نەگەرانی وەك بنەمایەك بۆ تەرزە كەینوونەی پووچ (3)

نەگەرانی وەك بنەمایەك بۆ تەرزە كەینوونەی پووچ (3)

نووسه‌ر :عەبدولعەزیز بومەسهوولی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

كاتێك گوڕ و تین بە ورووژان تەژی دەكرێت، دەبێتە توانا، لە هەموو چركەساتێكدا ورووژان گوڕ و تینم تەژی دەكات، چونكە وەك (دۆلۆز) دەڵێ، هێزی من بریتییە لە "توانایەك كە لە دەرەوەی ورووژاندا نییە. لە هەموو چركەساتێكدا هێز بەگوڕ دەخرێت. هێز هەمیشە لە گوڕدایە، واتە تەژییە بە ورووژانی هەمەجۆر، پاشان دوو تەوەر بۆ بوون هەیە: خەمباری و شادی، ئەوان دوو ورووژانی بنچینەیین، هەموو ورووژانەكانی دی لەوانەوە سەرچاوەیان گرتووە. خەمباری گوڕ و تین تەژی دەكات، بەڵام بە جۆرێك تەژیی دەكات كە تواناكانی كەم دەكاتەوە، واتە هێز كارا كراوە، بەڵام بە چەشنێكی دژبەرانە. هەروەها شادییش گوڕ و تین تەژی دەكات، ئیدی بە تواناتری دەكات، واتە توانای بەرەو ژوور دەبات. گوڕ و تینی من هەر شتێكی كە بتوانێ گەڵاڵەی بكات، ئەو هەمیشە بە ورووژانی لەو جۆرە تەژییە، كە توانای كەم یان زیاد دەكات. هێز بڕ نییە، بەڵكوو رایەڵی نێوان پڕەكانی توانایە، ئەو گواستنەوەیە لە بڕێكەوە بەرەو بڕێكی دی، یان ئەو بڕێكی بە كۆچ و بارە، یان لە پەڕینەوەدایە بەرەو هێزێكی مەزن یان بەرەو هێزێكی سست"(14). ئەو، دوو چەشنە كەینوونەی بنەڕەتیانە دخاتە روو: چەشنێك كە بە كاریگەریی ئەو شادییەی دەیتەنێتەوە گەشە دەكات، چەشنێكی دیكەش كە بە كاریگەریی خەم لە كزی دەدات، بەوەی كاری لێ دەكات و رێی لێ دەگرێت. ئەوەی دەكرێ لەم، بە گوتەی دۆلۆز، ئەنتۆلۆژیا پەتییە و، بە گوتەی سپینۆزا، ئیتیكەوە هەڵیهێنجین، دووبارە بنیات نانەوەی گیاندارانە بەوەی تەرزە بوونن، نەك بەوەی ماهیەتی جۆربەجۆرن، ئێمەش وەك گیانداران، گیاندار نین، بەڵكوو تەرزە كەینوونەین. ئەنتۆلۆژیای پەتی، ئەو خۆی وەك تەنیا جەوهەری بە رەها بێ كۆتا پێشكەش دەكات، ئەم جەوهەرەش هەبوونە بەوەی كە هەبووە، هەرچی گیاندارانە ئەوا تەرزە جەوهەری بە رەهایی بێ كوتایین(15).
جا بە پێی ئەوە، ئەوا من نە ماهیەت و نە بوونم، بەڵكوو تەنیا چەشنە بوونێكم، واتە پێكهاتەیەكم بە گوێرەی سیستەمێك، لە شێوەی سیستەمێك لە دەست و پێ و كۆمەڵێك بەشی فرە ورد، كە بە گوێرەی نموونەیەك لە جوولە و وەستان، یەكدی لە ئامێز دەگرن، هەرگیز ئەو نە رەگەزە نە جەوهەر و نە وێنەش، ئەو هێزێكە لە هەوڵدایە بەرەو ئەو پەڕەكەی خۆی (كۆناتۆس). ئەوەی من لە ئەوانی دی جیا دەكاتەوە، گوڕ و تینی منە، چونكە هەبوونی من لەوە زیاتر نییە، كە ئەرك و گوڕ و تینی بەشەكیی منە، كە ئەو بەشێكە لە گوڕ و تینی خوداوەند، بۆشم نایەتە دی، تەنیا لە رێی ئەوەوە نەبێت، كە من بەشێكم لەو كەینوونە گشتی و رەها و سەراپاگیرەی، كە هاوشان بە خود و سیفەت و رەوشی خۆیەتی، كە پێی دەڵێین جەوهەر"(16).
كەواتە گوڕ و تینە خەسڵەتی گیانداری مرۆیی، بەوەی كە توانایە دەكارێ بیكات، نەك بەوەی ماهیەتەكەی ئەو دیاری دەكات، ئەم گوڕ و تینە تایبەتەش ئامانجێكی نییە، بێ لەوەی بە شادی و خۆشی و خەنی بوون، گوزارشت لە تەرزی كەینوونە بكات، واتە بە هەموو شتێك كە كەماڵێكی مەزنتر بەدی بهێنێت.
ئەم گوڕ و تینەش دژە بە كاری هەر شتێك، كە خەم و پەژارە و كەنەفتی دەهێنێت، واتە دژ بە هەموو شتێكی كە لە رێی نەگەرانییەوە ئاشكرا دەبێت. نەگەرانی لەوە زیاتر نییە كە گوزارشتێكە لە كەمی لە گوڕ و تیندا. ئەو تەرزێكە نەك تەنیا ئامانجی دابڕینی گیاندارە لە توانای ئەو بۆ بەدەست هێنانی شادی، بەڵكوو هەروەها دابڕینی ئەوە لە نیگەرانییەكەشی، بەوەی كە گوزارشتە لە تواناكانی هەبوونی خۆی، هەبوون وابەستە بە ماهیەت نییە، بەڵكوو وابەستەی توانستە، ئیدی ئایا ئەگەرەكان بەدەست دەهێنێت؟ بە واتای ئەو دەرفەت و ئامرازانەی بۆ بەدی هاتنیان پێویستن، هەموو ئەو شتانەش دەخاتە بەر بایەخ پێدانەوە. هەنووكەیی (دیزاین) خۆبەخۆ ئەگەرە بوونە"(17).
بە لای هیدگەرەوە، كارەكە لێرەدا پەیوەستە بە "كەینوونە ئەوێ، بەوەی كە تێگەیشتنە، واتە بەوەی كە بڕستە، واتە توانای كردارە"، ئەوەی كە لە تێگەیشتن دێت بەوەی كە ویژدانییە، بۆچی نییە، بەڵكوو بەوەی كە بوونە كردارە. تێگەیشتن لە رووی ویژدانییەوە، تەرزە كەینوونەیەك دەگرێتە خۆ بەوەی بڕست- كەینوونەیە. دیزاین شتێكی بەر نیگای چاو نییە، بەوەی شتێكی بەدی هاتوو بێت، بەڵكوو ئەو ئەگەرە كەینوونەیەكی دەركەوتە. هەموو جارێ دیزاین ئەوەیە، كە دەكرێ ببێت و چۆن بێت بوونەكەی"(18).
ئەمەش واتای ئەوەیە كە تێگەیشتن دەستی كەینوونە دەگرێت، بەوەی كە بوونێكە لە جیهاندا بەرەو تواناكانی بوونی، ئەمەش واتای ئەوەیە كە ئەو لە جیهانی ئەگەر و (بەدیل)دا هەیە، كە لە نێویاندا ئەوە هەڵدەبژێرێ كە تەرزە بوونی دووپات دەكاتەوە. واتە تێگەیشتن، بەوەی كە زوو خوێندنەوەیە، تەرزە كەینوونەی دیزاینە، كە لە نێو ئەویشدا تواناكانی بەوەی كە توانان، خۆ دەنوێنن"(19).
زوو خوێندنەوەی رێكاری دیزاینە بۆ ئەوەی ببێتە توانای بەدی هێنانی بوونەكەی، ئەمەش بنیاتی بوونخوازانەی تێگەیشتن دەئافرێنێ، كە وای لێ دەكات هەمیشە قابیلی دزە كردن بێت بۆ نێو هەموو رەهەندگەلی جەوهەریانەی، كە توانای كرانەوەیان هەیە بەرەو تواناكان.
تێگەیشتن بە ویژدانەوە گرێ دراوە، بەوەی كە (پێكەوە) تەرزە كەینوونە پێك دەهێنن، كە ئەویش خەسڵەتی كرانەوەی هەیە، هەروەها بەوەی نیگەرانی ویژدانە، واتە بەوەی كە ئەو توانای كەینوونەیە لە نێو دیزایندا لە یەك ئاستدا، لەگەڵ خودی دیزاینی لە نێو ئەودا كراوەدا، ئەو، ئەوەیە كە زەمینەی دیاردەگەلێك دەبەخشێت، كە بۆ بە ئاشكرا گرتنی هەمەكی رەسەنی كەینوونەی دیزاین پێویستە. كەینوونەی ئەو، كە پەردە لە سەر خۆی هەڵدەماڵێ، بەوەی جۆرێكە لە بایەخدان(20).
بەڵام بە چ روویەك نیگەرانی دەبێتە ویژدانێكی تایبەتمەند؟(21).
هیدگەر دووپاتی دەكاتەوە، كە "نیگەرانی بەوەی كە جۆرێكە لە ویژدان، ئەو یەكسەر جیهان دەكاتەوە بەوەی كە جیهانە."(22) ئەمەش واتای ئەوەیە كە لە رێی نیگەرانییەوە كەینوونە بەرەو رووی جیهاندا دەكرێتەوە، لە بەردەم تواناكانی بوونی خۆشیدا دادەندرێت. واتە ئەو ئامرازێكە بۆ ئاشكرا كردنی پێكهاتەی بوونە بنەڕەتی هەنووكەیی (دیزاین)، ئەویش راستەقینەیە، بە چەشنێك كە بوار دەدات جیاوازیی نێوان جیهان و خود ببینێت، دەشتوانێ گەلێ شت ئاشكرا بكات، كە گەلێ ئەزموون ناتوانن ئاشكرای بكەن، هەر زووش درك كردنمان بە هەبوونی خۆمان، دەمانخاتە نێو جیهانەوە، بەوەی كە هەبووی ئازادین لە رووبەڕووی ئەو بەرپرسایەتییە ترسناكەی، كە هەر دەبێ بڕیاری لەمەڕ خۆمانی لەبارەوە بدەین. نیگەرانی، ئێمە لە جیهانی ئامراز و شتان دادەبڕێت، بۆ ئەوەی بمانگێڕێتەوە بەرەو جیهانی هۆشیاری یان خود، ئەو یارمەتیی هەنووكەیی دەدات بۆ تێگەیشتنی خۆی بە شێوازێكی راست و دروست، گیانداری ئازادیش دەگەڕێنێتەوە سەر تواناكانی بوونی خۆی"(23).
هیدگەر دەڵێ "ئیرسی نیگەرانی وایە كە لە نێو دیزایندا كەینوونە دەنوێنێ، بە ئاراستەی لە بڕستە كەینوونەی هەرە تایبەتدا، مەبەستمان كەینوونەی ئازادە هەمبەر بە ئازادیی هەڵبژاردنی خۆمان و درك كردن بە خۆمان. نیگەرانی دیزاین دەگرێتە خۆ یان كەینوونەی ئازاد، هەمبەر بە رەسەنایەتیی كەینوونەكەی، بەوەی كە بڕستێكە كە هەمیشە پاشتر دەبێتێ"(24).
بە گوێرەی ئەم لێكدانەوەیە، خەسڵەتی نیگەرانی ئەوەیە، كە بڕست بەدی دەهێنێت، بەوەی كە مەرجی پێشینی هەبوونیەتی، ئەویشە كە كەینوونەی دەخاتە رووبەڕووی توانای تایبەتی سەبارەت بە هەبوون، وەك پرۆژەیەكیش بۆ ئازادی ئاشكرای دەكات. گوڕ و تینی ئاشكراكەری نیگەرانی "لەوەدایە كە بە ئازادیی بەكۆتا هاتووی هەبوونی خۆی لە نێو جیهاندا، رووبەڕووی هەنووكەیی دەبێتەوە"(25).
كەواتە نیگەرانی دیزاین دەكاتەوە، بەوە "ئەگەرە كەینوونەیە، بەڵكوو تەنانەت دەكرێ وا پەسنی بدەین، كە ناتوانێ ببێت، تەنیا بە دەسپێك لە خودی خۆیەوە نەبێت، بەوەی كە لە دابڕانی خۆیدا دابڕاوە"(26).
دەكرێ ئەگەرە كەینوونە بەم جۆرە لێك بدەینەوە، بەوەی ئەو گوڕ و تینەیە، كە وامان لێ دەكات بەو جۆرەی كە دەتوانین بژین، ئەو چەشنێكە لە بڕست و توانا، من هەم بە ئەندازەی كە دەتوانم كەینوونە بم، ناشتوانم وا بم، تەنیا بەو ئەندازەیە نەبێت، كە من هەر ئەوە بم كە خۆمم. من تەنیا ماهیەت نیم، بەڵكوو من رەوش یان تەرزێكی تایبەتی كەینوونەی ئازادی خۆمم. ئەو ئەگەرە كەینوونەیەی كە بە توانای خۆی ئازاد دەبێت یان دەبێتە تەرزێكی تایبەت، لەوە زیاتر نییە كە چەشنێكە لە چەشنەكانی بوونێكی رەسەن. بەم جۆرە نیگەرانی دەبێتە دژێكی كاریگەر هەمبەر بە ناتوانایی و داماوی، ئەوە، كە هەبوونی چەواشەمان دوور دەخاتەوە، لە داتەپین و نەبوونایەتیش رزگارم دەكات، بەرەو ئەگەرە بوونی خۆشم دەمگێڕێتەوە.
واتە ئەو لە داڕووخان بۆ نێو جیهانی خەڵك رزگارم دەكات، زاڵ بوونی ئەوی دیكەشم لە كۆڵ دەكاتەوە، واتە من هەموو جارێ لە كەینوونەی خۆمدا لەگەڵ تواناكانی خۆمدا گرێ دەدرێم. دیزاین "ئازاد" دەبێت، سەبارەت بە توانای كەینوونەی هەرە تایبەت بە خۆی، پاشان سەبارەت بە توانای رەسەنایەتی و ناڕەسەنایەتی، كە لە نێو بەرجەستە بوونی رەسەنانەی لە رەگەزی نیگەرانیدا ئاشكرا دەبێت. هەڵبەت كەینوونە هەمبەر بە توانای هەرە تایبەتی كەینوونەدا، لە ئاستی ئەنتۆلۆژیدا واتای ئەوەیە: كە "دیزاین هەمیشە لە كەینوونەی خۆیدا، رەهەندێكی وەپێش خۆی كەوتووە. ئەو هەمیشە رەهەندە (لەوەی كە لە خۆی دوورترە)، نەك بەوەی كە لە ئاست گیاندارێكی دی ئەو رەفتارە، ئەو خۆی نییە، بەڵكوو ئەو لە رووی كەینوونەكەیەوە، چەشنێكە لە كەینوونەی بەر دەست، كە خۆدی خۆی گەڵاڵەی دەكات.."(27)، واتە كارەكە پەیوەستە بە توانای ئەو لە كەینوونە بوون لە جیهاندا، لە چێوەی ئەویشدا بە سەقاڵ بوونی پەیدۆزانە، بە هێنانە بەر چاوی ئەو گیاندارەی لە نێو جیهاندایە. ئەو لە نێو دەستەی كەینوونەدایە بەوەی كە بایەخ پێدانە، لە نێو كەینوونەی وەپێش خۆ كەوتوودا، هەڵبەت گریمانەی لە بنەڕەتدا هەرە چەسپاوە، چونكە كەینوونەی دیزاین، ئەو، ئەوەی بە خۆی رەوا بینیوە، كە بەم جۆرە گریمانەی خۆی دەكات"(28). كەواتە رەهەندی نیگەرانی ئاشكرا دەبێت، بەوەی توانایەكی تایبەتە بە كەینوونە بوون، وەك بناغەیەكی بەتین بۆ كەینوونەی دروست، مادام ئەو لەباریدا هەیە خودی هەقیقیانەی خۆی گریمانە بكات، بەو توانایانەی بڕستی ئەو بەدییان دەهێنێت، ئەو دەخاتە سەر رێی بەرەو هەقیقەت، بەوەی كە دیرەگی سەرەكیی دیزاینە.
Top