فەلسەفەی ئاكار (3-3)

فەلسەفەی ئاكار  (3-3)

نووسه‌ر :ئەبوو شەمسەدین عەلی

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(ئەبوو شەمسەدین عەلی بن سەعیدی مەكیی ئەسكەندەری، نووسەرێكی میسرییە. لەم وتارەدا گەشتێك بە نێو فەلسەفەی ئاكاردا دەكات).
(ئەبوو شەمسەدین عەلی بن سەعیدی مەكیی ئەسكەندەری، نووسەرێكی میسرییە. لەم وتارەدا گەشتێك بە نێو فەلسەفەی ئاكاردا دەكات).

هەردوو زانستی بەڵگە خوێنی (Inductive arguments) و پێناسەی هەمەكی (Universal definition) بە گوێرەی بڕوای ئەرستۆ، دراونەتە پاڵ سوكرات. واتە مەبەستی سوكرات، وەك ئەوەی ئەرستۆ تێی گەیشتووە، گەڕان بووە بە دوای میتۆدە رێكارێكی خوێندنەوە، لە پێناو گەیشتن بە چەمكی هەمەك.

هەندێكیش، وەك فەیلەسووف و مێژوونووسی فەرەنسی ئیمیل بەرهیێ (Emile Brehier) لێكدانەوەكەی ئەرستۆ رەت دەكەنەوە، بە بەهانەی ئەوەی سوكرات تەنیا بە دوای خودی مرۆڤدا گەڕاوە و ویستوویەتی بیپشكنێت (پشكنینی تێدا بكات)، ئەو مەبەستی نەبووە بە دوای چەمكی گشتی یان شتی دیكەدا بگەڕێت. بۆ نموونە (لاكیس) كە نموونەی هێز و بەجەرگی بوو، كاتێك سوكرات لێی پرسی، (لاكیس) واتای ئازایەتیی نەدەزانی. (ئۆتریفۆن)یش كە نموونەی مرۆڤی خواناس و سەرڕاست بوو، واتای خواناسیی نەدەزانی.

ئیدی مەبەستی سوكرات ئەوە بوو، وا لە خەڵك بكات هەر خۆیان، خۆیان بناسن، چونكە ئەو پەیڕەوی ئەو پەندەی خۆی دەكرد، كە لە هەموو پرسەكانی فەلسەفەدا كاری پێ كردووە. گوتە بە ناوبانگەكەی (خۆت بناسە). بە لای سوكراتەوە، خۆ ناسین چاكە و مەردایەتیی هەرە باڵایە.

كەواتە هەوڵی ئەرستۆ بۆ تێگەیشتن لە ئامانجی سوكرات، هەڵەیەكە لە سەر حیسابی ئەو رایە. جا خۆ بە كردەنیش سوكرات بە دوای ئەو چەمكانەی ئاكاردا نەدەگەڕا. كاتێكیش سوكرات گوتی: (مەردایەتی زانستە و نامەردی نەزانییە)، ئەوەی لە پای مەیلی عەقڵخوازانەی سوكراتەوە بوو، ئەو دەڵێ مرۆڤ لە خۆشیی خراپەدا نییە كە خراپە دەكات، بەڵكوو ئەو رێی لێ بزر بووە و نازانێ ئەوەی ئەو دەیكات خراپەیە. مرۆڤ بە تەبیعەت حاڵ حەزی لە چاكەیە و بە دوایدا وێڵە، بەڵام ئەو هەموو كات پێی ناگات. جا بۆیە سوكرات چاكە و زانست بە یەك شت دەبینێ، ئەو كەسەی پەی بە چاكە ببات، دەیكات، هەر كەسێكیش پەی بە خراپە ببات، لێی دوور دەكەوێتەوە.

ئەفلاتوون: سۆفیایەتی و قرچۆكی لە پێناوی شادیدا
وێڕای ئەو هەموو كتێبەی ئەفلاتوون كە بە دەستمان گەیشتوون، بەڵام ئەو لە بواری فەلسەفەی ئاكاردا شتێكی شایان بە باسی نەخستووەتە سەر (وەك كە باوە ئەو تەنیا هەندێ "خەونە را"ی خستە روو، كە هێندەی پێشكەش بە مرۆڤایەتی نەكرد). ئەو لەو شوێنەوە دەستی پێ كرد، كە سوكراتی مامۆستای پێی گەیشت، ئەو هەوڵی دا تەنیا وڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، كە سوكرات كردنی.
ئەفلاتوون فەیلەسووفی میتافیزیك بوو، فەلسەفەكەی لە سەر بنەمای وێنە یان نموونە هەڵچنی بوو. تیۆرییەكانی لە بارەی ئاكارەوە لە گۆشەنیگای رێكی خۆی لە بارەی سروشت و خودا و مرۆڤەوە داتاشی. ئەفلاتوون بە لای هزری سوكراتیدا دەچوو، ئەویش لە رووی پەیوەست بوون بە ئەركی بە میرات ماوە.
بۆ نموونە لە دیالۆگی (پرۆتاگۆراس)دا ئەوە رەت دەكاتەوە، كە یاسا تەنیا رێككەوتن و پەیمانێكە، وەك ئەوەی سۆفستییەكان دەیانگوت، بەڵكوو ئەو پێی وا بوو، تاك پەیوەستە بەو یاسایانەی كە زۆر بە توندی دەوڵەت شەتەك دەدەن، بە هەمان شێوەی پەیوەست بوونی هەر ئەندامێكی جەستە بە ئەندامانی دیكەی جەستەوە.
بە هەمان شێوە لە دیالۆگی (گۆرگیاس)دا، ئەو لە نێوان ژیانی فەلسەفە و ژیانی لەزەتدا بەراوردێك دەكات. ئەو دەڵێ ئەو پەڕی ژیان بریتییە لە چاكە، ژیانی لەزەتیش تەنیا هەوڵێكە بۆ تێر كردنی لەزەتەكانی دنیا، ئەمەش شادیی بە دواوە نییە. هەر كەسێ بكەوێتە دوای حەز و ئارەزووەكانی خۆی و بە لاڕێدا رۆیشت و هەڵوەدای تێر كردنی حەز و ئارەزووەكانی بوو، ئەوا كڵۆڵ و بێچارە دەبێت، هەرگیز بە كەناری شادی ناگات، چونكە ئەو هەردەم هەوڵی گەیشتن بە خۆشی و لەزەتی زیاتر دەدات.
پاشان تیۆرییەكەی ئەفلاتوون گەشە دەكات، ئیدی تیۆرییەكی سەراپاگیر لە بارەی لەزەتەوە گەڵاڵە دەكات. دەروونی مرۆڤیش دابەشی سێ بەش دەكات، هەر بەشەیان لەزەتی تایبەت بە خۆی هەیە:
هەستە لەزەت، تایبەتە بە دەروونی شەهوانی.
ورووژانە لەزەت، تایبەت بە دەروونی تووڕە.
ئاوەزە لەزەت، تایبەتە بە دەروونی ئاقڵ و هۆشمەندی.
وەك تەماشا دەكەین، ئەفلاتوون ئەو بیرۆكەیە دووپات دەكاتەوە، كە مرۆڤ لە دوو بەش پێك هاتووە. یەكیان دڕندە و ئەوی دیكەشیان مرۆیی. پێویستە ئاوەز (عەقڵ) مرۆڤ بەرەو بەشی دووەم (مرۆیی) رێنمایی بكات، ئەو بزوێنەری سەرەكییە لە رێی چاكەدا، ئەو گەڕانە بە دوای بەهاكانی ئاكار. مرۆڤ دەبێ لە لەزەتەكانی جەستە دوور بكەوێتەوە، رێی عەقڵ و دەستگری (تەقەشوف)، بگرێتە بەر.
ئەفلاتوون لە هێرش كردنە سەر لەزەت بەردەوام بوو، عەقڵیشی بە سەر جەستەدا زاڵ دەكرد. ئەم شتە زۆر بە روونی لە دیالۆگی تیماوس (Timaeus)دا دەبینین. لەو دیالۆگەدا هێرشێكی دژوار دەكاتە سەر لەزەتەكانی جەستە، دەروون و جەستەی لە یەكدی جیا كردەوە. فەلسەفەكەی ئەو سۆفیایەتییەكی پەتی بوو، زۆربەی بیرۆكە و بۆچوونەكان ئەو، وڵام بوون بۆ پرسیارەكانی سوكراتی مامۆستای.

ئەرستۆ: ئاوەز رێی چاكەت پێ پیشان دەدات
بە لای من و بە لای هەندێكیش، ئەرستۆ بە دامەزرێنەری كرداریانەی ئاكارناسی (زانستی ئاكار) دادەندرێت. ئەویش لەبەر ئەوەی لە چەند كتێبێكدا رێسای دانا و هەموو شتێكی فەلسەفەكەی خۆی دیاری كرد، گرنگترین كتێبی ئەویش لەم بارەیەوە كتێبی (ئاكار بۆ نیكۆماخۆس)ـە.
هەرچەندە ئەرستۆ قوتابیی ئەفلاتوونە و بۆ چەندین ساڵ لە ئەكادیمیاكەیدا خوێندوویەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو زۆر بە روونی نەكەوتووەتە بن كاریگەریی بیر و بۆچوونەكانییەوە، بەڵكوو ئەو هەموو بیرۆكەكانی ئەوی دایە بەر رەخنە، تا رادەی ئەوەی ئەفلاتوون ناوی نا (ئاوەز: عەقڵ).
بە گشتی دەتوانین بڵێین، ئەفلاتوون لە رووی ئاكارەوە ئایدیالیست بوو، پەیڕەوی نەریتی ئایینی دەكرد، هەموو ئەو رایانەی پاشتر لە مێژووی فەلسەفەی رۆژاوادا داندران و قسە لە بارەی چاوگی باڵای سروشتەوە دەكەن، وەك ئەفرێنەر (خالیق) یان ئاوەز (عەقڵ)، ئەوا لە ئەفلاتوونەوە سەرچاوەیان گرتووە.
هەڵبەت تێكڕای فەیلەسووفانی سروشتخوازیش، كە لە بارەی پێداویست و توانا و حەزی مرۆڤەوە لێكۆڵینەوەیان كردووە، ئەوا ئەرستۆ چاوگی سەرەكیی ئەوانە. ئەرستۆ كەسێكی ریالیستە (واقیعییە)، باوەڕی بە وەدی هاتنی چاكەیە لەم دنیایەی كە دەیناسین و تێیدا دەژین، بە ئەزموونی مرۆییشەوە پێگیرە.
كەچی ئەفلاتوون، پشتی لە واقیع كرد، ویستی بچێتە سەرووی دنیای واقیعەوە.
ئەرستۆ چاكەی باڵا و شادیی پێكەوە گرێ دا، واش پێناسەی چاكەی باڵا دەكات، كە كاری هێزەیلی مرۆییە بە پێی مەردایەتی (فەزیلە). واش پێناسەی مەردایەتی دەكات، كە كارامەیی گونجاوە بۆ هەر هێزێك لە هێزەكان. واتە مەردایەتی لەوەدایە، هێزەیلی مرۆڤ ئەركی خۆیان بەجێ بگەیەنن.
ئەرستۆ مرۆڤی كردە دوو بەش:
لەش (جەستە)، واتە بەشی ئاژەڵ.
دەروون (رۆح)، واتە بەشی ئاوەز (عەقڵ).
مەردایەتیشی دابەش كردە سەر دوو بەش:
مەردایەتیی ئاوەز (عەقڵ). مەردایەتیی ئاكار. باڵاترین مەردایەتیش بە لای ئەرستۆوە مەردایەتیی رامان و بیركردنەوەی تیۆرییە، چونكە مرۆڤ بەرەو هەڵكشان رووەو قۆناغی پەی بردن بە هەمەكەكان دەبات. ئەمیش بە هەمان شێوەی مەردایەتییەكانی دی، كە پەیوەندییان بە شتێكی بەشەكی و بچووكەوە هەیە، كە رەنگە بە گوێرەی هەلومەرجی جیاجیاوە رابوەستن.
بە لای ئەرستۆوە، مەردایەتی داب و رەوشتێكە بەدەست دێت و چەسپاوە، كاری مەردانەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت. مەردایەتی خۆڕسك و سروشتی نییە، بەڵكوو بە مەشق و راهاتن بەدەست دێت. جا مرۆڤ كە لە سەری رادێت، بە لایەوە ئاسان دەبێت. ئەو كەسەشی بە لایەوە زەحمەت دەبێت، ئەوا خۆی بۆ ئامادە نەكردووە.
لەزەت رێ نیشاندەر و رابەری مەردایەتییە و هاوشانیەتی. مرۆڤی مەرد و رەند چێژ لە كۆنترۆڵ كردنی خۆی و زاڵ بوون بە سەر خۆیدا دەبینێت. بە هەمان شێوە مرۆڤی دلێر و ئازاش، چێژ لە خۆ كۆنترۆڵ كردن و زاڵ بوون بە سەر خۆیدا دەبینێت. ئیدی بەم پێیە پێدا بڕۆ، خەڵك هەمەجۆر و هەمەچەشنن.
ئا لێرەدا ئێمە خەسڵەتێك لە ئەرستۆدا دەبینین لە رووی نمایش كردنی بیر و راكانی خۆیدا، كە لە لای فەیلەسووفانی دیكەی هاوەڵانیدا نییە. ئەو كاتێك بۆچوونی خۆی شرۆڤە دەكات، گەلێ نموونە دەهێنێتەوە، ئەو را و بۆچوونانەش دەخاتە روو، كە لە نێو كۆمەڵدا باون. بۆ نموونە عەقڵی مەردانە بە وەستای پیشەكار دەچوێنێ، كە لە كارەكەیدا وردە، نە زیاد و نە كەمیش دەكات. بە هەمان شێوە بە پزیشكی دەچوێنێ، كە رێژەیەكی ورد لە دەرمان بۆ نەخۆش دیاری دەكات، هەروەها وەك پەیكەرتاش و هی دیكەش وایە.
مەردایەتی بە لای ئەرستۆوە ئەوەیە، لە هەر كارێكدا بژاردەكەت ناوەند و مام ناوەند بێت، نە زێدەڕۆیی و نە كەمڕۆیی. بۆ نموونە، ئازایەتی ناوەندی نێوان ترسنۆكی و هەڵەشەییە، سەخاوەت نێوانی دەست بڵاوی و رەزیلی (سەقیل)یە، خاكەڕایی لە نێوان زبری و شەرمنیدایە. لەمەشدا خۆ دەبێ ئەوەش رەچاو بكەین، كە ئەمە ناوندێكی ژمارە و بیركاری نییە لە نێوان دوو مەودای ناپەسند، بەڵكوو ئەوە ناوەندێكی واتاییە، كە رەنگە بە گوێرەی گۆڕانی هەلومەرج و كەسان، ئەویش گۆڕانی بە سەردا بێت. ئا لەو كاتەشدا، تەنیا پشت و پەنا بۆ لە یەكدی جیا كردنەوەی رەش و سپی و پەی بردن بە شتان، هەر تەنیا عەقڵە.
هەڵبەت لەم رووەوە دەبینین، ئەرستۆ هەڵوێستی ناوەندی گرتووە لە نێوان ئەوانەی مەیلی سروشتی رەت دەكەنەوە و ئەوانەی پێیان وایە مەردایەتی لە تێرە لەزەتیدایە. سەرباری ئەوەی باسی رۆڵی عەقڵیش دەكات لە رووی پەی بردن بە پاڵنەرەكانی ئاكار.
تێبینی:
نووسەری ئەم بابەتە، لە كۆتایی بابەتەكەیدا دوو سەرنجی خستووەتە روو، بە پێویستم زانی ئەوانیش بكەمە كوردی (ت ك).
(*)من رایەكم هەیە لە بارەی ئەم رستەیە "ئەمە چاخێكە كەسانێكی بە رەوشتی تێدا نییە." (حەیف، كەس ئەم رستەیە بەم شێوەیە ناڵێ، بەڵام من ئێستا هەندێ پەشۆكاوم). مرۆڤ لە سەردەمێكدا كتوپڕ نەگۆڕاوە و بووبێتە گیاندارێكی بێ ئاكار، مرۆڤ هەر مرۆڤە، بەڵام لەگەڵ گەشە كردنی ئامرازەكان، ئیدی لە توانایاندا بوو كە هەندێ بەهای نائاكارانە بڵاو بكەنەوە، جا ئەو بەهایانە تەشەنەیان كرد. هەڵبەت ئەوە هەر مرۆڤ بۆ خۆیەتی، بەڵام توانیی پێشكەوتنی تەكنەلۆژی لە بواری بەهاگەلی نائاكارانەدا بخاتە گەڕ. ئەم رستەیە و هی هاوشێوەی ئەویش هەڵەن. بەڵكوو دەكرێ بڵێین (ئەم سەردەمە چاخی كەڵە توانای مرۆڤە لە رووی بڵاو كردنەوەی بەهاگەلی نائاكارانە).
(**)ئەرستۆ سێ كتێبی لە بارەی ئاكارەوە نووسیوە: (مەزنە ئاكارناسی)، (ئاكارناسی بۆ ئۆیدیم) و (ئاكارناسی بۆ نیكۆماخۆس). ئەمی دواییان لە هەموویان گرنگترە و بە دڵنیاییشەوە دەدرێتە پاڵ ئەرستۆ. دەشگوترێ كە (نیكۆماخۆس) كوڕی ئەرستۆیە، هێشتا لە ژیاندا بوو كە ئەو كوڕەی مرد، ئیدی ئەو كتێبەی پێشكەش كرد. دەشگوترێ كە (نیكۆماخۆس) بۆ خۆی كتێبەكەی نووسیوە، ئەمەیان رایەكی سەرپەڕە).
Top