فریودانی عەوام

فریودانی عەوام

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

هەنووکە لە کن ئێمە دوو جۆر لە خەڵک بە سیاسەتەوە خەریکن: خەڵکی ڕۆمانتیک و خەڵکی پراگماتیک. ڕۆمانتیکەکان زۆربەی گەوج پێک دەهێنن، ئەوانەی پێیان دەگوترێت مێگەل، ئەوانەی سەروەختی هەڵبژاردن دەڕژێنە سەر شەقام و هەرچەندە دەشێت هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتییان نەبێت، وەلێ بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک لە حیزبەوە بێت، لەسەرپێ و ئامادەن. پراگماتیکەکان کەمینەیەکی بەرژەوەندیخوازن، لە پێناوی قازانجی تایبەتیی خۆیاندا، چی نەشیاوە، ئامادەن بیکەن. ئەم ڕۆمانتیک و پراگماتیکانە هەر ئەو دوو کاتەگۆرییەن لە خەڵک، بیست ساڵێک لەمەوبەر، ناوم نابوون گەمژە و بازرگان و هەموو حیزبێک لە کن ئێمە، لە کەمینەی بازرگان و زۆرینەی گەمژە پێک دێت.

بزووتنەوەی گۆڕان دەکەینە نموونە و بە هۆیەوە، ڕوونتر گەمژە و بازرگان، یان ڕۆمانتیک و پراگماتیک دەناسین. بەعس بە ڕووکەش لەسەر سێکوچکەیەک ڕۆنیشتبوو: یەکیەتی، ئازادی و سۆسیالیزم، کە فڕی بەسەر هیچیانەوە نەبوو، (گۆڕان)یش وەک دیوی دەرەوە بە دوو لاق بەڕێوە دەچێت: دژایەتیکردنی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری کە کەم و زۆر توخنیان نەکەوتووە و تەنیا بۆ چەواشەکردن و بەشەوارەخستنی گەوجان، ئەو دوو دروشمە بریقەدارەی بڵند کردووەتەوە.

گۆڕان گردێکە هەم گەندەڵکارانی نێو یانوونکافی تێدا کۆ بووەتەوە و هەم بە پارەی گەندەڵی ئاوەدان کراوەتەوە، ئەو پارەیەی کە بریتیبوو، لە دە میلیۆن دۆلاری لە داهاتی گشتیی براو و نەوشیروان مستەفا لە مام جەلالی وەرگرت. ئایا بزووتنەوەیەک لە گەندەڵکاران پێک هاتبێت و بە پارەی گەندەڵی بەڕێوە بچێت، دەتوانێت بە گژ گەندەڵیدا بچێتەوە؟ ئایا گۆڕان بە چوار ساڵ، لە فشەخەباتی نێو پەرلەمان، کە ترۆپکی ئەو خەباتە، لە لێدانی تەپڵ و لە هەڵدانی دەبەی ئاودا خۆی نمایش دەکرد، پێی کرا لەم گەندەڵستانەدا، تاکە یەک گەندەڵکار ڕابکێشێتە بەردەم دادگا؟ بۆ ئەوەی خوێنەر لە ڕاستگۆییم نەکەوێتە گومانەوە، هەقە ئەوەیش بڵێم، گۆڕان هەوڵی دا لە ڕێی لەففەوە کە بە کوردی بابۆڵەی پێ دەڵێن، فیقەنە بباتە ژێر گوومبەزی پەرلەمانەوە، وەلێ لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

بۆ مەسەلەی چەسپاندنی دادپەروەرییش، ئەوەتان وەبیر دەهێنمەوە کە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان لە شەوی ٣٠ی ١ی ٢٠١١دا، لە بەرنامەی (ڕووبەڕوو)ی تەلەڤیزیۆنی (کەی ئێن ئێن)ەوە گوتی: (هەر چی شتێک لەگەڵ سەوابیتی دینی ئیسلامدا نەگونجێت، دڵنیابن، ئێمە ڕەزامەندیی لەسەر نادەین و ئەوەندەی بۆمان بکرێت، هەوڵ دەدەین تێنەپەڕێت.)(*)

کۆمەڵی کوردەواری وەک هەر کۆمەڵێکی دیکە، لە ژن و پیاو پێک دێت، بە گوێرەی پرەنسیپە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئایینی ئیسلامیش، ژن لە باشترین هەلومەرجدا ئینسانێکی دەرەجە دووە، ئاخر بە گوێرەی دەقی قورئان:

(١) پیاو پلەیەک لەسەروو ژنەوەیە.(١)
(٢) پیاو لە بەشە میراتدا، دوو هێندەی ژنی دەکەوێت.(٢)
(٣) پیاو دەتوانێت لە ژن بدات،(٣)
(٤) پیاو مافی فرەژنیی هەیە.(٤)
(٥) پیاو سەرداری ژنە. (٥)
(٦) پیاو سەرپشکە چۆن ژن دەکێڵێت.(٦)
(٧) پیاو دەتوانێت، بە مەرجێک کرێ بدات، بە کەیفی خۆی چێژ لە ژن ببینێت.(٧)

ئایا دادپەروەری بەوە دەچەسپێت، بە چاوێکی سووکەوە سەرنجی نیوەی کۆمەڵ بدەین و پێمان وابێت، ژن ئینسانێکی پلە دووە؟ ئایا کەسانێک بە پارەی لە پارووی خەڵک دزراو، حیزب پێکەوە بنێن و ژن بە کۆیلەی پیاو بزانن، ئەوە لووتکەی گەوجاندنی خەڵک نییە، باس لە دژایەتیکرنی گەندەڵی و چەسپاندنی دادپەروەری بکەن؟ ئایا گۆڕان، بە بزووتنەوەیەک دەکرێت کە وابەستەی سەوابتێک بێت، هەزار و چوارسەد و سی و چوار ساڵ لەمەوبەر، لە نیمچە دوورگەی عەرەب سەریان هەڵدابێت؟ ئایا لە هیچ بوارێکدا گۆڕان و سەوابیت، دانوویان پێکەوە دەکوڵێت؟ ئەگەرنا، کەواتە زۆربەی ئەوانەی دەنگیان بە گۆڕان داوە، عەوامن و بازرگانان فریویان داون.

سەروەختێک سادات خۆی بە ئیخوانەوە هەڵدەکێشا و بە پشتبەستن بەوان، بە گژ چەپەکاندا دەچووەوە، زۆری نەبرد، نەک هەر لێی هەڵگەڕانەوە، بەڵکوو تیرۆریشیان کرد. پێم وایە چارەنووسی نەوشیروان مستەفای کۆنەچەپ کە بە کۆمەکی ئیخوان، سەنگەری لە پدک و ینک گرتووە، لە هی سادات ڕۆشنتر نابێت. بەوەدا خەباتی گۆڕان لە پێناوی سەرخستنی پرەنسیپە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئیسلامدایە، بەوەدا لای گۆڕانیش هەر ئیسلام چارەسەرە، بەوەدا سەرۆکی لیستی گۆڕان، کۆنە ئیخوان بوو، بەوەدا کۆنە ئیخوانەکانی نێو لیستی گۆڕان زۆرترین دەنگیان هێنا، کەواتە گۆڕانیش وەک یەکگرتوو، حیزبێکی ئیخوانییە، بەڵام ئەو بوێرییە شک نابات، ناسنامەی خۆی ئاشکراتر بکات و پاشگری (ئیسلامی)یش بە ناوی خۆیەوە بلکێنێت.

ڕۆشنبیر ئەوە دەڵێت کە بە ڕاستی دەزانێت، با ئەو ڕاستیگوتنە لەگەڵ خواستی زۆربەیشدا ناکۆک بێت. ڕۆشنبیر ڕاستی دەڵێت، بێ گوێدانە ئەوەی، ئەو ڕاستیگوتنە، بە دژی یان بە قازانجی دەسەڵات دەشکێتەوە. درکاندنی ڕاستی، یاخیبوونە لە نەریت و لە دووبارەکردنەوەی ڕابردوو، بۆیە ناتوانین هاوزەمان خۆمان پێ ڕووناکبیر بێت و داکۆکی لە نەریتە دێرینەکانیش بکەین. تەها حوسەین کە لە ڕۆژانی دوایی ژیانیدا بە حەسرەتەوە، بە میسرییەکان دەڵێت: (بە ئازارێکی زۆر و بە ئومێدێکی کەمەوە ماڵئاواییتان لێ دەکەم،) بۆیە نەمریی مسۆگەر کرد، چونکە لە ئەزهەری تێپەراند، نەک لەبەر دووبارەکردنەوەی، ئەوەی لە ئەزهەر فێری بووبوو. کەس ناتوانێت لە بازنەی باودا گیر بخوات و خۆیشی پێ ڕۆشنبیر بێت، کەس ناتوانێت، داکۆکیکارێکی سەرسەخت بێت لە دابونەریت و خۆیشی پێ گۆڕانخواز بێت.

١/١١/٢٠١٣

(١) وللرجال علیهن درجة. بەقەرە (٢٢٨)
(٢) للذکر مثل حظ الأنثیین. نیساء (١١٠)
(٣) وأضربوهن. نیساء (٣٤)
(٤) فأنکحوا ماطاب لکم من النساء. نیساء (٣٠)
(٥) الرجال قوامون علی النساء. نیساء (٣٤)
(٦) نساؤكم حرث لكم فأتوا حرثكم أنى شئتم. بەقەرە (٢٢٣)
(٧) فما إستمتعتم بە منهن فأتوهن أجورهن. نیساء (٢٤)
(*) وەختی خۆی دەقی دیمانەکە لە سایتی (سبەی)یشدا بڵاو کرایەوە.
(**) (جێی داخە تازەکی خەڵکی دەرکیان بەوە کردووە، گۆڕان بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە، ئەز لەمێژە باسی ئەو ڕاستییەم کردووە. بڕوانە ڕۆژنامەی هەولێری ژمارە (٩٦١)ی ڕۆژی ٢/٢/٢٠١١)
Top