نەگەرانی وەك بنەمایەك بۆ تەرزە كەینوونەی پووچ(2)

نەگەرانی وەك بنەمایەك بۆ تەرزە كەینوونەی پووچ(2)

نووسه‌ر :عەبدولعەزیز بومەسهوولی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئێمە هەین، بەڵام نابین. ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان هەبوون و خەمدا لە ئارادایە، بە تاڵان بردنی كەینوونەیە. هەر یەك لە ئێمە، لە گەرمە هەبوون لەگەڵ ئەوانی دی، كەینوونەی لە بیر دەچێت، ئیدی هەبوو دەبێتە تەنیا مرۆیەك، مرۆڤ بەوەی كە گوزارشتە لە هەموو/ هەمووان. تەبیعەتی ئەم پەیوەندییە بەندە بە، بە تاڵان بردنەوە، بە تاڵان بردنی كەینوونە بەوەی كە توانایەكە بۆ جیاوازی. هەروەها بەرپرسایەتیش بە تاڵان دەبات، مادام كەینوونە پاڵ دەداتە بەر ئەوانی دی، ملكەچی بڕیارەكانی خەم و حوكمەكانی دەبێت. ئەم پاڵدانە لە پەیوەست بوونی هاوبەشانەی ژیانی رۆژانەوە، درێژیش دەبێتەوە بۆ ئەوەی بیرۆكەش بگرێتەوە. بەم جۆرە بنیاتی ژیانی رۆژانە دەبێتە بوونێكی بێلایەنی نەكەسۆك، هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكات كە بەرپرسایەتیی تایبەت رەت بكاتەوە، لە پێناو بەرپرسایەتییەكی هاوبەش، كە بەرپرسایەتیی هیچ كەس نییە بە تایبەت، "هەر ئەوێك ئەوی دیكەیە، هیچ كەسێكیش خۆی نییە"(5). هەنووكەیی (دیزاین)یش، بێ تواناترە لە دووپات كردنەوەی توانای تایبەتی خۆی، بۆیە ئارەزووی هەیە تێبگات و بوونی راستەقینە بنووسێتەوە(6).
نەگەرانی لە لای ئەو كەسە دروست نابێت، كە لە پاڵ كەینوونەی خۆیدا ئۆقرە دەگرێت، لە لای خودی سەربەخۆش نیگەرانی دروست دەبێت، بەوەی كرانەوەیە بەرەو ویژدانی تایبەت، بەڵام لە نێوان پەیوەندیی نێوانی خود و خودانی دیكەوە تەوژم دەدات، واتە لە كرۆكی "خەڵكە" ویژدانەوە، كە خودێتیی هاوبەشە، چونكە خەسڵەتی خودێتیی هاوبەش ئەوەیە، كە خودانە و بەرپرسە، لە سەر بنەمای هۆشیاریی ئاگایانەشەوە گەڵاڵە دەبێت، چونكە خودێتیی هاوبەش وێڕای ئەوەی ئەویش ئامادەبوونێكە، یان كەینوونەیە بە هاوڕێی ئەوانی دی، بەڵام چۆنایەتییەكی بنەڕەتییە بۆ كرانەوەی هەموو خودێك بەرەو شتانی تایبەت بە خۆی و بەرەو جیهانی دەوروبەر. خودێتیی هاوبەش تەرزە ژیانێكی هاوبەشە، كە تەرزە بوونێكی ئازادە لە ئاسۆی فەزای هاوبەشی مرۆڤایەتی.
لەم تەرزەدا شتێك هەیە كە كەسێك لە ئەوانی دی جیا دەكاتەوە، یان كۆمەڵە كەسێك یان دەستەیەك لە كۆمەڵە و دەستەكانی دی جیا دەكاتەوە، بەڵام لە خودێتیی هاوبەشدا، بە جۆرێك لە بەرپرسایەتییەوە، سوور بوونێك هەیە بۆ مسۆگەر كردنی بنەگەی ژیان لەگەڵ ئەوانی دی. پاشان جۆرێك لە هاوكاری دروست دەبێت، كە زادەی نیگەرانییە هەمبەر بە چارەنووس. نیگەرانی بەم واتایە، نیگەرانییەكە یەكێتیی گەل دادەمەزرێنێ، بەوەی كە ویستی بەرجەستەی هێز لە ئاسۆدا خۆی دەنوێنێ، بڕیاری مێژووییش بەرجەستە دەبێت، ئەو گەلەش دەبێتە گەلێك، كە چارەنووسی خۆی دەگرێتە دەست.
هەرچی خەڵكە هەبوونە "واتە هەبوونی خەڵك"، بوونێكی بێ خودە، بوونێكە بە پێی ئەوانی دی، دەكرێ ئەم بوونە بە زمانی "ئەلمسكینی" ناو بنێین، ئەوانە بوون (لە "ئەو"ەوە هاتووە)، بەوەی ناسنامەی تاك پاڵ بە خودەكەی نادات، بەڵكوو پشت بە خەڵك دەبەستێت. هەمووان، وەك (هیدگەر) دووپاتی دەكاتەوە، دەبنە ئەوی دی، هیچ یەكێك نییە كە خۆی بێت. لەم گەردوونەدا خراپ لە رێی داب و نەریتی شڕ و شپڕێوەوە، لە كۆنترۆڵ كردنی تاكەكان بەردەوام دەبێت، كە خودی خۆیان ناهێننە دی، هێندەی كە هەوڵ دەدەن و شەكەتی ئەوەن، لە نێو رێڕەوێكی دەستەجەمعیدا بتوێنەوە، كە ویستی ئەوان لە پێكهێنانی بوونەكەیان بە گوێرەی تەرزی خودێتیی هاوبەش گەڵاڵە بكەن.
نەگەرانی لە تەرزە خەڵكە بوونێكدا گەشە دەكات، چونكە بێ بەرهەڵستی، كەسان دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە، وێڕای ئەوەی هەست بە ناڕەحەتی دەكەن هەمبەر بە بوونی چەواشەیان، بەڵام بەگەڵ تاكە را، تەرزە رەفتار و خۆ بە دەستەوەدان بە بەهاگەلێك دەكەون، كە بە لای ئەوانەوە فاكتەری نەگۆڕی كۆناسنامەن، چونكە نەگەرانی دەیەوێ خودێتی بشارێتەوە، هەروەها ئارەزووەكان كەم بكاتەوە، واتە دەیەوێ ژیانی هاوبەش لە داهێنان دابماڵێ.
ئەمەش واتای ئەوە نییە، كە ژیانی "خودێتیی هاوبەش" تەرزە ژیانی خۆی، بێ نەگەرانی بەسەر دەبات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دەتوانێ لە ئاست كرۆكی بوونی راستەقینەی خۆیدا نیگەران بێت، ئەوا توانای بەرەنگار بوونەوەی نەگەرانیی هەیە. جیاوازیی نێوان خەڵكانە تەرز یان تەرزە ژیانی عەوام یان چەواشە و نێوانی تەرزە "خودێتیی هاوبەش" لەوەدایە، كە خەڵكانە تەرز خۆی رادەستی نەگەرانی دەكات، گرنگ ئەوە نییە كە مرۆڤ ئەو خۆی بۆ خۆی بێت، وەك تەرزی دووەم (خودێتیی هاوبەش) دەیەوێ، بەڵكوو گرنگ ئەوەیە لەگەڵ ئەوانی دیكەی نەناسراودا جووت بێت، لەگەڵ خەڵكدا، ئەو مرۆڤێكە نەك هەبوونێكی تاك، واتە خودێكی دیاری كراوە. بەهای باڵای خەڵكە هەبوون، بە رەت كردنەوەی توانای كەینوونە بوون پێوانە دەكرێت، تا رادەی نەفرەت كردن لە (من). (من) لەم تەرزەدا رەگەزێكی خود كەینوونە نییە، بەڵكوو ئەو گوزارشتێكی ئەهریمەنانەیە.
نەگەرانی وەسوەسەی هەست بە گوناه بڵاو دەكاتەوە، ئامانجی ئەو شاردنەوەی (من)ـە، مرۆڤ بۆی نییە گوزارشت لە (من) بكات. ئەم گوزارشتە ئەو گوناه وەبیر دێنێتەوە، كە مرۆڤ لە كیانی خۆیدا هەڵیگرتووە، كە وا باوە لە ژیانی گشتیدا وا لە قسەكەر دەكات، راستەوخۆ نەفرەت لە گوتنی "من" بكات، ئەویش هەر كاتێك ئەگەر نائاگایانە لە زمانی دەرپەڕی. لەبەر ئەوەی دژایەتی كردنی (من) وەك گوزارشتێك لە تایبەتمەندیی خود، بووەتە مۆركی خەڵكە بوون، ئەم مۆركە هەمیشە داوامان لێ دەكات كە خۆمان نەبین، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ كە جۆرێكە لە ئەوی دیكایەتی، بەڵكوو بە پێچەوانەوە، رەت كردنەوەی ئەوی دیكایەتییە، بەوەی كە دیرەگێكی "هاوبەشە خود"، كە هەموو خودێك وا تێیدا پەیدا دەبێت، بەوەی كرانەوەیە بەرەو رووی ئەوی دی، كە جیاوازی و هێزی دەرەكی، خۆیانی تێیدا مەڵاس دەدەن، كە دواجار توانای گرتنە ئەستۆی بەرپرسایەتیی هەیە، واتە دەركردنی بڕیاری پەیوەندیدار بە خۆیەوە. ئەو بە كارلێك لەگەڵ ئەوی دی، بە خۆی ئاشنا دەبێت، بەوەی كە ئەوی دییەكە، ئەوی دییە، بەڵام ئەو هەمیشە هەر (من)ی ئەوی دی دەبێت، كە بە بێ ئەو، ئەوی دیكایەتیی دەبێتە مەحاڵ. تەرزی هەبوونی "منی ئەوی دی" كەینوونەی خۆی لە بەرەنگار بوونەوەی "نەگەرانی"یەوە بەدەست دەهێنێت، كە داوای لێ دەكات لە منایەتیی خۆی دابماڵدرێ، ئیدی هێندە نابات كە منی ئەوی دی، بە دەنگ بانگی منایەتیی خۆیەوە دەچێت، بەوەی كە بانگێكی بەرپرسانەی كەسۆكییە. پاشان (من) مەشقی بەرپرسایەتی دەكات، جا كە دەڵێ من، واتای ئەوەی كە منی ئەوی دیكەی لە ئاشتی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەوی دیكەش، بەڵام هەر خۆشی بەرپرسایەتیی كردارەكانی لە ئەستۆ دەگرێت. سەرەنجام ئەو لە ئەزموونی ئیتیكیانەی خۆیدا دەژی، ئەو منەكەی خۆی لە تەرزێكی تایبەتی منایەتەكەی بەدی دەكات. ئەو بە پێی تەرزە ئاكارێك دەژی، ئیدی بنچینەی هەبوونایەتییەكەی بنەمای ئیتیكیانەی هاوشانە. واتە ئەو بە پێی پرەنسیپی ئەخلاقی ناژی كە ئەو لە هێزەیلی خۆی داببڕێ. پرەنسیپی ئیتیكی هاوشانانە هانی دەدات، كە بە هێزەیلی خۆیەوە بنووسێت، واتە بەوەی كە جەستەی دەتوانێ دای بهێنێت، توانای ئەو بریتییە لە سەلماندنی زانستیانە بۆ ئاهەنگ گێڕان بەوەی كە مایەی خۆشییە.
پرەنسیپی ئیتیكی "من"، هاندان دەكات بە ئاراستەی تاقی كردنەوەی هێز، توانای گیاندار لە رووبەڕوو بوونەوەی "نەگەرانی" بەهێز دەكات، بەوەی كە ملكەچ بوون بۆ ویستی كڵۆڵی، كە ناتوانایی و خۆ بە دەستەوەدان بۆ نەریتی لاسایی كردنەوە و هاوشان رۆیشتن و چونیەكی، بڵاو دەكاتەوە. ئەو بە واتایەكی قوولتر، فراوان كردنی توانای بەرگە گرتنی ژیانە، وەك ئەوەی كە هەیە. لە میانی توانای بەرگە گرتنی ژیاندا ئەزموونێك ئاشكرا دەبێت، نەك تەنیا وەك بەرپرسایەتییەك، بەڵكوو وەك كردارێكی ئەفرێنەرانە كە شانازی بە چركەساتەوە دەكات، بەهایەكی باڵاش بە ئێستا دەبەخشێت. واتە ئەو واتای شادی بەوەی كە چاكەیە، بە هەبوونی تایبەتی خۆی دەبەخشێت. شادی وەك كە "سپینۆزا" لە برسی 41دا لە دەروازەی چوارەمی "ئیتیكا"دا دەڵێ: "هەرگیز ئەو بە شێوەیەكی راستەوخۆ خراپە نییە، بەڵكوو ئەو چاكەیە، هەرچی خەمبارییە، ئەوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ خراپەیە"(7).
سەلماندنی ئەم پرسەش ئەوەیە "شادی ورووژانە، بە هۆی ئەوەوە توانای جەستە لە رووی كردارەوە زیاد دەكات یان یارمەتیی دەدات، هەرچی خەمبارییە ئەوە ورووژانێكە توانای جەستەی لە رووی كردارەوە سست دەكات یان رێگریی لێ دەكات، ئیدی بە گوێرەی ئەمە شادی بە شێوەیەكی راستەوخۆ چاكەیە. هتد"(8).
كارەكە پەیوەستە بە پرسێكی جەوهەرییەوە كە بە تەرزی كەینوونەوە، بەوەی كە توانایەكە بۆ كارا كردنی هێز، گرێ دراوە، لە پرسی 11 دەروازەی سێیەمدا، سپینۆزا دەڵێ: "هەر شتێكی كە توانای جەستە لە رووی كردارەوە زیاد یان كەم بكات، یارمەتیی بدات یان رێگریی لێ بكات، ئەوە بیرۆكەكەیەتی كە توانای دەروونی لە رووی بیركردنەوەوە زیاد دەكات یان لێی كەم دەكاتەوە، یارمەتیی دەدات یان رێگریی لێ دەكات"(9).
دواجار، شادی ورووژانە كە بە هۆیەوە دەروون بەرەو كەماڵی باڵا دەچێت، هەرچی خەمبارییە، ئەویش ورووژانە كە دەروون بە هۆیەوە بەرەو كەماڵی كەمتر دەچێت. ورووژانی شادی ختیلانێ یان خۆشییە، ورووژانی خەمیش ئازار یان خەمۆكییە. لەبەر ئەوەی كارەكە بەم جۆرەیە "ناكرێ لە شادیدا زێدەڕۆیی هەبێت، بەڵكوو ئەو هەمیشە چاكە، هەرچی خەمۆكییە، ئەوا هەمیشە خراپە"(10).
سەلماندنی ئەمەش ئەوەیە كە "خۆشی بریتییە لەو شادییەی لە رووی پەیوەندیی بە جەستەوە خۆی دەنوێنێ، هەموو بەشەكانی جەستە چون یەك پێی كاریگەر دەبن، واتە توانای جەستە بە سایەی ئەوەوە زیاد دەكات یان یارمەتیدەری دەبێت، بە چەشنێك هەموو بەشەكانی جەستە هەمان ئەندازە لە جوولە و ئۆقرە گرتن لە نێوانی خۆیاندا رادەگرن. هەرچی خەمۆكییە، بریتییە لەو خەمەی لە پەیوەند بە جەستەوە بەرجەستە دەبێت، بەوەی كە توانای جەستە لە رووی كردارەوە ناتەبا یان بە تەواوی ئیفلیجە، بۆیە ئەو (خەمۆكی) هەمیشە خراپە"(11).
پشتگیری كردنی ژیان ئاشكرا دەبێت، بەوەی سەلماندنی جەستەیە بەو ئەندازەیە كە تاقەتی بە سەردا دەشكێت، ئەوەی ماهیەتی دەروون پێك دەهێنێت بریتییە لە بیرۆكەی جەستە كە بە كردەنی هەیە، پاشان دەروون هەوڵ دەدات هەبوونی ئەو جەستەیە بسەلمێنێت، پاشان ئەو هەوڵ دەدات كە ئەو شتە بەدەست بهێنێت، كە گەشە بە توانای جەستە لە رووی كردارەوە دەدات، یان یارمەتیی دەدات، چونكە "هەر شتێكی كە توانای جەستە لە رووی كردارەوە زیاد دەكات، یان لێی كەم دەكاتەوە، یارمەتیی دەدات یان رێی لێ دەگرێت، ئەوەیە كە بیرۆكەكەی توانای دەروون لە رووی بیركردنەوەوە زیاد دەكات یان لێی كەم دەكاتەوە، یارمەتیی دەدات یان رێگریی لێ دەكات"(12).
Top