جوانی و پێوەرەكەی

جوانی و پێوەرەكەی

نووسه‌ر :تاریق كارێزی

ئەگەر بۆ سەردەمی بەرایی فەلسەفە بگەڕێینەوە، دەبینین جوانی دیرەگێكی سەرەكیی فەلسەفە بووە. گریگ بەر لە 2500 ساڵ لە جوانییان كۆڵیوەتەوە، گەلێ پرسیاریشیان لەم بارەیەوە ورووژاندووە. ستاتیكا، پەیڤێكی یۆنانییە، بەرانبەرەكەی لە كوردیدا (جوانناسی)یە. فەیلەسووفانی گریك (یۆنانیانی دێرین: پێشینانی یۆنان پێیان دەگوترا گریك) لە رووی فەلسەفاندن و تیۆریزە كردنەوە، دانەری بناغەی ستاتیكان، واتە یۆنانی دێرین فەلسەفەی هونەر و جوانیی داهێناوە. ئەگەر هەموو گەلان بایەخیان بە جوانی داوە، بەڵام گریك قوولتر لە گەلانی دی بە دوای فەلسەفەی جوانی و هەقیقەتی جوانییەوە بوون. دەیان پرسیاریان لەبارەی ماهیەت و هەقیقەتی جوانییەوە كردووە. لە لای ئەوان (ڤینۆس) خوداوەندی جوانییە، ئەو چەمكەش وەك گەلێ چەمكی دیكەی زانست و فەلسەفە، لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێو شارستانیەت و كولتووری گەلانی دیكەوە.
جوانی پێوەر و پێوانەی جیاجیای هەیە. تا ئێستا هزری مرۆڤایەتی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی، بۆ جوانی ستانداردێك دابنێ، ئەگەرچی سەدان فەیلەسووف پێناسە و چەمكی جۆربەجۆریان لەبارەی جوانییەوە خستووەتە روو، بەڵام وا پێ دەچێ پێناسە كردنی جوانی پرۆسەیەكی بێ بڕانەوە بێت. هەمیشە سروشت و ژیان فیگەری نوێ لە دنیای جوانیدا دەئافرێنن. جوانی و جوانناسی (ستاتیكا) بە گەردووندا پەرت و بڵاوە، بەهایەكی واتاییە، بەڵام نەك بڵێی چەمك و تێرمێكە و بە ئاسمانەوە هەڵواسراوە، بەڵكوو تێكەڵ بە هەموو كونج و كەلەبەرێكی ژیان بووە. جوانی وەك بەهایەكی واتایی ئاوێتە بە هەر حەوت چەشنە سەرەكییەكەی هونەر بووە. ئەگەر جوانی لە (نیگار، پەیكەرتاشی، سیرامیك، مووزیك، شانۆ، تەلارسازی و سینەما) دابماڵین، ئەو هونەرانە لە هونەرایەتی دەكەون.
ئێمە بە سوود وەرگرتن لە بابەتێكی ماڵپەڕی عەرەبی زمانی (ئیلاف: ایلاف)، دەچینە سەر گۆشەیەكی دنیای جوانی كە پەیوەستە بە ئافرەتەوە. دەشمەوێ بڵێم كە هەردوو چەمكی (ستاتیكا) و (جوانناسی) لەم وتارەدا بە یەك واتا بەكار دێن.
هێندەی پەیوەندیی بە جوانیی ئافرەتەوە هەبێت، هەموو كۆمەڵێك سەبارەت بە ستاتیكای مێ پێوەری تایبەتی خۆی هەیە. ئەوەی بۆ ئافرەت لە كۆمەڵێك یان لە وڵات و كولتوورێك بە دروست دادەندرێت، بە لای كۆمەڵ و وڵات و كولتوورێكی دیكەوە بە راست نازاندرێ. هەر كۆمەڵە بە پێی پێوەری جوانناسانەی خۆی، لە بەهای جوانیی ئافرەت دەڕوانێت و سەنگ بۆ مێ بوون و ژنایەتییەكەی دادەنێت. لە نێو تاكە كۆمەڵێكیشدا جاری وا هەیە پێوەری جوانی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی دەگۆڕێت، ئەویش بە كاریگەریی پەیدا بوونی فاكتەری نوێ، كە وردە وردە جێی خۆیان لە نێو گەڵاڵەی پێوەرەكانی جوانی و خەسڵەتی ژنانەدا دەكەنەوە.
پێوەرەكانی جوانی لە دێرزەمانەوە لە نێو هەر كۆمەڵ و شارستانیەتێكداباو بوون و ناسراون، هەڵبەت هەمەڕەنگییەكی بێ سنوور لەم رووەوە بەدی دەكرێت. بۆ نموونە فیرعەونی زیاتر لە هەر شتێك بایەخیان بە چاوانی بە كل دەدا، بۆیە بە دوای باشترین جۆرە كلدا دەگەڕان تا بیخەنە بەر دەستی خانمانی خۆیان، تا ئەوانیش چاوانی خۆیانی پێ جوان بكەن. لە روانگەی گەلی فیرعەونەوە، هەرچەندی ژن زیاتر بایەخ بە چاوی خۆی بدات، هێندە زیاتر سەرنج راكێش دەبێت و دڵان كەمەندكێش دەكات. ئەوان بایەخیان بە عەتر و هەڵمیش دەدا، یەكەم گەلیش بوون كە رووەكیان بۆ بۆن خۆش كردنی دەم بەكار هێنا.
بە لای كوردەوە، ئافرەتی بەژن و باڵا درێژ و لاولاوی نموونەی جوانییە، چاو و برۆش نیشانەیەكی گرنگە بۆ جوانیی ئافرەت. بە لای پێشینانی كوردەوە لێوی تەنك (لە گۆرانیی كوردیدا دەگوترێ: لێو قەیتانی فەرەنگی) رەگەزێكی جوانیی ئافرەت بووە. هەڵبەت لە سەردەمێكدا كە كۆیلە هەبووە، فۆلكلۆری كوردی وا وێنای كۆیلە دەكات، كە رەش پێستی لچ ئەستوورە، بۆیە لە روانگەی ستاتیكای نەریتیانەی كوردەوارییەوە، لێوی تەنك نیشانەی جوانی و خانەدانی بووە. چاوی بە كلیش نیشانەیەكی دیاری جوانیی ئافرەت بووە. هەڵبەت لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان رەنجدەر و پاڵە وجووتیار بوون، بۆیە بە زۆری خەڵك لاواز و بێ گۆشت بوون. تەنیا چینی دەرەبەگ و میرانی كورد ژنانیان لە نێو كۆشك و تەلاردا دەژیان، كە بە پێستی سپی و خرپنیی خۆیان بووبوونە نموونەنی جوانی.
لە لای عەرەبیش، پیاوان كلیان لە چاو دەكرد، بۆ ژنانیش پێوەری دیكەی جوانی هەبوون. لە شیعری كلاسیكی عەرەبدا قەڵەویی ئافرەت یەكەمین پێوەر بووە بۆ جوانیی ئافرەتی عەرەب. ژنی تێر گۆشت لە روانگەی پێشینانی عەرەبەوە نموونەی جوانی بووە. شاعیرێكی عەرەب ژنی لاوازی بە شووڵە دار چواندووە، كە مرۆڤ بچی جلی پێوە هەڵواسێ.هەروەها بە لای عەرەبەوە ژنی جوان دەبێ خاوەن پرچێكی شۆڕ و رەش ودرێژ، دوو چاوی گەش، پێستی ساف و سپی، گەردنی بەرز بێت. كوردیش لە پەسنی ئافرەتدا دەڵێ "ناسكە و تەنكە، ناوقەد باریكە".

پەنجەی دەپێچنەوە
پێوەر بۆ جوانیی ئافرەت لە ئاسیادا جۆرێكی دیكەیە. ژاپۆنی ئەو جۆرە ژنەیان بە لاوە پەسندە كە هەست ناسكە، وردیلەیە، ناوقەدی باریكە، پێست و گەردنی ساف و سپین، چیەدووە، پێی بچووكە، نەرمەڕۆیە و هەنگاوەكانی وردن. بە لای ژاپۆنییەوە بەژنی درێژ نەنگییە نەك جوانی. پێڵاوی دارینیان لە پێی كچانی ساوا دەكرد تا پێیان بە بچووكی بمێنێتەوە و گەورە نەبێت.
بە لای هەندێك هۆزی چینەوە، گرنگترین پێوەری جوانیی ئافرەت ئەوەیە كە پەنجەكانی پێی نووشتابنەوە ژێر پێیەكانی. ئیدی كچانی ئەو هۆزانە هەر كەتەمەنیان دەبێتە چوار ساڵ پەنجەی پێیان بە پەڕۆ زۆر توند بۆ لای ژێرەوە شەتەك دەدەن، هیچی بە دەرەوە نامێنێ بێ لە كەڵە پەنجەی پێیان، بۆ ئەوەی كە گەورە بوون پەنچەی پێیان نووشابێتەوە بن پێیان.
لە باشووری ئاسیاش وا باوە كە ژنان ددانیان لە كیف دەگرن، تەنانەت بۆ ددانی ساغیش كیفی زێڕ یان زیو بەكار دەهێنن، چونكە ددانی سپی بە لای ئەوانەوە نیشانە بەد رەفتاریی ژنە.
لە مەنگۆلیا و بۆرما و تیبتیش، پێویستە گەردنی ژن درێژ بێت، بۆیە دەبینی ئافرەتان هەر لە رۆژی لەدایك بوونەوە ئەڵقەی كانزا دەخەنە گەرندی خۆیانەوە، هەر ساڵە و ئەڵقەیەكی نوێی بۆ زیاد دەكەن، بۆ ئەوەی گەردنیان درێژتر بێت. رەنگە ئەڵقەكان هێندە زۆر بن كە ژن وەك زەڕافەی لێ بێت.

ئەڵقەی لچ و لێو
جاران لە كوردەواریدا باو بوو، كە ژنان خەزێم ولووتەوانەی زێڕیان لە لووت دەكرد، گوارەش ئەوە نەریتێكی جیهانییە لە لای ئافرەتانی هەموو دنیا. ئافرەتانی كوردەواری بە هەردوو لای روومەتیش بسكیان بەر دەدایەوە. ئێستا بە دەگمەن نەبێ، ئەگەرنا ئافرەتانی كورد نە لووتەوانە ونە خەزێم لە لووت دەكەن، بەردانەوەی بسكیش باوی نەماوە، تەسریحەی ئەم سەردەمە تەنگی پێ هەڵچنیوە.
لە ئەفریقادا حەز بە پرچی درێژ ناكەن، بەڵكوو سەری كچان دەتاشن بۆ ئەوەی سەرنج راكێش بن و سیمای مێیان پێوە دیار بێت، حەزیشیان لە ژنی قەڵەوە، چونكە بەڵگەی نیعمەتی خۆراكە. هەڵبەت لە كیشوەری پان و بەرینی ئەفریقادا پێوەری جۆربەجۆر هەن بۆ جوانی.هەندێ هۆزی ئەفریقی هەن، هەرچەندی ژنەكەیان رەش پێستتر بێت، هێندە مارەییەكەی زیاتر دەكەن. ئەمەش نەك هەر نیشانەی جوانییە، بەڵكوو بەڵگەیە بۆ پاكیی ریشە و نەژادی رەش پێستانەی ئافرەتەكە.لە باشووری سوودان، ساف و لووسیی پێست پێوەر نییە، ئەو ئافرەتەی دەموچاوی قەڵاش قەڵاش نەبێت بە جوانی نازانن، هی ئەوەش نییە كەس بیخوازێت. بۆیە كچ لەگەڵ لەدایك بوونی سك و دەستی قەڵاش قەڵاش دەكەن، بە پێی نەریتی ئەوان، ئەو ئافرەتەی جەستەی شەقار شەقار نەبێت، ئافرەتێكی نوقسانە.
لە نێو هۆزی سورما لە ئەسیوپیا، ژنان ئەڵقەیەكی گڵ یان دار لە نێو تلیشێكی لێوی یان لچ یان هەردووكیان گیر دەكەن. ماوە ناماوەش ئەو ئەڵقەیە دەگۆڕن، لەگەڵ هەر گۆڕینێكی ئەڵقەكەدا تەوەرەكەی گەورەتر دەبێت. هەرچەندی تەوەری ئەڵقەكەش گەورەتر بێت، ژنەكە بە جوانتر دەزانن، تەنانەت ئەگەر وا پێویست بكات ژن هەیەددانەكانی پێشەوەشی هەڵدەكێشێت، بۆ ئەوەی سەرنجی پیاوانی هۆزەكە بە لای خۆیدا رابكێشێت. لێوی ئافرەت پێگەی كۆمەڵایەتی و توانای دارایی خێزانەكەی دەنوێنێ، هەروەها مارەییەكەشی دیاری دەكات. هەرچەندی ئەڵقەكەی گەورەتر بێت، مارەییەكە بەرزتر دەبێتەوە.

جوانی و بەژن
ئەسكیمۆ و هیندی سوور بایەخ بە شێوەی جەستەی ئافرەت نادەن، بەڵكوو بایەخ بە بۆنی دەم و پرچی دەدەن. بۆیە كچانی ئەوان بایەخ بە بۆن و عەتر دەدەن، گەڵای بۆنداریش دەئاخننە نێو سەر و پرچی خۆیانەوە، جۆرە گەڵای درەختێكش دەجاون كە بۆنی دەم خۆش دەكات. بەر لەوەی كچیش بخوازن، ئەو ژنەی بۆ خوازبێنیی كچێك دەچێت، پێشئەوەی باسی خواستنی كچەكە بكات، بۆنی دەم و جەستەی تاقی دەكاتەوە.
خەڵكی رۆژاواش (ئەوروپا و ئەمریكا)، پێوەری خۆیان هەیە بۆ جوانی. بە لای ئەوانەوە بەژنی درێژ و باریك لەگەڵ سنگی پڕ و پاشەڵی زل، هەروەها ناوشانی پان و پرچی كاڵ و درێژ، لێوی ئەستوور و لووتی كورت و چاوی گەش و هەنیەی بچووك، نیشانەی جوانین، هەشیانە حەزنی بە رەنگی ئەسمەر و پرچی رەشە.

سەرنج:
سوود لە بابەتێكی ماڵپەڕی (ئیلاف: ایلاف) وەرگیراوە، كە بە ناونیشانی (تختلف مقاییس الجمال بین مجتمع وێخر، وبحسبها تقاس أنوپە المرأە، وإقبال الرجال علیها)، كە لە تشرینی یەكەمی 2014دا لەو ماڵپەڕەدا بڵاو كراوەتەوە.
Top