کۆنفۆشیۆسی 2

کۆنفۆشیۆسی 2

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
کۆنفۆشیۆس (孔夫子)، یەکەمین فەیلەسووفی چینە رێبازێکی داڕشتووە، کە هەموو نەریتەکانی چین لە رووی کۆمەڵایەتی و ئاکارەوە دەگرێتە خۆ. فەلسەفەکەی ئەو لە سەر بنەماکانی ئاکار و رەوشتی تاکە کەس بنیات نراوە، بە مەرجێک حکوومەتێکی خزمەتگوزار بە گەل هەبێت، ئەمەش خۆی لە پیادە کردنی بەهایەکی بەرزی ئاکاردا دەبینێتەوە.
کۆنفۆشیۆس لە روانینی بۆ ژیان کەسێکی نەریتخواز بوو، پێی وا بوو سەردەمی زێڕینی مرۆڤایەتی لە دێر زەمان لە رابردوودا بووە. بۆیە ئەو هەردەم سۆزی رابردووی هەبووە، داواشی دەکرد خەڵک لە نێو رابردوودا بژین. دەسەڵاتدارانی سەردەمی ئەو لە سەر هەمان بیر و باوەڕی ئەودا نەبوون، بۆیە رووبەڕووی بڕێ بەرهەڵستی بووەوە. سەدان ساڵ دوای مردنی ئەویش، بەرهەڵستی کردنەکە توندتر بوو، کاتێک لە چیندا پاشاگەلێک هاتنە سەر تەختی حوکمڕانی و کتێبەکانی ئەویان سووتاند و رێنماییەکانی ئەویان قەدەغە کرد. ئەو پاشاگەلە پێیان وا بوو کە رێنماییەکانی ئەو شکستێکی هەمیشەیین، چونکە گەلان دەبێ تەماشای پێش خۆیان بکەن، کەچی کۆنفۆشیۆس داوا دەکات خەڵک بەرەو دواوە بڕوانێت.
وێڕای ئەوە، هێندەی نەبرد رێنماییەکانی کۆنفۆشیۆس بەهێزتر لە جاران گەڕانەوە گۆڕێ، قوتابی و مریدانی بە هەموو شوێنێکدا بڵاو بوونەوە. فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس بۆ ماوەی نزیکەی بیست سەدە (دوو هەزار ساڵ) ژیانی لە چیندا خستە ژێر رکێفی خۆیەوە، واتە لە سەدەی یەکەمی بەر لە زایینەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەمی زایین.
خەڵکی چین لەبەر دوو هۆ، باوەڕیان بە فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس هەبوو:
یەکەم: کەسێکی دڵسۆز و راستگۆ بوو.
دووەم: کەسێکی ماقووڵ و میانڕەو و کردەکی بوو. ئەمەش لەگەڵ خوڵق و سەلیقەی خەڵکی چیندا دەگونجێت. ئەمەیان هۆی هەرە کاریگەر بوو لە بڵاو بوونەوەی فەلسەفەکەی لە چیندا. ئەو لە هەست و هۆش و گۆشی خەڵکەوە نزیک بوو، داوای نەدەکرد ژیانی خۆیان بگۆڕن و پەرەی پێ بدەن. ئەو باوەڕی خۆیانی بۆ دووپات کردنەوە، ئیدی ئەوانیش خۆیان لە نێو رێنماییەکانی ئەودا دۆزییەوە. هەر بۆیە فەلسەفەکەی کۆنفۆشیۆس بە مۆرکی چینیانەی خۆی مایەوە و بەرەو ژاپۆن و کۆریا نەپەڕییەوە.
ئەم فەلسەفەیە بە دروستی لە چیندا قەتیس ما. دوای ئەوەی چین فەلسەفەی کۆمۆنیزمی وەرگرت و رووی لە ئاییندە کرد و خۆی لە بازنەی ئەو ئایینە دەرباز کرد، ئەویش بە دوور کەوتنەوە لە رابردوو، ئیدی بڕیاری دا لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوەدا بە ئاشتی بژیت. لەگەڵ ئەوەشدا فەلسەفەی کۆنفۆشیۆس بۆ ماوەی پتر لە دوو هەزار ساڵ ئاسایش و ئاشتەوایی ناوخۆی دابین کرد. ئەم فەلسەفەیە نەیتوانی لە دەرەوەی چیندا جێ دەستێک جێ بهێڵێت.
کۆنفۆشیۆس ئەگەرچی بە گوێرەی ئەفسانەی ژیانەکەی کەسێکی ناشیرین و رەنگ و روخسار ناحەز بوو، بەڵام هەر لە منداڵییەوە کەسێکی زیرەک بوو، بەڵکوو یەکجار زیرەک بوو. لە تەمەنی لاویدا چووە بەر خزمەتی حکوومەتەوە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە گەرم و گوڕییەوە کارەکەی دەکرد. لەگەڵ هەڵکشانی بەرەو تەمەن، حەزی ئەوەی لە لا دروست بوو، کە تەرزی ژیانی بەرەی مرۆڤایەتی، باشتر بکات.
بۆ گەیشتن بە ئامانجی باشتر کردنی ژیانی مرۆڤەکان، کۆنفۆشیۆس بیری لەوە نەکردەوە کە حکوومەتێکی باش و دەست کراوە، خێر و بەرات بە سەر خەڵکدا ببەخشێتەوە، بەڵکوو دەبێ خەڵک خۆیان تەرزە ژیان و هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە دراوسێکانیان باش بکەن. ئەو دەیویست گەشە بە هەستێکی باشتر بدات سەبارەت بە بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتیانەی تاکە کەس.
لە تەمەنی شەست ساڵیدا دەستی لە فەرمانەکەی کێشایەوە، قوتابخانەیەکی دامەزراند و بیر و بۆچوونەکانی بە قوتابییەکانی دەگوتەوە، بۆ ئامادە کردنیان تا بەرەو گوندەکانی چین رەوانەیان بکات، بە ئامانجی بڵاو کردنەوەی رێنماییەکانی لە نێو خەڵکدا. نەخشەکەی گەورە و فراوان بوو، ئاکار و ئەرکەکانی خێزان و چاکسازیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نێوان کەسانی دەگرتەوە. دەشگوترێ کە کەمتر بیر و باوەڕەکانی نووسیوەتەوە، بەڵام مریدانی کەوتنە نووسینەوەیان. یەکێ لەو کتێبانەی کە بە رێنماییەکانی ئەو دادەندرێت، کتێبی "هەڵبژاردەی وێژە"یە، کە بریتییە لە تۆماری وانەکانی.
کۆنفۆشیۆس لە ژیانی خۆیدا کەسێکی زۆر رێزدار بوو، ناودارترین فەیلەسووفی چینە.
ئەو لە بارەی پیاوی سەرکەوتووەوە گوتوویەتی:
-پیاوی باڵادەست حەز دەکات لە قسەکانیدا لەسەرخۆ و لە هەڵسوکەوتیدا گەرم و گوڕ بێت.
-ئەو شتەی پیاوی باڵادەست لە خۆیدا بە دوایدا دەگەڕێت، پیاوی ئاسایی لە خەڵکانی دیکەدا بە دوایدا دەگەڕێت.
لە زاری کۆنفۆشیۆسەوە دەگێڕنەوە گوتوویەتی: لە تەمەنی پازدە ساڵیدا سەرقاڵی زانین بووم، لە تەمەنی سی ساڵیدا زانیاریی پتەوم پەیدا کرد، لە چل ساڵیشدا پەردەی گومانم دادڕی و لە پەنجا ساڵیشدا پەیم بە ویستی ئاسمان برد، لە تەمەنی شەست ساڵیدا ئامادەی گوێ گرتن بووم لە ویستی ئاسمان، لە حەفتا ساڵیشدا بۆم رەخسا ملکەچی ویستی دڵی خۆم بم، بە بێ ئەوەی باز بە سەر هەقدا بدەم.
لە دانیشتنێکدا کە دەستەیەک لە مریدانی لەگەڵی دانیشت بوون، کۆنفۆشیۆس ئاخی هەڵکێشا و گوتی: کەس نییە بمناسێ. مریدێک لێی پرسی، لەبەر چی؟ ئەو بەرسڤی دایەوە: من گلەیی دەرهەق بە رێوڕەسمەکان ناکەم و لۆمەی خەڵکیش ناکەم، خوێندنەوە و توێژینەوەکانم، ئەگەرچی سادەن، بەڵام دڕ بە بەرزترین شوێن دەدەن، خۆ رەنگە بەر لە هەر شتێک، من لە لایەن ئاسمانەوە ناسرا بم.
ئەو وا پەسنی خۆی داوە، کە ئەفرێنەر نییە بەڵکوو گەیێنەرە. لە نامەکانیدا هەست بەوە دەکرێت ئاسمان پەیامێکی بەو داوە کە دەردەکانی چین تیمار بکات، باوەڕیشی وا بوو، ئاسمان پشتی تێ ناکات. بە لای ئەوەوە خەڵک چوار توێژن، توێژی یەکەمیان ئەو مرۆڤانەن کە ئاسمان زانین و ئیلهامی پێ داون، ئەمانیش باڵاترین پلەن.
کۆنفۆشیۆس هەمیشە گەشتی بە نێو هەرێمەکانی چیندا دەکرد، لە هیچ شارێکدا ئۆقرەی نەدەگرت، هەرچەندی میری هەرێمێکی دەبینی، بۆ رەفتار و کرداری باش هانی دەدا.
فەیلەسووفەکەی چین رەت کردنەوەی رێنماییەکانی لە لایەن خەڵکەوە بە چەوساندنەوە دەزانی، بەوەش ناڕەحەت دەبوو، کە خەڵکانێک بۆ ماوەیەک ئەو رێنماییانەیان قبووڵ دەکرد، پاشان لێیان هەڵدەگەڕانەوە. ئەمەش بۆ کۆنفۆشیۆس دەرد و مەینەتی بوو، کە وای لێ کرد هەرێمەکانی چین تەی بکات و بە دوای ئەو کەسانەوە وێڵ بێت کە رێنماییەکانی پەسند دەکەن. میری هەندێ لە هەرێمەکان رێزیان لێ دەنا و پۆستی باڵای وەک وەزیری دادیان پێ دەسپارد.

ئەفسانەی کۆنفۆشیۆس
بۆ تێگەیشتن لە کۆنفۆشیۆس گەلێ ئاستەنگی گەورەمان دێتە پێش، کە بریتییە لەو ئەفسانانەی خەڵکی چین لە بارەی کەسایەتیی ئەوەوە دروستیان کردوون، گەلێ چیرۆک و سەربردەشیان بۆ هۆنیوەتەوە. ئەو دەقانەی لە بارەی ژیانی ئەو زاتەوە داندراون، بوونەتە رێگر لە بەردەمی توێژەران، کە راستی و دروستیی ئەو کەسایەتییە بلیمەتە یەکلایی بکەنەوە.
چیرۆک و سەربردە دێرینەکانی چین پیرۆزی بە کەسایەتیی کۆنفۆشیۆس دەبەخشن، تا رادەی ئەوەی هەموو بەرهەمی هزری چین لە هەموو سەردەمەکان دەدەنە پاڵ ئەو. (شەش ژێدەر)ەکەی فەلسەفەی چین کە بە (گۆڕانەکان، سروودەکان، تۆمارگەلی مێژوو، سرووتەکان، وەرزنامەی بەهار و پاییز، مووزیک) ناسراون، دەدرێنە پاڵ ئەو. کەچی توێژینەوەی زانستی سەلماندوویەتی، کە ئەو دای نەناون بەڵکوو بۆ بەرچاوڕوونی بە مریدانی خۆی گوتوونەتەوە، ئەو یەکەمین کەس بوو کە بۆ فێر کردنی هەوادارانی خۆی، پشتی بەوان ( بە شەش ژێدەرەکە) بەست.
دەشگوترێ، کاتێک کۆنفۆشیۆس مرد، پەیکەریان بۆ دروست کرد و بە هەمان نەریتی پەرستنی رۆحی پیاوچاکان کەوتنە پەرستنی ئەویش، هێندەی نەما بوو پەرستنی ئەو بکەنە نەریتێکی فەرمیی حکوومەتی چین لە سەردەمی ماڵباتی (هان) لە سەدەی دووەمی بەر لە زاییندا. دەبوو لە قوتابخانە و پەیمانگاکانی فێر کردندا قوربانیی بۆ بکەن. شوێن پەیکەرەکانی بووبوونە قوتابخانە و خەڵک بۆ گوێ لە وانە گرتن و بۆ نوێژیش روویان تێ دەکردن. لە نێو خەڵکی چیندا کۆنفۆشیۆس پەرستی هەر باوە، خەڵکی خوێندەواریش کە باوەڕیان بە خوداوەند بوونی ئەویش نییە، بەڵام لە ناخەوە بە رێزێکی نزیک بە رێزی خوداوەندانە لێی دەڕوانن، رۆژی لە دایک بوونی ئەویشیان کردووەتە جەژنێکی نەتەوەیی، تێیدا سەردانی شوێنی لەدایک بوونەکەی دەکەن.
Top