لە بابسالارییەوە بۆ بەختەوەری

لە بابسالارییەوە بۆ بەختەوەری

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

(ئەگەر مەقەستی سانسۆر گەییشتە وشە، دەگاتە جەستە و ڕۆحیش.)



لە سایەی بابسالاریدا، باسکردن لە یەکسانی لە نێوان پیاو و ژندا، دەکەوێتە خانەی کوفر و تێکشکاندنی تابووەوە، یان لای کەم، بەوە لێک دەدرێتەوە کە ژن لە هەوڵی ئەوەدایە، تایبەتمەندییەکانی خۆی فەرامۆش بکات و تەواو وەک پیاو هەڵسوکەوت بکات و بژی، کە ئەمەیان تەڵەیەکە، بابسالاران بۆ ژنانیان ناوەتەوە و دەشێت ژنی (فێمینیست)یشی پێوە ببێت. هەرچەندە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان پیاو و ژندا هەیە، بەڵام لایەنە هاوبەشەکانیان لە جیاوازییەکانیان زیاترن و دەشێت جیاوازی لە نێوان پیاوێک و پیاوێکی دیکەدا، لە جیاوازی لە نێوان پیاوێک و ژنێکدا زیاتر بێت.

ئایینە ئاسمانییەکان هەر دەڵێیت، لە بواری بە موڵکی پیاو پیشاندانی ژندا، پێشبڕکێیانە، هەر سێ ئایینەکە لە هەوڵی ئەوەدان، ژن بە ژێردەستەیی و بە کەچکردنی مل بۆ پیاو، قایل بێت. بە گوێرەی تەلموود کە دوای تەورات پیرۆزترین کتیبی جوولەکەیە، تەورات بسووتێنرێت، باشترە لەوەی بدرێتە دەست ژن. بە گوێرەی تەورات، ژن لە ئاستی کۆیلە و گا و کەر و شتەکانی دیکەی پیاودایە. بە پێی ئینجیل، ژن هەم دوای پیاو خوڵقاوە و هەم پیاویشی فریو داوە. لای قورئانیش پیاو سەرداری ژنە و دەتوانێت، ئەگەر نەڵیم تێروپڕ، لای کەم هەندێکیشی لێ بدات.

ئەوە هەڵەیە، سیستەمی بابسالاری، بە پیاوەوە گرێ بدەین، ئاخر وەک چۆن پیاوانی فێمینیست هەن، ژنانی وایش هەن، لە پیاوان بابسالارترن. کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١١دا، مەنال ئەلشەریف، لە فەیسبووکەوە گوتی: (من خۆم سەیارەی خۆم داژۆم،) لەسەر ئەو (تاوان)ە، دە رۆژ زیندانی کرا، ژنە چالاکە ئیسلامییە سعوودییەکانیش، نەک هەر لایەنیان نەگرت، بەڵکوو گوتیان: کەی وەختی ئەوەیە، ژن سەیارە باژوێ، ئێمە گەلێک ئەرکی گرنگتر و لەپێشترمان لەسەر شانە، وەک خەباتکردن لە پێناوی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا. هەقە مەنال لەسەر ئەو سەرچڵییەی، تف لە ڕووی بکرێت و جەڵدەی لێ بدرێت.)

ئەوەی پیاوانی تەمەن سەروو پەنجا ساڵ، کچانی چواردە ساڵ لە خۆیان مارە دەکەن، هاوسەرگیری نییە، منداڵبازییە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی (سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژنان،) پەنجا و یەک میلیۆن پیاو کە نزیکەی هەموویان، خەڵکی وڵاتانی ئیسلامین، لەژێر چەتری هاوسەرگیریدا، لاقەی منداڵی چواردە ساڵانیان کردووە. خومەینی ١٩٠٢ _ ١٩٨٩ لە کتێبی (تحریر الوسیلە)دا دەڵێت: (نابێت لەگەڵ مارەبڕاوی خۆماندا جووت ببین، ئەگەر نۆ ساڵی تەواو نەکردبێت، ئیدی ژنی هەمیشەییمان بێت، یان سەفەری، بەڵام دەتوانین لە ڕێی دەست بۆ بردن و بە خۆوە گوشین و ناوڕانییەوە، چێژی لێ وەربگرین، با شیرەخۆرەیش بێت. ئەگەر پێش ئەوەی نۆ ساڵی تەواو کردبێت، هەر چیمان لەگەڵ مارەبڕاوی خۆمان کردبێت، وەلێ بنیمان نەپژاندبێت، وەختی جیابوونەوە، هیچی ناکەوێت، خۆ ئەگەر بێبنمان کردبێت، تا زیندوو بێت، نەفەقەی دەکەوێت.)

پیاو مۆڵەتی ئەوەی هەیە، بە کەیفی خۆی لەبارەی دەزگای زاوزێی خۆیەوە بپەیڤێت، تەنانەت دەتوانێت ئازادانە باس لە کۆئەندامی زاوزێی ژنانیش بکات، بەڵام مێ بۆ ئەوە نەخوڵقاوە، خۆی لەبارەی خۆیەوە بدوێت، بۆ ئەوە خوڵقاوە، نێر لەبری ئەو قسە بکات. لە بواری بەگەڕخستنی دەزگای زاوزێیشدا، پیاو ئازادییەکی هەیە، ژن بە خەویش نایبینێت. ئەگەر ژن لە وڵاتێکی ئیسلامیدا، بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیانە و بێ سازش بۆ خانەوادە، ئایین، دابونەریت و کۆمەڵگە، لەبارەی خۆیەوە بنووسێت، وەک بەدڕوەشت سەرنج دەدرێت، وەلێ هەمان هەڵوێست بۆ پیاو، بە بوێری لە قەڵەم دەدرێت.

ئایینی ئیسلام لە ناوچەیەکدا سەری هەڵداوە، بریتیبووە لە بیابان، کە لوبنان لە وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە پێشکەوتووترە، ڕەنگە پێوەندیی بەوەیشەوە هەبێت کە وڵاتێکە بێ بیابان. نەوال سەعداوی دەڵێت: (ناتوانین وێنەی جیهانێکی چاکتر بکێشین، ئەگەر ئاوەز و جەستەی ژنان ئازاد نەبن، لەپێش ئەو دووانەیشەوە، زمانیان.) ئەوە بۆیە لە عەرەبستانی سعوود کە وڵاتێکە لە بیابان، کە تێیدا ژن نە وەک جەستە ئازادە، نە وەک ئاوەز، هەر بەو زمانەیش دەئاخفێت کە زمانی زاڵی پیاوانەیە. (ئەگەر وشەیەکم سانسۆر بکرێت، وا هەست دەکەم ئەتک کراوم.) لە سایەی بابسالاریدا، ڕۆژ نییە ژنان، وشەکانیان بە مەقەستی سانسۆر، ئەتک نەکرێن. گەر دەخوازن ئەو خاتوونە عەرەبە نووسەرانە بناسن کە لێ نەگەڕاون، وشەکانیان سانسۆر بکرێت، بچن بەرهەمی خامەی بوێری، جومانە حەدداد، نەوال سەعدوی، ئەحلام موستەغانمی و غاددە سەممان بخوێننەوە!

جومانە حەدداد لە کتێبی: (وەها شەهرەزادم کوشت)دا دەبێژێت: (یان مەنووسە! یان هەر چیت خواست، بینووسە! لە نووسیندا هیچ مەرزێک نییە، بە وڕێنەکردنیشەوە و بە شکاندنی هەموو تابووەکانیشەوە. نە هیچ قسەیەکی خۆم، بە ڕاستییەکی ڕەها دەزانم، نە پێم وایە سووکایەتیکردن بەم و بەو، دەکەوێتە خانەی ئازادیی بیروڕا دەربڕینەوە. ئەوەی هەمووان منیان بە دڵ بێت و نووسینم پەسەند بکەن، ئازارم دەدات، ئاخر هەمیشە هەمووان، مێگەلم وەبیر دێنێتەوە، ئاخر ئەوی هەمووان پەسەندی بکەن، نە ڕەنگی هەیە، نە تام و نە بۆن. ئەوە لووتکەی کارەساتە، لەم دونیادا بژین و بیرمان لای ئەو دونیا بێت، لە ژیاندا بین و بیر لە ژیانی دوای مردن بکەینەوە، لە ژیانێکی ڕاستەقینەدا بین و بیر لە ژیانێکی وەهمی بکەینەوە.)

با لەسەر هەندێک ڕستەی دیکەی جومانە حەدداد بوەستین کە ڕەنگە هەنووکە، بوێرترین خاتوونەقەڵەمی عەرەب بێت. (لە سەرەتاکانی ژیانی هەرزەکاریمدا، هەر کە هەلێکم بۆ دەڕەخسا کە بە تەنیا بم، دەمخوێندەوە، ئاخر خوێندنەوە لە تەنیاییدا چیژبەخشترە. بۆیە دەمخوێندەوە، تا هەناسە بدەم، تا بژیم، تا بەرەو شوێنی دوور سەفەر بکەم، تا لە واقیعی تاڵ هەڵێم، تا فێرببم، تا تێبگەم، تا ئومێدم بە ژیان گەش بێت، تا پەرۆش و تامەزرۆ بم و خۆشەویستی بکەم. من ژنەشاعیرێکی ئێپیکۆریستم، دەخوازم بە هەر نرخێک بێت، بەختەوەر بم، بەڵام کێشەم ئەوەیە، ڕێی بەختەوەری پێ نازانم.)

ئێلفرێدە ژێلینیک دەڵێت: (بە گژ پیاواندا ناچمەوە، بە گژ ئەو سیستەمەدا دەچمەوە، جیاوازی لە نێوان پیاوان و ژناندا دەکات.) لە کن ئێمە ژنان، تاک و تەرایان نەبێت، یان قسەی پیاوان دەکەنەوە، یان بە گژ پیاواندا دەچنەوە، کە ئەو دوو گوتارە، دووەمیشیان وەک یەکەمیان، بە زیانی ژن دەکەوێتەوە. جەمیلە بوحیرد دەبێژێت: (بۆ ئەوەی هەبین، دەبێت کاربڕانە و بە ڕاشکاوی خواستی خۆمان دەستنیشان بکەین، ئاخر چارەسەری مامناوەندی خودمان تێک دەشکێنێت.) ئاخۆ کورد ژنی وا شک دەبات، بەو شێوازە ڕۆشنەی نەوال سەعداوی، یان بەو ڕاشکاوییەی غاددە سەممان، قسەی ناخی، لەسەر زاری بێت؟ چونکە (دەنگی کەوتنی درەختێک، لە چرپەی گەشەکردنی دارستانێک بڵندترە،) بەو ئافرەتانە فریو ناخۆم کە هیچیان پێ نییە و لە تیڤییەوە، شاتەشات دەکەن، ئومێدم بەو ژنانە هەیە کە بە هێوری، بەڵام بە ڕاستی خەبات دەکەن. دەزانم (سێکوچکەی سێکس و ئایین و دەسەڵات، سێگۆشەی پەرمۆدای کن ئێمەیە،) بۆیە بە چاوی ڕێزەوە سەرنجی تێکۆشانی ئەو ژنانە دەدەم، خۆیان لەژێر گوشاری گوتاری باوی پیاوانەدا دەرباز کردووە، بەڵام سەنگەریان لە پیاو نەگرتووە، بەڵکوو لە دژی کولتووری بابسالاری دەجەنگن.

١٢/٨/٢٠١٣

(*) جمانە حداد، هکژا قتلت شهرزاد، دار الساقی ٢٠١٢ بیروت.
(**) ئێپیکۆر (٣٤١_ ٢٧٠پ. ز.) فەیلەسووفێکی یۆنانییە، خەمی گەورەی ئەوەبوو، ئینسان بە بەختەوەری و دڵنیایی بگات.
Top