بەختیاریی هاوسەرگیری لە وەهم بەولاوە هیچی تر نییە

بەختیاریی هاوسەرگیری لە وەهم بەولاوە هیچی تر نییە

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

فەیلەسووفی ئینگلیز جۆن لۆک (١٦٣٢ _ ١٧٠٤) دەڵێت: (ئەوی بە ڕاستی عەوداڵی گەڕان بێت بە دوای ڕاستیدا، پێویستە سەرەتا ئاوەزی لەسەر خۆشویستنی ڕاستی ڕابهێنێت، ئاخر ئەوی ڕاستی خۆش نەوێت، خۆی لە پێناوی دۆزینەوەیدا ماندوو ناکات.) نووسەری فەرەنسایی ئەنتوان ڕیفارۆل (١٧٥٣ _ ١٨٠١) پێی وایە: (ئاوەزی ئینسان دەرک بە دوو جۆر لە ڕاستی دەکات، جۆرێکیان ئەوانەن کە دەبێت بگوترێن و جۆرەکەی تریشیان ئەوانەن کە بۆ گوتن ناشێن.)

ئەوین بەشێک لە ژیانی پیاو پێک دەهێنێت، بەڵام هەموو ژیانی ژن داگیر دەکات، بۆیە دەشێت دەستێکی کوشندەی لێ بوەشێنێت. زەبری ئەوین، زیاتر ئەو کاتە جەرگبڕ دەبێت کە تاکلایەنە بێت. ئەوین داگیرکارێکە پێ بنێتە خاكی ژیانی هەر ئینسانێکەوە، دەستبەجێ وای دەگۆڕێت وەک دەخوازێت. ئەو چێژەی عاشق بە دوایدا وێڵە، تەنیا لای خۆشەویستەکەی پەیدا دەبێت، یان دروستتر، عیشق جیاوازیی نێوان چێژبەخشین و چێژوەرگرتن دەسڕێتەوە، ئاخر کە دوو کەس عاشقی یەکدی دەبن، وەک یەک کەسیان لێ دێت و ئیدی ئەمیان وا هەست دەکات، ئەوی تریانە. نووسەری ئەمریکایی چاڕلز ویلیامز (١٨٨٣ _ ١٩٦٣) دەڵێت: (من بێجگە لە تۆ، هیچی دیکە نیم، ئیدی پێویست دەکات، پێت بڵێم، خۆشم دەوێیت!)

کە پیاوێک دڵی بۆ ژنێک لێ دەدات و بە ئومێدی هاوسەرگیریی لەگەڵیدا، لێی نزیک دەبێتەوە، ئەوە ئەوین نییە، حەزە، ئاخر ئەوین ڕووی لە ڕۆحی ئینسانە نەک لە جەستەی. لووتکەی کەساسی ئەوەیە، پێمان بڵێن: پێویستی بە ئافرەتێکە، چونکە لە حاڵەتی وادا، پێویستمان بە ئافرەت نییە، پێویستمان بە چێژوەرگرتنە، چێژێک کە بەبێ ئافرەت، دەستمان ناکەوێت، ئاخر عاشق پێویستی بە ئافرەت نییە، پێویستی بە ئافرەتێکی دیاریکراوە، ئەو ئافرەتەی دڵی بردووە، نەک ئەو چێژەی کە دڵبەر پێی دەبەخشێت. عیشق لە توانایدا هەیە، ئەو چێژوەرگرتنەی کە پێویستییەکی ئاساییە، بگۆڕێت بە پێویستییەکی باڵای پڕ بەها، پێویستییەک کە تەنیا جەستە نا، بەڵکوو هەموو هەبوونی ئینسان داوای دەکات.

ئایا جەستە، زیندانی ڕۆحە؟ یان خۆراکی کرم؟ یان وەک خوداپەرستان دەڵێن، سەرچاوەی گوناهە؟ جەستە هەر کامێکیان بێت، عاشق ژیانێکی پڕ لە مەینەتیی نزیک لە خۆشەویستەکەی، پێ باشترە، لە ژیانێکی خۆشی دوور لە دڵبەر، ئەوە بۆیە کە دوو کەس عاشقی یەکدی دەبن، لە نێوان بە یەکەوە ژیانی ناو دۆزەخ و بە جیا ژیانی ناو بەهەشتدا، بێ یەک و دوو، پێکەوە ژیانی ناو دۆزەخ هەڵدەبژێرن، ئاخر ئەگەر وا نەکەن، هەق نییە بە خۆیان بڵێن عاشق.

ئەوین عەوداڵی هیچ مەبەستێک نییە، ئاخر ئامرازێک نییە بۆ گەییشتن بە ئامانجێک، خۆی ئامانجە. ئەوین بەو هەموو پاکژی و مەزنییەی خۆیەوە و بە چاوپۆشین لەوەی کە لووتکەی پاکڕەوشتییە، ڕەنگە هەندێک جار لە کەلاوەی خراپەکاری و تاواندا بگیرسێتەوە، ئاخر ئەوە تەنیا هەر حەز و ئارەزوو نین، ئینسان بەرەو نواندنی زەبروزەنگ و بەدڕەوتاری دەبن، بەڵکوو دەشێت عیشقێکی ڕاستەقینەی باڵایش، هەمان ئەو چەوتەڕێیانە بگرێتە بەر. لایەنێکی نێگەتیڤی دیکەی ئەوین ئەوەیە، دەشێت دوو کەس یەک بخات، کە بە هیج شێوەیەک بۆ یەکتری نەگونجێن.

کە سەرنجی بەرینیی بیابان، بەزریی ئاسمان، باڵای چیا، ڕەوتی ڕووبار و شەپۆلی زەریا دەدەین، لە مانای شکۆمەندی تێدەگەین. وەک چۆن ئەوە سروشتە لە بواری شکۆدا، دەرسمان دادەدات، ئەوە عیشقیشە فێرمان دەکات، خۆشەویستی چییە. لە هاوسەرگیریدا، عیشق بە تەنیا بەس نییە، دەبێت فێریش ببین، بەردەوامی بە عیشق بدەین و بزانین هەمیشە پاکی ڕابگرین. خۆشەویستی جۆری زۆرە، بەڵام تەنیا ئەوە عیشقی باڵایە، کە هەر وەک خوداوەند بێت، خۆویستانە دەبین بە کۆیلەی. پیاوانی ئایین بە پاساوی ئەوەی بەرەو بتپەرستیمان دەبات، سڵ لە عیشقی باڵا دەکەنەوە و ترسی ئەوەیان هەیە، عاشقان یەکتریان لێ ببێتە خوداوەند.

شاعیری ئینگلیز جۆن میلتۆن (١٦٠٨ _ ١٦٧٤) لە (بەهەشتی بزربوو)دا دەڵێت: (خۆشەویستی شەریعەتی خۆی هەیە، شەریعەتێک کە یاخیبوون لێی، گەورەگوناهە و لادانە لە ڕێی ڕاست. عاشقان ئایینی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئایینێک کە نە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و نە لە کتێبێکدا خڕ کراوەتەوە.) نووسەری فەرەنسایی، بینیامین کونستان (١٧٦٧ _ ١٨٣٠) دەڵێت: (دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک بە سەر سەرهەڵدانی خۆشەویستییەکەیاندا، عاشقان وا هەست دەکەن، ڕابردوویەکی دوورودرێژی هاوبەشیان هەیە و بەوپەڕی ڕێزەوە بۆی دەڕوانن.) لە ڕوانگەی نووسەری ئینگلیز (کلایف لویس ١٨٩٨ _ ١٩٦٣)ەوە: (ئەوە بەندێکە لە شەریعەتی خۆشەویستی، کە دەشێت عاشق لە پێناوی ئەویندا، واز لە دایک و باوکی بهێنێت، دەستبەرداری ماڵ و منداڵی ببێت و نزیکترین دۆستی فریو بدات. عیشق وەک باوکی ڕۆحیمان وایە، لەبری ئێمە بڕیار یان بەڵێن دەدات، ئێمەیش غەیری جێبەجێکردنی، هیچی دیکەمان لە دەست نایە.)

سارتەر دەڵێت: (ستەمکار هەوڵ دەدات لە ڕێی تۆقاندنەوە، خۆشەویستیی ڕەعیەت مسۆگەر بکات، بەڵام عاشق بۆ ئەوەی خۆشەویست بێت، هانا بۆ بە کۆیلەکردنی دڵبەر نابات.) عاشق نە خۆی لێ دەبێت بە خاوەنکۆیلە، نە وەک کۆیلە سەرنجی خۆشەویستەکەی دەدات. خەباتی عاشق بۆ ئەوە نییە لە ڕوانگەی دڵبەرەکەیەوە، شتێکی گرنگ بێت، بۆ ئەوەیە لای یار، هەموو شتێک بێت، بەڵام عیشق ئەوە نییە، خۆمان بەسەر کەسێکدا کە خۆشمان دەوێت، بسەپێنین، عیشق ئەوەیە دڵبەر بەوپەڕی ئازادییەوە، ئێمەی بە خۆشەویست هەڵبژاردبێت. لای سارتەر، (ئەوی خۆویستانە دەستبەرداری ئازادیی خۆی دەبێت، مەعشووق نییە، بەڵکوو لە هەوڵی ئەوەدایە، ببێت بە مەعشووق، عیشقیش ئەوەیە، دڵدار و دڵبەر دووانەی ڕۆحی بن و بۆ یەکدی خوڵقابن.)

قەدیس ئوگەستین (٣٥٤ _ ٤٣٠) دەڵێت: (کە جەستە ملکەچی ئینسان نابێت و تووشی شەرمەزاریی دەکات، هەق وایە لەسەر ئەو یاخیبوونەی جەستە، ئینسان خەڵات بکرێت، نەک سزا بدرێت.) مارتین لۆسەر (١٤٨٣ _ ١٥٤٦) کە ڕیفۆرمی لە کریستیانیزمدا کرد، پێی وابوو، ئەگەر ئینسان ئازادانە و بەبێ هیچ گوشارێک هەڵسوکەوتی کردبێت، ئەوا لە ڕەوتاری خۆی بەرپرسە. ئایینی عیسا داوا لە ئینسان دەکات، هەر کەس بە شکۆمەندییەوە لە جامی تایبەتیی خۆیدا بخواتەوە و لە زیناوە بەدوور بێت. هەرچەندە بە گوێرەی کریستیانیزم، هاوسەرگیری لە پێناوی وەچە خستنەوەدایە، کەچی ئەگەر ژن نەزۆک بوو، پیاو مافی ئەوەی نییە لێی جودا ببێتەوە و ژنێکی دیکە بخوازێت، ئاخر ئەگەر وای کرد، ئەوسا هەر جووتبوونێکی لەگەڵ ژنی دووەمدا بە زینا لە قەڵەم دەدرێت. ژنیش مافی ئەوەی نییە لە مێرد جودا ببێتەوە و شوو بکاتەوە، ئاخر ئەوسا بۆ ئەویش، جووتبوون لەگەڵ مێردی نوێدا، بە زینا دەژمێردرێت. ئینجیل وەک کردەیەکی پۆخڵ سەرنجی سێکس دەدات، ئەوە نییە، لە دایکبوونی عیسا، بێ جووتبوون ڕووی داوە؟ ئەوە نییە مەریەم و یوسف، ئەگەرچی ژن و مێرد بوون، بەڵام لەگەڵ یەکدیدا جووت نەبوون؟

فرێدریک ئێنگڵس دەڵێت: (کە کەنیسەی کاسۆلیک لێک جیابوونەوەی ژن و مێردی حەرام کرد، سووریش دەیزانی خۆپاراستن لە ناپاکیی هاوسەرگیریی، وەک هەڵاتن لە مردن، مەحاڵە، ئاخر تاک ژنومێردایەتی، تا سەر ئێسک وەڕزکەرە و ئەوە لە وەهم بەولاوە هیچی تر نییە، کە پێی دەڵێن بەختیاریی هاوسەرگیری.) ئێنگڵس وای بۆ دەچێت: (هاوسەرگیرییەک کە تێیدا تەنیا بەرژەوەندی، ژن و مێردی کۆ کردبێتەوە، هەندێک جار بۆ هەر دوو لا، ئەوەندە قێزەونە، تا ئاستی بازرگانیکردن بە سێکسەوە. گەلێک جاریش بۆ ژن، جیاوازیی سێکسفرۆشتن و هاوسەرگیریی مەسڵەحەت ئەوەیە، لە یەکەمیاندا، لەشفرۆش بۆ هەر کەڕەتێک، کرێیەکی دیاریکراو وەردەگرێت، بەڵام لە دووەمیاندا، بۆ هەتا هەتایە لەشی دەفرۆشێت، بەڵام تەنیا یەک جار کرێ وەردەگرێت.)

ئینگڵس هەرچەندە دەڵێت: (گوێزانەوە لە هاوسەرگیریی بەکۆمەڵەوە بۆ تاک هاوسەرگیری، هەنگاوێکی پێشکەوتنخوازانە بوو، بە دەستپێشخەریی ژن سەری هەڵدا،) بەڵام وایشی بۆ دەچێت: (بازرگانیی سێکس و تاک هاوسەرگیری، هەرچەندە دوو شتی جیاواز و دژ بە یەکن، بەڵام هەردووکیان دوو جەمسەری یەک هەلومەرجی کۆمەڵایەتین و بە لەناوچوونی ئەمیان، ئەوی تریشیان لە بەین دەچێت.) لە ڕوانگەی ئێنگڵسەوە، تا لە ڕووی ئابوورییەوە مێرد سەروەر بێت، لە هاوسەرگیریشدا سەروەر دەبێت و ئەوە هۆکاری ئابوورییە، ژن ناچار دەکات بە هاوسەرگیرییەک کە جۆرێکە لە کۆیلاتی قایل ببێت و چاویش لەو ناپاکییانە بپۆشێت کە مێرد لێی دەکات. ئەگەر هاوسەرگیری تەنیا ئەو کاتانە لە ڕووی ڕەوشتەوە پەسەند بێت، کە لەسەر بناغەی خۆشەویستی ڕۆ نرابێت بێت، ئەوا بە بزربوونی ئەو خۆشەویستییە، لە پێوەندییەکی پیرۆزەوە، دەبێت بە جۆرێک لە بازرگانیکردن بە سێکسەوە.

(وا بایەخ بە ژنەکەت بدە، وەک کەنیزەکت بێت و وایش سڵی لێ بکەوە وەک دوژمنت بێت!) واتا: هەر سەرزارەکی نەک لە دڵەوە، ڕێزی لێ بگرە و هەرگیز متمانەشت پێی نەبێت. ئەمە ئەو مۆچیارییەیە کە پیاوی بابسالار وەک ئەڵقە لە گوێی کردووە. (حەزم لەو جۆرە ژیانەیە کە هیچ کۆتێک لە گەردنمدا نەبێت.) ئەمەیان قسەی دڵی ژنێکە، بڕوای بە ئازادیی سێکس هەبێت. فەیلەسووفی ئینگلیز، فرانسیس بیکۆن (١٥٦١ _ ١٦٢٦) پێی وایە: (ئەوی ژن و منداڵی هەبێت، لە کن قەدەر بارمتەیە و کاری مەزنی لێ ناوەشێتەوە، ئەوە نییە هەر چی کاری بەکەڵک هەیە، کەسانێک کردوویانن کە ژن و منداڵیان نەبووە؟) بیکۆن ئەوەیشی لەبیرە، کەسانێکی زۆریش هەن، هەرچەندە بە تەنیا دەژین، بەڵام هەر بۆ خۆیان دەژین، تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە و ئەوی بایەخی پێ نەدەن، داهاتووە.

(تاقە ئافرەتێک بتوانێت پیاو بگەوجێنێت، ژنەکەیەتی.) لاپرۆییر کە خاوەنی ئەو گوتەیەیە، دەپرسێت: بە ڕاست ئەوە جێی باوەڕە، هێشتا ئامرازێک دانەهێنرابێت، ژن ناچار بکات، مێردی خۆش بوێت؟ نیکوڵا دی شامفوور دەڵێت: وەک چۆن ڕۆمان خۆشترێکە لە کتێبی مێژوویی، هەر وایش خۆشەویستی خۆشترێکە لە هاوسەرگیری، ئاخر کە خۆشەویستی بە هاوسەرگیری کۆتایی دێت، وەک کۆتاییهاتنی ئاگرە بە دووکەڵ.

بۆنهیڤەر دیتریش (١٩٠٦ _ ١٩٤٥) کە لاهووتییەکی پرۆتستانتی ئەڵمانیایییە، دەڵێت: (هاوسەرگیری لە خۆشەویستی گەورەتر و باڵادەستتر و بەشکۆتریشە، چونکە خودا ڕێسای بۆ داڕشتووە و ئینسان دەتوانێت بە هۆیەوە تا ڕۆژی قیامەت، پارێزگاری لە خۆی بکات. لە هاوسەرگیریدا ژن و مێرد دەبنە ئەڵقەیەک لە زنجیری نەوەکان، کە بە ویستی خودا دێن و دەڕۆن. کەواتە ژن و مێرد بەرپرسیارییەتییەکی گرنگ کە پێوەندیی بە خەڵکی تریشەوە هەیە، دەکەوێتە سەر شانیان، بەڵام لە خۆشەویستیدا ژن و پیاو هەر ئاسمانی بەختەوەریی خۆیان دەبینن و پێوەندییەکەیان تەنیا موڵکی خۆیانە. هاوسەرگیری چونکە جێبەجێکردنی فەرمانی خودایە، مەحاڵە هەڵبوەشێتەوە، ئاخر ئەوەی خودا کۆی بکاتەوە، بە ئینسان جودا ناکرێتەوە.)

بە گوێرەی کریستیانیزم، ژن وەک چۆن ملکەچی خودایە، دەبێت بە هەمان شێوە، گوێڕایەڵی مێردیش بێت، مێردیش دەبێت ژنی خۆی خۆش بوێت و لەگەڵیدا توند و دڵڕەق نەبێت. ژن و مێرد کە ماڵ پێک دەهێنن، لە هەموو شتێکدا ئازادن، لەوەدا نەبێت کە ژن پێویستە گوێڕایەڵی مێرد بێت و مێردیش ژنی خۆش بوێت. ئاوڕووی ژن ئەوەیە خزمەتی مێرد بکات، شەرەفی پیاویش لەوەدا کۆ دەبێتەوە کە ژنی خۆی خۆش بوێت، ئەگەر وا نەکەن، شەرمەزار دەبن.

لە کن نیکۆڵای پیردیایڤ، (خێزان کە بە پلەی یەکەم شانەیەکی بەرهەمهێنە، دەزگایەکی دونیایییە، لە پێناوی دابینکردنی ئارامی و خۆشیی تاکدا هاتووەتە گۆڕێ و ڕێکخستێکی بایۆلۆگی و کۆمەڵایەتیشە، بۆ پاراستنی جۆری ئینسان. خێزان زادەی ئازادی نییە، بەرهەمی پێویستییە، سەرهەڵدانی خێزان، لە ئەنجامی ملکەچکردنەوەیە بۆ گوناهی جووتبوون و باجێکی ڕەوشتییە بۆ پاکژکردنەوەی ئەستۆ لە هەڵەی کردەی سێکس.)

کە کتێبێک سەرنجمان کەمەندکێش دەکات، ئیدی لە گۆمی خوێندنەوەیدا وەها نوقم دەبین، هەموو شتێکی دیکە فەرامۆش دەکەین، ئەوینیش وەهایە کە تووشی دەبین، ئەرکەکانی سەر شانمان لە بیر دەچێتەوە. ئینسان کە لەناکاو تووشی کارەساتێک دەبێت، توانای ئەوەی هەیە ددان بە خۆیدا بگرێت، هاوسەنگی لە دەست نەدات و خۆی شەرمەزار نەکات، بەڵام کە خۆی بە دەست ئارەزووەوە دەدات و دەبێتە کۆیلەی حەز، ئیدی توانای پارێزگاریکردنی لە سەنگینیی خۆی نامێنێت و لەبەردەم سوڵتانی چێژدا بە چۆکدا دێت و ئەگەری ئەوە زۆرە، ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی. نیتشە دەڵێت: (ئەو خەڵکە بۆیە هێندە لەسەر جێبەجێکردنی ئیشوکاریان سوورن، چونکە لەو ڕێگەیەوە لە دەست وەڵامدانەوەی پرسیارە گرنگەکان هەڵدێن.) ڕەنگە خۆ سەرقاڵکردنیش بە خامۆشکردنەوەی ئاگری ئارەزووەوە، جۆرێک بێت لە هەڵاتن، لە بەرسیڤدانەوەی پرسیارە بایەخدارەکان.
*
(١) کلایف ستیبلز لویس، الحب و العشق.
(٢) جان بول سارتر، الموقف الأولي تجاه الأخر.
(٣) القدیس أوغسطین، عن الزواج و الشهوة.
(٤) میشیل دی مونتین، محاولات.
(٥) فرنسیس بیکون، دروس أخلاقیة عن الزواج و العزوبیة.
(٦) فریدریک أنجلس، اصل العائلة والملکیة الخاصة والدولة.
(٧) دیتریخ بونهیفر، المقاومة والخضوع.
(٨) نیکولای بیردیایف، الزواج والأسرة.
(٩) جون لوک، محاولة في الفهم الأنساني.
(١٠) بلیز باسکال، خواطر.
Top