گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا

گەنج و سیاسەت لە کوردستاندا

نووسه‌ر :دکتۆر عادل باخه‌وان*

(1)
لە هەر کۆمەڵگەیەکدا چەند چرکەساتێك هەن کە کۆتایی بە مێژوویەك دێنن و سەرەتای مێژوویەکی دیکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروستدەکەن. 11ی سێپتەمەبەر لە ئەمریکا، رووخانی دیواری بەرلین لە ئەڵمانیا، شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و راپەڕینی خوێندکارانی 68 لە فەرەنسادا بەشێکن لە لیستی درێژی ئەو چرکە ساتانەی کە کۆتایی بە مێژوویەك دێنن و سەرەتای مێژوویەکی دیکە دادەمەزرێنن. لە کوردستانی عێراقدا راپەڕینی ساڵی 1991 یەکێکە لەو چرکەساتانەی کە مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە دەکات بە دوو بەشەوە، بەڕادەیەك کە لە یادەوەری کۆلێکتیڤی مرۆڤە سادە کوردستانیەکانیشدا باسکردن لە دنیای پێش راپەڕین و دنیای پاش راپەڕین وەك بەڵگە نەویستێکی لێبێت.
راپەڕین دوو نەوە لەیەک جیادەکاتەوە کە دەکرێت ناویان بنێین نەوەی مردن و نەوەی ژیان. گەر نەوەی پێش راپەڕین بریتی بووبێت لە گەڕان بەدوای مردندا؛ مردن لە نێو زیندانەکاندا، مردن لە لەسەر پەتی سێدارە، مردن لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی دوژمندا، مردن لە لەنێو پرۆسێسی ئەنفالدا، مردن لە نێو کیمیاباراندا، مردن لەنێو ئۆردوگاکانی ئاوارەییدا، مردن لەنێو کێڵگەکانی ئەڵغامدا، گومانی تێدانییە کە نەوەی پاش راپەڕین (مەبەستمان هەموو ئەو کەسانەیە کە لە دوای راپەڕین لەدایکبوون و ئێستا تەمەنیان لەنێوان پانزە تا بیست و دوو ساڵیدایە) بریتییە لە گەڕان بە دوای ژیاندا؛ ژیان لەنێو خانووی باشتردا، ژیان بە ئۆتۆمۆبێلی باشترەوە، ژیان لەڕێگای گەشت بەوڵاتاندا، ژیان بە مووچەی بەرزتر، ژیان بە پۆستی رێزلێگیراو، ژیان بە پیشەی پێگەدار، ژیان لەنێو کۆڵانەکانی فەیسبوكدا، ژیان لەبەردەم زنجیرە کۆریە نەبڕاوەکاندا، ژیان لەنێو پرۆسێسی پشبڕکێکردن لە «بەرخۆریدا». گەر نەوەی پێش راپەڕین، لەژێر هەر بەردێکدا، لەنێو هەر گوندێکدا، لە بەر دەرگای هەر ماڵێکی شاردا، تەنانەت لەنێو پایتەختی وڵاتانی رۆژئاواشدا چاوەڕوانی مردنی کردبێت، ئەوە نەوەی پاش راپەڕین، چرکە بە چرکە، خولەك بە خولەك، کاتژمێر بە کاتژمێر و رۆژ بە رۆژ چاوەڕاوانی ژیانێکی نەرمتر، گەورەتر، فراوانتر، کراوەتر دەکات.
بێگومان ئامانجی ئەم توێژینەوەیەی ئێستامان بریتی نییە لە بەراوردکردنی ئەم دوو نەوەیە، هەرچەند ئەمە بابەتێکی گرنگە و دەکرێت لە داهاتوودا بگەڕێینەوە سەری. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە کارکردنە لەسەر نەوەی ژیان، واتە نەوەی پاش راپەڕین، کە دەکرێت بە نەوەی نوێ، نەوەی لاوان، نەوەی «گەنجێتی»ش ناوی بەرین. لەم چوارچێوەیەدا سێ تەوەرەی سەرەکی دەبن بە مەیدانی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەمان. مەیدانی یەکەم بریتییە لە تێگەشتن لە لاوان وەك کاتیگۆریەکی کۆمەڵایەتی و کولتوری و گومان دروستکردن لەسەر ئەم گریمانەیە. مەیدانی دووەم بریتییە لە سیاسەت لە خەیاڵدانی لاوانی کوردستاندا. مەیدانی سێیەمیش بریتییە لە لاوان لە خەیاڵدانی سیاسیەکانی کوردستاندا.
لاوان وەك کاتیگۆری کۆمەڵایەتی و کولتوری
لەهەر کۆمەڵگەیەکی بەشەریدا جیهانی کۆمەڵایەتی لەسەر چەند مۆدێلێك لە«کاتیگۆری» دروستدەبێت و هەر یەکێك لەم «کاتیگۆریـ»ـانەش لەڕێگای چەند «پرۆسێسێکی»تایبەتەوە دەبن بە بابەتی راڤەکردن، لێکدانەوە و خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژی ورد و قوڵ کە دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکن: لەلایەکەوە رێگامان پێدەدەن کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەك پۆلێن بکەین و رەفتار و چوارچێوە بۆ گوتارەکانیان دروستبکەین (لە کۆمەڵگەیەکدا کێ چی دەکات و کێ چی دەڵێت)، لەلایەکی دیکەوە و لەڕێگای تێگەشتن لە رەفتار و گوتاری تاکە پۆلێنکراوەکانەوە، پرۆژەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی سیاسیانە لەگەڵ هەر یەکێك لە تاکە پۆلێنکراوەکاندا لەدایکدەبن.
هەوڵی دروستکردنی پێناسەیەکی هاوبەشی یەکگرتوو بۆ «گەنجێتی»، بۆ «لاوان» وەك گرووپێکی کۆمەڵایەتی/کولتوری خاوەن [یەك] ئینتیما، دەمانباتەوە سەر ئەو پرۆژە سیاسیەی کە دەیەوێت گرووپە کۆمەڵایەتیەکان بەسەر چەند «تەمەنـ»ـێکدا دابەشبکات و پاشان بیانخاتە نێو کردەی بەدەزگاییکردنەوە. واتە تەواوی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیەك بەسەر چەند تەمەنێکدا دابەشدەکات و پاشان هەر یەکێك لەم تەمەنانە بەدەزگایی دەکات و لەم رێگایەشەوە دەستنیشانی پێداویستی و خەون و بەرژەوەندیەکانیان دەکات. بێگومان یەکەم کارێك کە پرۆژەیەکی سیاسی لەم جۆرە دەیکات بریتییە لە شاردنەوەی کۆی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەی کە لەسەر بەرژەوەندیی یەکتڕبڕ دامەزراون و نەك هەر چوارچێوەیەك کۆیان ناکاتەوە، بەڵکو لە ململانێی بەردەوامدان. لاوانیش بەشێکی زیندوون لەم ململانێ کۆمەڵایەتیە جیاوازانەدا و وەك پیەر بۆردیۆ دەڵێت ئەوانیش لەدەرەوەی بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتیەکاندا ئامادەییان نییە.
ئەو پرۆژە سیاسییەی کە دەیەوێت باوەڕمانپێبێنێت بەوەی کە لاوان پێکەوە ئینتیمایان بۆ گرووپێکی کۆمەڵایەتی گونجاوی یەکگرتوو هەیە، بەشێوەیەکی وشیارانە یان ناوشیارانە، بەشداریدەکات لە بیناکردنی وەهم لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە. «گەنجێتی» گوزارشتە لەو هەزار خەون و بەرژەوەندیە یەکتربڕانەی کە رۆژانە سنوور لەنێوان گرووپە کۆمەڵایەتیەکاندا دروستدەکەن.
بەڵام بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە کە «گەنجێتی» وەهمە و کۆمەڵگەکان خاڵین لە گەنجان. بەپێچەوانەوە، بەدرێژایی مێژووی خۆیان زانستە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ گەنجان وەك بابەتی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان کردووە و ویستویانە تێبگەن لەو گۆڕانکاریە بەردەوامانەی کە بەسەر ئەم «کاتیگۆریە» دا هاتوون. لێرەوە زانستە کۆمەڵایەتیەکان گەنجێتیان وەك «پۆست-هەرزەکاری»، وەك پەڕینەوە لە هەرزەکاریەوە بۆ باڵغبون، وەك سەردەمێك لە مێژووی ژیان، وەك رووبەری پەیوەندی نێوان نەوەکان پێناسەکردووە.
لە کۆمەڵگەی «ترادیسیۆن»دا چەمکی گەنجبوون مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا کراوە و تاڕادەیەکی زۆر سنورەکانی تێکەڵ بە سنورەکانی هەرزەکاری کراوە. بێهودەنییە کە تا ئێستاش، لەو کۆمەڵگانەدا کە قاچێکیان لە نێو مۆدێرنیتێدایە و قاچێکی دیکەیان لەنێو ترادیسیۆندایە، بەجۆرێك لە جۆرەکان گەنج و جەحێڵ وەك دوو رووی دراوێك تەماشا دەکرێن.
[لاوێکی کوردستانی لە یەکێك لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەوروپادا دکتۆرا بەدەستدەهێنێت و کارێکی زۆر گرنگی لە ئەوروپادا دەستدەکەوێت. مووچەی مانگانەی دەگاتە چوار هەزار دۆلار لە مانگێکدا. هەستی نیشتمانی وایلێدەکات کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و خزمەت بە نەوەی نوێ بکات. کاتێك هەست بەوەدەکات کە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدوای سەرۆکێك بۆ زانکۆی (...)ی دەگەڕێت، ئەم دکتۆرە گەنجەمان کە تەمەنی سی و پێنج ساڵێك دەبێت، خۆی کاندید دەکات و بەڕێز جەنابی وەزیر بە تەلەفۆن چاوپێکەوتنی لەگەڵدا دەکات. لەوەڵامدا پێیدەڵێت: هیچ تێبینییەکم نییە ئەوەنبێت کە تۆ «جەحێڵیت» بۆ ئەو پۆستە!]
لە یادەوەری کۆمەڵگەی ترادیسیۆندا جەحێڵ و هەرزەکار وەك دوو ئەکتەری پێنەگەشتوو، هەڵەشە، نزیك لە هەڵەی بەردەوام، نەشیاو بۆ بەرپرسیاری گەورە، دوودڵ، سەرپێیی، کورتبین، ناجێگیر، هەڵچوو تەماشادەکرێت. لەم یادوەریەدا، نە دکتۆرا، نە خوێندن لە باشترین زانکۆی جیهاندا، نە ئەزموون لەگەڵ دنیای دەرەوەدا، نە هێز و توانای کار، نە چالاکی بەردەوام، نە وزەی هەمیشە گەرم، هیچ یەکێك لەمانە بەهای ئەو شتەیان نییە کە ناویدەنرێت «تەمەن»! لە کۆمەڵگەی ترادیسیۆندا بەهای تەمەن وەك بیلدۆزەر هەموو بەهاکانی دیکە رادەماڵێت.
لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، کاتێك ئەم یادەوەرییە دەستکاری دەکرێت، ئیدی شوناسی گەنجبوونیش وردە وردە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ بەڕادەیەك کە گەنجبوون نەك هەر ناخرێتە سەر «ئەکاونتی» هەرزەکاری و جەحێڵبوونەوە، بەڵکو تەمەنیشی درێژدەکرێتەوە. گەر لە قۆناغێك لە قۆناغەکاندا گەنجبوون بریتی بووبێت لە 15 تا 22 ساڵی، ئەوا پاش سەرهەڵدنی دیاردەی مانەوە بە زگوردی، فۆرمی نوێی خێزان (لە کۆمەڵگەی ترادیسیۆندا یەك جۆر خێزانمان هەبوو، باوکێك و دایکێك و منداڵ و خانوویەك، بەڵام لە کۆمەڵگەی مۆدێرنیتێدا چەندین فۆرمی نوێی خێزانمان هەیە: خێزانی یەك باوکی، خێزانی یەك دایکی، خێزانی پێکەوە نەژیاو، خێزانی ئۆتۆنۆم، خێزانی هۆمۆ، خێزانی لێزبیان، ...)، کەمکردنەوەی منداڵ دروستکردن، بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و چەندین هۆکاری دیکە، گەنجبوون دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە و بەنێو زەمەندا بکشێت، بەڕادەیەك کە زەحمەتبێت دەستنیشانی بکەین.
کاتێك گەنجێك خوێندن تەواودەکات بەبێ ئەوەی بتوانێت دەستی لە پۆستێك، مووچەیەك، کارێك گیرببێت، کاتێك تێکەڵ بە زەمەنی گەڕان بەدوای کاردا دەبێت، زەمەنێك کە دەکرێت چەندین ساڵ درێژببێتەوە، ئیدی گریمانەی دروستکردنی خێزان و منداڵ، گریمانەی دروستکردنی خانوویەك و چوونەدەرەوە لە ماڵی باوك، ئیدی گریمانەی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە و بەدەستهێنانی دانپیادانانی کۆمەڵایەتی دەبێت بە ململانێیەکی سەختی رۆژانە؛ ململانێیەك کە شانسی دۆڕانی زۆر بەهێزترە لە شانسی بردنەوە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، گەنجێتیش بەنێو قەیرانەکاندا دەکشێت و وەك گرفتەکان بەنێو زەمەندا خۆی درێژدەکاتەوە.
لەم‌ گۆشەنیگایەوە، قۆناغی گەنجێتی دەبێت بە قۆناغی ململانێ لە پێناوی ئامادەکردنی هەلومەرجی پەڕینەوە بۆ دنیای پاش گەنجێتی. ململانێ لەپێناوی چوونە نێو باشترین زانکۆدا، لەپێناوی هەڵبژارندی باشترین کۆلێژدا، لەپێناوی بەدەستهێنانی بەرزترین نمرەدا، لەپێناوی بەدەستهێنانی باشترین بڕوانامەدا، پاشان لەپێناوی بەدەستهێنانی باشترین پۆستدا. راستە قۆناغی گەنجێتی زۆر جار وەك قۆناغی ئازادی مرۆڤ دەخرێتە سەر شانۆ، بەڵام ئەوەش راستە کە لە هەمانکاتدا قۆناغی «دێتێرمینیسم» یەك لەدوای یەکی جومگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئەخلاقی و خێزانیەکانیشە. من پێموایە یەکێك لە ئاڵۆزیە هەرە کوشندەکانی ئەم قۆناغەی ژیان بریتییە لە کۆکردنەوەی هەردوو چەمکی ئازادی و «دێتێرمینیسم» پێکەوە و گەر بە وشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا نەکرێت، لادان و ریزپەڕی و تەنانەت خود کوژی و دەیان نەخۆشی دەروونی دیکەش وەك گریمانەی بەهێز هەژموون بەسەر کۆمەڵگەدا دەکەن. بێگومان هەر کۆمەڵگەیەکیش کە پرۆژەی بۆ زەمەنی گەنجێتی ئەو هەزاران هەزار مرۆڤە نەبوو کە سبەینێ گەورە دەبن و کۆمەڵگە دەبەن بەڕێوە، لە کۆتاییدا چارەنووسی خودی خۆی دەخاتە مەترسیەوە!
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس
Top