شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ) 2

شنتۆیزم (ئایینی شنتۆ) 2

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

(شنتۆ باوەڕێكی سادەیە، داوای سرووتی تایبەت و ئاڵۆز لە مریدانی ناكات، دەشكرێ لەگەڵ بیر و باوەڕی دیكەشدا بژی و هەڵ بكات. ژاپۆنی بەم سرووتانەوە پەیوەستن و بە بەشێك لە پێكهاتە و نەریت و قەوارەی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن)

لە ژاپۆندا سرووتی پەرستن و بە پیرۆز زانینی پێشینان نییە، وێڕای ئەوەی هەندێ لە (پێشینان) كە لە هەلومەرجی تایبەتدا مردوون، بە كامی (خوداوەند) پێناسە كراون، هەڵبەت هەموو پێشینان كامی نین. بۆ نموونە ئیمپراتۆرانی پێشین رێز و مەزنایەتیی تایبەتیان پێ رەوا نەبیندراوە. لە سەردەمی (میجی)دا مەزاری تایبەت بۆ یەكەمین ئیمپراتۆری مرۆڤ (جینمۆ نیتو: 神武天皇) دروست كرا. دووەمین مەقامیش كە مەقامی (میجی)یە، لە سەر خواستی میللەت نەك بە ئامانجی دیاری كراوی ئایینی، دروست كرا.
رواڵەتی خواپەرستی لە ئایینی شنتۆدا لە چێوەی تاكەكانی یەك گرووپی مرۆییدا رێك دەخرێت. گەورە كامیی گرووپەكەش (ئوجی كامی) لە شوێنێكی تایبەتدا رێز و دروودی پێشكەش دەكرێت، بە زۆری لە دەرەوەی گوند یان كۆمەڵگەی مرۆییدا دەبێت. شوێنەكەش لە رێی داڵانی كراوەی دارینەوە كە پێی دەگوترێ (تووری: 鳥居)یەوە دیاری دەكرێت. ئەم داڵانانە هێمان بۆ دەرچوون لە جیهانی مرۆڤەوە بۆ جیهانی كامی (خوداوەند).
ئەم شوێنانە لە سەرەتاوە بریتی بوون لە گۆڕەپانێكی بەتاڵی تەنیا تایبەت بە خوداوەندان، پاشان پێ بە پێ كران بە مەزار، ئەندازەی ئەم مەزارانە وەك عەنباری برنج و دانەوێڵە خۆ دەنوێنن. كامییەكانی دیكەش لە شوێنانی هەمەجۆردا دروود باران دەكرێن: شاخ و دارستانی چواردەوری گوند بە هێما سنووری جوگرافیای گوند دادەندرێن، هەروەها ساڵنامەی نەریت و جەژنەكانی تایبەت بەم جڤاكە، ریتمی ژیانی رۆژانەیان دیاری دەكات.
مەزارەكانی شنتۆ (ژاپۆنی پێیان دەڵێن: جینجا) شوێنی خوداپەرستی و بارەگای كامین، زۆربەی ئەو سرووت و رێوڕەسمانەی دەكرێن ئاهەنگ ئامێزن (پێیان دەگوترێ: میتسومی)، ئامانجیشیان ناساندنی كامییە بە جیهانی دەرەوە. كاهینانی شنتۆ سەرپەرشتیی سرووت و رێوڕەسمەكان دەكەن، زۆربەشیان هەر لە نێو مەزارەكاندا دەژین.
هەر پیاو تەنانەت هەر ژنێكیش، دەتوانێ ببێتە كاهین. كاهینەكان دەتوانن ژن و ژنخوازی بكەن و نەوەش بخەنەوە. گرووپێك لە ئافرەتان كە لە تەمەنی گەنجی (میكو)دان، لە بەجێ گەیاندنی سرووتەكاندا، هەروەها لە بەجێ گەیاندنی ئەرك و كاری دیكەش كە ئەو سەرپەرشتییان دەكات، یارمەتیی كاهین دەدەن. ئەو ئافرەتە گەنجانە بەرگی سپی (كیمۆنۆ) دەپۆشن، دەبێ شوویان نەكرد بێت، بە زۆریش كاهین، كچەكانی خۆی بۆ ئەو كارانە رادەسپێرێ.
خوداپەرستی
خوداپەرستی لە ئایینی شنتۆدا چوار رەگەزە:
یەك: خۆ پاقژ كردنەوە و غوسڵ دەركردن: كاهین ئەو سرووتە بەجێ دەگەیەنێت، كاتێك بە شووڕكی داری (سیكاكی) یان گەڵایەكی ئەو دارە ئاماژە بۆ سەری كەسەكە دەكات.
دوو: قوربانی كردن: بە زۆری یان دانەوێڵەیە یانیش خواردنەوە، لەم رۆژگارەشدا وەك بڕە پارەیەك پێشكەش دەكرێت، لە خراپترین حاڵیشدا ئەوا قوربانییەكی هێمایی، وەك چڵە دارێكی سیكاكی بە نموونە، پێشكەش دەكرێت.
سێ: نوێژ: ئەوانەی سەردانی مەزارەكان دەكەن، لە نوێژدا تكا و نزا دەكەن. ئەمەی دادێ نموونەیەكە بۆ ئەم جۆرە تكا و نزایانە:
"یەكەم و بەر لە هەر شتێك، لە كێڵگەی پیرۆزی تۆدا خوداوەندی باڵا، خۆزگەم بە دوایین دەنكە برنجێك بێت كە دروێنەی دەكەن، خۆزگەم بەو ئارەقەیەی كە لە مەچەكیان دەتكێتەوە، ئنجا تێكەڵ بەو قوڕ و لیتەیە دەبێت، كە بە لا رانیانەوە دەنووسێت، خۆزگە ئەو دەنكە بە سایەی كەرەمی تۆوە گوڵ دەكات، ئنجا گوڵە برنج دەم دەكاتەوە و گەلێ دەست شەیدای دەبن، ئیدی دەبنە یەكەمین بەری شەراب و چیلكەی رووەك."
چوار: دەعوەتی رەمزی: ئاماژەیە بۆ نان خواردن لەگەڵ كامی.
دوای ئەو سرووتانە ئیدی نۆرەی خواردنەوەی ساكیی پیرۆزە (شەرابێكی ناوخۆیە لە ترشەڵۆكی دەنكە برنج دروست دەكرێت). رەنگە دواتریش هەندێ زیارەتكەر بكەونە گەڕی سەمای تایبەت بەو مەزارەی هاتوونەتە سەردانی.
شنتۆ باوەڕێكی سادەیە، داوای سرووتی تایبەت و ئاڵۆز لە مریدانی ناكات، دەشكرێ لەگەڵ بیر و باوەڕی دیكەشدا بژی و هەڵ بكات. ژاپۆنی بەم سرووتانەوە پەیوەستن و بە بەشێك لە پێكهاتە و نەریت و قەوارەی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن.
سرووت و جەژنەكان
مرۆڤ ناتوانێ بە ئاسانی لەگەڵ (كامی)دا هەڵ بكات. هەر كامییە خاوەن تەبیعەتێكی تایبەتە. هەندێكیان رووخۆش و مەشرەب خۆشن، هەندێكیشیان توند و تیژن. دەكرێ هەندێ جار كامی بەخشندە و دەست واڵا بێت، كاتێك پیرۆزییەكەی پێشێل دەكرێت، شەڕانی و دڵڕەق دەبێت. یەكەمین ئەركی هەر گرووپ و جڤاك و تایەفەیەك لە رێكخستنی هەردوو چوارچێوەی شوێن و كاتدا خۆی دەنوێنێ، بە جۆرێ كە بوارەكانی مرۆڤ و خوداوەند (كامی) بە كەمترین شێوە بەدی بێت، سنوور و بنەما و پیرۆزی دیاری دەكەن و بە پەرۆشییەوە رێزیان لێ دەگرن، لە لایەكی دیكەوە سرووتەكانیش رێك دەخەن.
لە ئایینی شنتۆدا هەندێك سرووت هەن كە مرۆڤ لە تووڕەیی هێزەیلی سروشت دەپارێزن، وەك هێزەیلی (بوومەلەرزە، وشكە ساڵی، لافاو، دەرد و پەتا، ئاگر..). سرووتیش هەیە ئامانجی گێڕانەوەی ریتم و هارمۆنیای نێوان جڤاكەیلی مرۆیی و كامییە، ئەویش كاتێك پەیدا بوونی هێزەیلی كتوپڕی سروشت (لە دایك بوون، مەرگ و مردن) هەڕەشە لە هاوسەنگیی نێو ژیانی مرۆڤ دەكەن. سرووتیش هەیە ئاهەنگ ئامێزە (ماتسوری)، كە لەگەڵ هەموو وەرزێكی نوێی كشتوكاڵ و بەر لە هاتنی وەرزی دروێنە، بەڕێوە دەچێت. لەو سرووتە ئاهەنگ ئامێزەدا دروود بۆ یەزدان دەنێرن تا رازی بێت و فەڕ و بەرەكەتی خۆی بەو وەرزە ببەخشێت.
ئایینی فەرمی
بۆ ماوەی چەندین سەدە شنتۆیزم ئایینی فەرمیی دەوڵەتی ژاپۆن بوو. ئایینی پەسندی ئیمپراتۆر بوو، چونكە ماڵباتی ئیمپراتۆری بە نەوەی خوداوەند دەزانی. شنتۆیزم و دەوڵەتی ژاپۆن لە یەكدی جیا نەكرانەوە، تەنیا لەو كاتەدا نەبێت كە ژاپۆن لە دووەمین جیهانە جەنگدا شكا، بەوەی ئەمریكایی (هیرۆ هیتۆ) ئیمپراتۆری ژاپۆنیان ناچار كرد، كە لە بەردەم كۆمەڵێك لە خەڵكی ژاپۆن و لە ئیزگەی فەرمیی ژاپۆنەوە، بڕیاری ئەوەی دا كە ئەو نە یەزدانە و نە نەوەی خوداوەندیشە.
شنتۆیزم تا رادەی پەستن و بە یەزدان زانین، رێز لە ئیمپراتۆر و باپیران دەگرێت. ویستی خوداوەندەكەیان (ویستی كامی) بریتییە لە (ماكوتو)، مەبەستیش لە ماكوتو دڵی پاقژ و بانگەشە كردن بۆ كرداری دروستی ژیانە، لە پاڵ هەڵوێستی باش و گەشبینانە.
ئەگەرچی شنتۆیزم لە سەر دەستی كەسێك دانەمەزراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە یەكێك لە كۆنترین ئایینەكانی جیهان دەزاندرێ. مێژووی پەیدا بوونی نازاندرێ، سرووت و رێوڕەسم و یاسا و رێساكانی لە ئایینەكانی دی (كۆنفۆشیۆسی، بوودی) وەرگرتووە.
شنتۆ ئایینێكی لێبوردەیە، لەگەڵ ئایینەكانی دیكەشدا هەڵ دەكات. ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسانە و سرووتی دێرینی هەیە، كە ریشەیان دەچێتەوە سەر كولتووری هەرێمی مەنشۆریا لە باكووری چین و كۆریا و ئەو گەلانەی لە سێبیریا لە رۆژهەڵاتی رووسیادا نیشتەجێ بوون. ژاپۆنی شنتۆ بە بەشێكی گرنگ لە كولتوور و شارستانیەتی نەتەوەییانەی خۆیان دەزانن.
لە سەدەی شەشەم تا هەشتەمی زاییندا، ئایینی بوودایی لە كۆریا و چینەوە بەرەو ژاپۆن پەڕییەوە. هەر لەو سەردەمەشدا شنتۆ و بوودیزم ئاوێتە بە یەك بوون. ئەوەی رێی بۆ ئەو ئاوێتە بوونە خۆش كرد، ئەوەیە كە شنتۆیزم بەرەو رووی ئایین و باوەڕ و بیری دیكە كراوەیە، بە چاوی رێز و ئەرێنییەوە لە (بوودا)ی روانیوە، كە بە یەكێك لە خوداوەندان (كامی)ی زانیوە. لە بەرانبەردا بووداییش خوداوەندانی شنتۆ (كامی: كامیان)یان دەپەرستن و بە خوداوەندانی خۆیانیان دەزانن، ئەویش بە گوێرەی پرەنسیپی رێز لە یەكدی گرتن.
بوودیزم لە رووی رۆحی و ئایینییەوە كاری لە شنتۆیزم كرد، لە سەدەی یەكەمی زایینەوە، كاریگەرییەكی زۆر روون و بە گوڕ و تینی هەبوو بە سەر هونەری پەیكەر و نیگار و وێژە و زانستەوە، گوڕ و تینی بە شنتۆیزم دا بۆ ئەوەی ریشەی خۆی لە ژاپۆن دابكوتێت و لە نێو خەڵكیشدا كەسایەتیی خۆی بچەسپێنێت.
راهیبانی بوودی مەزاری تایبەت بە شنتۆیزمیان دروست دەكرد و لە بڵاو كردنەوەی رێنماییەكانی ئەو ئایینەدا دوودڵ نەبوون. پێكەوە هەڵ كردنی ئەم دوو ئایینە (شنتۆ و بوودایی) تا كۆتایی سەدەی نۆزدەم بەردەوام بوو. ئەمەش وای كرد كە گەشبینی و لێبوردەیی لە نێو خەڵكیدا بڵاو بووەوە، بە چەشنێك كە تا ئەمڕۆ لە یەكدی جیا كردنەوەی ئەم دوو ئایینە كارێكی زەحمەتە.
Top