گەڕانەوە بۆ زمانی فەرەنسی

گەڕانەوە بۆ زمانی فەرەنسی

نووسه‌ر :عەبدولعەزیزل عوێشق

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

ھەندێ توێژینەوە دووپاتی دەکەنەوە، کە ئەو قوتابیانەی جووت زمانن، خاوەن ئاستێکی بەرزی زانستن، ھەروەھا خاوەن رێژەیەکی بەرز لە داھێنان و ئەفراندنن، لە رووی گرتنە ئەستۆی خوێندن و شی کردنەوەی بابەتی قورس و ئاڵۆزیش،توانای زیاتریان ھەیە، ئاسانتریش زانیاری بەدەست دەھێنن.
مەغریب (مەراکش) بەم دواییانە بڕیاری دا، ھەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە بگەڕێنەوە سەر گوتنەوەی بیرکاری و زانستەکان بە زمانی فەرەنسی، کە پێشتر لە پۆلی سێیەمەوە دەستی پێ دەکرد. ئەم بڕیارە پاش (٣٠) ساڵ لە ھەڵمەتی عەرەباندن (تەعریب) دێت، کە ئامانج لەو ھەڵمەتە، بەھێز کردنی زانین بوو بە زمانی عەرەبی و قسە کردن بەو زمانە، پاش رزگار بوونی ئەو وڵاتە لە کۆنیالی فەرەنسا، کە ھەوڵی لاواز کردنی زمانی عەرەبیی دەدا.
ھەندێک لایان وایە، ئەم بڕیارە شکستێکە لە پرۆسەی فێربوون بە زمانی عەرەبی، خۆ رەنگە واش نەبێ، بەڵکوو رەنگە ئەوە ئاماژە و نیشانەیەک بێت بە سەرکەوتنی ھەڵمەتی عەرەباندنەکە، ئاستەنگەکەش ئێستا بووەتە، دابەزینی ئاستی قوتابیان لە بابەتەکانی زانستدا.
ئەو بڕیارەی مەغریب ئەوەشی تێدا بوو، کە لە زوودا، ھەر لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە، دەست بە خوێندنی زمانی ئینگلیزییش بکرێت. دەزگای پەروەردە لە ئایاری ٢٠١٦دا بڕیارێکی دا، کە تێیدا زانینی ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزیی کردووەتە مەرج بۆ وەرگرتن لە خانەکانی پێگەیاندنی مامۆستایاندا. لە وڵامی نیگەرانیی ئەو کەسانەی لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانە دەترسن، بەرپرسانی مەغریب روونیان کردەوە، پێگەی دەستووریانەی زمانی عەرەبی بەھێزە و ھیچ زمانێکی دی کێبڕکێی لەگەڵدا ناکات. جگە لە پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییانەی ئەو زمانە.
ھەندێ لە دایک و باوکان لەوە دەترسن، کە ئەگەر منداڵ فێری زمانی دووەم یان سێیەم ببێت، ئەوە لە سەر حیسابی زمانی دایک دەبێت. ھەڵبەت ئەو ترسە ھەرگیز لە ئارادا نابێت، ئەگەر بێتوو خوێندن و گوتنەوەی زمانی دایک لە ئاستی پێویستدا بێت. چەندین توێژینەوەی زانستی دەریان خستووە، منداڵ لە یەک کاتدا دوو زمان یان زیاتر فێر بێت، لە گەلێ رووەوە بۆ ئەو باشە.
ئەو بڕیارە تازەیە، واتە قوتابخانەکانی سەر بە حکوومەت لە رووی گوتنەوەی ئەو بابەتانە بە زمانی فەرەنسی، دەچنە پاڵ قوتابخانەکانی تایبەت. جا لەبەر ئەوەی ئەو بابەتانە لە قۆناغی خوێندنی زانکۆدا بە زمانی فەرەنسی دەگوترێنەوە، ئیدی دەرچووانی خوێندنی حکوومەت بە بەراورد لەگەڵ دەرچووانی خوێندنی تایبەت، لە قۆناغی زانکۆدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، ئەمەش بە نەرێنی سەبارەت بە ئاستی خوێندن لە مەغریب لە رووی ستانداری جیھانییەوە، رەنگی داوەتەوە. راپۆرتێکی رێکخراوی ھاوکاریی ئابووریی و گەشە (OECD) ئاماژە دەکات، لە رووی، بۆ نموونە، توانا لە بواری بیرکاریدا، مەغریب لە نێو ٧٦ دەوڵەتدا، لە پلەی ٧٣دا دێت.
ئام دابەزینی ئاستی زانست و کارامەییە، ماوەیەکە باوکان و بەرپرسانی مەغریبی نیگەران کردووە، ئیدی ژمارەی ئەو منداڵانەی دەچنە بەر خوێندنی تایبەت، رووی لە زیاد بوون کرد، بەوەی لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە، وانەی بیرکاری و زانستیان پێ دەگوترێتەوە. رێژەی قوتابیانی خوێندنی تایبەت، بە پێی ھەندێ راپۆرتی نێودەوڵەتی، لە ٩%وە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، بۆ ١٥% لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە نێو تێکڕای قوتابیاندا، بەرز بووەتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە، کە جیاوازی لە نێو قوتابیانی خوێندنی زانکۆدا بەدی دێت، چونکە بیرکاری و زانستەکان لە زانکۆدا بە زمانی فەرەنسی دەگوترێنەوە.
ئەمەش پاڵی بە (لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی ئابووری و جڤاکی و کولتووری)یەوە نا، لە ساڵی ٢٠١٥دا ھۆشداریبدات، کە بەرز بوونەوەی رێژەی چوونە بەر خوێندنی تایبەت لە مەغریب، دەبێتە مایەی دروست بوونی جۆرێک لە چینایەتی، کە رەنگدانەوەی نەرێنیی جڤاکیانەی دەبێت، بە ھۆی جیاوازی لە درەفەتی بەدەست ھێنان کار و فەرمان. ئەمەش جیاوازیی دەرامەتی نێوان درەچووانی خۆبەخۆی زانکۆ، قوولتر دەکاتەوە.
بۆ پێوانە کردنی کاریگەری و دەرھاویشتەکانی ئەم ھەنگاوەی مەغریب، دەکرێ تەماشای ئاکامی ئەو توێژینەوانە بکەین، کە لە ئەوروپا و ئەمریکادا بۆ پێوانە کردنی کاریگەریی جووت زمانی (bilingualism)، کراون. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تایبەتی، خاوەن یەکێ لە بەرزترین رێژەی فرە زمانییە لە ئاستی جیھاندا، لە پای بەرز بوونەوەی رێژەی کۆچی خێزان بەرەو ئەو وڵاتە، رێژەی ئەو کەسانەی لە ئەمریکادا بە دوو زمان یان زیاتر قسە دەکەن، ٢٠%ی کۆی دانیشتووان زیاترە. ھەڵبەت وا باوە ئەوانە زمانی دایکیان لە پاڵ زمانی ئینگلیزیدا دەزانن.
ئەو توێژینەوانە دەری دەخەن، کە قوتابیانی جووت زمان لە بەدەست ھێنانی زانستدا ئاستیان بەرزترە، لە داھێنان و ئەفراندنیشدا بە تواناترن، بڕست و توانای زیاتریشیان ھەیە لە رووی لە ئەستۆ گرتنی ئەرکی خوێندن و شی کردنەوەی پرس و بابەتی ئاڵۆزدا، خێراتریش بڕیاری دروست گەڵاڵە دەکەن، ئاسانتریش زانیاری بەدەست دەھێنن.
دوای تەواوی کردنی خوێندنیش، کەسانی جووت زمان دەرفەتی باشتری کار کردنیان لە بەردەمدا دەبێت، لە چاو کەسانی ھاوچەشنی خۆیان کە تەنیا یەک زمان دەزانن، ئەمەش وا دەکات ئاستی داھاتیان بەرز بێتەوە.
لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسیشەوە، ئەوانەی دوو زمان یان زیاتر دەزانن، توانای زیاتریان ھەیە لە رووی بەدەست ھێنانی زانین و پەی بردن بە ھەواڵەکانی جیھان. پتر لێبوردە و تێکەڵ بە کەسانی دی دەبن، توانایەکی زیاتریشیان ھەیە لە رووی گونجان و سازانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ گەلانی دیکەدا.
لە رووی دەروون تەندروستییەوە، ئەو توێژینەوانە دەریان خستووە، ئەوانەی بە پتر لە زمانێک قسە دەکەن، توانای زیاتریان ھەیە لە رووی ھەڵسوکەوت کردن لەگەڵ کێشە و گرفتەکانی ژیان، درەنگیش نیشانەکانی پیرییان لێ بە دیار دەکەوێت، لە تەمەنێکی گەورەشدا توانای ھزر و بیرکردنەوەیان دەمێنێ، ئەوە بە بەراورد لەگەڵ ھاوتاکانی خۆیان کە تەنیا زمانی دایکیان دەزانن.
جا بۆیە، ھەر لە منداڵییەوە مرۆڤ فێری زمانێک یان دوو زمانی دیکە ببێت، ئاسانترین رێیە بۆ پتەو کردنی بەدەست ھێنانی زانست لە لایەک، ھەروەھا زیاد کردنی دەرفەتی کار لە لایەکی دیکەوە، سەرباری بەھێز کردنی بەھاکانی لێبوردەیی لە نێو کۆمەڵدا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە، گونجاوترین زمانی دووەم کامەیە؟ لە دەوڵەتانی عەرەبی مەغریب (مەغریب، جەزایر، توونس، مۆریتانیا)دا، وای دەبینن کە زمانی فەرەنسی ئاسانترە، بە ھۆی پەیوەندیی مێژووییانەیان بە زمانی فەرەنسییەوە، بەوەی ملیۆنان ھاووڵاتی و کەسانی بە رەچەڵەک مەغریبی لە فەرەنسادا دەژین، ئەمەش زمانی فەرەنسی دەکاتە زمانی قسە و پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی زمانی عەرەبی نازانن.
ھەڵبەت ئەو دەوڵەتانە لە بەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدان، لە رووی ھەڵبژاردنی زمانی دووەمەوە. ئایا ھێشتا زمانی فەرەنسی باشترینە بۆ بەدەست ھێنانی زانین لە بواری تیۆری و کرداردا، ھەروەھا لە رووی ئەو خەسڵەتانەی دی کە ئاماژەم پێ کردن؟ وا پێ ناچێت، بە پێی داتا: ئەمڕۆ تەنیا ٨٠ ملیۆن کەس وەک زمانی یەکەم بە فەرەنسی قسە دەکەن، ئەمەش لە رووی ژمارەی ئاخێوەرانەوە، دەیخاتە خانەی ١٨ـەمینەوە، لە پاش زمانی چینی، سپانی، ئینگلیزی، عەرەبی، ھیندی و ھی دیکەوە. بە رەچاو کردنی ئەوانەی بە زمانی فەرەنسی وەک زمانی یەکەم یان دووەم دەدوێن، ژمارەی ئاخێوەرانی فەرەنسی بۆ ٢٢٠ ملیۆن بەرز دەبێتەوە، ئەمەش ئەو زمانە دەباتە پلەی ١٢ـەمەوە لە نێو زمانانی دنیادا.
وا پی دەچێ زمانی ئینکلیزی گونجاوتر بێت بۆ بەدی ھێنانی سوود و قازانجی جووت زمانی، لە پای زۆریی بابەتی زانستی و کولتووری، کە بەم زمانە نووسراوە یان لە زمانی دیکەوە بۆی وەرگێڕدراوە. ژمارەی ئەو کەسانەش کە قسەی پێ دەکەن، لە ئاستی جیھاندا دەگاتە ٨٤٠ ملیۆن کەس، زمانی ئابووری و کار و کۆمپیووتەریشە. ئەمەش وا دەکات زمانی ئینگلیزی وەک زمانی دووەم، بۆ بازاڕی کار، گونجاوتر بێت.
(*)ئەم بابەتە بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (ئەلوەتەن)ی سعوودی، پاشان لە ٢٨/٣/٢٠١٦دا لە ماڵپەڕی (ئیلاف: ایلاف)دا بڵاو بووەتەوە.
Top