فەلسەفەی ئاكار 3-2

فەلسەفەی ئاكار 3-2

نووسه‌ر :ئەبوو شەمسەدین عەلی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(ئەبوو شەمسەدین عەلی بن سەعیدی مەكیی ئەسكەندەری، نووسەرێكی میسرییە. لەم وتارەدا گەشتێك بە نێو فەلسەفەی ئاكاردا دەكات.)
سوكرات و سۆفستیان
كاتێك سۆفستییەكان ناڕەحەتیی خۆیان هەمبەر بەو بەهاگەلی ئاكارە دەربڕی، كە لە سەردەمی ئەواندا باو بوون، ئیدی كەوتنە رووخاندنیان بۆ ئەوەی رێ بۆ دامەزراندنی بەهای دیكەی چاكتر و دروستتر خۆش بكەن. ئەوان بەم هەڵوێستەی خۆیان، بە لایەكدا نوێنەرایەتیی مەیلی مرۆییانەیان دەكرد، بە لایەكی دیكەشدا نوێنەرایەتیی چاخی رۆشنگەرییان لە هزری یۆناندا دەكرد.
هەڵبەت پاش ئەوەی بیر و بۆچوونی سۆفستی برەوی پەیدا كرد، ئنجا كەوتنە بڵاو كردنەوەی بیر و رای خۆیان لە بارەی مرۆیی بوونی بەهاكان و رێژەیی بوون و مۆركی رێككەوتنی كۆمەڵایەتیانەی ئەوان، ئەم بیر و بۆچوونانە وەك رووخاندنی بنەماكانی ژیانی كۆمەڵایەتی لە لای یۆنان تەماشا كران، ئیدی ئاسایی بوو، كەسانێك لە نێو كۆمەڵەوە بێن و بەرپەرچی ئەو بیر و رایانە بدەنەوە، بە پاساوی خۆشیان وڵامی بدەنەوە.
بەم جۆرە سوكرات، فەیلەسووفی ناوداری یۆنان پەیدا بوو، كە لە پاش بیر و رای رووخێنەرانەی سۆفستییەكان، هاوسەنگیی ئاكارانەی بۆ خەڵكی یۆنان گەڕاندەوە. هەندێ كەس ئەو بە دامەزرێنەری ئاكارناسی (زانستی ئاكار) دادەنێن. سوكرات لە سەرەتای ژیانی فەلسەفیانەیدا دژایەتیی سۆفستییەكانی كرد، لە هەموو شوێنێكدا راوەدووی دەنان. ئەو بەردەوام لە بازاڕدا دیالۆگ و گەنگەشەی لەگەڵ دەكردن، بە لۆژیك لێیان دەهاتە دەنگ و نەزانیی ئەوانی ئاشكرا دەكرد و ئامانجەكانی ئەوانی دەردەخست. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ خاڵێكی فرە گرنگ روون بكەینەوە. سوكرات پاڵەوانی داب و نەریتەكانی یۆنان نییە. دەشبینی هەندێ لە پاڵەوانانی داب و نەریتەكان، وەك شانۆكاری بەناوبانگی كۆمیدیا ئەریستۆفان (Aristophanes) لە شانۆنامەی هەور (The Clouds)دا گاڵتەی پێ دەكات. لەو شانۆنامەیەدا ئەرستۆفان وا سوكرات پیشان دەدات، كە یەكێكە لە سۆفستییەكان.
هەڵبەت سوكرات سۆفستی نییە. ئەو دژ بە بیری رووخێنەرانەی ئەوان بوو، كە بنەمای ئاكاری كۆمەڵ لاسەنگ دەكەن. وێڕای ئەمە، ئەو هێندە پێگیری داب و نەریتیش نەبوو. واتە دەكرێ بڵێین ئەو كەسێكی (مام ناوەند) بوو. سوكرات گوتوویەتی، مرۆڤ دەتوانێ بە عەقڵی خۆی بگاتە كۆمەڵێك بنەمای ئاكار، كە وای لێ دەكەن بتوانێ سازان لە نێوان بەرژەوەندیی كەسی و بەرژەوەندیی گشتیدا دروست بكات. دەكرێ ئەو بنەمایانە لە هەموو كات و شوێنێكدا شیاوی پیادە كردن بن.
ئێمە دەبینین، سۆفستییەكانی زاراوەی قەبە و رەوانیان خستە روو، وەك (داد، یاسای كەسی هەرە بەهێزە) كە هی تراسیماخۆس (Thrasymachus)ـە، هەروەها (مرۆڤ پێوەی هەموو شتانە) ئەمەش پرۆتۆگۆراس (Protagoras) گوتوویەتی.
سوكرات لە لای خۆیەوە كەوتە گەڕان بە دوای ئاكاری ئەرستۆكراتانە و ئاكاری بازاڕ. ئەو نەیتوانی بگاتە رێسای (یەكی هەمەك)، كە بە دوایدا دەگەڕا. ئیدی ناچار بوو بڵێ پێویستە ئەو رێسا گشتیانە هەبن، كە بە بێ هەبوونیان ناتوانین پاساو بۆ كردارەكانی مرۆڤ بهێنینەوە.

سوكرات: چاكە زانینە، خراپەش نەزانییە
زۆربەی ئەوەی لە بارەی سوكراتەوە دەیزانین هی ئەفلاتوونە (Plato) لە دیالۆگە بە ناوبانگەكانی وەرگیراون. سوكرات لە دیالۆگەكانی ئەفلاتووندا قسەكەرێكی زمان رەوانە و بەرانبەرەكانی دەتاسێنێ. زانایانی ساغ كردنەوەی دەقەكان لە بارەی ئەم پرسەوە دابەشی سەر سێ گرووپ دەبن.
گرووپی یەكەم لای وایە سوكرات خۆی چووەتە نێو ئەو دیالۆگانەوە، ئەفلاتوونیش تەنیا ئەركی نووسینەوەیانی گرتووەتە ئەستۆ.
گرووپی دووەمیش لای وایە، ئەفلاتوون بۆ خۆی خاوەنی ئەو را و دیالۆگانەیە، سوكراتیشی وەك كەسایەتییەكی ئەدەبی و وەك رێزێك بۆ مامۆستاكەی بەكار هێناوە.
گرووپی سێیەمیش، كە لە پاش توێژینەوە تازەكان بەو ئاكامە گەیشتن، رای زۆرینەشە، پێی وایە دیالۆگەكانی بەرایی ئەفلاتوون بریتین لە راكانی سوكراتی مامۆستای، ئەوانەی دواییش گوزارشت لە راكانی ئەفلاتوون دەكەن، چونكە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دیالۆگەكانی پێشتر و پاشتریدا بەدی دەكرێت.
جا ئەگەر پشت بە رای گرووپی سێیەم ببەسترێ، كە دیالۆگەكانی بەرایی هی سوكراتن و ئەمانی دوایی هی ئەفلاتوونن، دەبینین كە دیالۆگەكانی سوكرات بە شێوەیەكی سەرەكی جەخت دەكەنە سەر رەخنە گرتن لە بیر و باوەڕی باوی نێو كۆمەڵگای ئەوكات، هەروەها رێكاری گۆڕینیان. هەرچی دیالۆگەكانی ئەفلاتوونن، دەبینین ئەمە بەدی هات و ئەنجامی زۆری ئەرێنیی لێ كەوتەوە: یەكەمیان (دیالۆگەكانی سوكرات) خەریكی پێناسە كردنی چەمكەكانی ئاكارن، دووەمیشیان (دیالۆگەكانی ئەفلاتوون) بایەخ بە پێشكەش كردنی پاساو بۆ رامان لە ژیان دەخەنە روو، بە چەشنێك كە تێیدا خود بە سووك لە هەست دەڕوانێت، ئەویش لە پای عەقڵ و لە پێناوی ئەودا. یەكەمیان بە شێوەیەكی گفتوگۆیە، دووەمیان پتر دیالیكتیكیانەیە.
هەندێ لە زانایانی بواری ساغ كردنەوە پێیان وایە، قسە كردن لە بارەی فەلسەفەی ئاكار چ لە بارەی سوكراتەوە بێت یان ئەفلاتوون، ئەوە یەك قسەیە. خۆ رەنگە لە بارەی میتافیزیك و لۆژیك و سیاسەتەوە، ئەفلاتوون بیر و رای جیاواز لە هی سوكراتی گوت بێت، بەڵام لە بواری فەلسەفەی ئاكاردا جیاوازییەكیان نییە. كەسێ بە وردییش بڕوانێت، زەحمەتە بتوانێ بیر و رایان لە یەكدی جیا بكاتەوە. جا بەم جۆرە بێت، ئەوە ئەفلاتوون تەنیا ئەو شتانەی تۆمار كردووە، كە سوكرات لە بارەی ئاكارەوە گوتوونی. یەكێ لە لایەنگرانی ئەم رایە بارتملی سانت هیلەر (Barthélemy Saint Hilaire)ی فەیلەسووف و مێژوونووس و وەزیری دەرەوەی فەرەنسایە.
لە راستیدا ناكرێ بە تەواوی خۆمان بە دەست ئەم رایەوە بدەین، وەك كە ئێستا روونی دەكەینەوە. كاتێك سوكرات (لە دیالۆگەكانی بەراییدا) پرسیاری لە بارەی واتای چەمكەكانی ئاكارەوە دەكرد، وەك داد، ئازایی، خواناسی و هی دیكەش، ئەم پرسیارانە بە لێپرسینەوەی سوكراتی (Socratic Questioning) ناسراون، ئەو وڵامانەی دەش درانەوە، لە لایەن سوكراتەوە دەخرانە بەر نەشتەری رەخنەوە، ئیدی بەردەوام خەریكی راست كردنەوەی ئەو چەواشەییانە نێویان دەبوو تا بە وڵامی دروست دەگەیشت، بەڵام لێرەدا پرسیارێك هەیە، ئایا دەتوانین لە رێی شتی ریالیستەوە پێناسەی چەمكەكانی ئاكار بكەین؟ یان بە شێوازێكی روونتر: ئایا پەیوەندییەك لە نێوان حوكمەكانی بەها و حوكمەكانی واقیعدا هەیە؟
لە راستیدا سوكرات ئەمانەی لە یەكدی جیا نەدەكردەوە، لە یەكدی جیا كردنەوەشیان نەهاتە گۆڕێ، تەنیا لە چاخەیلی پاشین نەبێت، ئەویش لە سەر دەستی فەیلەسووف و مێژوونووسی سكوتلەندی دێڤید هیوم (David Hume). هەرچەندە سوكرات لە یەكدیی جیا نەكردنەوە، جیاكاریی نەكرد و ئەوەشی روون كردەوە، بەڵام ئەو ئاكامە نەرێنیانەی لە پاش لێپرسینەوەكانی دەستی دەكەوتن، ئاماژەیان تێدا بوو بۆ لە یەكدی جیا كردنەوەیان.
سوكرات لە هەر گەنگەشەیەكی چەمكەكانی ئاكاردا، ئەوەی رەت دەكردەوە كە ئەو چەمكانە لە رووی كاروباری واقیعی كردەییەوە پێناسە بكرێن. بۆ نموونە دەبینین لە هەردوو دیالۆگی پرۆتاگۆراس (Protagoras) و لاكیس (Laches)دا، سوكرات خۆی هەمبەر بە پێناسەیەكی ئازاییدا دەبینێت، واتە (بە خۆڕاگرییەوە رووبەڕوو بوونەوەی مەترسی)، ئیدی سەرنجی لە پرسەكە دەدا، تێبینیی دەكرد مرۆڤ بۆ خۆی رووبەڕووی مەترسی دەبووەوە، داناییشە گەر لەو مەترسییە دوور بكەوێتەوە. جا بۆیە ئەو گشتاندنەی سوكرات نەخشەكەی بۆ كێشاوە (هەرچەندە پێی نەگەیشتووە)، ئەوەیە ئێمە ناتوانین چەمكەكانی ئاكار لە سەر بنەمای ئەو رووداوانە پێناسە بكەین كە دەیان بینین.
لە راستیدا، هەموو تیۆرییەكانی ئاكار هەر لە رۆژگاری سوكراتەوە، كۆمەڵە هەوڵێكن بۆ گەیشتن بە راڤەیەك بۆ پەیوەندیی نێوان بەها و رووداو. بۆیە هەندێ لە زانایان بە دامەزرێنەری فەلسەفەی ئاكاری دادەنێن. پێش هەندێك گوتمان، ئێمە لە دیالۆگەكانی سوكرات (ئەوانەی پێشین)دا دەبینین، جمینێك هەیە بۆ پێناسە كردنی چەمكەكانی ئاكار وەك داد و ئازایەتی و خواپەرستی و هی دیكەش.
دەكرێ بڵێین ئەم جارەیان ئەفلاتوون لە مەبەستی سوكرات بێ ئاگا بوو. یەكەمین كەس كە پەی بە مەبەستەكەی سوكرات برد (یان پێم وایە پەی پێ بردووە)، گەورەی فەیلەسووفان ئەرستۆتالیس: ئەرستۆ (Aristotle)ی دانا بوو. ئەو گوتوویەتی، ئەو سەرقاڵی توێژینەوە بوو لە بەهاكانی ئاكار، لە پێناو گەیشتن بە واتای هەمەكانە.
Top