كۆنفۆشیۆسی (5)

كۆنفۆشیۆسی (5)

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

تاریق کارێزی نووسەر، رۆژنامەنووس، وەرگێڕو رەخنەگری شێوەکارییە لەباشووری کوردستاندا. ٢١ کتێب و نامیلکەی چاپکراوی هەیە لەدەیان رۆژنامەو گۆڤاری کوردی و عەرەبیدا کاری کردووەو بابەتی بڵاوکردۆتەوە.
رەوشت
وتەیەكی كۆنفۆشیۆس هەیە تێیدا دەڵێ: "رەوشتی پیاو بە چامە گەڵاڵە دەبێت، رێوڕەسمیش (واتە داب و نەریتی ئاهەنگ و رێز گرتن) گەشەی پێ دەدات، مووزیكیش بۆنداری دەكات". پرۆسەی فێر كردن لە لای ئەویش بە هەمان چەشنی سوكرات بوو، واتە بە زارەكی بوو، پەنای بۆ نووسین نەدەبرد. بۆیە زۆربەی ئەو هەواڵانەی لە بارەی ئەوەوە دەیزانین، لە رێی هەودار و مریدانییەوە پێمان گەیشتوون، ئەمەش ژێدەرێكە متمانەی پێ ناكرێت. ئەو پەندێكی لە پاش خۆی بۆ فەیلەسووفان جێ هێشت، كە بە دەگمەن ئەوان بایەخی پێ دەدەن، ئەویش ئەوەیە هەرگیز هێرش نەكەنە سەر بیرمەندانی دی، كاتی خۆشیان بە پووچەڵ كردنەوەی بەڵگەكانی ئەوانەوە بە فیڕۆ نەدەن. ئەو هیچ رێكارێك لە رێكارە وردەكانی لۆژیكی نەدەزانی، بەڵكوو ئەو عەقڵی قوتابیانی خۆی تیژ دەكردەوە، بەوەی بە نەرمییەوە هەڵەكانیانی دەخستە روو، داواشی لێ دەكردن بە عەقڵ زۆر هۆشیار بن.
بە ئاراستەی ئەو واتایە، چەندین وتەی هەیە، بۆ نموونە:
"ئەگەر كەسێك خووی ئەوەی نەبێت بڵێت: ئاخۆ ئەمە چییە؟ ئەوا من ناتوانم هیچی بۆ بكەم. من دەروازەی هەق بۆ كەسێك ناكەمەوە كە بۆ گەیشتن بە زانین سوور نییە، ناشبمە هاوكاری كەسێك كە نایەوێ رازی نێو سینەی خۆی ئاشكرا بكات. ئەگەر گۆشەی بابەتێكم بۆ مرۆڤێك خستە روو، ئەویش لەو گۆشەیەی بۆم خستە روو نەیتوانی پەی بە سێ گۆشەكەی دیكەی ببات، ئەوا من دووبارە وانەی پێ ناڵێمەوە."
ئەو گومانی نەبوو لە دوو چەشنە خەڵك، كە هەر تەنیا ئەوانن ناتوانن سوود لە رێنماییەكانی وەربگرن، ئەوانیش دانای داناكان و دەبەنگی دەبەنگان. كەسیش ناتوانێ بە دڵسۆزی و ئەمانەتەوە لە فەلسەفەی مرۆڤایەتی بكۆڵێتەوە، ئەكەر ئەو لێكۆڵینەوەیە رەوشت و هۆش و گۆشی باش نەكرد. ئەو دەڵێ: "ئاسان نییە مرۆڤێك ببینین كە سێ ساڵ درێژەی بە خوێندن دابێت، بە بێ ئەوەی ببێتە مرۆڤێكی چاك."
ئەو لە سەرەتادا تەنیا ژمارەیەكی كەم لە قوتابیی هەبوو، بەڵام هەر زوو پڕوپاگەندە بڵاو بووەوە، بەوەی كە لە پشت لێوانی گا ئاسا و دەمی بەش و فراوانی چەشنی دەریا، دڵێكی ناسك و عەقڵێك هەیە كە زانست و داناییان لێ دەڕژێتەوە. ئیدی خەڵك لە دەوری گرد بوونەوە، تا ئەو رادەیەی لە دوایین رۆژگاری ژیانی خۆیدا شانازیی دەكرد، كە سێ هەزار گەنج لە سەر دەستی ئەو دەرچوون، ماڵ ئاواییان لە ماڵەكەی ئەو كرد و پێگەی هەستیاریان لە جیهاندا گرتە دەست.
هەڵبەت هەندێ لە قوتابیان، كە بڕێ كات ژمارەیان دەگەیشتە حەفتا قوتابی، بە هەمان شێوەی قوتابیانی بەرایی هیندستان لەگەڵ مامۆستاكانیان (لەگەڵ جۆرۆ)دا دەژیان، ئەوانیش لەگەڵ كۆنفۆشیۆسدا دەژیان. لە نێوانی مامۆستا و قوتابییەكانیدا پەیوەندیی بەتین دروست بوو، ئەو پەیوەندییە هەندێ جار پاڵی بەو قوتابیانەوە دەنا ناڕەزایی هەمبەر بە مامۆستاكەیان دەربڕن، كاتێك دەیان بینی خۆی دەخاتە مەترسییەوە یان ناوی خۆی لەكەدار دەكات.
ئەو وێڕای ئەوەی بەرانبەر بەوانزۆر توند بوو، بەڵام هەندێكیانی پتر لە كوڕەكەی خۆی خۆشتر دەویست. كاتێك كە (هوی) مرد، هێندەی بۆ گریا تا فرمێسك لا روومەتی بریندار كرد. لە بارەی ئەو قوتابییەی خۆشییەوە گوتوویەتی: "(ین هوی) لە هەموویان زیاتر حەزی دەكرد فێر ببێت. من هێشتا گوێم لە مرۆڤێك نەبووە كە بە رادەی (هوی) حەزی بە فێر بوون هەبێت. (هوی) هیچ یارمەتییەكی پێشكەش نەكردووم، هیچ شتێكم نەگوتووە كە ئەو پێی شاد نەبوو بێت."
ئەو ئەگەر تووڕەش ببووایە، تووڕەییەكەی خۆی دەشاردەوە، ئەگەر هەڵەیەكی بكردایە، دووبارەی نەدەكردەوە. بە داخەوە زوو مرد، تا ئەم سەردەمەش كەسێكی هاوتای ئەو پەیدا نەبووە. قوتابیانی تەمبەڵ خۆیان لێ دەشاردەوە، چونكە لە هەر دیدەنییەكدا زۆر سەخت دەیشكاندنەوە، سڵی لەوە نەدەكردەوە كە بۆ فێر كردنی قوتابییەكی تەمبەڵ گۆچانەكەی خۆی پێدا بكێشێت و بێ رەحمانە لە لای خۆی دەری بكات.
لەم بارەیەوە قسەیەكی هەیە دەڵێ: "چ كڵۆڵە ئەو پیاوەی بە درێژایی رۆژ خەریكی پڕ كردنی ورگییەتی، بە بێ ئەوەی عەقڵی بۆ شتێك بخاتە كار. لە گەنجیدا نەوازشی شایستە بە رووداوەكان نانوێنێ، لە تەمەنی پیاویشدا شتێكی شایستە ناكات كە هی دیكە لاسایی بكەنەوە، پاشان دەبێتە پیری ئاخیر شەڕ. ئەم جۆرە مرۆڤە وەك درم و پەتایە."
گومانی تێدا نییە، مامۆستا كۆنفۆشیۆس سەیر و سەمەرە دەهاتە پێش چاو، كاتێك لە ژوورەكەیدا یان لە سەر رێی گشتی رادەوەستا و دیرۆك و شیعر و ئەدەبیاتی گشتی و فەلسەفەی بە هەوادارانی دەگوتەوە. چ لە ژوورەكەیدا و چ لە سەر رێ و بان بێت، ئەو هەردەم گەرم و گوڕانە وانەی خۆی بە مریدانی دەگوتەوە.
ئەو وێنانەی نیگاركێشانی چین لە دوایین رۆژانی تەمەنیدا بۆ ئەویان كێشاوە، پیاوێكی پیری سەر رووتاوەیە، كە ئیدی موویەك بە سەرییەوە نەماوە، بە سایەی ئەو هەموو ئەزموونەی پێشیدا تێپەڕیوە، چرچ و لۆچ سیمای تەنیوەتەوە. رەنگ و روخساریشی سام و گەرم و گوڕی دەنوێنێ، هەرگیز بیر و خەیاڵ بە لای ئەوەدا ناچێت كە ئەم پیاوە جاربەجار قسە و سوعبەتیش دەكات، هەروەها دڵی لە پەڕەی گوڵ ناسكترە، بەرانبەر بە جوانییشزێدە هەستیارە، ئەوەش بە بیری مرۆڤدا دێنێتەوە كە ئەو بەرانبەرە لەگەڵ هەر ئادەمیزادێك، هەرچەندە بێ ئەندازەش خاوەنی كەماڵە.
كولتووری چین لە بارەی كۆنفۆشیۆسەوە گەلێ ئەفسانە و سەربردەی هێناوەتە بەرهەم. بۆ نموونە دەڵێن: هەر كاتێ قسەی بكردایە ستایشی پاشایانی دێرینی دەكرد، ئەو كەسێكی خاكەڕا و زمان شیرین بوو. بابەت نەبوو ئەو نەی بیست بێت. بیری زۆر تیژ بوو، هەر شتێكی ببیستایە لە بیری نەدەچووەوە، هێندەی بە شتان ئاشنا و زانا بوو كە زانینی ئەو لە بن نەدەهات.
چیرۆكەكانی چین (49) سیفەتی سەیری دەدەنە پاڵ، كە گوایە ئەو لە رووی جەستەییەوە لە خەڵكی دی جودا بوو. لە كاتی گەشتدا وەختێك هەندێ رووداو كۆنفۆشیۆس و مریدانی لە یەكدی دابڕی، ئەوان لە رێی سەربردەیەكەوە كە رێبوارێك بۆی گێڕانەوە، یەكسەر شوێنەكەیان پێ زانی. ئەو رێبوارە گوتی: كەسێكی یەكجار ناشیرین و ناقۆڵام دیت "هێندە خەمناك و سەگەناز بوو، هەر بە سەگی بەرەڵا دەچوو." ئەو رێبوارە كاتێك ئەو قسەیەی بۆ كۆنفۆشیۆس گێڕایەوە، كۆنفۆشیۆس لە تریقەی پێكەنینی دا، هەر ئەوەندەشی گوت: "زۆر زۆر چاكە".
ئەو مامۆستایەك بوو لە تەرزی دێرین، پێی وا بوو دوور كەوتنەوە لە قوتابیان و تێكەڵ نەبوون لەگەڵیان، پێویستە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی خوێندن. بە رێوڕەسمەوە زۆر پەیوەست بوو، لە خواردن و خواردنەوەدا نەوزاش و ئەتەكێتی هەبوو. بە گوێرەی بیر و باوەڕی توند و سەختی خۆی، هەموو هەوڵێكی دەدا بۆ جڵەو كردنی گوڕ و تینی حەز و ویستەكانی و كپ كردنەوەیان.
جارێكیان گوتوویەتی: "رەنگە لە رووی رەوشتەوە وەك خەڵكی دی بم، بەڵام ئاكاری پیاوی باڵا كە قسە و كرداری لێك جودا نین، من هێشتا پێی نەگەیشتووم. خۆ ئەگەر یەكێ لە میران كارێكم پێ بسپێرێت، ئەوا بە دوازدە مانگ گەلێ كاری مەزن دەكەم، بە سێ ساڵیش حكوومەت بە پلەی كەماڵ دەگەیەنم."
بە شێوەیەكی گشتی ئێمە دەتوانین بڵێین ئەو لە مەزنایەتیدا خاكەڕا بوو. قوتابیانی پێمان دەڵێن: "مامۆستامان لە چوار خەوش و نەنگی بێ بەری بوو، كاتێك پێشتر بڕیارێكی كە بە عەقڵ دابێتی، ئیدی مشتومڕی بۆ نەدەكرد، نە خۆی و نە بیر و باوەڕی خۆی بە سەر خەڵكدا نەدەسەپاند، كەسێكی كەللە رەق و خۆپەرستیش نەبوو."
ئەو بۆ خۆی بەم جۆرە پەسنی خۆی داوە: "من شت دەگوازمەوە نەك دادەمەزرێنم." ئەو دەشیگوت، هەموو ئەو شتەی دەیكات بریتییە لە گواستنەوەی ئەو شتانەی لە هەردوو ئیمپراتۆری مەزن (یوو) و (شوون)ـەوە فێریان بووە، بۆ خەڵك. ئەو زۆر سوور بوو لەوەی ناوبانگی خۆی بپارێزێت و لە پۆستی باڵادا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا بە شتی نزم و بێ ئەرزش رازی نەدەبوو، كە لە پای ئەوانەوە بەو دوو مرازەی دڵی خۆی بگات. چەندین جار پلە و پۆستی باڵای رەت كردووەتەوە، چونكە دەسەڵاتدارانێك ئەو پلە و پۆستانەیان بۆ پێشنیار كردووە، كە ئەو پێی وا بووە دەسەڵاتەكەیان زاڵم و نادادە، بۆیە ئامادە نەبووە بچێتە بن سێبەر و سایەی دەسەڵاتی زاڵم و نادادەوە.
Top