خۆشەویستی ژیانی خۆڵەمیشیمان بە بەختەوەری ڕەنگین دەکات

خۆشەویستی ژیانی خۆڵەمیشیمان بە بەختەوەری ڕەنگین دەکات

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

دابڕان لە کەسێک کە خۆشت دەوێت، ئاسانترە لە ژیان لەگەڵ کەسێکدا کە خۆشت ناوێت. هەر کە بە داوی خۆشەویستییەوە بووین، ئیدی دەبێت خۆمان بە تێکشکاو بزانین، ئاخر گەڕان بە دوای خۆشەویستیدا، گەڕانە بە دوای شکستدا. ئەوە زادەی لاوازیمانە کە دەکەوینە داوی خۆشەویستییەوە، بەڵام لووتکەی لاوازیمان کاتێکە کە دەستبەرداری خۆشەویستی دەبین. ئەگەر بەهێز و وریا نەبین، سێکس جادووکارێکی هێندە لێزانە، بە ئاسانی فریومان دەدات. ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت، حەوا لە پەراسووی ئادەم دروست کراوە، ئەوا خۆشەویستی: بە یەکتری شادبوونەوەی حەوا و ئادەمە. خۆشەویستی ڕاستەقینە، نە هیچ هەستێکی نامۆی تێکەڵ دەبێت و نە هیچ مەبەستێکی لە دواوە دەبێت، بە تەنیا و بە پشتبەستن بە خۆی دەژی. خۆشەویستی پرۆژەیەکە، بە مایەپووچبوونی عاشق کۆتایی دێت. خۆشەویستی درمێکە هەتا زۆری لێ بترسین، زووتر تووشی دەبین. ئەگەر زێدەڕۆیی لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستیدا بکەین، دەبینە جێی بەزەیی پێدا هاتنەوە، یان هەوێنی پێکەنین.

ئینسان هەتا زیاتر عەقڵی بخاتە گەڕ، هەستی پاسیڤتر دەبێت، هەتا زیاتر هانا بۆ ئاوەزی ببات، کەمتر گیرۆدەی خۆشەویستی دەبێت. لە ئەویندا بڕوا بە هەموو درۆیەک دەکەین و هەموو قسەیەکی پووچمان لێ دەبێت بە حەقیقەت. ئەوی نابینایانە عاشق ببێت، ڕەنگە هەم عەقڵی سووک بێت و هەم سۆزیشی چرووک. (وەلی) بە جۆرێک (دێوانە)ی شەم بووبوو، ساڵانێک دابوویە هەرد و کێو، کە قایل دەبن لەگەڵ شەمدا هاوسەرگیری بکات، یەکەم ژووان لێی دەپرسێت: وەک چۆن من شێت و شەیدای تۆ بووبووم، تۆیش بۆ من وا بوویت؟ شەم دەڵێت: ڕاستییەکەی من مێشێک میوانم نەبوو. ئیدی وەلی دیسان ڕوو لە هەرد و کێوان دەکاتەوە! (ژن بەسۆزترە لە پیاو، پیاو عاقڵترە لە ژن.) ئەگەر ئەو گوتەیە دروست بووایە، نە وەلی بۆ شەم شێت دەبوو، نە شەم بەرانبەر وەلی، هێندە ساردوسڕ دەبوو. سروشت هەم ئاوەز و هەم ئارەزووی بە ئینسان بەخشیوە، بەجێگەیاندنی ئارەزوو ئازارشکێنێکە، ئینسان لەو ئازارانە ڕزگار دەکات کە بە هۆی بەکارهێنانی ئاوەزەوە تووشی دێت. نیکۆڵا دی شامفوور کە فەیلەسووفێکی فەرەنسایییە، دەڵێت: ژن کە دۆستێک هەڵدەبژێرێت، ئەوەی بە لاوە گرنگ نییە، خۆی چەند پێی سەرسامە، ئەوەی بە لاوە مەبەستە، ژنانی دیکە پێی سەرسام بن.
*
زالکیند کە باسکارێکی سۆڤییەتی بووە، لە ساڵانی بیستی سەدەی بیستەمدا، لە بواری سێکسدا، (دوزادە ڕێنوێنی)ی ئاڕاستەی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ کردووە. ئەو گاڵتەی بەوە هاتووە کە ژیانی سێکسی، شتێکی تایبەتە بە هەر تاکێکی کۆمەڵ و پێی وابووە، ئازادی لە سێکسدا، تاک لە چین دادەبڕێت، لە خەباتی دوور دەخاتەتەوە و دەبێتە ڕێگر لە بەردەم نواندنی ئەو چالاکییە بەسوودانەدا کە چین پێویستی پێیانە. زالکیند دەیگوت: پێویستە ژیانی سێکسی وا ڕێک بخرێت کە خزمەت بە سەرهەڵدانی نەوەیەکی شۆڕشگێڕی تەندروست بکات. ئەو هەرچەندە بە تیۆری، دژی شێوازی کارکردنی واعیزە ئایینییەکان بوو، بەڵام بە پراکتیک ملی هەمان رێی گرت!

ڕێنوێنییەکانی هاوڕێ زالکیند:
(١) نابێت لەنێو پرۆلیتاریادا پێوەندیی سێکسی، زوو دەست پێ بکات.
(٢) چونکە چالاکیی سێکسی دەبێتە بەربەست لەبەردەم داهێناندا، بۆیە نابێت سێکس پێش هاوسەرگیری، ڕێگەپێدراو بێت و هاوسەرگیرییش دەبێت لە تەمەنی بیست ساڵی بە دواوە ئازاد بێت.
(٣) پێویستە پێشەکی پێوەندییەکی قووڵی خۆشەویستی، دوو کەس پێکەوە گرێ بدات، ئەوسا بە کاوەخۆ، بەریەککەوتنی سێکسی ڕوو بدات، ئاخر ئارەزووی سێکسی، ئەگەر تەنیا زادەی پێویستی جەستەیی بوو، ئیدی جیاوازی لە نێوان پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ و ئاژەڵاندا نامێنێت و نابێت پاڵنەری ئارەزووی سێکسی، شانی پان، یان کەفەڵی گۆشتن بێت.
(٤) پێویستە کردەی سێکس، دوا ئەڵقەی زنجیرەیەک پێوەندیی قووڵی نێوان ئەوینداران بێت. کە ئەوینداران هەستیان کرد لە هەموو ڕوویەکەوە، لە یەکدییەوە نزیکن و لە هەر دوو بواری ئەخلاقی و فیکریشدا هەمان بۆچوونیان هەیە، ئەوسا بیر لە سێکس بکەنەوە، ئاخر هەتا دەست بە سێکسکردنەوە بگیرێت، باشترە و نابێت توانای جەستە لە سێکسدا بە فیڕۆ بدرێت، بەڵکوو پێویستە بۆ داهێنان بخرێتە گەڕ، چونکە سێکس، دەبێتە هۆی وشکبوونی سەرچاوەی داهێنان.
(٥) سێکسی بەردەوام، لە یەکدی وەڕزبوونی بە دوادا دێت. ئەوینی قووڵ و زێدەڕۆیی لە سێکسدا، دوو هێڵی تەریبن، بە یەک ناگەن.
(٦) نابێت زوو زوو دۆست بگۆڕین! ئاخر گەڕان بە دوای دۆستی نوێدا، وەخت و وزەیەکی زۆری دەوێت کە پێویستە لە خزمەتی بەرژەوەندیی چینایەتیی پرۆلیتاریای شۆڕشگێردا بەگەڕیان بخەین.
(٧) دەبێت تاک هاوسەرگیریی ڕەچاو بکەین.
(٨) لەگەڵ هەموو سێکسکردنێکدا، دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت، ئەگەری لە دایکبوونی منداڵێک هەیە، ئاخر هیچ ڕێگەچارەیەکی خۆپارێزی شک نابەین و لەباربردنی منداڵیش زیانێکی زۆری بۆ ژن هەیە. قەتیش نابێت هانا بۆ سێکسکڕین ببەین، چونکە ئەگەری تووشبوونمان بە سووزەنەک لە گۆڕێدایە.
(٩) دەبێت لەبەر ڕۆشنایی مێتۆدی چینایەتیی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریادا، هاوسەر دەستنیشان بکەین. دەستبازی و نازونووز، لەگەڵ مێتۆدی ئێمەدا ناگونجێن. مێچکایەتیی لاواز، زادەی کۆیلایەتیی درێژخایەنی ژنە و نمایشکردنی سمێڵی زل و ماسوولکەی بەهێزیش، هی سەردەمی پێش سەرهەڵدانی تفەنگ بوون. وێڕای ئەمانە، شۆڕش بە مێچکایەتی و شانی پان سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت.
(١٠) نابێت بەدگومانیمان هەبێت، پێویستە ژیانی سێکسی و سۆزداریمان لەسەر بناغەی ڕێز لە یەکدی گرتن، یەکسانی، هاوبیری و متمانە دابمەزرێت. بەدگومانی کاتێک پەیدا دەبێت کە متمانەمان بە هاوسەرەکەمان نەبێت و لەوە بترسین کە ڕاستیمان لێ دەشارێتەوە. بەدگومانی زادەی ئەوەیشە کە سووک سەرنجی خۆمان بدەین و وا هەست بکەین، چونکە خراپین، خۆشەویستەکەمان پێویستی پێمان نییە و لای ئاسانە ناپاکیمان لێ بکات. ئەوانەی بڕوایان بە ئەوین نییە، شیاوی ئەوە نین، بڕوایان پێ بکەین، ئاخر چونکە خۆیان هانا بۆ درۆ دەبن، وای بۆ دەچن، هاوسەرەکانیشیان درۆیان بۆ دەکەن. لایەنێکی خراپی دیکەی بەدگومانی ئەوەیە کە پیاو، ژن بە موڵکی خۆی دەزانێت، یان ژن، پیاو بە موڵکی خۆی دەزانێت، پێ داگرتنیش لەسەر موڵکی خۆ، لەگەڵ بەرژەوەندی چینایەتیدا ناکۆکە. هەڵبژاردنی هاوسەر، دەبێت بە پلەی یەکەم لەبەر ڕۆشنایی قازانجی پرۆلیتاریادا بێت، لە کاتی لە یەکدی جودابوونەوەیشدا، هەر دەبێت بەرژەوەندیی چینایەتی ڕەچاو بکرێت.
(١١) نا بۆ لادانی سێکسی! ئاخر لادانی سێکسی هەمیشە زێدەڕۆیی بە دوادا دێت و سێکس، ژیانی لادەر داگیر دەکات و لادەر ژیانی سیکسیی هاوسەرەکەیشی دەشێوێنێت. دەبێت پرۆلیتاریا چی توانای هەیە، بیخاتە گەڕ، بۆ ئەوەی لادەر بهێنێتەوە سەر ڕێی دروست.
(١٢) حیزب لە پێناوی شۆڕشدا و بۆ ئەوەی سێکس، داهێنانی لێ بکەوێتەوە، مافی ئەوەی هەیە، دەست وەر بداتە نێو ژیانی سێکسیی ئەندامەکانییەوە. زەلیلکردنی ژن و بە نەخوێندەوار هێشتنەوەی، وای لێ دەکەن، بایەخێکی زۆر بە ‌هەڵچوونە سێکسییەکانی بدات، ئاخر لە هەلومەرجی وادا، توانای ئەوەی نابێت، گەشە بە لایەنە ڕۆحییەکانی بدات. لای پیاوی نەفامی کەللەڕەق، ژنی وا، نێچیرێکی لاوازە و بە ئاسانی ڕاو دەکرێت، بەڵام ژنی ئازادی هۆشیار، بەشێک لەو وزە سێکسییەی شکی دەبات، لە پێناوی داهێناندا دەیخاتە گەڕ.

*
وەک چۆن پاشاکەی هانس کریستیان ئەندەرسن ڕووتوقووت بوو، ئەوەیشی پێی دەڵێن ڕەوشت، لە وەهم بەولاوە هیچی دیکە نییە. پێوەندیی سێکسی نێوان ژن و پیاو، لە سێ شێوەدا کۆ دەبێتەوە: هاوسەرگیری، پێوەندیی ئازاد و سێکس کڕین و فرۆشتن، جێی داخە هەر سێ شێوەکە، کەم و زۆر هەم بەشداری لە پیسکردنی دەروونی ئینساندا دەکەن و هەم ئەوەی پێی دەڵێن بەختیاری، دابینی ناکەن. دوو لایەنە هەرە تاریکەکەی هاوسەرگیری بریتین لە: گرێبەستێک لە نێوان ژن و مێرددا هەیە، کە ئەستەمە لێی قوتار ببن و هەر یەکێکیشیان ئەوی تریان بە موڵکی خۆی دەزانێت.

ئەگەر پیاو یان ژن، هەر کامێکیان لافی ئەوەی لێ دا، ڕۆڵی گرنگ لە دابینکردنی بژێویی خێزاندا دەبینێت، ئەوە بەرژەوەندی، نەک خۆشەویستی، ئەو ژن و پیاوەی لەژێر بنمیچێکدا کۆ کردوەەتەوە. ژن و مێرد بە گشتی، نە لە ڕووی دەروونییەوە، هیچ لە بارەی یەکترەوە دەزانن و نە وەک دوو جەستە هۆگری یەکن و نە وەک ڕۆحیش هیچ کۆیان دەکاتەوە، بۆیە وەک مەحاڵ وایە، بە خۆشی پێکەوە بژین. ژن و مێرد، چونکە یەکدی بە موڵکی جێگیری خۆیان دەزانن، ئیدی هیچ بە پێویستی نازانن، هەوڵ بۆ ئەوە بدەن، یەکترییان لە کیس نەچێت، ئەوە بۆیە نە نازی یەکدی هەڵدەگرن، نە قسەیەکی شیرین بە گوێی یەکدیدا دەچرپێنن و کە یەکدیش ڕادەمووسن، لە ئەوینداری ڕاستەقینە ناچن، لەوە دەچێت، ڕۆڵی عاشق نمایش بکەن، هێمن گوتەنی: ماچەکانیان سینەمایییە، نەک خودایی.
وەرە ماچم دەیە، ماچی خودایی
کە بێزارم لە ماچی سینەمایی.

ئینسان ئەگەر ناچاری کڕین یان فرۆشتنی سێکس بوو، ئیدی ئەوە لووتکەی کەساسییە، ئاخر بێجگە لەوەی، ڕەنگە تووشی نەخۆشیی جەستەیی ببێت، هەم ڕۆحی دەشێوێت و هەم دەروونیشی دەبێت بە کەلاوە. ئەوی سێکس بکڕێت یان بفرۆشێت، ئیدی چراوگی خۆشەویستی لە دڵیدا دەکوژێتەوە و خوداوەندی ئەوین لێی دوور دەکەوێتەوە. لەشفرۆش، هەروەها لەشکڕیش، بە شێوەیەک تەلاری ڕۆحی خاپوور دەبێت، وا هەست دەکات گرانبەهاترین شتێک کە شکی دەبات، لێی زەوت کراوە، ئاخر ئیدی ڕەنگە قەت هەست بە خۆشەویستی نەکات، هەر کەسێکیش لە هەستی خۆشەویستی بێبەش بێت، خۆی لە کیس دەچێت، ئاخر ئێمە تەنیا بە هۆی خۆشەویستییەوە دەبین بە ئینسانێکی تەواو.

ئەلیکساندەر کۆلۆنتای (١٨٧٢ _ ١٩٥٢) دەڵێت: (پیاوی لەسەر سێکسکڕین ڕاهاتوو، دەروونی وا دەشێوێت، قەت ناتوانێت لە ئاسمانی ئێرۆسی ڕاستەقینەدا لە شەققەی باڵ بدات و بە باڵایی بگات، پیاوی وا تەنیا بۆ تێرکردنی پێویستییەکی بەرتەسکی بێڕەنگ، لە ژن نزیک دەبێتەوە، پیاوی وا قەت تەزووی هەستی خۆشەویستی بە دەماریدا گوزەر ناکات و تا ماویشە هەست بە گرێی کەموکووڕی و بە وشکبوونەوەی ڕۆح دەکات.) خۆشەویستیی ئازادیش گەلێک لایەنی تاریکی تێدایە، ئاخر هەندێک جار هەر لە خۆفرۆشتنی دەمامکدار دەچێت، هەرچەندە ئەویندار ناچارە وەختێکی زۆری بۆ تەرخان بکات، زۆرتر لەو وەختەی ژن و مێرد بە یەکدی دەبەخشن، ئەگەرچی هیچ گەرەنتییەکیش نییە، ئەم جۆرە خۆشەویستییە ئینسان لە قەیرانی سێکسی ڕزگار بکات. ئەگەر خۆشەویستیی ڕاستەقینە، بریتی بێت لە گونجاندنی ڕۆحی و جەستەیی و تێگەییشتنی قووڵ لە یەکتری، ئەوا ڕەنگە هیچ کام لەو مەرجانە، لە ئەوینی ئازاددا نەبن.

ئەو خەڵکە یان هاوسەرگیریی پێک دەهێنن، یان لە دەرەوەی هاوسەرگیریدا بە دوای سێکسدا دەگەڕێن، بە دەگمەن کەسانێک هەن، سەرقاڵی خۆشەویستی بن. خۆشەویستی ئەوەیە، ژیانی خۆڵەمیشیمان بە بەختەوەری ڕەنگین بکات، بەڵام تا یەک دووانێک بەو چەشنە ئەوینە دڵشاد دەبن، گەلێک کەس، لە سایەی ژیانی هاوسەرگیرییەکی دوور لە خۆشەویستییەوە، لە ناچارییەوە، دەخزێنە ئامێزی ساردوسڕی بێ سۆزی یەکدییەوە و گەلێکی تریش، برسییەتیی سێکسی، ڕێگەی کڕینی چێژیان پێ دەگرێتە بەر. کە شادبوون بە خۆشەویستیی ڕاستەقینە، شتێک بێت وەک مەحاڵ، ئیدی ئەوە دەبێتە کارێکی ئاسایی، ئینسان هانا بۆ دۆستایەتیی ئێرۆسی ببات. ژنە فێمینیستی نەمسایی گرێت مایزیڵ هێس (١٨٧٩ _ ١٩٢٢) دەڵێت: (لایەنی گەشی دۆستایەتیی ئێرۆسی ئەوەیە، لەو کۆیلایەتییەی بە هۆی هاوسەرگیرییەوە تووشی دەبین، دەمانپارێزێت و لێ ناگەڕێت خودی خۆمان بە دەم شەپۆلی ئارەزوویشەوە بدەین.)

لینین لە نامەیەکدا کە لە ١٧ی یەنایەری ١٩١٥دا بۆ (ئێنیسا ئارماند)ی (١٨٧٤ _ ١٩٢٠) کە چالاکێکی بزووتنەوەی کرێکارانی ڕووسیا بوو، نووسیوە، دەڵێت: (هاوڕێ ئازیزەکەم! ئازادیی خۆشەویستی، داخوازییەکی بۆرژوایانەیە، نەک هی پرۆلیتاریا، بۆیە بە تەواوی وازی لێ بهێنە! ئایا ئازادیی ماددی دەڵێیت؟ یان خۆ ئازادکردن: لە ئایین؟ لە ئەفسانە؟ لە دابونەریتی کۆمەڵ؟ لە یاسا و دادگا و پۆلیس؟ لە منداڵبوون؟ لە کرۆکی دەوڵەمەندی خۆشەویستی؟ یان ئازادیی ناپاکیکردن لە ژیانی هاوسەرگیری؟ دەزانم مەبەستت خۆ ئازادکردن نییە لە کرۆکی پوختی ئەوین و مەبەستیشت ئازادیی ناپاکیکردن نییە، بەڵام خواستت ڕوون نییە.

ئێنیسا ئارماند لەبەر ڕۆشنایی تێزەکانی (مارکس و ئێنگڵس)دا، دەڵێت: (هاوسەرگیری لای بۆرژوا، چونکە لەسەر بناغەی قازانجی ماددی دادەمەزرێت، نەک لەسەر بناغەی خۆشەویستی، بۆیە جۆرێکە لە لەش کڕین و فرۆشتن.) ئارماند پێی وایە کە پرۆلیتاریا دەسەڵاتی گرتە دەست، ئیدی لەش کڕین و فرۆشتنی فەرمی و نافەرمی کۆتاییان پێ دێت، ئیدی هاوسەرگیریی بۆرژوایانەی کرێگرتە کە لە گرێبەستێکی بازرگانی دەچێت، دوایی پێ دێت. هەروەها دەبێژێت: (خێزانی بۆرژوایانە هەمیشەیی نییە و بە هەرەسی سەرمایەداری لە بەین دەچێت و ئیتر ژن لە کۆیلایەتیی نێو ماڵ قوتاری دەبێت و دەتوانێت لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدرایی هەبێت.)

ئێنیسا ئارماند لە پاییزی ١٩١٦دا، نامەیەکی بۆ کیژەکەی نووسیوە، تێیدا دەڵێت: کە خۆشەویستی بە گوناهێکی گەورە و پەڵەیەکی شەرم لە قەڵەم دەدرێت و داوا دەکرێت، خەڵک خۆیانی لێ بە دوور بگرن، پێشینەی ئەم تێزە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئەو وەختەی (دێر)ی ژنان و هی پیاوان دامەزرا. ڕاهیبەکانی ئەو دێرانە، داوای پاکژییەکی تەواویان دەکرد، ئەو پاکژییەی تۆلستۆییش لە ڕۆمانی (زیندووبوونەوە)دابانگەشەی بۆ کردووە. بە پێچەوانەی ڕاهیبەکان و (تۆلستۆی)یەوە، یۆنانییەکان سەجدەیان بۆ جوانی دەبرد و باسی ئازادیی خۆشەویستییان دەکرد، بەڵام ئەوانیش تەنیا جوانیی جەستەیان خۆش دەویست، ڕۆح بە لایانەوە مەبەست نەبوو.

لە سەدەکانی ناویندا، پیاوانی ئایین وەک چەکی دەستی شەیتان سەیری ژنیان دەکرد و دەیانگوت: خودا ژنی بۆ فریودان و لە ڕێی ڕاست لادانی خەڵکی خوڵقاندووە. جوانیی لە فیکری یۆنانیدا، وابەستەی سروشتە و ژنیشیان بە گوڵێکی زێدە جوانی سروشتی دەچوواند و وەک ئینسان سەرنجیان نەدەدا. ژنیان بۆ ئەوە نەدەویست دۆست و هاوڕێیان بێت، ژنیان بۆ سەما و گۆرانی دەویست. ژن لایان هاوسەر نەبوو، کەنیزەک بوو، لە زیندانی ماڵدا ژیانی بەسەر دەبرد، بۆ خۆی نەدەژیا، بۆ ئەوە دەژیا، چێژ بە پیاو ببەخشێت، وەچە بخاتەوە و ئیشوکاری ماڵ بەڕێوە ببات.

ئەگەر خۆشەویستی نەبووایە، مرۆڤایەتی دوایی دەهات، بۆیە هیچ دوور نییە لە داهاتوودا، ئینسان خوداوەندی خۆشەویستی بپەرستێت، ئاخر کە هەستمان کرد، خۆشیان دەوێین، ئەوسا بڕوا بەوە دەکەین، وەک ئینسان ددانمان پێدا نراوە و ئیدی هەست بە تەنیایی ناکەین و ڕەنگە بگەینە لووتکەی بەختەوەرییش. دەشێت دوو کەس بە ڕێکەوت یەکتری بناسن و ئەو دیدارە بەرەو خۆشەویستییەکی مەزنیان ببات. خۆشەویستی کۆلۆنتای گوتەنی: ئەگەر زیانی بۆ کەس نەبێت و گوشارێکی ماددی لە دواوە نەبێت، هەقە کۆمەڵ ددانی پێدا بنێت و ڕێزی لێ بگرێت.

کۆڵۆنتای پێی وایە، (نابێت ژن، خۆشەویستی بە بناغەی ژیانی بزانێت، بەڵکوو دەبێت بە هۆکارێکی بزانێت بۆ دۆزینەوەی خودی ڕاستەقینەی خۆی. دەبێت ژن فێر بێت کە تووشی کێشەیەکی سۆزداری هات، بە ڕۆحێکی بەهێزترەوە لێی بێتە دەرەوە، نەک بە دوو باڵی شکاوەوە.) گۆتە دەیگوت: (دەبێت فێر ببین، لە کاتی گونجاودا، ڕابردوو فڕێ بدەین و وا پێشوازیی لە ژیان بکەینەوە، وەک تازەکی لە دایک بووبین.) نابێت لێ بگەڕێین، شەپۆلی خۆشەویستی گەمە بە گەمێی ژیانمان بکات، دەبێت وەک کاپتنێکی خاوەنئەزموون، بە چاوپۆشین لە بەهێزیی شەپۆلەکان، وا ڕەوتار بکەین، گەمێی ژیانمان لە کەناری دڵنیاییدا، ئارام بگرێت.
*

(١) أ. ب. زالکیند، إثنتا عشرة وصیة جنسیة للبرولیتاریا الثوریة.
(٢) ألکساندرا کولونتای، الحب وألأخلاق الجدیدة.
(٣) نیکولا سیباستیان دی شامفوور، حکم وخواطر، أقوال مأثورة.
(٤) أنیسا إرماند، مارکس وإنجلس حول مسألة الأسرة والزواج.
(٥) فلادیمیر لینین، رسالة إلی إنیسا أرمان ١٧ کانون الثاني ١٩١٥
(٦) من رسالة ارماند إلی إبنتها، إنیسا أرماند خریف ١٩١٦
Top