خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (١)

خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (١)

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

(ئەگەر لەسەر قەلاچۆکردنی کوردی باکوور، ئەتاتورک سزا درابا،
سەددام حوسەین پڕکێشیی نەدەکرد، کوردی باشوور ئەنفال بکات.)

بۆ ئەوەی فێری هونەری نووسین ببین، هیچ ڕێگەچارەیەک شک نابەین، غەیری ئەوەی، نووسینی نووسەرە چاکەکان بخوێنینیەوە و هەوڵ بدەین وەک ئەوان جوان بنووسین. ئەم بۆچوونە بۆ نووسینی کتێبیش هەر دروستە و ئەگەر دەیان و سەدان کتێبی چاک نەخوێنینەوە، وەک مەحاڵ وایە، بتوانین کتێبێکی چاک بنووسین. (خەونبینین بە کوردستانەوە) کە ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح بە سوێدی نووسیویانە و باسی مێژووی سیاسیی کورد، لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بە تایبەتی لە سەد ساڵی رابردوودا، دەکات، شیاوی ئەوەیە بایەخی پێ بدرێت، هەم بۆ ئەوەی بە دیرۆکی نوێی کورد ئاشنامان بکات و هەم بۆ ئەوەیشی نووسەران و باسکارانی کورد، لێیەوە فێری هونەری نووسینی کتێب ببن.

تێزی دۆکتۆرای ئان کاترین ئێمانویلسۆن کە ٢٠٠٥ لە زانکۆی یۆتۆبۆری/ سوێد داکۆکیی لێ کردووە، لە بارەی دامەزراوە سیاسییەکانی کوردەوە بووە لە ئاوارەیی و تێزی (خالید ساڵح)یش لەبارەی (دەوڵەتناسی)یەوە بووە و ١٩٩٦ لە هەمان زانکۆ داکۆکیی لێ کردووە. ئەوەی بە پلەی یەکەم، لەم کتێبەیاندا سەرنجی منی ڕاکێشا، بریتییە لەوەی: لە کۆی سێزدە بەش و بە درێژایی دووسەدوپەنجا ڕووپەل، تووشی پەرەگرافێک نەهاتم، زانیاریی تێدا نەبێت و شتێکی بایەخدار نەڵێت. ئەم کتێبە نە زانیاریی دووپاتکراوەی تێدایە، نە لە پەرەگرافێکیدا ڕستەیەکی زیادە و نە لە ڕستەیەکیدا، وشەیەک هەیە، ئەرکێکی پێ نەسپێردرابێت.

(دونیای سۆفیا) کتێبێکی یوستاین گاردەرە، تێیدا لە ڕێی هونەری گێڕانەوەوە، مێژووی فەلسەفە بەسەر دەکاتەوە. ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵحیش، هەرچەندە کتێبێکیان نووسیوە، پڕ بە مانای وشەکە، زانستی، وەلێ هەر لە سەرەتاوە، بڕێک لە فانتاسییان بەگەڕ خستووە، کە خزمەتی بە گێڕانەوەی مێژووی خەباتی کورد کردووە. لایەنێکی هەرەگەشی دیکەی کارەکە ئەوەیە، هەرچەندە ئەوەی دەیخوێنینیەوە کتێبێکە ئەکادیمییانە نووسراوە، کەچی بە پەرۆشی و تامەزرۆیییەکەوە، دوای پەرەگراف و لاپەڕە و بەشەکانی دەکەوین و جۆرە چێژێکمان پێ دەبەخشێت، هەر دەڵێیت، خەریکی خوێندنەوەی ڕۆمانێکی سەرکەوتووین.

(ئازاد)ی پێشمەرگە بە زەبری کیمیاباران، توانای بینین لە دەست دەدات، کچێکی هەیە، ناوی لێ ناوە کوردستان، کە لێی دەپرسێت: تۆ کوردستانی کێیت؟ دەڵێت: کوردستانی ئازاد. ئازاد چاوەڕێی ئازادبوونی کوردستان ناکات و هیچی تر، خەونی پێوە دەبینێت و خەباتی بۆ دەکات و لە پێناویدا قوربانی دەدات، ئاخر ئازادیش یەکێکە لەوانەی دەزانێت: (داهاتوو شوێنێک نییە، سەفەری بۆ بکەین، شوێنێکە دەبێت بیخوڵقێنین.)

ئەوە ڕاست نییە کە گوایە، کوردان وەختێک دەیانەوێت سواری قیتاری مێژوو ببن کە تێپەڕیوە و درەنگ لە خەمی نەتەوەدا بوون، ئاخر شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە ١٨٨٠ دا، داوای ئەوەی کردووە، کورد خۆی حوکمڕانی خۆی بێت. هەر کاتێک لە هەر پارچەیەکی کوردستان، کورد لە پێناوی مافەکانیدا ڕاپەڕیبێت، دەستبەجێ بە جیابوونەوەخواز، مەقاشی دەستی دەرەکی، یان تیرۆریست تۆمەتبار کراوە. (ئەوەی کورد هێشتا سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە، بەڵگەی ئەوە نییە، ڕێی ڕاستی نەگرتووەتە بەر، بەڵکوو لە سۆنگەی ئەوەوەیە، هێشتا تەواوی رێگەکەی نەبڕیوە.)

ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح، ئەم دوو نووسەرە پرۆفیشیوناڵە لە کتێبە گرنگەکەیاندا، سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشن، هەر لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی زایینییەوە، کورد دووچاری بە ئیسلامکردن هاتووە. هەر زوو، دوای سەرهەڵدانی ئیسلام، زەوتکارە عەرەبەکان، بە زەبری شمشێر دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری کوردستاندا گرتووە، بەڵام نزیکەی شەشسەد ساڵ، کورد ملی بۆ عەرەب کەچ نەکردووە، لە کات و شوێنی جیاوازدا بە گژیاندا چووەتەوە و زۆربەی خەڵکی کورد، هەر لەسەر ئایینی دێرینی خۆیان ماوەنەتەوە... لێرە بە دواوە، هەوڵ دەدەم بە دەستپاکییەوە، بە هەندێک لەو زانیارییانە ئاشناتان بکەم کە لەم کتێبە دانسقەیەدا هاتوون، کتێبێک کە هەقە چی زووترە، تەرجەمەی کوردی بکرێت.
*
کە ئیمپراتۆریای فارس کۆتایی پێ دێت، کوردستانی بن دەستی ئێران، وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام بە هەرەسی ئیمپراتۆریای عوسمانی، کوردستانی بن دەستی عوسمانییەکان، دەبێت بە سێ بەشەوە، بەشی تورکیا، بەشی عێراق و بەشی سووریا. (مۆدێرنیزم دابڕانە لە کۆن، نەریتخوازییش وابەستەبوونە بە کۆنەوە.) مێژووی مۆدێرنی تورکیا، بە گۆڕینەوەی خەڵک دەست پێ دەکات، لە ١٩٢٣دا، تورکیا و یۆنان ئاڵوگۆڕ بە نزیکەی دوو میلیۆن ئینسانەوە دەکەن، ئەمیان یۆنانی بەویان دەدات و ئەویشیان تورک بەمیان دەدات! هەر لە دوای کودەتاکەی ١٩١٣ەوە، (تورکە لاوەکان) خۆیان بۆ پاکژ کردنەوەی تورکیا لە (توخمە ناپاکەکان) ئامادە دەکەن و بڕیار دەدەن هەموو جۆرە پێوەندییەکان، بە زمانی تورکی بێت.

لە سەرەتای ساڵی(١٩١٥)ەوە تورکە لاوەکان، توانای خۆیان لە دژی ئەرمەن دەخەنە گەڕ. پێشەکی چی سەربازی ئەرمەن هەیە، بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لەگەڵ ڕووس تێکەڵ کردووە، بۆ ئەو یەکە سەربازییانەی چەکدار نین، دەگوێزنەوە. ئەم هەنگاوە، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت کە دواتر قەلاچۆکردنی ئەرمەن دەست پێ دەکات و لە نێوان میلیۆن و نیوێک تا دوو میلیۆن و نیویان لێ دەکوژرێت. وەک چۆن لە قەلاچۆکردنی کورددا، عەلی کیمیاوی ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە، ئەوە دۆکتۆر موحەممەد ڕەشیدیش بووە، سەرکردایەتیی پرۆسەی قەلاچۆکردنی ئەرمەنی کردووە.

کە چەند ساڵێک دواتر لە دۆکتۆر ڕەشید دەپرسن: چۆن تۆ کە پزیشکیت، توانیت ئەو هەموو خەڵکە بکوژیت؟ دەڵێت: خۆ پزیشکبوون، ناسنامەی خۆم لە بیر ناباتەوە، هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە نەبوو، یان دەبوو ئەرمەن، قڕ بخەنە تورکەوە، یان تورک، ئەرمەن قەلاچۆ بکەن. کە خۆم لەو دووڕییانەدا بینییەوە، هێندەی چاوترووکاندنێکیش دوودڵ نەبووم، تورکبوونم بەسەر پیشەکەمدا سەرکەوت و گەییشتمە ئەوەی، دەبێت ئێمە ئەوان بنەبڕ بکەین، نەک ئەوان ئێمە قەلاچۆ بکەن. کە لێی دەپرسن: باشە پزیشک دەبێت، ژیانی خەڵک ڕزگار بکات، یان ژیانیان لێ زەوت بکات؟ دەڵێت: ئەرمەن لەم وڵاتەدا، میکرۆبی ترسناک بوون، ئەدی ئەوە ئیشی پزیشک نییە، میکرۆب بکوژێت؟

لە ١٩٢١دا، عەسکەری تورک پەلاماری ڕابوونەکەی دەڤەری دەرسیم دەدەن، سەدان کورد دەکوژن، زیاتر لە ١٣٠ گوند خاپوور دەکەن و گەلێک گوندنشین ناچاری ڕەو دەکەن. ئەفسەرێکی تورک کە لە هێرشەکەدا بەشدار بووە، گوتوویەتی: (ئەوانەمان قەلاچۆ کرد کە دەیانگوت: زۆ، (مەبەستی لە ئەرمەن بووە،) وا خەریکی قەلاچۆکردنی ئەوانەیشین کە دەڵێن: لۆ، (مەبەستی لە کورد بووە.) کە کۆمارەکەی ئەتاتورک، جێی ئیمپراتۆریای عوسمانی دەگرێتەوە، قوتابخانە ئیسلامییەکان دادەخرێن، تورکی دەبێتە تاقە زمانی فەرمیی وڵات، ددان تەنیا بە هەبوونی نەتەوەی تورکدا دەنرێت، دەوڵەت دەبێتە دەوڵەتی نەتەوەییی تورک و داوا لە کورد دەکرێت، یادەوەریی خۆیان بسڕنەوە و مافی کورد لە بیر خۆیان ببنەوە، ئەگەرنا لە زینداندا خۆیان دەبیننەوە.

لە کۆتایی ١٩٢٤دا کورد بە گژ ئەو هەلومەرجە نوێیەدا دەچێتەوە، بەڵام ڕابوونەکە تێک دەشکێندرێت و لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٢٥دا، شێخ سەعید و ٤٧ لە هاوکارەکانی لە دیاربەکر لە سێدارە دەدرێن و لە هەمان ئەو جێیەدا کە ملی ئەو شۆڕشگێرانەی تێدا بە پەتدا دەکرێت، پەیکەرێک بۆ ئەتاتورک قوت دەکرێتەوە. عەسکەری تورک هەر بە هێندە دڵی ئاو ناخواتەوە، دواتر پەلاماری هەموو ئەو ناوچانەیش دەدات کە بەشداریی شۆڕشیان کردووە، دووسەد گوند کاول دەکات و زیاتر لە پازدە هەزار کورد دەکوژێت. دە ساڵ پێشتر تورک چییان لە ئەرمەن کردبوو، عەسکەری ئەتاتورک بە هەمان میتۆد، دەکەونە گیانی کورد. عەسکەری تورک کە دەگەنە گوندێک، دانیشتووانەکەی لە کەندێکدا ڕادەگرن و بە کۆمەڵ گوللەبارانیان دەکەن، یان لە کاداندا کۆیان دەکەنەوە و بە زیندوویی ئاگریان تێ بەر دەدەن، عیسمەت ئینوێنووی سەرەکوەزیرانیش لە ئەنکارەوە دەڵێت: (ئێمە ناسیۆنالیستی کراوەین، ئەوە ناسیۆنالیزمە، ئێمەی پێکەوە ڕاگرتووە. بێجگە لە تورک، هیچ توخمێکی دیکە، هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی نابێت. بە هەر نرخێک بووە، هەموو ئەوانەی لەم وڵاتەی ئێمەدا دەژین، دەکەین بە تورک، ئەوانەیشی لە تورک و تورکایەتی یاخی دەبن، دەکوژین.)

ڕژێمی ئەتاتورک دادگایەکی تایبەت بە دیاربەکر دادەمەزرێنێت، دادگایەک کێی بوێت، دەیگرێت، با هیچ پێوەندییەکیشی بە شۆڕشەوە نەبووبێت و چەندان کوردی ناسراو کە هیچ چالاکییەکیان لە دژی ڕژێم نەنواندبوو، لەبەر دەروازەی شاردا لە سێدارە دەدات. دادگایەک لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج هەزار کەسدا دەکات و فەرمانی لە سێدارەدان بەسەر چوارسەدیاندا دەسەپێنێت. ئەمە بێجگە لەوەی چەندان کەسی دیکە، بێ دادگاییکردن، گوللەباران دەکرێن و خەڵکانێکی زۆر لە ناوچەی دیاربەکر دوور دەخرێنەوە. بە شەست ساڵێک پێش ئەوەی، سەددام حوسەین، عەلی کیمیاویی بکاتە، حوکمڕانی گشتیی (باکووری عێراق،) ئەتاتورک، فەرمانڕەوای گشتیی بۆ (باشووری ڕۆژهەڵات)ی تورکیا، دەستنیشان کردبوو، فەرمانڕەوایەک بکوژ و ببڕ خۆی بوو.

ڕژێم دیمۆگرافیای باکووری کوردستان دەگوڕێت، لێ دەگەڕێت، تورکی بەڵکان دەست بەسەر زەویوزاری کوردەکاندا بگرن و بەوەشەوە ناوەستێت و لە ڕێی وەزیری دەرەوە، وەک ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح بۆی چوون، ئەم پاساوە (داروین)ییە بۆ ئەو زوڵمەی لە کوردی دەکەن، دەدۆزێتەوە: (کوردەکان لە کۆششیاندا بۆ ژیان، لێهاتوو نین، بە بەراورد لەگەڵ تورکدا هیچیان لە دەست نایەت و بەرەو لەناوچوون دەچن.) ساڵی ١٩٢٨ ئەندازیارێکی دانمارکی ڕێی دەکەوێتە دیاربەکر و دەربارەی کورد دەنووسێت: (ترس لە خوێنیاندا نیشتەجێیە.) وەلێ ئەو ترسە درێژە ناکێشێت و ڕێکخراوی (خۆیبوون) لە نێوان ساڵانی ١٩٢٨ و ١٩٣٠دا، لە چیاکانی ئاراراتەوە، ئاڵای بەرەنگاربوونەوە بڵند ڕادەگرێت و داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان دەکات. ڕژێمیش بەو ئومێدەی کورد لەناو تورکدا بتوێنێتەوە، هەردوو وشەی کورد و کوردستان و زمان و پۆشاک و فۆکلۆری کوردی بە یەکجاری قەدەغە دەکات و چی خێڵی ئەو ناوچانەیشی بەرەنگاربوونەوەیان لێیە، بەرەو خۆرهەڵاتی تورکیا ڕادەگوێزێت. ڕەگەزپەرستی لای تورک بە جێیەک دەگات، سڵ لەوە نەکەنەوە بڵێن: وشەی کورد، لە (کارت _ کورت)ی تورکییەوە هاتووە کە بریتییە لەو دەنگەی لە ئەنجامی بەسەر بەفر ڕۆییشتندا لە بنی چەکمەکانماوە پەیدا دەبێت.

لە ١٩٣٤دا پەرلەمانی تورکیا، یاسایەک پەسەند دەکات، ڕێوشوێن بۆ ئەوە دادەنێت، چۆن ئەو خەڵکەی ڕاگوێزراون، لەناو تورکدا بتوێنرێنەوە. وەزیری ناوخۆ دەڵێت: (کە یەک زمان و یەک شێوازی بیرکرنەوەمان هەبوو، بە قووڵی هەست بە یەکێتیشمان دەکەین.) ئەو یاسایە لە پراکتیکدا هەوڵی بۆ ئەوەبوو، کورد لە ناوچە کوردنشینەکاندا نەهێڵێت و تورک لە جێگەکانی کورد نیشتەجێ بکرێت. کورد بە گرووپی بچووک بچووک بۆ ئەو شوێنانە ڕادەگوێزران کە زۆربەی خەڵکەکەی تورک بوون، تا هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخسێت لە کۆمەڵی گەورە گەورەدا پێکەوە بژین و چی زووترە لەناو تورکدا بتوێنەوە. لە ڕوانگەی سکرتێری گشتیی حیزبەکەی ئەتاتورکەوە، مەبەست لە یاساکە ئەوە بووە، لە ڕێی زەوتکردنی زەوییەکانیانەوە، یەکگرتوویی نێوان کوردان تێک بشکێنرێت، تا بە ئاسانی بتوێنرێنەوە.

ڕژێمەکەی ئەتاتورک قینێکی ئەستووری لە بەرانبەر خەڵکی دەڤەری دەرسیم، لە دڵدا بوو. دەرسیم تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، ناوچەیەک بوو سەخت، زێدی کوردی زازا بوو کە شیعەی عەلەوین. پەرلەمان لە ١٩٣٥دا، یاسایەکی تایبەت بە ڕاگواستنی دەرسیم پەسەند دەکات. سەرەتا ئەفسەرێک دەکرێت بە والیی (پارێزگا)کە کە بە کەیفی خۆی، چی بوێت، دەیکات. (تورک تاکە سەروەر و تاکە خاوەنی ئەم وڵاتەن. ئەوانەی تورکی پاک نین، تاقە یەک مافیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کۆیلە و خزمەتکاری تورک بن، با دۆست و دوژمن و تەنانەت چیاکانیش، ئەم ڕاستییە بزانن.) بەردەوام ئەم قەوانە بۆ خەڵکی دەرسیم لێ دەدرێت. خەڵکی دەرسیم کۆ دەبنەوە و داخوازییەکانیان بە نامە بۆ والیی دەرسیم کە لە ١٩٣٦دا، ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ توونجەلی، دەنێرن. والی نامەبەران دەگرێت و لە سێدارەیان دەدات. دیسان خەڵکی ناوچەکە ڕادەپەڕن، ئەمجارەیان بە سەرۆکایەتیی سەیید ڕەزا کە سەرکردەیەکی ئایینی بوو. لە ١٠/٩/١٩٣٥دا سەیید ڕەزا و پەنجا لە هاوکارانی، لەکاتێکدا بۆ گوتوبێژ لەگەڵ نوێنەرانی تورکیادا دەچن، دەگیرێن و دادگایەکی سەربازی یازدەیان بە مەرگ حوکم دەدرێن.

کە لەشکری تورک بە چەکی قورسەوە هێرشی دەبرد، پیاوانی کورد بە چەکی سووک بەرەنگاری دەبوونەوە و ژنان و منداڵانیش بەرەو ئەشکەوت هەڵدەهاتن. لەشکر دەچوو لەبەردەمی ئەشکەوتدا ئاگری دەکردەوە، ئەشکەوت پڕ دەبوو لە دووکەڵ، ژن و منداڵی کورد، لەناوەوە مابانەوە، دووکەڵ دەیخنکاندن، بەرەو دەرەوە هاتبان، دەدرانە بەر ڕێژنەی گوللە. لەشکری بەعسیش لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەم مێتۆدەی تاقی کردەوە. ڕێ کەوتووە ژنانی کورد بۆ ئەوەی دەست عەسکەری تورک نەکەون، لە چیا سەختەکانی دەرسیمەوە، خۆیان فڕێ داوەتەوە دۆڵەکانەوە. لە هێرش بۆ سەر دەرسیمدا، لەشکری تورک هەزاران کەسی ڕاگواست و تا چل هەزار ئینسانیشی کوشت. لە هاوینی ١٩٣٨دا، دوای ئەوەی جاڕی کۆتاییهێنان بە هێرشەکەی سەر دەرسیم دەدرێت، لە پەرلەمانەوە سەرەکوەزیران دەڵێت: (بۆ هەتا هەتایە، کێشەی کورد لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشرا.)

لە سایەی ڕژێمی ئەتاتورکدا کە جووتیارێکی کورد بۆ فرۆشتنی بەرهەم ڕێی دەکەوتە شار، بۆ هەر وشەیەکی کوردی کە بەکاری دەهێنا، بە لێ سەندنی پارە سزا دەدرا. لە سایەی ڕژێمی ئەتاتورکدا، کورد لە ترس و هەژاری و نائومێدیدا دەژیا، بەڵام ئەوی بە تورکی ئاخفابا، ڕژێم دەستی کۆمەکی بۆ درێژ دەکرد. ئەتاتورک کچێکی هەڵگرتبووەوە، ئەو کچە لەسەر ئاستی دونیا، یەکەمین مێیینە بوو، ببێتە فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی، ئەو کچە بە فڕۆکەی جەنگی، خەڵکی سڤیلی کوردی بۆمباباران دەکرد.
*
(*)Ann- Catrin Emanuelsson & Khalid Salih، Drömmen om Kurdistan، ScandBook 2012 Falun.
Top