خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (٣) دوا بەش

خەونبینین بە کوردستانی ئازادەوە (٣) دوا بەش

نووسه‌ر :حەمەسەعید حەسەن

ناتوانین ڕابردوومان بگۆڕین، بەڵام دەتوانین وا بکەین جێدەستمان بە داهاتوومانەوە دیار بێت، دەتوانین وا بکەین، داهاتوومان لە ڕابردوومان گەشتر بێت.
ساڵی ١٩٨٤ لەسەر سنووری نێوان تورکیا و عێراقەوە، پەکەکە دەست بە خەباتی چەکداری دەکات، بە مەرجێک تا ئەو سەروەختە، شۆڕشەکانی کورد، ئیدی لە هەر پارچەیەکی کوردستانەوە هەڵگیرسابن، بە نسکۆ کۆتایییان هاتووە. لە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو بە دواوە، لەبەر ڕۆشنایی تیۆرییەکانی (ماو)دا، شۆڕشی چەکداری، وەک باڵاترین جۆری خەبات سەرنج دەدرێت. هانابردنی پەکەکە بۆ چەک لە ناچارییەوە بوو، ئاخر ڕژێمێک، پێی وابێت، بەختەوەر کەسێکە خۆی بە تورک بزانێت، پەیڤین بە زمانی دایک لە کورد قەدەغە بکات و وای بۆ بچێت، ئەوی توانای بە تورکی قسەکردنی نەبێت، هەر قسە نەکات، باشترە و ڕژێمێک ترسی لە سێ حەرفی کوردی هەبێت، کورد غەیری هانابردن بۆ چەک و چیا، چ ڕێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا دەمێنیتەوە؟

تورکیا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، سێ کودەتای سەربازی(١٩٦٠ و ١٩٧١ و ١٩٨٠) بە خۆیەوە دەبینێت، لە ڕوانگەی جەنەڕاڵە کودەتاچییەکانەوە، هەموو هەست و خواستی خۆ دەربڕینێک بە کوردی، ئیدی تەنانەت لە ئاخافتنەوە بە زمانی کوردی تا ناوی کوردی لە منداڵنانیش، جۆرێک دەبێت لە دەسیسە لە دژی یەکیەتیی نیشتمان، چ جای بڵاوکراوەی کوردی یان دامەزراندنی ڕێکخراوی کوردی. لەشکر چارەکە میلیۆنێک عەسکەر لە دژی پەکەکە بەگەڕ دەخات و هانا بۆ تاکتیکی زەوینی سووتاو دەبات، پەکەکەیش دەڵێت: هەموو تورکیا دەکەینە گۆڕەپانی شەڕ و لە دەرەوەی وڵاتیش دەست لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا ناپارێزین. کە تورگوت ئوێزال دەبێتە سەرەککۆماری تورکیا (١٩٨٩ – ١٩٩٣) دەڵێت: (تورکیا کێشەی کوردی هەیە، کێشەکە هەر پێوەندیی بە ئاسایشەوە نییە و بەس. دەبێت سەرانی تورکیا بوێرن ددان بەو کێشەیەدا بنێن و چی زووترە چارەسەری ئاشتییانەی بۆ بدۆزنەوە.) ئوێزال ئەوە فەرامۆش دەکات کە کورد هیچ نین، غەیری تورکی کێوی نەبێت، مەسعوود بارزانی داوەتی تورکیا دەکات، ئەویش بە پۆشاکی میللیی کوردییەوە دەچێت.

مزگەوت، سەربازگەی ئێمەیە،
قوببە، (خوودە)مانە،
منارە، (نێزە) و باوەڕیشمان لەشکرمانە.

ئەردۆگان لە سەردانێکیدا بۆ (سیرت) کە یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان، بۆ ڕۆشنکردنەوەی بیروڕای خۆی، هانا بۆ ئەو دێڕەشیعرە جیهادییە دەبات. کە ئەتاتورک هێشتاجێپێی خۆی بە تەواوی قایم نەکردبوو، بەڵێنی ئۆتۆنۆمیی بە کورد دەدا، وەلێ هەر کە بازووی ئەستوور دەبێت، لەسەر گابەردی هێز، چاوەڕوانییەکانی کورد وردوخاش دەکات و کۆمەڵێک پێکەوە دەنێت، پشتبەستوو بە دیسپلین و پرەنسیپی سەربازی، کۆمەڵێک لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی (داروین)دا، تێیدا بەهێز لاواز قووت دەدات و تێیدا بە گوێرەی دەستوور، هەموو تاکێکی کۆمەڵ تورک دەبێت. ئەم سیاسەتە، هێشتا درێژەی هەیە، هێشتا عەسکەر سالارە و هێشتا لە گۆشەنیگای عەسکەرەوە، کورد هەم جیاوازیخوازە و هەم تیرۆریست، با وەک یەڵماز گیونەی، یەشار کەمال و موحەممەد ئوزوون، لە ڕێی هونەر و ئەدەبەوە، ئاشتیخوازانەیش داکۆکییان لە مافی گەلی خۆیان کردبێت.

موحەممەد پاماک لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێت:
(ئەگەر تورکیا
ناوی کوردیا بووایە،
ئەگەر کورد منداڵی تورکی ناچار کردبا
هەموو بەیانییەک بڵێت:
من کوردێکی ڕاستەقینەم،
ئاخۆ تورک هەستی چۆن دەبوو؟)
ئەردۆگان لە حوزەیرانی ٢٠١١دا، سۆزی دا، کار بۆ سەرهەڵدانی دەستوورێک بکات، ئازاد لە کۆتگەلی ئێدیۆلۆگی، ئایین و ئێتنیک. کورد ترسی ئەوەی هەیە، ئەم بەڵێنەی ئەویش، هەر وەک پەیمانەکەی ئەتاتورک بێت و تیۆکراتی جێی دیکتاتۆریای عەسکەر بگرێتەوە؟ کورد دژی ئەوەیە، دەوڵەت سەربازگەیەک بێت، بەڵام خەباتی لە پێناوی ئەوەدا نەبووە، دەوڵەت ببێتە مزگەوت. تۆ بڵێیت، ئەوە لە چارەی کورد نووسرابێت، لە دوای حوکمی عەسکەر، بە دەست حوکمی ئیخوانەوە گیر بخوات!
*
لە ١٩٧٥دا، ئەمریکا بە پاشگەزبوونەوەی لە هەناردنی کۆمەک بۆ شۆڕشی ئەیلوول، کوردی باشووری نائومێد کردبوو، لە ئاداری ١٩٩١یشدا کە دوای ئازادکردنی کوەیت، ڕێ بە ڕژێمی سەددام حوسەین دەدات، باڵافڕ هەڵبسێنێت و ڕابوونی شیعە لە خوارووی عێراق کپ بکاتەوە و پەلاماری هەرێمی کوردستانیش بدات، هێندەی دیکە کورد لە ئەمریکا هیوابڕاو دەبێت، بۆیە ئەوە بۆ کورد، هەم سەرکەوتن بوو، هەم وەک سەرپرایزیش وابوو، کە ئەمریکا لە ٢٠٠٢دا، لە کۆنگرەکەی لەندەن، پشتگیریی لە عێراقی فیدراڵ کرد.

لە هەرەسی ڕژێمی بەعس بە دواوە، ئیدی کورد هەست ناکات لە دەرەوەی دەسەڵاتی عێراقە، ئەوە عەرەبی سوننەیە کە هەرچەندە کەمینە بوو، کەچی هەشتا ساڵ جڵەوی عێراقی بە دەستەوە بوو، هەنووکە هەست بە نیگەرانی دەکات، ئەگەرچی بە پێی قەوارەی خۆی لە دەسەڵاتدا بەشدارە. بە گوێرەی دەستووری عێراق، ئیسلام و دێمۆکراسی وەک دوو دیوی یەک دراو نیشان دراون، وەلێ ڕەنگە ئەوە وەک مەحاڵ وابێت، هاوزەمان هەم ئایینێک، دینی فەرمی بێت و هەم دێمۆکراسییش سەروەر بێت، ئاخر دێمۆکراسی یان نایەت، یان کە هات سێکولاریزمیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت.

هەر کە نەوت لە نیوەی دووەمی ساڵانی بیستی سەدەی پێشوودا لە کەرکووک دەدۆزرێتەوە، بە عەرەبکردنی ئەو شارە، بە هۆی هاوردەکردنی عەرەب و دوورخستنەوەی کوردەوە دەست پێ دەکات. ئەو پەیماننامەیەی لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا، لە نێوان حیزبی بەعس و پارتیی دیموکراتی کوردستاندا مۆر کرابوو، هەر لەسەر ڕێکنەکەوتن لەبارەی کەرکووکەوە، چوار ساڵ دواتر، تووشی نسکۆ هات. ئەو دەڤەرانەی لە عێراقی نوێدا، ناوی (ناوچە کێشەلەسەرەکان)یان لێ نرا، ڕاستییەکەی ئەو ناوچە کوردستانییانەن کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا، بەرەو ڕووی عەرەباندن هاتبوونەوە و کەم و زۆر کوردیان لێ وەدەر نرابوو.

هەر لە سەردەمی بەعسدا نا، پێشتریش هەر کە دەسەڵات لە سەنتەردا کۆ بووبێتەوە، بە زیانی کورد شکاوەتەوە. هەمیشە ئەوە ناوەند بووە، ڕاگواستن، جەنگ، مەرگ و کۆقەبری بۆ کوردستان پێ بووە. هەمیشە کورد بەشەنەوتی خۆی لە عێراق، بەو ئاگر و ئاسنە وەرگرتووە کە کوردستانی پێ کاول کراوە. کوردی باشوور لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ و ٢٠٠٣دا، خۆی فەرمانڕەوای خۆی دەبێت، ئەو ماوەیە هەستێکی وا دەهێنێتە گۆڕێ، ئیدی وەک مەحاڵی لێ دێت، جارێکی دیکە، بەچاوپۆشین لەوەی کام لایەن لە عێراقدا فەرمانڕەوا دەبێت، بەوە قایل ببێتەوە، بکەوێتەوە بن دەستی سەنتەر و وەک هاووڵاتیی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەوەیش ئەستەمە کورد بەوە قایل ببێت، عێراق خۆی بە بەشێکی لە جیابوونەوە نەهاتووی نەتەوەی عەرەب لە قەڵەم بدات. لە سەروەختی سەددام حوسەیندا هەزاران کوردی فەیلی بە پاساوی ئەوەی بە ڕەچەڵەک عێراقی نین، بۆ ئێران ڕادەگوێزرێن، کەچی خەڵکی فەلەستین، میسر، جەزائیر و یەمەن، بە هاوونیشتمانی عێراق وەردەگیران. لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسییەوە، باشووری نیمچەئازادی کوردستان، بە ئیسرائیلی دووەم ناوزەد دەکرێت و هەر لە توانایدا هەبووبێت، لە هەناردنی تیرۆریست بە تی ئێن تییەوە، بۆ پایتەختی هەرێم، درێغیی نەکردووە.

لە سەروەختی گوتوبێژدا، دەربارەی دەستووری عێراق، کورد بەوە قایل دەبێت، شەریعەت یەکێک بێت لە سەرچاوەکانی نووسینەوەی دەستوور، بەڵام نەک تاقە سەرچاوە، نەک گرنگترین سەرچاوە. ڕاستە نزیکەی هەموو خەڵکی عێراق موسڵمانن، بەڵام زۆربەیان سیستەمێکی عەلمانییان پێ باشترە، یان هیچ نەبێت، هەرێمی کوردستان دەنگ بە سێکولاریزم دەدات. ئەوانەی خەریکی نووسینەوەی پرۆژەی دەستووری عێراق دەبن، لەوە دەچوو لە دوو جیهانی جیاوازەوە هاتبن، لایەکیان ئایین لە کنی نموونەی باڵا دەبێت و لایەکەی تر بە زمانێکی مۆدێرن دەپەیڤێت. هەر لایە و خاوەنی دونیابینی تایبەت بە خۆی دەبێت. پۆڵ ئێلوار دەڵێت: (دونیایەکی دیکەیش هەیە، بەڵام هەر لەم جیهانەدا.) سەروەختی گوتوبێژ لەگەڵ ناوەنددا، وڵاتانی دراوسێیش هێندەی پێیان بکرێت، هەوڵی لاوازکردنی شوێنپێی کورد دەدەن.

بە گوێرەی دەستووری عێراق، (نەوت و گاز لە هەموو پارێزگا و هەرێمەکاندا، هی هەموو خەڵکی عێراقن.) کەواتە سامانی عێراق، موڵکی دەوڵەت، حوکوومەت، حیزبێک، یان گرووپێکی دیارکراو نییە، بەڵکوو هەموو خەڵکی عێراق، وەک یەک هەمان هەقیان لەو سامانەدا هەیە. بە گوێرەی دەستوور، پارێزگا و هەرێمەکان مافی ئەوەیان هەیە، سەرپەرشتیی نەوت و گازی ناوچەکانی خۆیان بکەن. هیچ کەس و لایەنێک مافی بە میلیتارکردنی عێراقی نییە و بۆی نییە سامانی عێراق لە شەڕدا دژی خەڵکی عێراق یان دراوسێیەکانی وەگەڕ بخات. ئیدی لە ٢٠٠٩ بە دواوە هەرێمی کوردستان دەست بە هەناردەکردنی نەوت دەکات و بۆ یەکەمین جار بەشێکی باش لە سامانی کوردستان، ئاشتییانە و لە پێناوی ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا وەگەڕ دەخرێت. بە پێی دەستووری عێراقی نوێ، هەرێمی کوردستان هاوسەرگیریی کاسۆلیکییانەی لەگەڵ عێراقدا نەکردووە و ئەگەر عێراق پەیمان بشکێنێت، کوردستان وابەستەی یەکیەتیی عێراق نابێت. تی ئێس ئەلیەت دەڵێت:
(ئەوەی پێی دەڵێین سەرەتا، زۆر جار کۆتایییە، کە کۆتایی بە شتێک دەهێنین، ئەوە سەرەتایەکی تازەیە، کۆتایی ئەو شوێنەیە، لێیەوە دەست پێ دەکەینەوە.) ماکیاڤێللی گوتوویەتی: (هیچ شتێک هێندەی دەستپێکردنی نەزمێکی نوێ، دژوار و ترسناک نییە.) بە گوێرەی دەستووری تازە، کورد لە کۆتایییەکی تازەوە، دەستی پێ کردووە و داهاتووی خۆی بە عێراقێکی نوێوە گرێ داوە، نەک بە عێراقەکەی جارانەوە.

ناتوانین ڕابردوومان بگۆڕین، بەڵام دەتوانین وا بکەین جێدەستمان بە داهاتوومانەوە دیار بێت، دەتوانین وا بکەین، داهاتوومان لە ڕابردوومان گەشتر بێت. ئیدی ئەو سەردەمە دوایی هات کە بە کوردستانیان دەگوت: (ئەو وڵاتەی کە نییە،) یان بە کوردیان دەگوت: (گەلێکی بێ وڵات.) ئیدی کورد لە سێبەر یان لە پەراوێزی مێژوودا ناژی. ئەگەر کورد خۆی لە شەڕی براکوژی بە دوور گرتبا، هەنووکە کوردستان لەوەیش ئاوەدانتر دەبوو کە هەیە. مەسعوود بارزانی لە پەرلەمانی کوردستاندا، لە سۆنگەی ئەوەوە حیزبەکەی یەکێک لە دوو لایەنەکەی شەڕی ناوخۆ بووە، داوای لێبوردن لە گەلی کورد دەکات و هیوا دەخوازێت، ئیدی کورد تووشی کارەساتی براکوژی نەبێتەوە، ئاستی تۆلێرانسی سیاسیی لای تاکی کورد، لە هەڵکشاندا بێت و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان تا دێت لە کولتووری کوردیدا جێگیرتر ببێت.
*
١٩٦٣ حیزبی بەعس لە ڕێی کودەتاوە، لە سووریا دەسەڵات دەگرێتە دەست و یەکسەر جاڕی دۆخی نائاسایی کە تا ئێستا درێژەی هەیە، دەدات. لە سووریا سەدان هەزار کورد، نە هاووڵاتینامەیان هەیە، نە پاسپۆرت و نە ناسنامە. ئەو کوردانە هیچ کام لەو مافانەیان نییە کە هاووڵاتییانی دیکە هەیانن و بەشێکی زۆریان بە بێگانە هەژمار دەکرێن. کە لە دوای یەکەمین جەنگی دونیاگرەوەوە، سنوورەیلی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستنیشان دەکرێن، هەر خاکی کوردستان لەتوپەت ناکرێت، خانەوادەی کورد، گوندی کورد و لەوەڕگەی خەڵکی کوردیش دابەش دەکرێن. ئێستایش ئەگەر پیاوێکی بێ هاووڵاتینامەی کورد لەگەڵ ئافرەتێکی عەرەبی سووریاییدا هاوسەرگیری بکات، منداڵەکانی لە مافی هاووڵاتینامە بێبەش دەکرێن.

لە دژی ئەو جیاوازیکارییەی بەعس بەرانبەر کورد پێڕەوی دەکات، لە ئاداری ٢٠٠٤دا، جامی غەزەبی کوردی ڕۆژئاوا لێی دەڕژێت و دەڕژێنە سەر شەقام، پەیکەری حافیز ئەسەد بە لادا دەخەن و گڕ لە ئاڵای سووریا بەر دەدەن. ڕابوونەکە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، دەگاتە ئەو گەڕەکانەی دیمەشقیش کە کورد تێیاندا زۆربەیە و خوێندکارە کوردەکانی زانکۆکانیش دەنگی ناڕەزایی بڵند دەکەنەوە. دەڵێن: دەشێت پزیسکێک ئاگر لە دەشتێک بەر بدات، هەوێنی ڕابوونەکە ئەوەبوو، پۆلیسی نهێنیی بەعس، لە قامشلوو تەماشاچییانی گەمەیەکی تۆپی پێ، بەر ڕێژنەی گوللە دەدەن. ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردنی سەرکردەی کورد، شێخ مەعشووق خەزنەوی، لە ئایاری ٢٠٠٥دا، لە لایەن ڕژێمەوە، تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە، داوای ڕیفۆرمی سیاسیی کردبوو، قینی خەڵکی کورد لە بەعس ئەستوورتر دەکات و بڵیسەی بەرەنگاربوونەوە بڵندتر هەڵدەکشێت.

لە سەروەختی (بەهاری عەرەبی)دا، موسەوی و کەڕووبی، داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانێکی دێمۆکراسییانە بۆ پشتگیریی کردن لە خەباتی گەلانی توونس و میسر دەکەن، خامەنەئی خۆپیشاندانەکانی توونس و میسر بە شوێنپێکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ی ئێران نێوزەد دەکات و فەرمان بە پۆلیسی نهێنیی دەدات، لێ نەگەڕێن ئەو دوو سەرکردە (ڕیفۆرمخوازە) ماڵی خۆیان جێ بهێڵن. ئەوەی لە حەڤدەی شوباتی ٢٠١١دا لە سلێمانی ڕووی دا، لاساییکرندەوەی ئەو دەستپێشخەرییەی مووسەوی و کەڕووبی بوو. ئەوەیشی کە خۆپیشاندەرانی سلێمانی، ناوی بەردەرکی سەرایان، گۆڕی بە سەرای ئازادی، ئەوەیش هی خۆیان نەبوو، ئاخر میسرییەکانیش، ناوی مەیدانی (سادات)یان گۆڕی بە مەیدانی ئازادی! کەواتە نە بیرۆکەی خۆپیشاندانەکە خۆماڵی بوو، نە گۆڕینی ناوی بەردەرکی سەرا! ئەوەیشی کە دەسەڵاتی کوردی بە خۆپیشاندەرانی بەردەرکی سەرای دەگوت: ئەوەی ئێستا لە میسر و توونس ڕوو دەدات، لە باشووری کوردستان، لە ئاداری ١٩٩١دا ڕووی داوە، سوودی لە گوتەکەی خامەنەئی وەرگرتبوو.

کە لە ٢٠٠٠دا ئەکادیمییەکی کورد لە سوێد، گوتارێک دەربارەی کێشەی دێمۆکراتیزەکردنی تورکیا بڵاو دەکاتەوە، باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆلم، ناڕەزایینامەیەک بۆ ئیدارەی زانکۆکەی دەنێرێت و داوا ئەوە دەکات، ئەکادیمییەکە چونکە سووکایەتیی بە گەلی تورکیا کردووە، پێویستە داوی لێ بوردن بکات! چەند ساڵێک پێشتر، لە ستۆکهۆڵم باخچەیەکی ساوایان دەکرێتەوە، منداڵ و مامۆستای باخچەکە هەموویان کوردی باکوور دەبن و پەیڤین تێیدا بە زمانی کوردی دەبێت. ئەمبەسادی تورکیا، داوا لە سوێد دەکات، زمانی پەیڤین لەو باخچەی ساوایانەدا بکرێت بە تورکی! لە ئێران، نە پەیڤین بە کوردی قەدەغە نییە، نە ناوبردنی کوردستان، هەم ئوستانێک ناوی کوردستانە و ‌‌هەم شەقامێکیش لە تاران کە هەر دوو لای بە درەخت ڕازێنراوەتەوە، بەڵام ڕێی خەبات لەبەردەم کوردی ڕۆژهەڵاتدا، ڕێیەکە سەخت، نەک شەقامێکی تەخت.

کە ئەردۆگان لە نۆڤێمبەری ٢٠١١دا، لە پەرلەماندا لە سۆنگەی ئەوەوە تورکیا ١٩٣٥ کوشتارگەی بۆ خەڵکی دەرسیم ساز کردووە، داوای بەخشین لە گەلی کورد دەکات، پەلەمانتارێک پێشنیار دەکات، فڕگەیەکی ئاستانبوول کە بە ناوی سەبیحەی (کچ)ی ئەتاتورکەوەیە، ناوی سەیید ڕەزای سەرکردەی ڕابوونەکەی دەرسیمی لێ بنرێت کە لە کاتێکدا بۆ گوتوبێژ لەگەڵ نوێنەرانی تورکیادا بەڕێوە دەبێت، دەگیرێت و لە سێدارە دەدرێت.
*
کە لە خوێندنەوەی (خەونبینین بە کوردستانەوە)ی ئان کاترین ئێمانویلسۆن و خالید ساڵح دەبینەوە، هەست دەکەین کتێبێکە هەم زانیارییەکی زۆرمان پێ دەبەخشیت و هەم بە قووڵیی چێژی لێ دەبینین، کتێبێکە هەم ئاسۆی بیرکردنەوەمان گوشادتر و هەم ناخمان جوانتر دەکات، کتێبێکە هەرچەندە دیرۆکی ئەو ستەمە دەگێڕێتەوە کە لە گەلەکەمان کراوە، بەڵام دوای خوێندنەوەی هەست دەکەین، کراوەتر و ئینساندۆستترین لە جاران، کتێبێکە بۆ ڕۆنانی تەلاری داهاتوویەکی گەش هانمان دەدات، نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە، کتێبێکە بە ئارامێکی ئەیووبانە و بە عیشقێکی فەرهادانەوە نووسراوە، کتێبێکە گوێی بۆ هاواری ئیدێۆلۆگی شل نەکردووە، لەبەر ڕۆشنایی چراوگی ئەپستمۆلۆگیدا لە دایک بووە.
*
(*)Ann- Catrin Emanuelsson & Khalid Salih, Drömmen om Kurdistan, ScandBook 2012 Falun.
Top