كاتی لەدایك بوون و تەبیعەتی مرۆڤ

كاتی لەدایك بوون و تەبیعەتی مرۆڤ

نووسه‌ر :ماجد ئەلخەتیب

وه‌رگێڕ : (بە دەسكارییەوە): تاریق كارێزی

ئایا ئەوەی لە زستاندا لەدایك دەبێت، پتر خەمۆكی بە سەریدا زاڵە، ئەوەشی لە بەهاردا لەدایك ببێت پتر كەسێكی رۆح سووك و مەشرەف خۆش دەبێت؟ بەڵێ، ئەمە قسەی توێژینەوەیەكە كە لەبارەی كاریگەریی رۆژی لەدایك بوون بە سەر تەبیعەتی مرۆڤەوە، لە هەنگاریا كراوە.زانایانی هەنگاریا پەیوەندیی روون و رەوان لە نێوان رۆژی لەدایك بوون و تەبیعەتی مرۆڤدا دەبینن، ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی دواتر ئاماژەی پێ دەكەین، هەمان شت دووبارە دەكاتەوە كە سەدان ساڵە مرۆڤایەتی زانیویەتی، بەوەی پەیوەندییەكی بەتین لە نێوان وەرزی لەدایك بوون و تەبیعەتی مرۆڤدا هەیە. ئەو زانایانەی هەنگاریا لە (گۆڤاری ئەوروپی بۆ شرۆڤەی دەروونی و عەقڵی) نووسیویانە، ئەوان هەر هێندە دەتوانن پێشبینیی ئەو هۆیانە بكەن كە لە پشتی ئەم دیاردەیەیە، بەڵام ئەو توێژینەوەیەی لە نێو قوتابیانی زانكۆدا كردیان، كە 366 قوتابیی كوڕ و كچی گرتەوە، بێ هیچ گومانێك دەیسەلمێنێ كە پەیوەندی لە نێوان مێژووی لەدایك بوون و تەبیعەتی كەسەكەدا هەیە.
لە نێوانی هاوین و زستاندا:
لە راپرسییە توێژینەوەیەكدا دەركەوت، كە ئەو قوتابیانەی لە بەهاردا لەدایك بوون، تەبیعەتیان لە ئەوانی دی باشترە، هەروەها لە كاتی گەورە بوونیشدا كەمتر تووشی خەمۆكی دەبن. كەچی ئەوانەی لە زستاندا لەدایك دەبن، بە تایبەتی ئەو زستانەی كە تەڕ و تووشە، لە قوتابیانی دی كەمتر خۆشی و شادییان پێوە دیارە، بەڵكوو پتر لە ئەوانی دی تووشی خەمۆكی دەبن. ئەوانەی لە زستاندا لەدایك دەبن، پتر لە قوتابیانی دی، تووشی پەشێویی كەسایەتی و شڵەژانی دەروونی و شڵەژانی هۆرمۆن دەبن. گرنگە بزانین كە كاریگەریی رۆژی لەدایك بوون بە سەر تەبیعەتەوە نەك هەر لە كاتی پێگەیشتندا بەدی دەكرێت، بەڵكوو هەر لە منداڵییەوە بە كەسەكەوە دیارە.
وڵامی قوتابیان ئاشكرای كرد، كە ئەوانەی لە زستاندا لەدایك بوون لە تەمەنی منداڵیدا گەلێ گرینۆك بوون و تەبیعەتێكی تڕۆیان هەبووە، هەڵبەت نەك هەموو كەسێك؟ ئەنجامەكان سەبارەت بەوانەی لە خۆرەتاوێكی جوانی هاویندا لەدایك بوون، روونتر بوو، بەوەی لە قۆناغی منداڵیدا پتر حەزیان لە كرانەوە و گەمە و گاڵتە بووە. سەرباری ئەوە، جیاوازی لە تەبیعەتی ئەوانەشدا هەبوو كە لە هەمان زستان، بەڵام لە مانگێكی دی لەدایك بوون. بەم جۆرە ئەوانەی لە كانوونی دووەم لەدایك بوون كەمتر لەوانەی لە شوباتدا لەدایك بوون، تووشی خەمۆكی دەبن. ئەم حاڵەتە بە سەر ئەوانەشدا پیادە دەبێت كە لە بەهار و هاوین و پاییزدا لەدایك بوون، بەڵام لە مانگی جیاجیادا.

شڵەژانی هۆرمۆن:
خانمە توێژەری هەنگاری (زینیا گوندا) كە لە (قوتابخانەی كولتفۆلۆژیی پزیشكی) لە بودابێست كار دەكات، نووسیویەتی: "پێشتر زانایانی بایۆلۆژیای كیمیا پەیوەندییەكیان لە نێوان كەشی ساردی زستان و منداڵانی لاساردا دۆزیوەتەوە، باوەڕیش وایە كە شڵەژانی هۆرمۆن لەم جۆرە كەشەدا رۆڵی هەیە لە دروست بوونی ئەم پەیوەندییەدا". رەنگە كارەكە پەیوەندیی بەو هۆرمۆنەوە هەبێت، كە جەستەی مرۆڤ بە كاریگەریی كەش دەری دەدات، بە تایبەتی هۆرمۆنی (دۆبامین) و (سیرۆتۆنین) كە بەوە ناسراون كار لە تەبیعەتی خەڵك دەكەن. ئەگەر هەیە جەستەی ساوای تازە لەدایك بوو، بە كاریگەریی كەش، دۆبامینی زیاتر یان سیرۆتۆنینی زیاتر دەربدات، ئەم كاریگەرییەش تا قۆناغی پێگەیشتن بەردەوام دەبێت.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە ئەوانەی لە هاویندا لەدایك بوون، لە ماوەیەكی كەمدا خێرا لە خۆشییەوە بۆ خەم وەردەگەڕێن. لە كاتێكدا ئەوانەی لە زستاندا لەدایك بوون لەوانەی لە پاییز لەدایك بوون، ئارامترن، هەرچەندە زیاتر روویان لە خەمۆكییە، بەڵام كەمتر لە خەڵكی دی هەڵدەچن.

خەمۆكیی زستانە:
بە هەزاران كەس لە دانیشتووانی وڵاتانی باكووری ئەوروپا تووشی نەخۆشیی "زستانە خەمۆكی" دەبن، ئەمەش لە ئاكامی كەمیی رۆژانی خۆرەتاوە، هەروەها سەرمای توند و كەمیی جوولەی مرۆڤ لە نێو سروشتدا، دروست دەبێت، بەڵام ئەم حاڵەتە لە لای ئەوانەش پەیدا دەبێت كە لە زستاندا لەدایك دەبن. دەریش كەوتووە كە ئەوانەی لە زستاندا لەدایك بوون، لە قۆناغی پێكەیشتندا لە كەسانی دی زیاتر تووشی زستانە خەمۆكی دەبن.
سیرۆتۆنین، پێشی دەگوترێت ماددەی (هیدرۆكسی تربتامین- 5)، ئەو یەكێكە لە گەیەنەرانی دەمار و رۆڵی گرنگی هەیە لە رێكخستنی تەبیعەتی مرۆڤ (بۆیە پێی دەگوترێت هۆرمۆنی شادی) و ئارەزووی سێكس، رۆڵیشی هەیە لە نەخۆشیی لاسەرێشەی.
ناسینی ئەم ماددەیە لە رووی چارەسەر كردنی نەخۆشیی خەمۆكییەوە، شۆڕشێكی بەرپا كرد، تێبینی كرا كە زۆربەی ئەوانەی تووشی نەخۆشیی خەمۆكی دەبن، رێژەیەكی كەمتر لە ئاستی ئاسایی سیرۆتۆنین لە نێو مێشكیاندایە. ئەمەش پاڵی بە زانایانەوە نا، نەوەیەكی نوێ لە دەرمان بدۆزنەوە كە رێژەی ماددەی سیرۆتۆنین لە نێو مێشكدا بەرز دەكاتەوە.
هەرچی (دۆبامین)ـە، ئەوا لە نێو مێشكدا كارلێك دەكات و كار دەكاتە سەر زۆر لە هەست و رەفتاری مرۆڤ، لەوانە ئاگایی و ئاراستە و جوولاندنی جەستە. دۆبامین رۆڵی سەرەكیی هەیە لە هەست كردن بە چێژ و شادی و خوو گرتن. ئەو گوازەرێكی دەمارە، زانیاری لە نێوان دەمارەكانی مێشكدا دێنێت و دەبات.

كاریگەریی جین و جڤاك:
(گوندا) دەشڵێ، ئەو شتەی توێژینەوەكەی ئەو ئاشكرای دەكات، هەرچەندە ئاكامەكانی داتان، ئەوە ناگەیەنێ كە هەر منداڵێكی كە لە زستاندا لەدایك بوو، ئەوا لە ئاییندەدا تووشی خەمۆكی دەبێت و تەبیعەتی ترش و تاڵ دەبێت، بە هەمان شێوە مەرج نییە هەر منداڵێكی لە هاوین یان بەهاردا لەدایك بوو، ئەوا هەمیشە تەبیعەتێكی خۆش و كراوەی دەبێت. فاكتەری بۆماوە و ژینگە و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، لە فاكتەرەكانی دی بەهێزترن، رەنگە كار لە گەشە كردنی كەسایەتیی منداڵ بكەن، بەڵام ئەم توێژینەوە و بەدواداچوونەش ئاشكرای كرد، كە رۆژی لەدایك بوون كاریگەریی بەهێزی هەیە بە سەر تەبیعەتی منداڵ و گەشە كردنی دەروونییەوە.
(گوندا) پێشی وایە، ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە هاندەرە كە لەم بوارەدا توێنەوەی قوولتر بكەین، ئامانحی ئەم توێنەوانەش دۆزینەوەی هەر میكانیزمێكی بایۆلۆژی و كیمیاوییە، كە سەبارەت بەم دیاردەیە بەرپرسە، تا لەوەش دڵنیا بین كە وەرچەرخانی هۆرمۆن چ رۆڵێكی هەیە لە پەیدا بوونی پەیوەندیی نێوان بەرواری لەدایك بوون و تەبیعەتی مرۆڤ.
ژێدەر:
www.elaph.com/Web/News
Top