لسه‌فاندن و فه‌لسه‌فه‌یه(چه‌نده ساکاریش بووبێ) ده‌لاله‌تی له‌خودێکی بیرکه‌ره‌وه ده‌کات له‌ئاستیکی خۆماڵیدایه. له‌مه‌شدا کورد هاوشانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌فه‌لسه‌فه‌ی چینی، ژاپۆنی و هیندی دا. به‌ڵام رێکنه‌خستن و زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌له‌پوره، هه‌ژاری له‌و بواره‌دا درووستکردووه.
2- گوتارێ له‌پشت پرسیارێکی ریتۆریکییه‌وه
کۆی قسه‌کانی کاک به‌ختیار، جه‌ختد له‌وه‌ی کورد فه‌لسه‌فه‌ی نه‌بووه، هه‌ربۆیه فه‌یله‌سوفیشی نییه. چونکی بوونی فه‌یله‌سوف، به‌نده به‌بیرو ستیستمێکی فه‌لسه‌فیه‌وه که نه‌ریتێکی به‌دوای خۆیداهێنابێ. به‌ڵام ئه‌و ده‌ستنیشانی ته‌واوی مانا‌و ره‌هه‌نده‌کانی فه‌لسه‌فه‌و فه‌یله‌سوف ناکات، جگه‌له هه‌ندێ سه‌رنجی ساده که فه‌لسه‌فه چییه و فه‌یله‌سوف کێیه! بۆیه ده‌بێ بپرسین فه‌لسه‌فه به‌چ مانایه‌ک؟
که‌س نه‌یوتووه ئه‌و به‌کارهێنانه میللییه‌ی وشه‌ی فه‌لسه‌فه، فه‌لسه‌فه‌یه، جگه‌له‌وانه‌ی پسپۆڕ‌و شاره‌زانیین. له‌میدیاو لای جه‌ماوه‌ری ئاسایی، وشه‌ی فه‌لسه‌فه هه‌م قێزه‌وه‌نکراوه له‌ڕێی گاڵته‌جاری یا کردنی به‌پاشگری هه‌موو هه‌ڵسوکه‌و‌ت و جوڵه‌یه‌ک له‌ژیاندا، وه‌ک "فه‌لسه‌فه‌ی رۆیشتن" و "قسه‌کردن" هتد. ئه‌مانه جێگه‌ی قسه‌نین. وشه‌ی "فه‌لسه‌فه" له‌و به‌کارهێنانه‌دا، واته ئاکار‌و په‌یامێ له کرده‌وه‌یه‌کدا نه‌ک وه‌ک بیرکردنه‌وه‌ی سیستماتیکی. له‌به‌رئه‌وه ده‌زانین فه‌لسه‌فه وه‌ک پاشگر بۆ کرده‌وه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، ئه‌و مانایه نییه وه‌ک "فه‌لسه‌فه". زانراوه له‌کوردستان پارادیمی فه‌لسه‌فیی نه‌بووه، تاکه‌سێ خۆی له‌پارادیمی پێشووتر جیاکاته‌وه‌و شتیکی نوی بخاته‌سه‌رو ببێ به‌فه‌یله‌سوف. دابڕانی پارادیمه‌کان له‌یه‌کتر، داهێنان و پرۆژه‌یه‌که فه‌یله‌سوف ده‌هێنێنن. گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فی، ئه‌نجامی پرۆسه‌ی یه‌کترتێپه‌ڕاندن و دۆزینه‌وه‌ی پانتای نه‌وتراو له‌و نه‌ریته پێشیینه‌ییدا له‌ڕێی ره‌خنه‌و زیاترخستنه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌بووه. بۆیه فه‌لسه‌فه له‌تێگه‌یشتنی به‌ختیاردا بێسه‌رچاوه‌یه‌و به‌شێک نییه له‌هزری کورد.
به‌ڵام، فه‌لسه‌فه واته دروستکردنی پێوه‌ندی نه‌بووه له گه‌ڵ نه‌بینراوو نه‌وتراودا. فه‌لسه‌فه به‌جۆرێک گه‌یاندنی ته‌ونی په‌یوه‌ندی نێوان بابه‌ت و پرس و بیروهزرو زمانی ده‌ربڕینه. دۆزینه‌وه‌ی رایه‌ڵی که‌شفنه‌کراوه له‌زمان و بیرکردنه‌وه له جیهاندا به‌راڤه‌کردن و لێکدانه‌وه. ئێمه ده‌توانین به‌پشتبه‌ستن به‌و پاشخانه فه‌لسه‌فیه‌ی که‌هه‌یه له فه‌زای رۆشبیرنی کوردی‌دا، کێشه‌وگرفته‌کانی مرۆڤی کورد بفه‌لسه‌فێنین، ئه‌مه‌ش خاڵێکی هاوبه‌شی نێوان گه‌لانه. ره‌نگه فه‌لسه‌فاندنی ئه‌و پرسه‌سه‌ختانه، رێبازی فه‌لسه‌فیی و فه‌یله‌سوفی بڕه‌خسێنێ. مه‌رج نییه ئێمه قوتابخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی ئه‌رستۆیی، کانتی و هیگڵیمان هه‌بێ، به‌ڵام ده‌توانین له‌سۆنگه‌ی چه‌مک و که‌ره‌سه هرزیه‌کانی ئه‌و قوتابخانانه‌وه له‌پرسه‌کانی خۆمان بدوێن. که‌واته نه‌بوون، ناکرێ نکولیکردنبێ له هاتنه‌بوون.
فه‌لسه‌فه ئه‌وه‌نده دابڕاونییه له‌خودی مرۆڤ، کێشه‌و پرسیاره‌کانی مرۆڤ، کێشه‌و پرسیاری فه‌لسه‌فه‌ن و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. ئیدی ئه‌و فاکته‌ی که کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌یه راسته، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی نییه. فه‌لسه‌فه ئاستێکی به‌رزی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه، کوردیش توانستی(پۆتێنشینی) ئه‌وه‌ی هه‌یه بگاته ئه‌و ئاسته، ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌مه، سه‌ندنه‌وه‌ی مافی مرۆڤبوون و بیرکردنه‌وه له‌کورد. قسه‌کانی کاک به‌ختیار ریتۆریکێکه له‌پشت داکۆکیکردن له‌فه‌لسه‌فه، توانستی مرۆڤی کوردی له‌ئێستاوه به‌هۆی نه‌بوونی پێشینه‌ی مێژوویی ره‌تکردۆته‌وه به‌ره‌هایی. ئه‌و باس له‌جوگرافیاو ره‌وتی مێژووی فه‌لسه‌فه ده‌کاته ستانداردێ بۆ چییته‌ی و کێیه‌تی فه‌یله‌سوف. ئه‌مه‌ش هێڵکاریه‌کی بچڕاوه بۆ کورد.
ناکرێ وه‌ها ته‌ماشای په‌یوه‌ندی کورد به‌فه‌لسه‌فه‌وه‌کرێ، چونکه نه‌گونجاوه. مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی- کولتوری ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ی فه‌لسه‌فه‌بووه. بۆیه که‌باس له کورد‌و فه‌لسه‌فه ده‌که‌ین، باس له‌مافی مرۆڤگه‌لێک ده‌که‌ین وه‌ک ئه‌وانیتر مافی به‌شداری هه‌یه له‌و پێدراوه هزرییه باڵایه که‌هی مرۆڤایه‌تییه. فه‌لسه‌فه له‌کۆنتێکسیتی کوردا، واته مافی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی (گه‌ر ده‌ریداییانه بدوێن). بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی مافێکی هزریه بۆ مرۆڤ که له کۆنتێکیستی کوردا به‌نده به‌مافێکی ئۆنتۆلۆجیه‌وه که‌بوونی کورد خۆیه‌تی. واته، مافی به‌شداریی له فه‌لسه‌فه‌دا و مافی به‌شداری پێکردنی فه‌لسه‌فه له‌ژیانیدا به‌نده به‌ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی هزری و سیاسی و کولتوریه‌وه. سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه، پێشل‌کردنی زاتی بیرکه‌ره‌وه‌ی مرۆڤگه‌لێکه.
3- سایکۆلۆجیای خۆسه‌لماندن به‌ره‌تکردنه‌وه
ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه، ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی گوتاری "نییه/ هه‌یه" بیربکه‌ینه‌وه. گوتاری نیمانه، گوتارێکی هه‌ژاری سایکۆلۆژیایه‌کی برینداره، که‌نه‌بوون ده‌کاته فۆرمێ له‌نکولیکردن له‌زاتی بیرکه‌ره‌وه. وه‌کچۆن گوتاری "کوردیش فه‌لسه‌فه‌ی" هه‌یه، دیوێکیتریه‌تی که خۆپفدان و خۆگه‌وره‌کردنه له‌سه‌ر پشتی فه‌لسه‌فه. هاوکات ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ریتۆریکه: ئاخۆ کورد پێویستی به‌فه‌لسه‌فه هه‌یه، په‌یوه‌ندییه‌که بخوێنینه‌وه. چونکی له‌خۆیدا پارادۆکس و لێکدژی‌یه. ئێمه له‌به‌رده‌م ئیختیارێکدانین تابڵێین ده‌مانه‌وێ یانا. فه‌لسه‌فه به‌مانای بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌شێوه‌ی پرسیاری ره‌خنه‌ییه‌وه له‌جیهان پێدراوێکی ده‌ره‌کی نییه، به‌ڵکو به‌نده خودێکی بیرکه‌ره‌وه. بۆیه ئینتمای فه‌لسه‌فه بۆ جوگرافیایه‌ک، هێنده‌یه تابزانین له‌رووی گه‌شه‌ی مێژوویه‌وه له‌کوێ و کێوه هاتووه. ده‌نا ئینتمای بۆ مرۆڤ خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش گه‌ردونیه‌یتی فه‌لسه‌فه‌یه، فه‌یله‌سوفه‌کان به‌گشتی گه‌ردونی و کۆسمپۆلیتیکی بوون. جگه‌له‌وه‌ی گه‌ر بکرێته پیدراوێکی لۆکا‌ڵی، ئه‌وسا وه‌کچۆن فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی هه‌یه، هی عه‌ره‌بیش هه‌یه، له‌وێشدا پێوه‌ره‌که بۆ ده‌ستنیشانی چییه‌تی فه‌لسه‌فه گه‌ردوونی نییه، به‌ڵکو هه‌ر گه‌لێ به تێگه‌یشتنی خۆی، به‌پێی کولتور‌و زمانی خاوه‌ندارێتی بۆ فه‌لسه‌فه‌یه. ناتوانین بڵێین خودی فه‌لسه‌فه په‌یوه‌ندو به‌نده به‌ئه‌ڵمان یا یۆنان و فه‌ره‌نسا‌و کورده‌وه، به‌ڵکو ده‌کرێ بڵین تا چه‌ند کورد، ئه‌ڵمانێ په‌یوه‌ندیان به‌فه‌لسه‌فه‌و بیر‌و تێزه‌کانیه‌وه هه‌بووه؟ تاچه‌ند تێیدا کاراو به‌رهه‌مهێنه‌ری پرسیار‌و تێزی فه‌لسه‌فیین؟ تاچه‌ند شتیان خستۆته‌سه‌ر خه‌رمانی فه‌لسه‌فه؟
لێره‌وه، فه‌لسه‌فه‌و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی نه‌ژادو نه‌ته‌وه جوگرافیا تێپه‌ڕه. که‌ده‌شوترێ "فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی"، واته به‌شداری بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوفه ئه‌ڵمانه‌کا‌ن له‌بواره‌که‌دا به‌زمان و لێکدانه‌وه‌ی خۆیان. خۆماڵیکردنی فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌ڵمانیه‌ک ئه‌وه‌نده نزیک د‌ه‌بێته‌وه له‌فه‌رهه‌نگی که به‌هی خۆی بزانێ. له‌کاتێکا شارستانێتی، زمان له وه‌رگرتن و ئاڵووێرکردندان و چه‌ندان بیرمه‌ند له گه‌لانی جیاوه له گه‌نجینه‌ی فه‌لسه‌فه‌ییدا کاریانکردووه. چه‌مکی "فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی یا خۆرئاوایی" به‌و مانایه نییه فه‌لسه‌فه ته‌واو ده‌بێته موڵکی میلله‌تێ. هه‌ر له‌م سۆنگه‌وه کاک به‌ختیار که‌وتۆته ره‌تکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی کورد به‌فه‌لسه‌فه‌وه.
4- کێشه‌ی پرسیارکردن
له‌پرسیاره‌کانیه‌وه، به‌ختیار که‌وتۆته هه‌ڵه‌ی میتۆدیه‌وه. پرسیار ئه‌وه‌نییه که هه‌یه، نییه، یا پێویسته؟ ئه‌و جۆره پرسیاره وه‌ڵامی داخراوی به‌به‌ڵی و نه‌خێره. نه‌بوونی زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فیی، رێگرو ئاسته‌نگه‌کانی نه‌بوون گرنگه. ئاخۆ فه‌لسه‌فه پێویستیه، پرسیارێکی ناقۆڵایه. پرسیارکه‌ر کامه‌یه‌و پرسیارلێکراو کێیه؟ بێئه‌و ده‌ستنیشانکردنه، پرسیاره‌که ناماقوڵه. ناکرێ پرسیارێکی وه‌ها له‌خه‌ڵکی ره‌شۆکی بکر‌ێ، وه‌کچۆن ناشێ له‌که‌سانێ که له‌فه‌لسه‌فه نازانن، یا بڕیاریانداوه که هیچ نییه! ئیدی پرسیاره‌که ده‌بێ له‌زاری ئه‌وانه‌ی خه‌ریکی فه‌لسه‌فه‌ن و ئاراسته‌ی خۆشیان بکر‌ێ که ئه‌مه‌ش پێویست نییه. وشه‌ی "پێویستی" له‌م کۆنتێکسته‌دا نه‌گونجاوه، چونکی له‌خه‌یاڵی گوێگر‌و وه‌رگردا چاوه‌ڕوانی ناڕاست و بۆچوونی به‌ره‌ولای بابه‌تێ ده‌چێ که له‌ژیانیدا به‌پێویستیده‌زانی. ده‌توانین بڵێن فه‌لسه‌فه وه‌ک "پێداویستیی" نییه، به‌ڵکو "پێویسته"، چونکی مرۆڤ بیرده‌کاته‌وه. فه‌لسه‌فه خۆی له‌سه‌ر دۆخی پێداویستی و راگوزه‌ر دانامه‌زرێنی، که‌باری هزری و ره‌وشه‌که گونجابوو بیروهزر تێیدا به‌ئازادی کارابێ، بۆخۆی دێ، بێ ئه‌وپرسیاره. مه‌رج نییه ساته‌وه‌ختی فه‌لسه‌فیی به‌رنامه‌بۆدانراو‌بێ، ده‌کرێ ره‌مه‌کی بێته‌ئاراوه.
زۆرجار به‌قوتابیه‌کانمان ده‌ڵێین، فه‌لسه‌فه بۆچی باشه، له‌شێوه‌ی پرسیاردایه، ده‌ناخۆ پرسیارنییه. به‌ڵکو بۆئه‌وه‌ی گرنگی فه‌لسه‌فه‌و ئه‌و مانایه‌ی ده‌یه‌به‌خشێ به‌ژیان ده‌رخه‌ین، نه‌ک ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنین بێ فه‌لسه‌فه، ده‌مرین یا زیندووده‌بینه‌وه. جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و شێوه پرسیارکردنه ده‌مانخاته ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه خۆی به‌دوومانا: قسه‌کردن له‌وه‌ی ئاخۆ فه‌لسه‌فه هه‌بووه له‌کوردستانی که بابه‌تێکی فه‌لسه‌فیی نییه‌و ده‌په‌ڕینه ده‌ره‌وه‌ی کایه‌که. به‌دیوێکیتردا، ده‌مانخاته ته‌ڵه‌زگه‌یه‌که‌وه، مادام فه‌لسه‌فه ره‌نگوبۆی شوێن و سه‌رده‌مێکی وه‌رگرتووه، ئه‌نجامگیری ئه‌وه‌ی که به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی نییه، یا ئێمه‌ش ناتوانین به‌شێکبین لێی چونکی کوردین! که‌واته له‌پرسیاری کوێ و کێ له‌کۆنتێکستی ئێمه‌دا(چونکی مێژووگه‌رایه)، بگوێزینه‌وه بۆ پرسی بابه‌ت و سروشتی لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تی و چییه‌تی فه‌لسه‌فه. ئه‌مه‌ش بابتگه‌لێکی فه‌لسه‌فییه که‌ده‌کرێ به‌دیوه‌میژوویه‌که‌ی تاوتوێبکرێ.
پرسیارگه‌لی "هه‌یه‌و نیه یا پێویسته"، پرسیار کوژه. له‌سه‌رده‌می ئێستادا که به‌و‌ردی ئاگاداری به‌رهه‌م و نوسراوه‌کانی سه‌دان ساڵی زانا‌و خوێنده‌واری کورد نه‌بی له‌بواره‌که‌دا، ناشێ بیخه‌یته به‌رده‌م پرسیاره‌وه، نه‌زانی نابێته داوه‌ر له‌هه‌بوون و نه‌بوون. ئه‌وپرسیاره که‌له‌رۆحی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا گیریخواردووه له‌سه‌رشاخێکی هێنده سته‌مکاره که کۆی مێژوو کورتده‌کاته‌وه له سه‌رده‌می ئێستاوه‌و بڕیار له هه‌زار ساڵی گه‌لێک ده‌دات! جگه‌له‌وه‌ی له‌گۆشه‌نیگای خۆرئاواییه‌که‌وه بۆ چه‌مکی فه‌لسه‌فه/ فه‌یله‌سوف سه‌یری کۆنتێکستی کورد ده‌کات، که‌پێوه‌رو ئاستی هزری فه‌لسه‌فیی لێره به‌وجۆره‌نابینی. ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوبێ، پێوست به‌داوه‌ریکردن ناکا!
ئاخۆ فه‌لسه‌فه له‌نێو کوردا چ رۆڵێکی هه‌بووه؟ پرسیارێکی لۆکاڵییه به‌رامبه‌ر دیارده‌یه‌کی هزری گه‌ردوونی که‌بۆخۆی پارادۆکسێکه. هاوکات خۆده‌ربازکردنیشه له‌لۆکاڵیه‌تی پرسیارکه‌ر، که‌مینه‌یه‌ک ده‌یه‌وێ به‌شداری له‌فه‌لسه‌فه‌دا بکات. جگه‌له‌وه‌ی پرسیاره‌که له‌بارێکی تردا، پارادۆکسێکی تری له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه: به‌دیوێکدا ره‌وایه بزانین کورد به‌شداریی فه‌لسه‌فی هه‌یه یا فه‌لسه‌فه کاریگه‌ری له‌بیرکردنه‌وه‌ماندا چه‌نده. به‌ڵام به‌دیوێکیتردا نه‌گونجاوه، چونکه په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤگه‌لێکی وه‌ک کو‌رده‌وه‌یه. هاوکات کورد‌و فه‌لسه‌فه باسێک نییه له‌باره‌ی مێژووشه‌وه. به‌ڵکو پرسیارێکه بۆ ئێستا‌و داهاتوو که له‌کردنیدا به‌رده‌وامی بیرکردنه‌وه‌هه‌بێ، نه‌ک بخرێته مێژووه‌وه.
"فه‌یله‌سوف، به‌بێ نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی نا‌بێ" به‌ختیار ده‌ڵێ. ئه‌ی فه‌لسه‌فه چۆن بێ فه‌یله‌سوف دێته‌ئاراوه؟ ئه‌مجۆره پرسیاره‌ی بازنه‌ییه وه‌ک "هێلکه یا مریشکی" لێدێ. ده‌بێ جیاوازیکه‌ین له‌نێوان فه‌یله‌سوف که مه‌رجه زاتییه‌کانی پێگه‌یشتنی، له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ره‌وشێکی فه‌لسه‌فیی له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا. ئه‌وه‌نده‌ی مه‌رجه‌کان به‌نده به‌خۆیه‌وه، ئه‌وه‌نده‌شی به‌نده به‌ده‌وروبه‌ره‌وه. هه‌میشه ئه‌وه‌ی ئاستی فه‌لسه‌فی و دیدوجیهانبینیه‌کی هه‌یه پێش کولتوری سه‌رده‌مه‌که‌ی ده‌که‌وێ، ئه‌گه‌رچی رێباز‌و پارادایمی فه‌لسه‌فیی له کۆمه‌ڵگه هه‌لومه‌رجی بابه‌تیی نه‌بووبێ. ئه‌م حاڵه‌ته له‌رۆشبیری کوردا هه‌بووه له‌نێو هه‌ژاری کۆمه‌ڵایه‌تدا، چاره‌نوسی خوێنده‌واره به‌تواناکان دیارنه‌ماوه.
کاک به‌ختیار به‌هیچ شێوه‌یه‌کی سیستماتیک باس له هۆکارو ئاسته‌نگه‌کانی خۆشنه‌بوونی زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فه ناکات و ده‌شڵێ "ئێمه له‌حه‌وزێکی کولتوریدا ده‌ژین، به‌رهه‌مهێنانی فه‌لسه‌فه‌ی تێدا نائاماده‌یه". ئه‌م بریاره پره له‌ره‌هایه‌تی، ئه‌گه‌ر ره‌وشه‌که گۆڕڕا؟ هه‌لومه‌رج ناله‌باره بۆ سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه، به‌ڵام ده‌کرێ له ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی قوڵدا کێشه‌وگرفته‌کان لێکبدرێته‌وه. ئه‌گه‌ر بڵێین نا، ئه‌وا ده‌بێ بشڵێین مادام ره‌وشی رۆشبیری و زانستی و نوسین له‌کوردستان هه‌ژاره، ئیتر نووسه‌ری باش نییه! وه سه‌باره‌ت به ئه‌وانه‌ی له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا کارده‌که‌ن و ده‌نووسن به‌مجۆره‌بێ ده‌کرێ پۆلێنکاری:
- فه‌یله‌سوف، پسپۆری ئه‌کادیمی، یا له‌ده‌ره‌وی ئه‌کادیمیا که‌خاوه‌نی تێزێ بێ.
- فه‌لسفه‌زان پسپۆڕی ئه‌کادیمی که له‌زانکۆ و ناوه‌نده‌کانی فه‌لسه‌فه خوێندو‌یه‌تی و کارده‌کات.
- فه‌لسفه‌خواز، هه‌واداری فه‌لسه‌فه، خوێندنه‌وه، کۆرس.
هه‌ڵبه‌ت کاتیگۆری سێهه‌م له‌کوردستان دا "مۆده‌باوی" زاڵه‌به‌سه‌ریدا و خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئه‌ماتۆری هه‌یه بۆ فه‌لسه‌فه. کاتیگۆری دووه‌میش له‌رێگه‌دایه‌و ئه‌گه‌ری سێهه‌میش کراوه‌یه.
5- کێشه‌ی نوسین
کاک به‌ختیار هێنده بیروهزری په‌رت و ناڕێکخستووه ده‌بێ له‌هه‌رلایه‌که‌وه بیهۆنینه‌وه تائه‌رگومێنت و راوبۆچوون جیاکه‌ینه‌وه. سه‌ره‌ڕای درێژه‌دانه‌که‌ی له‌به‌رده‌م مه‌سره‌فکردنێکی بێ لزومدا، راوبۆچوونی بێ به‌ڵگه ناساندووه، یه‌کلایه‌نه‌و ره‌هایی بریاری داوه کێ فه‌یلسوفه‌و فه‌لسه‌فه کامه‌یه! فه‌لسه‌فه ده‌چێته‌وه پێشخۆی، گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فی زنجیره‌یه‌که، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌کان سه‌ره‌تا چۆن د‌روستبوون ئه‌گه‌ر "پێشتر" پێشمه‌رجبێ؟ یاده‌بێ مرۆڤی خۆرئاوایی له‌ئاده‌مه‌وه فه‌لسه‌فه‌یان هه‌بووبێ؟ یاده‌بێ ساته‌وه‌ختێکی هزری که له منداڵانی ئه‌فسانه‌و بیره میتافیزیکی ئاین و ئاڵۆگۆڕی نێوان کولتو‌ره‌کان وه‌رگرتنه‌وه دروستبووبێ. گه‌شه‌کردنی بیرکردنه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فسانه‌و ئایین فه‌لسه‌فه‌ی لێکه‌وته‌وه، وه‌کچۆن گه‌شه‌کردنی فه‌لسه‌فه زانستی لێکه‌وته‌وه.
کاک به‌ختیار ده‌ڵی "ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ فه‌لسه‌فه‌مان هه‌یه، وه‌همه"، ئه‌م وه‌همه رێگره له‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه سه‌ر‌هه‌ڵدا‌ت. ئه‌مه راسته، به‌ڵام هۆکارنییه. ئه‌و پێیوایه له‌رۆژهه‌ڵات حه‌زێکی نافه‌لسه‌فیی هه‌یه، که هه‌مووشتێ بۆیه‌یه‌کی فه‌لسه‌فه‌ی لێده‌درێ. ئه‌م حه‌زه بۆ، ئه‌گه‌ر هێزێک زاتی نه‌بێ وایلێبکات خۆی پێ ناوزه‌دکات؟ "حه‌ز به‌دانایی" هه‌روه‌ک له‌واتا ئیتمۆلۆجی وشه‌ی "فیلۆسۆفیا"وه هاتووه، ره‌گه‌زێکی گرنگه بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی! که‌واته حه‌ز وه‌ل پاڵنه‌رێ بۆ فه‌لسه‌فه هه‌یه، به‌ڵام رێگر دۆگمای سیاسی/ئاینی ناهێڵن حه‌زه‌کان بکه‌ونه‌سه‌ر رێچکه‌ی خۆی.
له‌م سۆنگه‌شه‌وه‌یه هه‌ندێ شاعیر‌و نوسه‌ر خۆیان لێبۆته فه‌یله‌سوف یاوه‌ک فه‌یله‌سوف ناسێنراون له‌به‌ر وته‌ی جوان و باڵاده‌ستی ئه‌ده‌بی، ره‌نگه له‌لای خه‌ڵکانێ ئه‌مه کاک به‌ختیاریش بگرێته‌وه. ئه‌ی خۆشی وه‌ک شاعیر‌و رۆشبیرو نوسه‌ر، مافی ده‌ستنیشانکردنی "کێ فه‌یله‌سوفه"ی هه‌یه؟ ئایا ئه‌و خۆی ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاتیگۆریه که نافه‌لسه‌فییه، یانا؟ له‌به‌رهه‌مه‌کانی وه‌ک رۆمان و وتاردا، هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌یله‌سوفێ. ته‌نانه‌ت هه‌رجاره‌ی له‌سه‌ر شێواز‌ی فه‌یله‌سوفێک و به‌چه‌مکی و هه‌ناسه‌ی یه‌کێکیانه‌وه ده‌دوێ!
(2)
6- فه‌لسه‌فه یه‌که‌و جێکه‌وتی جیاوازه له‌میلله‌تاندا
فه‌لسه‌فه که‌فۆرمێکی باڵای بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه، وه‌کچۆن ناسنامه‌ی جوگرافی و نه‌ژادی تایبه‌تی نییه، ئاوه‌هاش هه‌ر گه‌لێ به‌جۆرێ سه‌روکاری له‌گه‌ڵیدا هه‌بووه جا به‌ئاستێکی قوڵ و تێوری یا‌ن نا. کۆمه‌ڵگه‌و شارستانیه‌ته‌کان له‌چه‌ند فۆرمێکدا رۆڵیان هه‌بووه له‌گه‌شه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌دا:
- به‌رهه‌مهێانی تێز‌و پرسیار‌و چه‌مک و زاراوه‌و رێباز‌و ده‌زگای فه‌لسه‌فیی، وه‌ک یۆنانه‌کان.
- به‌شداری له‌راڤه‌و دیالۆگدا به‌و تێزانه‌ی له‌لایه‌ن فه‌یله‌سوف و قوتابخانه‌کانه‌وه به‌رهه‌مهاتوون.
- وه‌رگێڕان و گه‌یاندنی تێکست و بیروبۆچوونه‌کان وه‌ک له‌سه‌رده‌می عه‌باسیه‌کاندا بزوتنه‌وه‌ی وه‌رگێران رۆڵی کارای بینی و چه‌ندین بیرمه‌ند له جیهانی ئیسلامی‌دا له فارس، کورد و تورک تێیدا به‌شداربوون.
- له فه‌لسه‌فاندنی پرسه‌کانی خۆی له‌ڕێی فه‌لسه‌فه‌وه به‌زمانی خۆی و به‌کارخستنی وه‌ک سامانێکی هزری مرۆیی، که چه‌مکگه‌ل و تێزه‌کانی؛ مافی مرۆڤ، ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی، یه‌کسانی، دیموکراسی و هتد... له‌زۆربه‌ی شوێنی ئه‌م دونیایه‌دا ئه‌و بابه‌تانه به‌شێکه له‌خواست و هۆشیاری گه‌لان که‌سه‌رچاوه‌که‌شی فه‌لسه‌فه‌یه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی جێکه‌وتی فه‌لسه‌فه له‌نێو گه‌لاندا که شێواز‌ی جیاوازی وه‌رگرتووه، به‌پێی پرسیار‌و پرسه‌کانی وه‌ک ناسنامه، ده‌وڵه‌وت، سه‌ربه‌خۆیی و دیموکراسی به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه. له‌کاتێکدا بۆ ئه‌وروپیه‌ک ئه‌وانه پرسێکی گه‌رموگوڕی فه‌لسه‌فی نییه. ئێمه له‌که‌یسه خۆماڵیه‌کاندا، په‌ناده‌به‌ینه‌به‌ر تێز‌و چه‌مکی فه‌لسه‌فی بیرمه‌نده ئه‌ورپاییه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه ئاست و توانستی که‌سه‌که‌یه که‌تاچه‌ند ده‌بێته کۆپیکاری ئه‌و قوتابخانانه‌و ده‌یکاته مۆدیلی چاولێکه‌ری و هزری خۆی ده‌کاته پاشکۆ. توانای راڤه‌و خوێندنه‌وه‌و سوودووه‌رگرتن، به‌نده به‌که‌سه‌که‌وه نه‌ک هه‌ر پێزی فه‌لسه‌فه‌که. بێگومان ئه‌مه کاری شاره‌زایه له‌فه‌لسه‌فه‌دا که نقوم نه‌بووبێ له‌سه‌رسامی بۆ فه‌یله‌سوفی وه‌ک مۆده بیجوێته‌وه.
که‌واته، بۆ"فه‌لسه‌فه‌مان هه‌یه یا پێویسته"، نه‌ده‌بێ له گوتارێکی ئۆرینتالیستیه‌وه داکه‌وێ که فه‌لسه‌فه له‌مرۆڤی خۆرهه‌ڵات داده‌بڕێ، به‌وه‌ی که مرۆڤگه‌لێکی به‌وه‌هم و خه‌یاڵ و بڕوادارو هه‌ستوسۆز زاڵه به‌سه‌ریاندا، نائه‌قڵانی بیرده‌که‌نه‌وه. وه نه‌گوتاری په‌رچه‌کرداری ئۆکسێدینتالیسته (خۆرئاواناسی) که ئیتر بۆئه‌وه‌ی مافی کولتوری خۆی بسه‌لمێنێ، کاریگه‌ر و گرنگی خۆرئاوا له‌خۆیدا ره‌تده‌کاته‌وه، هه‌موو شتێ ده‌کاته فه‌لسه‌فه‌و خۆرهه‌ڵات ده‌بێته مه‌مله‌که‌تی فه‌یله‌سوفان! ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی پێغه‌مبه‌ر بۆ خۆرهه‌ڵات و فه‌یله‌سوف له‌خۆرئاوا، فریوده‌ره!
7- فه‌لسه‌فه‌و هزر و دانایی
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که خۆرهه‌ڵات فه‌لسه‌فه‌ی تێدابووه، چه‌ندیین مێژوونوس و فه‌یله‌سوف کارله‌سه‌ر جیاوازی نێوان فه‌لسه‌فه‌و هزر، وه فه‌لسه‌فه‌و دانایی ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌چییه واده‌کات بڵێین فه‌لسه‌فه وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیه‌که بۆ گه‌لێ؟ گشتیرگیری و جیهانیبوون و گه‌ردوونێتی فه‌لسه‌فه، پێکهتاته‌و ئه‌و هه‌لومه‌رجه بابه‌تی و کۆششانه‌یه که فه‌لسه‌فه نزیکده‌خرێته‌وه له دونیای و زه‌مینه‌ی هزری و رۆشبییری و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لێک. ئایا فه‌لسه‌فه جودایه له هزروبیر، یا ئاستێکی به‌رزێتی؟ جیاکردنه‌وه‌ی هزروبیر له فه‌لسه‌فه، میتۆدیکه بۆسه‌لماندی فه‌لسه‌فه که تایبه‌ته به‌گه‌ل و شارستانیه‌تێ. هه‌ندێ پێیانوایه ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه، هزربێ ئه‌وا پرسیاری شوێن و زه‌مه‌ن بێبایه‌خ و نه‌شیاوه، چونکی هیچ شوێن و سه‌رده‌مێک خاڵی نییه له‌و ساته. له‌کاتێکدا فه‌لسه‌فه ساتێکی تایبه‌ته له‌نێو هزردا، ئه‌گه‌رچی واتای ئیتمیلۆجی وشه‌ی "فیلۆسۆفیا" ئه‌و جیاکاریه ناناسێ. ده‌شکرێ بپرسین: ئایا دانایی و فه‌لسه‌فه یه‌کن؟
دانایی؛ واته زانین و زانست و دونیابینی و ئه‌قڵمه‌ندی و ئاکاری به‌رزو جوان، سیفه‌تگه‌لێک که‌هی داناکان بوو‌ه. له‌کاتێکدا "پیتاگۆراس" سیفه‌تی دانای بۆخۆی ره‌تکردۆته‌وه، خۆی به فه‌یله‌سوف داناوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیوابووه دانایی ته‌نها سیفه‌تی خواوه‌نده‌کانه‌و سه‌ربه‌دونیای باڵایه. بۆیه وتویه‌تی "من فه‌یله‌سوفم". فه‌یله‌سوف له‌وێنه‌ی ئه‌ودا، که‌سێکیه حه‌ز به‌دانایی ده‌کات. دیاره سه‌ده‌ی شه‌ش و حه‌وتی پێشزاین یۆنان که (7) دانای-حه‌کیمی هه‌بووه دواهه‌مینیان تالیسی ماڵتای بوو‌ه، شاراوه‌نییه.
چییه‌تی فه‌لسه‌فه له‌رێی سروشتی بابه‌ته‌کانیه‌وه ده‌ستنیشانده‌کر‌ێ. بۆنموونه"ئه‌رستۆ" فه‌لسه‌فه‌ی به"زانستێکی تێوری رامانه‌یی بۆ بنه‌ماو هۆکاره یه‌که‌مینه‌کانی بوون"داناوه. به‌بۆچوونی ئه‌ویش "تالیس" یه‌که‌م که‌سه ئه‌مه‌ی کردبێ، له‌به‌رئه‌وه‌ش یه‌که‌م فه‌یله‌سوفه له‌کانونی فه‌لسه‌فییدا. هاوکات ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات که فه‌لسه‌فه له‌یۆنان هه‌ڵقوڵاوه، به‌ڵام په‌ڕیوه‌ته‌وه جێگه‌کانی دیکه‌ی دونیا. رایه‌که‌ی "ئه‌رستۆ" ده‌رباره‌ی یه‌که‌م فه‌یله‌سوف که‌جێگه‌ی ره‌تکردنه‌وه‌یه، له‌سه‌ده‌ی بیست و ساڵانی سیه‌کاندا له‌لایه‌ن "هۆسرل"ه‌وه داکۆکی لێده‌کرێته‌وه. هۆسرل جه‌ختده‌کات فه‌لسه‌فه به‌ر‌هه‌مهێنراوی یۆنانه، ئه‌گه‌رچی یۆنانه‌کان له‌ژێر کاریگه‌ری جوگرافی ناوچه‌که‌و به‌شداری هاوسێکانیاندابوون له‌بواری زانسته جیاوازه‌کاندا، به‌ڵام هه‌رئه‌وان به‌ته‌نها توانیان ئه‌م زانسته تێوریه رامانه‌ییه(فه‌لسه‌فه) گه‌شه‌پێده‌ن به‌بێ هه‌بوونی به‌رژه‌وه‌ندی و ره‌زامه‌ندکردنی هێزێکی میتافیزیکی.
هه‌ندێ پێیانوایه میسر‌و بابلیه‌کان ئه‌گه‌رچی ده‌سپێشخه‌ربوون له‌بواری دۆزینه‌وه زانستی جیاوازدا، به‌ڵام ئه‌وان زانست و دانایی وه‌ک رێوره‌سمی ئایینی بۆ گه‌یشتن به‌ره‌زامه‌ند‌ی خوایی به‌کاربرد نه‌ک له‌پێناو خۆیدا. دیاره کانتیش له"ره‌خنه‌ی ئه‌قڵی په‌تی"دا که‌باس له یه‌که‌م وه‌رچه‌رخانی کۆپه‌رنیکیۆسی ده‌کا، پێیوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی دابڕان بوو‌ه له‌و زانینه‌ی میسریه‌کان هه‌یان بوو‌ه. زانستی میسریه‌کان ته‌نها برتیبووه له‌کۆکردنه‌وه سه‌رنجی ئه‌زموونی، نه‌ک له ئاستێکی تیوریدا که‌یاساو ریساو چه‌مک و ده‌زگای فه‌لسه‌فی خۆی دابڕێژێ. دیاره له‌خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌و وه‌رچه‌رخانه نه‌بووه له ئه‌فسانه‌وه بۆئاین و له‌ئاینیشه‌وه بۆفه‌لسه‌فه، به‌ڵکو فۆرمه‌کانی بیرکردنه‌وه تێکه‌ڵ و ئاوێته‌بوون. ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه پوخت به‌ئاسانی ناناسرێته‌وه به‌بێ پۆلینکاری شرۆڤه‌یی بۆ ئه‌و مه‌عریفه‌یه که‌هه‌بووه.
دیاره که‌سێکی وه‌ک "ئه‌لتۆسێر"یش "تالیس" به‌دۆزه‌ره‌وه‌ی کیشوه‌ری زانستی وه‌ک ماتماتیک داده‌نێ. له‌کاتێکدا لێکۆڵینه‌وه مێژوویه‌کان ده‌ریانخستووه که زانیاریه‌کانی "تالیس" له‌بواری ماتماتیک و ئه‌ندازه‌و جیۆمه‌تری له میسر‌و بابله‌وه خواستویه‌تی، به‌تایبه‌ت هه‌ندێ له ئه‌هرامه‌کانی میسر که پێش تالیس د‌روستبوون. "ئه‌میل به‌رهیه" له‌مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان دا ئاماژه به‌وه‌ده‌کات که نزیکایه‌تی زۆرهه‌یه له‌نێوان چیرۆکی ئه‌فراندن که له‌نیۆ میزۆپۆتامیادا بڵاوبووه، له‌گه‌ل بۆچوونی تالیس سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌بنه‌ره‌تی بوون ئاوه. وه‌ک له‌گیرانه‌وه‌ی "دیوجین ئه‌لاریتی"دا هاتووه "پیتاگۆرس" که‌یه‌که‌م که‌سه نازناوی فه‌یله‌سوفی بۆخۆی به‌کاربردووه‌و ئه تێوره‌که‌ی که به"تێوری پیتاگۆرس" ناوبانگه له ئه‌ندازه‌دا، بابلیه‌کان زۆر پێشتر ناسویانه، هه‌ربۆیه ناکری به‌دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ندازه‌ی بناسرێ، به‌ڵکو وه‌رگرو گوازه‌ره‌وه‌بووه. ره‌نگه ئه‌م نموونانه گومان بخه‌نه سه‌رئه‌وه‌ی به‌ته‌نها "یۆنان" به‌رهه‌مهێنه‌ری فه‌لسه‌فه‌بن.
هه‌ندێ که پێیانوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه به‌مانای ئه‌رستۆیه‌که زانینیک رامانی تێوریه، جیاوازه له‌زانینی پراکتییکی ئه‌زموونی که‌له "چین و میسر‌و بابل"دا هه‌بووه. ئه‌وان زانست وه‌ک مه‌به‌ستیکی پراکتیکی و ئه‌زموونی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری و پزیشکی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نوسی مرۆڤ، مردن له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ناسی و سو‌ڕه‌کانی ساڵ و وه‌رزه‌کاندا هاوجوتکردوه. بۆیه فه‌لسه‌فه‌یان نه‌بووه. زانسته‌کانیان هه‌م پراکتیکی وهه‌م له‌پێناو خودی کایه زانستیه‌کادا نه‌بووه، به‌ڵکو ئامرازبووه له‌پێناو شتیکه‌دا. له‌کاتێکدا لای یۆنانه‌کان ئامانجی فه‌لسه‌فه‌و زانست به‌کاردبرده‌کی نه‌بووه له‌پێناو مه‌به‌ستیتردا به‌ڵکو له‌پێناو زانینی تێوری خۆیدابووه! دیاره "هۆسرل" ئه‌مه‌ده‌کاته نیشانه‌و خسڵه‌تی گه‌لانی ئه‌وروپی! پێیوایه ئه‌مان له‌پێناو زانست‌خۆیدا بێدابڕان و پچڕان گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ییان له که‌ڵه‌که‌بووه‌یه‌کی گه‌وره‌دا‌هه‌بووه.
هه‌ڵبه‌ت گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری فه‌لسه‌فه‌و سه‌ربورده‌ی یه‌که‌م فه‌یله‌سوف، ناڕاستییه‌که که‌له "ئه‌رستۆوه" تا "هۆسرل" و "هایده‌گه‌ر" وزۆریتریش داکه‌وتووه. گه‌ڕاندنه‌وه بو ده‌سپێکی فه‌لسه‌فه، وونبوونه له‌نێو ده‌ریای شارستانیه‌ته به‌سه‌رچووه‌کاندا. ناتوانین فه‌لسه‌فه ته‌نها بکه‌ین به‌به‌رۆکی یۆنان‌دا! که‌سێتی "سۆکرات" هێنده کۆنترۆڤێرشه‌له-شایه‌نی ره‌تکردنه‌وه‌و وه‌رگرتنه- نموونه‌یه‌که ناکرێ بیکه‌نه باوکی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی، هه‌رچی هه‌یه به‌ناوی قوتابیه‌که‌ی "ئه‌فلاتون"ه‌وه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه که مێژوو زۆرجار راستگۆنییه. پشتبه‌ستن به‌و مێژووه "ئه‌ورپاسه‌نته‌ریزمه" پڕگرفته، نامان گه‌یه‌نێته وه‌ڵامی راسته‌قینه تاچه‌ند یۆنان وه‌رگرو گوێزره‌وه‌بوون، تاچه‌ند گه‌لانی میزۆپۆتیامیاو ئێران و میسر هتد له سازکردنی فه‌لسه‌فه‌دا به‌شداربوون؟ فه‌یله‌سوفه‌کانی پێش سۆکرات و ئه‌فلاتون دوای تیاچوونی مامۆستاکه‌ی و ئه‌رستۆش له‌گه‌شتدابوون بۆده‌ره‌وه‌ی یۆنان!
ئیدی له پرسیاری کوێوه ده‌بێ بگوێزینه‌وه بۆ پرسیاری له‌به‌رچی فه‌لسه‌فه هاته‌ئاراوه. چونکی ئه‌وه به‌نده به‌هه‌لومه‌رجی بابه‌تی و زاتییه‌وه. ئه‌م پرسیاره هه‌م لای "ئه‌فلاتون" و "ئه‌رستۆ"و به‌وه‌رگرتن له‌مانیش هایده‌گه‌ر وایبۆچووه، که"له‌کرده‌ی هه‌ڵچوونی سه‌رسامبوون و سه‌رسوڕمانه‌وه وه‌ک سیفه‌تێکی فه‌یله‌سوف، هۆکاری فه‌لسه‌فاندنه . له سه‌رسامیه‌وه به‌بوون و ده‌رکه‌وت و کێشه‌و گۆرانکاریه‌کان نێویی، چاوگی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییه. ئایا ته‌نها یۆنانیه‌کان هه‌ڵگیر ئه‌م سیفه‌ته‌ن؟ هه‌ستکردن به‌نه‌زانی و نه‌فامی پاڵنه‌رێکه له‌پشت سه‌رسامیه‌وه که‌مرۆڤ خۆی لێده‌ربازکات و هۆکاره‌کانی بزان و بیفه‌لسه‌فێنێ. له‌کاتێکدا دیکارت به‌پێجه‌وانه‌وه پێیوایه سه‌رسامبوون کوشتنی ئه‌قڵه له به‌رده‌وامی بیر‌و پرسیارکردندا.
8- کورد‌و فه‌لسه‌فه له‌ئێستاوه
له‌کۆتاییدا، خاڵی گرێده‌ره‌وه‌ی کورد به‌فه‌لسه‌فه‌وه، مافه. مافی فه‌لسه‌فه به‌کوردی جیاناکرێته‌وه له‌مافی گه‌یشتن و به‌زانست و زانین. ئه‌رکی به‌شه‌کانی فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سوف ئه‌رکێکی په‌روه‌رده‌ییه. هاوکات نوسین و فه‌لسه‌فاندن به‌زمانی کورد تێپه‌راندنی پارادیمی زاڵی بیرکردنه‌وه‌ی نوسینی فه‌لسه‌فییه به‌زمانی سه‌رده‌سته‌کان. له‌ره‌وتی فه‌لسفه‌ی ئه‌ورپاییدا "دیکارت" ده‌ستپێشخه‌ربووه له نووسین به زمانی فه‌ره‌نسی له‌باتی لاتینی. ره‌نگه کاره‌که‌ی ئه‌و به‌زمانی خۆی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناقۆڵاو جێگه‌ی مشوتمڕبووبێ.
ئیدی ده‌روازه‌ی فه‌لسه‌فه بۆ ئێمه، شانسێکه که‌له‌ڕێیه‌وه دیالۆگی شارستانی بکه‌ین له‌گه‌ڵ هزرودونیای ئه‌ویتردا. زاڵبوونی هزری خۆرئاوا له‌بواری فه‌لسه‌فه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆزرنگی و ره‌وشی مێژوویان، نه‌ک نه‌توانسی (پۆتێشنی) زاتی ئێمه. پرسی فه‌لسه‌فه وه‌ک زانست نییه، ئه‌وان زانسیان هه‌یه‌و گه‌شه‌یان کردووه‌و ئێمه به‌رخۆرین، به‌ڵام له‌مێژووی میلله‌تانی خۆرهه‌ڵاتدا هه‌وڵی فه‌لسه‌فیی له‌قۆناخه‌کاندا هه‌بووه‌و هه‌ڵکشان و داکشانی به‌خۆوه‌دیوه. دۆگمای ئاینی و ئایدۆلۆجیای باو، بارودۆخی ئابوری خراپ و هه‌ژاری نه‌یهێشتووه گه‌شه‌کات.
به‌ختیار که به‌دیوێکدا به‌رگری له‌پێگه‌ی فه‌لسه‌فه ده‌کات وه‌ک بیرکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رزو ناواز، له‌لایه‌کیتره‌وه "داسه‌ک"ه ده‌داته ده‌ست نه‌یارانی فه‌لسه‌فه(که که‌منین) له کوردستان. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له بواری فه‌لسه‌فه‌دا کارده‌که‌ن که‌مینه‌ن، هه‌و‌ڵه‌کانیان سه‌ره‌تایی و بێکه‌موکورتی نییه. به‌ڵام قۆناخه‌که ده‌رفه‌تێکه پرسیار‌و کێشه‌کانی مرۆڤی کورد به‌فه‌لسه‌فیی بکرێن. کێشه‌و پرسه‌کانی فه‌لسه‌فه بیگومان کێشه‌ی مرۆڤن. ئیدی توێژینه‌وه له پرسه کولتوری و ئایینی و سیاسیه‌کان، ئاوه‌ڵاکردنه‌وه‌ی هزره. مافی خوێندنی فه‌لسه‌فه له‌پرۆگرامی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی و زانکۆ که چاومانتێبڕیوه، تائێمه‌ش له‌ورێوه بچینه مێژووی فه‌لسه‌فه‌وه هاوکات فه‌لسه‌فه‌ش بخه‌ینه ئێستا‌و مێژووه‌وه.
ئێمه خاوه‌نی پرسگه‌لی هه‌ستیارین، دڵنیام فه‌لسه‌فه واده‌کات دۆخێکی رۆشنخوازی خۆشبێ بۆئه‌وه‌ی پرسه میتافیزیکیه‌کان، سیسمتی حوکم، ماف و پرسی شوناس، زانست و ته‌کنه‌لۆجیا و پرسه‌ره‌وشتیه‌کان زۆریتیش بدوێنین. لێره‌وه ئێمه سه‌یری بایه‌خ و گرنگی فه‌لسه‌فه ده‌که‌ین به‌تایبه‌ت له‌بنیاتنانی ئه‌قڵی ره‌خنه‌یی و شرۆڤه‌یی و لێکده‌ره‌وه. ئه‌قڵێ که‌بتوانێ له‌دیارده‌و ده‌رکه‌وته‌کانی ده‌وروبه‌ری ره‌خنه‌بگرێ و له‌هه‌ڵه‌و گرفته‌کانیشی فێربێ. نوسین و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی، هه‌ر کارکردن نییه له‌ناو فه‌لسه‌فه خۆیدا، چونکی به‌وه داده‌بڕێ له‌کۆمه‌ڵگه‌و پرسیاره‌کانی. هه‌ر کارکردنیش نییه له‌سه‌ر پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا، چونکی وونده‌بێ له نێو زانسته‌کانی(کۆمه‌ڵناسی و مرۆڤناسی) دیکه‌دا. "فه‌لسه‌فه‌ی کوردی" ده‌کرێ پرۆژه‌یه‌کی داهاتووبێ، چونکی هێشتا ناتوانین له‌مێژوودا بیدۆزینه‌وه، به‌ڵام ده‌کرێ باس له‌هزرو دانایی و دونیابینی کوردی بکه‌ین، به‌جۆرێ له‌جۆره‌کان. هیچ گه‌ل و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک نییه هزرو روانینی خۆی نه‌بێ له‌رێکخستی ژیان و به‌ڕوێوه‌بردنی رێوڕه‌سمه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تییدا.
نه‌وزاد جه‌مال، مامۆستا له‌به‌شی فه‌لسه‌فه- زانکۆی سه‌لاحه‌دین