شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ)1

شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ)1

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(شنتۆ باوەڕێكی سادەیە، داوای سرووتی تایبەت و ئاڵۆز لە مریدانی ناكات، دەشكرێ لەگەڵ بیر و باوەڕی دیكەشدا بژی و هەڵ بكات. ژاپۆنی بەم سرووتانەوە پەیوەستن و بە بەشێك لە پێكهاتە و نەریت و قەوارەی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن)شنتۆ (شنتۆیایەتی: شنتۆیزم: Shintoism) بە زمان و رێنووسی ژاپۆنی (神道) ئایینێكە لە ژاپۆن پەیدا بووە، پاشان هەر لەوێش گەشەی كردووە. ئەم ئایینە كاریگەرییەكی زۆری كردە سەر هزری ژاپۆن، بەڵام وەك ئایینەكانی دی، لە دەرەوەی جوگرافیای پەیدا بوونی و لە دەرەوەی ژاپۆندا، بڵاو نەبووەتەوە.
ئەم ئایینە رێنمایی و دەقی دیاری كراوی نییە، ئەمەش وای كرد كە بەرەو رووی باوەڕ و سرووت و نەریتی ئایینەكانی دیكەدا بكرێتەوە، بە بێ ئەوەی ئەم شتە كار لە خەسڵەتی بكات و رەسەنایەتیی دەگمەنی خۆی لەدەست بدات. ئایینی شنتۆ و نەریتەكانی هەردەم بە زیندوویی لە رواڵەت و دەركەوتەكانی ژیانی رۆژانەی خەڵكی ژاپۆندا ماوەتەوە.
پێناسە كردنی ئایینی شنتۆیزم كارێكی زەحمەتە، چونكە بە پێچەوانەی ئایینەكانی دی، شنتۆ دامەزرێنەرێكی نییە و باوەڕێكیشی نییە كە پێوەی بەند بێت، تەنیا ئێمە دەتوانین ئەم ئایینە لە رێی كۆمەڵێك نەریت و هەڵسوكەوتەوە بناسین. بە درێژایی مێژوو چەندین گرووپ و تایەفە پەیدا بوون و دەیانگوت كە ئەوان سەر بە باوەڕی بەرایی شنتۆن، بەڵام هیچ كام لەو گرووپ و تایەفانە نەیانتوانی تیۆریی خۆیان بسەپێنن.
زاراوەكە
زاراوەی شنتۆ لە دركە و دەنگی (شین)ـەوە هاتووە (كە بە زمان و رێنووسی ژاپۆنی بەم جۆرە دەنووسرێت: 神道)، ئەو بڕگەیەكەش لە زمانی چین (ماندەرین)ـەوە هاتووە، لەبەر ئەوەی زۆربەی بڕگە وشەی زمانی چین بە دوو شێوە (شێوەی رەسەنی چین و شێوەی ناوخۆی ژاپۆن) دەخوێندرێنەوە، ئیدی ئەو بڕگە نووسینە دەكرێ بە شێوازی ژاپۆن بەم جۆرە بخوێندرێتەوە (كامی نو میشی) كە بە زمانی ژاپۆن واتە (رێی خوداوەند).
ئەم پەیڤە بۆ یەكەمین جار لە دەسنووسی (هەواڵەكانی وڵاتی ژاپۆن) یان (نیهون شوكی: 日本書紀) لە ساڵی 720ز-دا پەیدا بوو. واش دیارە كە لە سەردەمی (ئەزوكا)وە بەكار هاتووە، بۆ جیا كردنەوەی ئەو نەریت و سرووتانەی وڵاتی ژاپۆن، كە بەر لە هاتنی بوودیزم خەڵك پێیان ئاشنا بوون.
سەردەمانی دێرین
هێشتا گەلێ شت لە بارەی شنتۆیزمەوە نازاندرێ بە تایبەت لە سەردەمانی بەر لە گەیشتنی بوودیزم بە ژاپۆن. هەرچەندە لە شوێنانی شوێنەواری وڵاتەكەدا، هەندێ كەرەستە و پێداویست دۆزراونەتەوە كە بێ گومان نیشانەن بۆ باو بوونی نەریت و سرووتی رۆحی و سیحری، ئەمانەش بۆ سەردەمی (جومون) دەگەڕێنەوە.
وا پێ دەچێ ئەم سرووتانە لە سەردەمی (یایوئی)دا لەگەڵ هاتنی چاندنی مەرەزە (برنج) لە ژاپۆندا، پتر چەسپی بن. هەندێ سرووتی هاوشان بە چاندنی برنج لەگەڵ ساڵنامەی كشتوكاڵدا گەشەیان كرد، هەندێ لە خانمانی فاڵناس (پێیان دەگوترا شامانی) ئەم سرووتانەیان بەجێ دەگەیاند، ئەوان پەیوەندییان بەو دنیاوە دەكرد، رووداوەكانی داهاتووشیان پێشبینی دەكرد. خانمانی فاڵناس دەسەڵاتێكی گەورەیان هەبوو. ئەم دیاردەیە لەگەڵ یەكگرتنی وڵات و باڵادەست بوونی شانشینی (یاماتو)دا، ئیدی لە پاشی دا.
لە سەدەی پێنجەمی زاییندا و لە سەردەمی (كۆفۆن)دا، هاوشان لەگەڵ قۆناغی دروست بوون و گەڵاڵە بوونی دەسەڵاتی نوێ لە وڵاتدا، سرووتی تازەش سەریان هەڵ دا. ئەو سرووتە تازانە بۆ هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤ (لە دایك بوون، گەورە بوون، مردن) دەقی دیاری كراوی دانا. گرنگترینی ئەو سرووتانەش ئەوانە بوون كە تایبەت بوون بە مردنەوە. ناشتنی ناوداران بە پێی سرووتێكی ئاڵۆز و درێژ بەڕێوە دەچوو، دیارترین گەواهی لە بارەی ئەو سرووتانەوە، ئەو گردۆڵكە گڵانەیە كە بۆ ئەوان كراونەتە گۆڕ و تا ئەمڕۆش هەر ماون.
دەقی بەرایی
ئایینی شنتۆ دامەزرێنەرێكی ناسراوی نییە، هەروەها دەقی پیرۆزیشی نییە. نەریتی ئەو ئایینە بریتییە لە كۆمەڵێك (ئەفسانە، بەیت و هۆنراوە)، ئەفسانەكان پێیان دەگوترێ (كوجیكی:古事記)واتە "سەربردەی رووداوەكانی بەرێ"، كە لە ساڵی 712ز-دا گەڵاڵە بوون.
بەیت و هۆنراوەكانیش پێیان دەگوترێ (نیهون شوكی: 日本書紀) واتە "تۆمارەكانی وڵاتی ژاپۆن"، كە لە ساڵی 720ز-دا گەڵاڵە كراون. ئەم هۆنراوانە ئەفسانە چیرۆكی دروست بوونی وڵاتی ژاپۆن دەگێڕنەوە، هەروەها باس لە رەچەڵەكی ماڵباتی ئیمپراتۆریش دەكەن.
سەرباری ئەوانە، گەلێ نووسینی دیكەش هەن، وەك (نوریتۆ) واتە "بەردەكان"، هەروەها هەندێ هۆنراوەی نێو (مان یوشو: 万葉集) یان "كۆی دە هەزار پەڕ"، كە بۆ ساڵی 760ز دەگەڕێتەوە، هەموو ئەمانە نەریتی ئایینیی ژاپۆن لەو سەردەمەدا دەگێڕنەوە.
ئەم دەق و نووسینانە لە پاش ئەوەی بوودیزم گەیشتە ژاپۆن، ئەوجا نووسرانەوە. هەرچەندە ئەو دەق و نووسینانە هەوڵیان دا كە گەواهیی زیندوو لە بارەی باوەڕی رەسەنی شنتۆوە بخەنە روو، بەڵام ئێمە لە رێی ئەوانەوە ناتوانین بە چۆنیەتی گەشە كردنی ئەو باوەڕە ئاشنا بین. لە راستیدا ئەو نووسین و شتانەی دیكەش، وەك كاردانەوەیەكی رێك و یكگرتوو وا بوون هەمبەر بە هاتنی بووداناسی بۆ وڵاتەكە، ئامانجی ئەو دەق و نووسینانەش ئەوە بوو كە بیسەلمێنن، باوەڕی شنتۆش بەرانبەر بەوەی بوودیزم بانگەشەی بۆ دەكات، ئەویش شیاو و گونجاوە. ئامانجی سەرەكی و یەكەمی ئەو دەق و نووسینانەش گەشە پێ دانی شنتۆ نەبوو.
باوەڕەكە
بە پێچەوانەی ئایینەكانی دیكەی یەكتاپەرست، لە شنتۆیزمدا پێناسەیەك بۆ رەها و رەهایی لە ئارادا نییە، كەس ناتوانێ باس لە راستیی رەها و چەوتیی رەها بكات، خەڵك وا خوڵقاون كە لە هەڵە بەدەر نین. شنتۆ لەم رووەوە بە ئایینێكی گەشبین دادەندرێت، ئەو ئایینە گریمانەی ئەوە دەكات كە مرۆڤ لە بنەڕەتدا باشە، خراپەش لە پای دەست تێوەردانی رۆحی بەد و بەدكارەوە بەدی دێت. زۆربەی فەرز و خواپەرستیی شنتۆیی پەیوەستە بە دوور خستنەوەی ئەو رۆحە بەدخووانە لە رێی پاقژ كردنەوەی دەروون، نوێژ و قوربانی كردن بۆ (كامی).
كامی (神) بە زمانی ژاپۆن واتە خودا یان یەزدان. لەبەر ئەوەی زمانی ژاپۆن كۆی تێدا نییە، ئیدی ئاشكرا نییە كە ئاخۆ ئەو (كامی)یە مەبەست یەك خوداوەندە یان كۆمەڵێك یەزدان.
شنتۆیزم پەكتاپەرستی ناناسێت، لە پای فرەیی دیاردەكانەوە كە هێزی خوداوەندیان تێدا دەنوێ، ئیدی ژاپۆنی هەر دیاردەیەكیان بە خوداوەندێكەوە گرێ داوە، كامی (واتە خوداوەندانی خەڵكی ژاپۆن) لە ژماردنیش نایەن، هەر كەسێ بۆ خۆی دەتوانی َخوداوەندانی تایبەت بە خۆی دیاری بكات.
لەم ئایینەدا ژیان لە پاش مەرگ نییە، تەرمی مردوو بە شتێكی گڵاو دادەنێن، رۆحی مردوو دەردەچێت، پاش ئەوەی لە جەستەی ماتریاڵانەی ئازاد دەبێت، ئاوێتە بە هێزەیلی سروشت دەبێت. زۆربەی ژاپۆنییەكان كاتێك بە لای كاروبارێكی پەیوەست بە مەرگەوە دەچن، خۆیان تەقلیدی باوەڕی بوودایی دەكەن.
كامی
كامی (神)، واتە هەموو ئەو شت و رواڵەتانەی كە لە دەرەوەی بازنەی ویست و كاریگەریی راستەوخۆی مرۆڤەوەن، هەر شتێك كە سەیر و سەمەرە بێت، سەرسوڕهێنەر، نادیار و ترسناك بێت، ئەوە كامییە. كامی شێوەی دیاری كراوی نییە، هەروەها دەكرێ لە هەموو رواڵەتێكی سروشتدا (شاخ، دار، ئاژەڵ.. هتد)دا خۆی بنوێنێ.
كامی (واتە كۆی خوداوەندانی خەڵكی ژاپۆن) بە زۆری پێناسە نەكراون، تەنانەت بە شێوەیەكی وردیش دیاری نەكراون. هەر گرووپێكی مرۆڤ (خێزان، هۆز، گوند) بۆ خۆیان ئەو (كامی)یە دیاری دەكەن كە لێی دەترسن، دەكرێ لە ژیانی رۆژانەی خۆشیاندا چاوەڕوانی چاكە و فەڕی ئەویش بن. بۆ نموونە ئاماژە بە هەندێ كامی دەكەین:
-كامیی دەریا، شەپۆل و زریان.. بۆ راوكەران.
-كامیی چیا، شاخ، بەفر و دار.. بۆ داركەران.
-كامیی مەرەزە، باران و گەشە كردن.. بۆ جووتیاران.
-كامیی دووڕیان.. سەبارەت رێبواران.
-كامیی ماڵ، ناندێن، كانی و ئاگر كەوتنەوە.. سەبارەت گوندنشینان.
-كامیی زەوی، رووبار، هات و خۆشنوودی.. سەبارەت بە هەموو خەڵك.
هەڵبەت ناودارترین كامی ئەوەیە كە پەیوەستە بە ماڵباتی ئیمپراتۆرەوە، لەوانە خوداوەندی خۆر (ئەماتیراسۆ ئومی كامی: 天照大神)، ئەفسانەكان باس لە چیرۆكی ئەوان دەكەن، گەواهی دەدەن كە ماڵباتی ئیمپراتۆر دەچنەوە سەر ریشەی خوداوەند. مەزاری وەك (ئیزی) و (ئیزۆمۆ)ش بۆ بە پیرۆز راگرتنی ئەو كامییە دروست كراون.
Top