كۆنفۆشیۆسی ١

كۆنفۆشیۆسی ١

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
كۆنفۆشیۆسی (儒學-Confucianism) كۆی ئەو بنەما و بیر و باوەڕانەی فەلسەفەی چینە. كۆنفۆشیۆس و هەوادارانی گەشەیان پێ دا. ئەم فەلسەفە و باوەڕە باس لە ئاكار و نەریت، شێوازی حوكمڕانی و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی دەكات.
كۆنفۆشیۆسی (كۆنفۆشیزم) فەلسەفە مەزن و نەریتییەكەی جڤاكی چینە، كاری لە میتۆدی ژیانی خەڵكی چین كرد، تەرزی ژیان و پەیژەی بەهاگەلی كۆمەڵایەتیشی بۆ دیاری كردوون. ئەو بنەما سەرەكیانەشی دابین كرد، كە تیۆری و دەزگاكانی سیاسیی وڵاتی چینیان لە سەر رۆنرا.
ئەم فەلسەفەیە لە چین سەری هەڵ دا، پاشان گەیشتە كۆریاش، پاشتر ژاپۆن و ڤێتنامیشی گرتەوە. بوو بە دیرەگێكی چەسپاو لە كولتووری گەلانی رۆژهەڵاتی ئاسیادا. كاتێك كۆنفۆشیۆسی بە كۆمەڵگاكانی رۆژاوا گەیشت، سەرنجی گەلێ فەیلەسووفی رۆژاوای بە لای خۆیدا راكێشا.
هەرچەندە كۆنفۆشیۆسی بوو بە رێبازی فەرمیی دەوڵەتی چین، بەڵام هێندە گەشەی نەكرد كە ببێتە ئایینێك. ئەو پەیكەری بنەڕەت و توێژی پیاوانی ئایینی نەبوو. كۆنفۆشیۆس (孔夫子) لە لای زانایانی چین پێگەیەكی باڵای بەدەست هێنا. ئەوان بە (مامۆستا) و (دانا) ناویان دەبرد. هەڵبەت بە چاوی گەورە تەماشا كردنی ئەو، بە پێگەی خوداوەندی نەگەیاند. كۆنفۆشیۆس بۆ خۆشی نەی گوتووە كە ئەو خوداوەندە. ئەو پەرستگایانەی لە خۆشەویستیی كۆنفۆشیۆسیش ئاوەدان كرانەوە، نەبوونە شوێنی كۆ كردنەوەی خەڵكی مرید و هەوادار، بەڵكوو تەلاری گشتی بوون، بۆ بۆنە و یادی ساڵانە تەرخان دەكران، بە تایبەتی بۆ رۆژی لەدایك بوونی كۆنفۆشیۆس. بە سایەی خەسڵەتی بنەڕەتی دنیاییانە (نائایینیانە)ی ئەم فەلسەفەیەوە، هەموو ئەو هەوڵانە بێ ئاكام بوون، كە دەیان ویست كۆنفۆشیۆسی بكەن بە باوەڕێكی ئایینی.
بنەماكانی رێبازی كۆنفۆشیۆسی لە (9) نووسراوی دێرینی چیندا تۆمار كراون، كە لە كۆنفۆشیۆس و مریدانی ئەوەوە بەجێ ماون. لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی (چوو: 周朝)دا نووسراونەتەوە. ئەو سەردەمە چالاكییەكی چڕی قوتابخانەكانی فەلسەفەی بە خۆوە بینی. نووسراوەكانیش دەبنە دوو بەش:
-پێنج نووسراوە نەریتییەكە (وو- جینگ).
-چوار نووسراوەكە (سی شوو).
رێنماییەكانی كۆنفۆشیۆس بە زارەكی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دی دەمانەوە، پاشتر لە كتێبی (لون یو)دا نووسرانەوە. كۆنفۆشیۆس مەبەستی بوو وەك ئاكارناسێكی نەریتپارێز خۆی بنوێنێ، بە تایبەتی كە چین لە سەردەمی ئەودا پەشێوی و بێ سەروبەریی سیاسیی بە خۆوە دیت، لە پاش نەمانی شانشینی (چوو)، ئەو وڵاتە گۆڕانكاریی جڤاكیشی بە خۆوە دیت و بوو بە چەند میرنشینێكی دژ بە یەك.
ئەم جۆش و خرۆشەی وڵاتی گرتەوە، كۆنفۆشیۆس و گەلێ بیرمەندی دیكەی ناچار كرد، كە بە دوای رێكارێكی نموونەییدا بگەڕێن بۆ بەدەست هێنانەوە یەكێتیی شانشینەكە، ئیدی ئەوان دوور لە ویستی خۆیان بوون بە فەیلەسووف و داهێنەر، بەوەی لە یەك كاتدا بیرۆكەی نوێیان داهێنا و بڕیاریشیان دان.
كۆنفۆشیۆس داوای سەروەریی گەلی كرد. ئەو گوتی: سەروەری بۆ نەتەوەیە، هەر خۆشی چاوگی دەسەڵاتە. هەرچەندە ئەو باوەڕی بە رێبازی تیۆكراتانەی ئیمپراتۆر و مافی خوداوەندانەی ئەویش هەبوو، بەڵام خۆی وابەستەی ئەو بیرە و ئاكامەكانی نەكرد، بەڵكوو شەڕی دژ بە دەسەڵاتی رەهای ئیمپراتۆران كرد. پێی وا بوو كە دەسەڵاتی پاشا بە بێ رەزامەندیی گەل شەرعی نییە، تەنانەت پێی باش بووە كە دژ بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ملهوڕ یان فەرمانڕەوایەكی بەد، شۆڕش بەرپا بكرێت.
فەلسەفەكەی رەوتی روونی سۆشیالیزمانەی پێوە دیار بوو. یەكێ لە ئامانجەكانی حكوومەت كە ئەو ناوی ناوە (دەستەی دادپەروەر و سەرڕاست)، بایەخ دانە بە بەرهەمی نەتەوەیی، بۆ ئەوەی پێداویستی گەل دابین بكات. لە كار كردندا، داوای دادی كۆمەڵایەتی و یارمەتی دانی نەخۆش و پەككەوتەشی كرد.
كۆنفۆشیۆس داوای لە هەموو گەلانی جیهان كرد لە (یەك كۆماری جیهانی)دا یەك بگرن.

چەمكی (لی)
كۆنفۆشیۆس پێی وایە هەردوو سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی یەكەیەكی تەواوكار پێك دەهێنن. پیاوەتی و مەردایەتیی دەسەڵاتداران و پیاوانی دەربار (ئەرستۆكراتان) بەسن بۆ مسۆگەر كردنی باش بوونی دەوڵەت.
بە جاڕدانی دروشمەكانی (لی: 禮) و بڵاو كردنەوەی مووزیك، سیستەم و رێسا بەرقەرار دەبن. مووزیكی ئەو سەردەمی چین، گرنگترین رێوڕەسمی ئایینیی ئەو سەردەمە بوو.
كۆنفۆشیۆس دانی بەوەدا ناوە، كە مووزیك باڵادەستە، كاتێك ئەركی رۆحانی و دەسەڵاتەكەی بۆ كار كردنە سەر دڵ و دەروونی خەڵك بەكار دێت. ئەو حەزی بە سروودە كۆنەكانی چین دەكرد، كە هەمیشە بە كێش و ئاواز بوون، ستایشی بەهای شارستانیانەی ئەو سروودانەشی دەكرد.
ئەو پێی وا بوو، ئەو دەوڵەتەی مووزیك و رێوڕەسمی تایبەت بە خۆی هەیە، كە وەك بەشێك لە داب و نەریتی كۆمەڵ دادەندرێن، ئەو دەوڵەتە هاووڵاتیی بەختیار دێنێتە بەرهەم، كە هاوكات هاووڵاتیان تا رادەیەكی باش مەرد و رەند دەبن، وا دەكات ئیدی دەوڵەت پێویستی بە داڕشتنی یاسا نەبێت، تا رەفتار و هەڵسوكەوتی رێك و پوختیان بەدەست بهێنێت. بەم جۆرە ئارامی باڵ بە سەر وڵاتدا دەكێشێ و یاساش هیچ سوودێكی نابێت.
كۆنفۆشیۆس بە سەرانسەری وڵاتی چیندا سووڕایەوە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتداری نموونەیی بدۆزێتەوە كە دەیەوێ و (دەتوانێ) ئەم رێنماییانەی ئەو پیادە بكات، بەڵام هەوڵەكەی بێ هوودە بوو.

چەمكی (رن)
بیرۆكەی گشتیی ئاكار بە لای كۆنفۆشیزمەوە بە دەوری چەمكی (رن: 仁)دا دەسووڕێتەوە، كە دەكرێ بە كوردی پێی بڵێین (مرۆڤایەتی) یان (دڵ باشی). (رن) چاكەی باڵایە، كە هەرە باشی نێو دەروونی مرۆڤایەتییە. لە سەردەمی كۆنفۆشیۆسدا چەمكی (رن) هاوشانی چینی دەسەڵاتدار بوو، لەگەڵ رۆژگاردا واتاكەی گۆڕا و مەبەستەكەی بووە چینی (دەرەبەگ). دواتر ئەم چەمكە واتایەكی فراوانتری گرتە خۆ، بە تایبەتی لە بواری پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان، وەك ئەوەی پەیوەندیی نێوان دوو كەس، (رن)ـەكەی بە چەند چەمكێكی دی خۆی دەنوێنێ:
-چونگ (忠)، واتە دڵسۆزی بەرانبەر بە خۆت و ئەوانی دی.
-شیاو (孝)، واتە خۆبەخشی، كۆنفۆشیۆس بە رێسای زێڕین گوزارشتی لێ دەكات و دەڵێ: "شتێك دەرهەق بە ئەوانی دی مەكە، كە حەز ناكەی دەرهەق بە تۆی بكەن."
-جونتسە (君子)، دەكرێ بە كوردییەكەی بڵێین پیاوی مەرد (هەڵبەت بە كردار نەك بە رەچەڵەك)، بەو كەسە دەگوترێت كە چەندین چاكەی لە خۆیدا كۆ كردووەتەوە، وەك سەرڕاستی، زمان پاراوی، رەوشت بەرزی، دەست پاكی، سەرباری خواناسی و خواپەرستی.
لە باری سیاسییەوە، كۆنفۆشیۆس بانگەشەی بۆ حكوومەتێكی باوكسالارانە (زاڵ) دەكرد، دەسەڵاتدارێك بەڕێوەی ببات كە لە لای میللەت رێزدار بێت و بە قسەی بكەن. دەشبێ دەسەڵاتدار گەشە بە رەوشتی خۆی بدات تا دەگاتە پلەی كەماڵ، بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەك و گەلەكەی بە رێی ئەودا بڕۆن.
لە بواری پەروەردەدا، كۆنفۆشیۆس را و سەرنجی پێشكەوتنخوازانەی هەبوو، داوای دەكرد هەموو رۆڵەكانی گەل بە جیاوازیی چین و توێژ، خوێندنیان بۆ دەستەبەر بێت.
Top