دیموکراسيی کوردی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی

دیموکراسيی کوردی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی

نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان*

-1-
دنیای کوردی، نە لەسەر ئاستی پراکتیك نە لەسەر ئاستی تیۆری، مێژوویەکی درێژی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە. ئێمە نە لە زانکۆکانی کوردستاندا تیۆریزەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیمان کردووە نە واقیعی کۆمەڵایەتیشمان، لە رابردووی درێژدا، بەرهەمی ململانێکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بووە. تێبینیەکی لەم شێوەیە دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی کە باسکردن لە «چیەتی» و «چۆنیەتی» بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی تیۆری و پاشان رووناکی خستنە سەر چەمکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ و دواتر پەیوەستکردنیان بە دنیای کوردییەوە، نەك هەر کارێکی بێهودە نییە بەڵکو فەرمانێکی هەنووکەییشە. گەر بۆ فەرەنسیەك پرسیاکردن لە چییەتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئێستا و ئێرەدا بێ مانابێت، بۆ دنیای کوردیی «دەستلێنەدراوی» ئێمە، نەك هەر پڕ مانایە، بەڵکو پێداویستییەکی تیۆری و پراکتیکیشە.
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی چییە؟ لە چی هەلومەرجێکدا دروستدەبێت؟ کێ دروستیدەکات؟ بەچی گردبوونەوەیەکی مرۆڤەکان دەوترێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی؟ کامانەن رەهەندەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کلاسیکی؟ لەکوێدا و چۆن و کەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی کلاسیکی جیادەبێتەوە؟ چۆن، کەی، بەچی و لە چ رێگایەکەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەتوانن چاودێریی دیموکراسی بکەن؟ کوردستان لەکوێی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندایە؟ دیموكراسی کوردی چۆن دەتوانێت لەگەڵ سەرهەڵدان و کارابوونی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیانەدا مامەڵەبکات؟ ئەم پرسیارانە کۆی ئەو چوارچێوەیە «ئیشکالییە» پێکدەهێنن کە رووبەری لێکدانەوەکانی ئەم بابەتەن و سەرەتا لە پێناسەکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەکەین.
بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ئاسایی (کلاسیکی) بریتییە لە کۆی هەموو ئەو دۆخانەی کە گرووپێك لە مرۆڤەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە و پێکەوە دەیانجووڵێنێت و لەسەر چەند شێوازێكی دیاریکراو رەفتاریان پێدەکات. ئامانجی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بریتییە لە گومان دروستکردن لەسەر رەهەندێك لە رەهەندەکان یان تەواوی رەهەندەکانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی/سیاسی و پاشان هەڵوەشانەوەی و دواتر گۆڕینی بۆ سیستەمێکی دیکە. ستراکتۆری بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەسەر بەهای هاوبەش و هاریکاریی هاوبەش خۆی بینادەکات و لە کات و شوێنی پێویستدا و لەپێناوی مەسەلە چارەنووسسازەکان و پرسە باڵاكاندا خۆی «تەعبئە /مۆبیلیزە» دەکات؛ ئەمەش لەڕێگای چەندین چوارچێوەی جیاوازی ناڕەزایی دەربڕینەوە. لێرەوە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەبێت بە هەڵگری ئەم گریمانانەی خوارەوە:
• پرۆژەی کۆمەڵگەیی
ئەندامانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەموو ئەو کەسانەن کە خاوەنی پرۆژەیەکی هاوبەشن و لەپێناوی بەدیهێنانیدا «ئەدڤێرسێر/خەسم»ـێکیان هەیە و ململانێی لەگەڵدا دەکەن. ئەم «ئەدڤێرسێر/خەسم»ـە هەروەك دەکرێت خاوەن کارێك بێت ئاواش دەکرێت دەزگایەك یان دەسەڵاتی سیاسی بێت. چەند درۆیەکی گەورەیە کە دەوترێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەستوەرناداتە کاروباری سیاسییەوە! نەك هەر دەستی تێوەردەدات بەڵکو بە رۆح و لاشەیشیدا دەچێتە خوارەوە و ئێسقان بە ئێسقانی تێکەڵی دەبێت.
• هاریکاری لەنێوان ئەندامەکانیدا
ئەندامانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، لەڕێگای هەستکردن بە ئینتیمایەکی هاوبەشەوە، پەیوەندییەکی دامەزراو لەسەر هاریکاری (سۆلیداریتێ) بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە. لەساتەوەختە پێویستەکاندا بەدەم یەکتریەوە دێن و وەڵامی پێداویستییەکانی یەکتری دەدەنەوە. لە سێبەری مێکانیسمی هاریکاریدا، ئەندامانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر بە ئاسانی دەتوانن، لە کاتە پێوسیتەکاندا، «تەعبئەی» خۆیان بکەن و پێکەوە کۆببنەوە. بێگومان بۆئەوەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بتوانێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، پێویستە چەندین چرکەساتی تایبەتی جۆشدراو بۆ کۆبوونەوە و بەیەكگەشتنی ئەندامەکانی دروستبکات. بەبێ چرکەساتی جۆشدراو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناتوانێت لە مەیدانەکەدا بمێنێتەوە.
• کەرەسەکانی خۆ رێکخستن و کار
چوارچێوەکانی ناڕەزایی دەربڕینی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەمەجۆر و فرەن: واژووکردنی بەیاننامە، مانگرتنی گشتی، مانگرتن لە خواردن، یاخیبوونی مەدەنی، داگیرکردنی شوێنی گشتی، داگیرکردنی هێڵی سەرەکیی گواستنەوە، لافیتە هەڵواسین، دەرکەوتن لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، بڵاوکردنەوەی وتار لە رۆژنامەکاندا، رێکخستنی گەورەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەك فەیسبوك، هتد. بێگومان هەر یەکێك لەم رووبەرانە سیستەمی رێکخستنی دامەزراو لەسەر کۆدی تایبەت هەیە و بڕیارە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دەستەمۆی کردبن.
لێرەوە سەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی راستەوخۆ دەلکێت بە توانایی «تەعبئە» کردنی جەماوەرەوە، دەلکێت بە توانایی کۆکردنەوە و هاندان و بەکارهێنانی جەماوەر لەپێناوی بەرگریکردن لە هەڵوێست و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەندامانی بزووتنەوەکەدا. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کلاسیکی لە ئاستێکی تەواو بەرزدا رێکخراوە و لە ئان و ساتێکدا دەتوانێت زۆربەی ئەندامەکانی بڕژێنێتە سەر جادەکان.
بێگومان ئێمە بەتەنیا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیمان نییە، بەڵکو چەندین بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیمان هەیە. سەدەی نۆزدە و بیست مەیدانی سەرهەڵدانی دەیان بزووتنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی تەمەن درێژبوون، بەتایبەتی لە وڵاتە پیشەسازیەکاندا. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیشدا چەندین چوارچێوەی دیکەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ سەریانهەڵدا کە کەمتر ماتریالیستبوون و زیاتر لەسەر بەهاکان کاریاندەکرد. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیانە لەبری خۆبیناکردن لەسەر شوناسی چین بە مانا مارکسیەکەی هاتن و خۆیان لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ گروپێکی کۆمەڵایەتی بیناکرد، وەك لەم نموونانەی خوارەوەدا تێبینی دەکەین.
• بزووتنەوەی فێمینیست
راستە لە دوا چارەکەی سەدەی بیستەمدا بزووتنەوە فێمینیستەکان بەو پەڕی هێزەوە دەردەکەون و خۆیان بەسەر کێڵگە جیاوازەکاندا فەرزدەکەن، بەڵام ئەوەش راستە کە رەگوڕیشەکانی ئەم بزووتنەوانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی، بەتایبەتی لە ساتەوەختی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤەوە؛ کە ئیشکالیەتی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو وەك دەرهاویشتەیەکی گرنگ تێبینی دەکرێت. هەر لەو ساتەوەختەوە، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەی پیشەسازی دەبن بە مەیدانی سەرهەڵدانی گفتوگۆی بەهێز لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو. لە شەستەکانی سەدەی رابوردودا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت بە رووبەری سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کارای کۆمەڵایەتی بەناوی «بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان»، کە دەکرێت وەك یەکێك لە دەرکەوتە هەرە توندەکانی بزووتنەوەی فێمێنیست بناسێنرێت. هەروەها لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا و لە فەرەنسادا بزووتنەوەیەکی دیکەی رادیکاڵی فێمینیست بەهەمان ناوەوە (بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ژنان) لەدایک دەبێت. ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم بزووتنەوانە بریتین لە: یەکسانیی کار و مووچە لەنێوان ژن و پیاودا، مافی کۆنترۆڵکردنی لاشەی ژنان لەلایەن ژنان خۆیانەوە، ململانێ دژ بە لاقەکردن، مافی لەباربردنی منداڵ، مافی بەکارهێنانی حەبی مەنع، ململانێ دژ بە ناچارکردنی ئافرەت بە شووکردن، تێکۆشان لەپێناوی بەدەستهێنانی پۆستی سیاسی، هتد.
• بزووتنەوەی رەشپێستەکان
ئەم بزووتنەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە نییە و لەدەرەوەی کارل مارکس خۆی رێکدەخات. ئامانجی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە بریتییە لە سڕینەوەی ئەو جیاکاریە سەخت و زەبروزەنگاویەی کە لەنێوان رەشپێستەکان و سپیپێستەکاندا دەکرێت. چەند ئەم بزووتنەوەیە سەرکەوتووبێت لە کورتکردنەوەی مەودای نێوان سیپی پێستەکان و رەشپێستەکاندا، هێندەش لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی نزیکدەبێتەوە. ئەم بزووتنەوەیە سەرەتا لە ئەمریکادا سەرهەڵدەدات و پاشان بە وڵاتانی رۆژئاوادا بڵاودەبێتەوە.
• بزووتنەوەی پەراوێزخراوەکان
لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا پرسی «کەوتنە سەر جادە» یاخود لەدەستدانی کار کە لە زۆربەی دۆخەکاندا یەکسانە بە لەدەستدانی ماڵ و پاشان هەڵوەشانەوەی خێزان و دواتر لەدەستدانی هەموو شتێك و کەوتنە سەر جادە، بۆ یەکساتیش بێدەنگ نابێت. ئەم پرسە هەمیشە ئامادەیە، هەمیشە لێرەیە و رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندایە. ئەوانەش کە دەکەونە سەر جادە سەر بە هەموو کاتیگۆریە کۆمەڵایەتییەکانن. هەر لە مۆسیقارێکەوە بیگرە تادەگاتە کرێکارێك، هەر لە کادرێکی باڵاوە بیگرە تادەگاتە قاپشۆرێك، پێکەوە لەبەردەم گریمانەی کەوتنە سەر جادەن، کە یەکسانە بە دوورخستنەوە و کەوتنە پەراوێزەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. لە هەلومەرجێکی ئاوادایە کە وڵاتانی رۆژئاوا دەبن بە سەرزەمینی دەیان بزووتنەوەی گەورەی کۆمەڵایەتی کە ئامانجی سەرەکیان بریتییە لە بەرگریکردن لە مافەکانی هەموو ئەوانەی کە دەچنە خانە پەراوزێکراوەکانەوە. ئەم بزووتنەوانە بەهێزن و دەتوانن کارایی دابنێن بەسەر نوخبەی دەسەڵات و تەنانەت تەواوی کۆمەڵگەشەوە، بێگومان کارایی دانان مانای چارەسەرکردنی رادیکاڵانەی تەواوی کێشەکە نییە، بەڵکو دەرکردنی یاسا و پێداگرتن لەسەر جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆژانەی کە لەبەرژەوەندیی ئەم کاتیگۆری کۆمەڵایەتیەدان.
• بزووتنەوەی کۆچبەران
لەدوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە و بەتایبەتی لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، لە وڵاتانی ئەوروپادا و لە ئاستی جیاوازدا، چەندین بزووتنەوەی کۆچبەران لەدایک دەبن. ئامانجی سەرەکیی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە بریتییە لە ململانێ لەگەڵ راسیزمدا. راسیزمێك کە کەسی کۆچبەر دەکات بە نیشانە و راستەوخۆ دەیپێکێت. لەم راسیزمەدا کۆچبەر وەك سەرچاوەی هەموو کارەساتەکان، قەیرانەکان، مەترسیەکان، دڕندەییەکان، لەدەستدانەکان و تاوانەکان دەستنیشاندەکرێت. لە بەرامبەر راسیزمێکی لەم شێوەدایە کە بزووتنەوەی کۆچبەران دەتوانێت، بۆنموونە لە وڵاتێکی وەك فەرەنسادا، زیاتر لە سەد هەزار هاووڵاتی بێنێتە سەر جادەکان و گورزی سەخت لە بناغە دامەزراوەکەی راسیزم بدات. تراژیدیای کۆچبەران لەوەدایە کە لە هەر ساتەوەختێکی هەڵبژاردنەکاندا، بەبێ خواستی خۆیان، دەبن بە بابەتی رۆژ، بەتایبەتی لای راستڕەوەکان کە دەیانەوێت ئەژدیهایەك، دێوێك لە کەسی کۆچبەر دروستبکەن؛ دێوێك کە لە هەر ساتێکدا دەتوانێت پەلاماری ئەوروپییەك بدات و بە زیندوویی قوتی بدات. فەرەنسییەکی لادێی کە تەنیا لە تەلەفزیۆندا کۆچبەری بینیوە، لەبەرامبەر وێنەیەکی لەم شێوەیەدا، زراوی دەتۆقێت و تەنیا و تەنیا راستڕەوەکان وەك فریادرەس دەبینێت و ناچار دەنگیان پێدەدات. لێرەوە ئەرکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چەندە هێندەی تر سەخت و ئاڵۆزاویتر دەبێت.
• بزووتنەوەی ژینگەپارێزی
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا و لەسەر ئاستی جیهان سەدان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ژینگەپارێز دروستبوون و لە چەندین وڵاتدا خۆیان وەرگێڕاوەتە سەر حزبی سیاسی. ئامانجەکانی سەرەکیی ئەم بزووتنەوانە بریتین لە بەرگریکردن لە ژینگە، گەشەکردنی کۆمەڵگەکان لەسەر بنەمای سەرچاوە سروشتییەکان، داهێنانی سەرچاوەی وزەی بەدیل. بەڵام بەپێی گەشەکردنی فیکری و سیاسی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە، ئەو ئامانجانەش گەشەدەکەن، بۆنموونە لە ئێستادا بەرگریکردن لەو کەسانەی کە هیچ مافێکی پەنابەرێتیان پێنادرێت و بەبێ «وەرەقە» ناوبانگیان دەرکردووە بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئامانجەکانیان، هەر وەك بەرگریکردن لە هۆمۆسێکسیوالەکان بەشێکی گرنگە لە بەرنامەکانیان.
• بزووتنەوەی ئەلتەر گلۆبالیزەیشن
مێژووی ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەشتاکانی سەدەی بیستەم، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە سەدان هەزار مرۆڤی ئەوروپی و ئەمەریکی، دژ بە قەرزارکردنی لە رادەبەدەری وڵاتانی جیهانی سێیەم لەلایەن بانکی نێودەوڵەتییەوە، خۆیان «تەعبیئە» دەکەن و دەڕێژینە سەر جادەکان. لەگەڵ سەرهەڵدانی جیهانگیریدا (گلۆبالیزەیشن)، کە بناغە سەرەکییەکەی بریتییە لە تەماشاکردنی جیهان وەك بازاڕێکی گەورە، ئەم بزووتنەوەیە زۆر بەهێزتر لەجاران خۆی رێکدەخات و بانگەشە بۆ جیهانگیرییەکی دیکەی جیاوازدەکات. جیهانگیرییەکی بیناکراو لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکان. لەم جیهانگیرە نوێیەدا پرۆسێسی گەشەکردن بەجۆرێك خۆی بەدیدەهێنێت کە دەکرێت مرۆڤەکان، بەبێ پێشێلکردنی بەها سەرەکییەکانیان، پشتیوانی لێبکەن، هەروەها دەزگا گەورە جیهانییەکانی وەك سندوقی نەختی نێودەولی [(IMF) International Monetary Fun] كە وەك حکومەتی جیهانی نوێ ناسراوە و رێکخراوی بازرگانی جیهانی [World Trade Organization (WTO) ] دیموكرزتیەربکرێن و بە هەمو توانایەکەوە پشتیوانی لەو وڵاتانە بکرێت کە لەسەر رێگای گەشەکردنی ئابوورین.
فرەیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان یەکسان نییە بە لێکچوون و هەماهەنگییەکی ئۆتۆماتیکی لەنێوانیاندا. بەپێچەوانەوە، چەند ئەم بزووتنەوانە فرە جۆربن، هێندەش ئامادەیی گریمانەی لێکدژی لەنێوان ئامانجەکانیاندا بەهێزتر دەبێت. دەکرێت بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەناوی شەرعیەتی پارێزگاریکردن لە ژینگەوه، ‌زۆر بەتوندی دژایەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمۆبیل بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا بزووتنەوەیەکی دیکە بەناوی شەرعییەتی کار و پارێزگاریکردن لە کرێکارانەوە، بەتوندی بەرگری لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل بکات. واتە ئامادەیی چەند بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە رووبەرێکدا مانای یەکێتیی ئامانج و بەرنامە و میتۆدەکانیان نییە، بەپێچەوانەوە، مانای ئامادەبوونی بەرگریکردنە لە بەرژەوەندیی جیاواز، خەونی جیاواز و چاوەروانی جیاواز.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتیيە نوێیەکان، تەواو بەپێچەوانەی تێزەکانی کارل مارکسەوە کە پێی وابوو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر بنەمای «ئیستیغلال» دامەزراون، دێن و وەك ماکس ڤێبەر مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن؛ بەو مانایەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای «هەیمەنە» خۆیان بینادەکەن. لەم روانگەیەوە ململانێی سەرەکی ئەوان چیدی لەپێناوی دابەشکردنەوەی داهاتدا نيیە، بەڵکو لەپێناوی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵاتدایە. بێگومان لەنێو ئەم چوارچێووە گشتیيەدا دەکرێت چەندین رەگەزی «ئیستیسنا»ش بدۆزینەوە. واتە تابلۆکە بەتەنیا یەك رەنگی نیيە، هەرچەند مۆرکە سەرەکیەکەی ڤێبەریە تا مارکسی.

* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top