داعش و چێژ

داعش و چێژ

نووسه‌ر :: نەجیب عەبدولڕەحمان ئەلزامل

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(ئەم وتارە لە لایەن نووسەرێكی سعوودییەوە نووسراوە و لە رۆژنامەیەكی ئەو وڵاتەشدا بڵاو كراوەتەوە. پاشان لە ماڵپەڕی ئیلاف (ایلاف)دا بڵاو كراوەتەوە. بە گوێرەی ئەم وتارە بێ، وا پێ دەچێ لە سعوودیەش جۆرێك لە نیگەرانی بەرانبەر بە دیاردەی رێكخراوی داعش دروست بووە. بە دەنگەوە هاتنی بژاردەی رۆشنبیری ئەو وڵاتە سەبارەت بەم دیاردەیە و بڵاو بوونەوەی نووسین لەبارەیەوە، دەری دەخاتە كە لە هەردوو ئاستی فەرمی و نافەرمیی ئەو وڵاتەدا، بیر لە چارەسەر كردنی كێشەی پەیدا بوونی داعش دەكەنەوە. ئەگەر داعش لە بنەڕەتدا بووەتە نووكە رمی شەڕێكی تایەفی، كە پەیوەندیی بە كوردەوە نییە، بەڵام داعش بە پەلاماردانی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردی لە باشوور و رۆژاڤای كوردستاندا لەو شەڕەوە گلاندووە. بۆیە حاڵی بوون لە دیاردەی داعشیزم بۆ ئێمەش مەبەستە. ئەم وتارەش رۆشناییەكی دی دەخاتە سەر ئەم دیاردەیە- وەرگێڕ).
سەبارەت بەوەی كە لاوانمان گیرۆدەی كاری تیرۆر دەبنەوە، ئەگەر بە چاكی لێی ورد ببینەوە، ئەوارەگەزێكی لە پشتە، هیچ نا وەك ئەوەی من بۆی دەچم. ئەوەش دەبێتە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دیاردەی رۆیشتنی لاوان بەرەو كاری هەڵە. هەڵبەت رەنگە ئیدی پێویستمان بە كردەی سەربازی نەمێنێ، كە ئەمیش، بە داخەوە، هەمان ئاكامی دەبێت! مەبەستم چێژە!
بوارم پێ بدەن كارەكە روون بكەمەوە، بە تایبەتی بۆ لایەنانی ئەمنی، هەروەها بۆ ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە قەڵاچۆ كردنی گەندەڵییەوە. گوتەیەكی گرنگی گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان (كانت) هەیە، هەڵبەت دەبێ بڵێین خودا هاوكارمان بێت لە ئاست قورسیی فەلسەفە و هزری ئەڵمان، لەم وتارەشدا پەنا بۆ پتر لە رایەكی فەیلەسووفانی ئەڵمان دەبەین.گرنگە بزانین، (كانت) دەڵێ: "باری پیاوەتی و مەردایەتی بە دروستی ئەوەیە كە زۆر لە سەر شانمان دەكەوێت، بە بێ ئەوەی شتێكمان لە پای ئەو دەست بكەوێت. مەگەر شتۆكێكی زۆر كەم نەبێت".
ئیدی لێرەدا گەندەڵی دەبێتە هەلێك بەرەو چێژ، خۆ رزگار كردن لە پیاوەتی و مەردایەتی و روو كردنە چێژ لە رێی كاری حەرامەوە، جا گەندەڵی بە بڕە پارەیەك یان كارێكی بچووك دەست پێ دەكات، پاشان تەماح گیانی مرۆڤی گەندەڵ دەتەنێتەوە. هەرچەندە بڕی گەندەڵی قەبە و ئەستوور بێت، بینایی نامێنێ و خانەكانی دانایی لە ناخیدا دەسڕێنەوە، قوڵپی نێو هەناوی تەماح و نەمانی قەناعەت بە گوڕتر دەبێت، چونكە وەك فەیلەسووفی گریك (ئەرستۆ) دەڵێ، چێژ "هێزی قەناعەت پێ هێنان و سیحری كاریگەریی هەیە، بە چەشنێك لۆژیكی هیچ عەقڵێك پێی بەرپەرچ نادرێتەوە."
كاتێك فەیلەسووفی ئەڵمان (ماكس شیلەر) لەبارەی ئازار و چێژەوە هاتە گۆ، شتێكی فرە گرنگی گوت، كە دەڵێ: "ئێمە لە دەست ئازار هەڵدێین، چونكە چواردەوری گرتووین و راومان دەنێت و بە دوامانەوەیە، خەسڵەتی چێژیش وایە وەك نێچیر لە بەرمان هەڵدێت و ئێمەش دەكەوینە دووی، هەر كاتێ كە راوی دەكەین، واز لە راكەڕاك و راو ناهێنین. نێچیرێكی گەورەترمان دەوێ."
ئەو لاوانەی بۆ شەڕ دەچن، پاڵنەری یەكەمیان چێژە، بەڵكوو "داعش" و "قاعیدە" و "حووسی" و هی دیكەش، راكردنە بە دوای چێژدا، چێژی بەهەشت، یان چێژی خوێن، یان چێژی سەركێشی، یان چێژی باڵادەستی، یان تەنانەت چێژێكی سادی، كە چێژ لە ئازاردانی ئەوانی دی وەردەگیرێ، وەك كە دەیبینین چێژ لە سەربڕینی بارمتەكان وەردەگرن. هەر هەموویان چەشنی رەوڕەوەن، بە سەر ساجێكی گەرمدا دەڕۆن كە چێژە.
پاشان، خۆ چێژ شتێكی دیاری كراویش نییە، ئەو حاڵەتە. ئەو هەلومەرجە و دەگۆڕێت، بۆیە شتێكی زۆر ترسناك لەگەڵ چێژدا دێت، كە بێزاری، یان جاڕسییە.
چۆن؟
با جگەرەكێشێك بە نموونە بهێنینەوە، ئەو لە گەڕان بە دوای چێژدا جگەرەی كێشاوە، ئەوەش ئاشكراگۆییەكی روونە لەبارەی گوڕ و تینی چێژەوە. جگەرەكێش زۆر بەو زیانە كوشندەیە ئاشنایە كە لە پشت جگەرە كێشانەوەیە، كەچی درێژە بە گەڕان بە دوای چێژەكەدا دەدات، تەنانەت زۆر جگەرەكێشی سەرسەخت لە نێو پزیشكانیشدا هەن. پاشان لە جگەرەش بێزار دەبێت و تێری ناكات، ئیدی روو لە مەی دەكات، ئەویش تێری ناكات و روو دەكاتە ئەو چیژەی سیحرێكی هەیە، كە هۆشبەرە. پاشان ون بوون و تیاچوون.
چارەسەر كردنی ئەم كارە، لە ناسینی هۆیەكەوە دەست پێ دەكات، منیش لە چوارچێوەی هەست پێ كردنی خۆمەوە، پێم وایە چێژ هۆی یەكەمە، پاشان هەموو لێكدانەوە و پاڵنەرەكانی دی دێن. رەنگە كەسێك بێت و ئەم پرسیارە گرنگە بكات: "باشە چ شتێك وا دەكات چێژ ببێتە كارێكی بەد و خراپ (چێژ هەیە رێی پێ دراوە)، من دەڵێم: بێزاری!
كاتێك ژینگە یان شوێن بێزاری و جاڕسیی تێدایە، دوورە لە هزری داهێنەرانە، كە چێژی بەرهەمدار دەخاتە گەڕ، ئیدی ئاساییە كە ئاراستەی هێز و وزەی لاوان بەو چەشنە بێت، كە لە دەست بێزاری رزگاریان بێت و بە دوای چێژدا بگەڕێن. ئەو گەڕان بە دوای رزگار بوونە زۆر لە سەرمان كەوت، خۆ ئەگەر وریا نەبین، هێشتا زیاتر لە سەرمان دەكەوێت.
بۆ وشك كردنەوەی سەرچاوەی بێزاری، گەلێك چارەسەر هەن، ئەو بێزارییە لاوان بەرەو گەڕانە بە دوای چێژدا دەبات. چارەسەریش دەكرێ بۆ نموونە بەو جۆرە بێت، كە وزە و توانای لاوان وەگەڕ بخرێت، جا یان لە رێی چێژی سوودبەخشەوە، یان بە پڕ كردنەوەی كاتی دەست بەتاڵییان و شۆڕشی هۆرمۆنەوە، هەروەها بە سەربازگەی رێك و پێكی مەشق و راهێنان، یان بە سەپاندنی سەربازی. ئەمانە چەردەیەكن لە دنیای چەرەسەر، گرنگ ئەوەیە بە دروستی پەتایەكە دیاری بكەین، (پاشان بە دوای باشترین چارسەردا بگەڕێین).
ژێدەر:

www.elaph.com/Web/NewsPapers
Top