وەرزی گەشتیاری لەپارێزگای سلێمانی ڕووبەڕووی دۆخێكی دژوار دەبێتەوە..

وەرزی گەشتیاری لەپارێزگای سلێمانی ڕووبەڕووی دۆخێكی دژوار دەبێتەوە..
بەهۆی باری پشێوی سلێمانی ژمارەی گەشتیاران لەو پــــارێزگایەدا لە 28هەزارەوە بۆ 12 هەزار كەمی كرد

لەنەورۆزی ساڵی رابردوودا دامودەزگا پێوەندارەكانی سلێمانی بەناچاری گۆڕەپانی قوتابخانەكانیان بەكارهێنا بۆ دانانی خێمە تاوەكو ڕووبەڕووی ئەو هەموو گەشتیارە زۆرە ببنەوە، كەبەمەبەستی سەیران وگەشتیاری لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێم، لەعێراق و ئێران و وڵاتانی ترەوە ڕوویان لە پارێزگاكە كردبوو، ئەمساڵ لەجەژنی نەورۆز و رۆژەكانی دواتر بارودۆخەكە پێچەوانە بووەوە، بەرادەیەك هۆتێلەكانیش پڕ نەبوونەوە لەگەشتیار، لەكۆی 28 هەزار گەشتیار كە ساڵی رابردوو تۆمار كرابوون ئەم ژمارەیە دابەزییە خوارەوە بۆ سەر 12 تا 14 هەزار گەشتیار، بەمەش گورزێكی كاریگەرو زیانێكی ماددی لەوەرزی گەشتیاری پارێزگای سلێمانی دراو لەگەڵیدا كاریگەری تووند لەسەر بازاڕ و ئابووری پارێزگاكەو هەرێم بەگشتی دەبێت، بەتایبەت لەشارێكدا كەئەو كارمەندو كرێكارانەی پشت بەكاركردن لەهۆتێل و میوانخانەو ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەكان دەبەستن بەهەزارەها كەس دادەنرێن و لەگەڵیدا جموجوڵی بازاڕ دەجووڵێنێت..

هۆكاری كەمبوونەوەی گەشتیاران لەپارێزگای سلێمانی بۆچی دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا لە هەولێرو دهۆك بارودۆخەكە بەوشێوەیە نەبووە؟ ئایا تا چ ڕادەیەك ژێرخانی گەشتیاری لە پارێزگای سلێمانی بوونیادنراوەو داخۆماستەرپلانی گەشتیاری هەیە؟ ئایا كێشەی موڵكداری و زەویوزار چ ئاستەنگێكە لەبەردەم جێبەجێ كردنی پرۆژە گەشتیارییەكاندا؟ بۆچی گەشتیاران كەمتر ڕوو دەكەنە ناوچەكانی وەكو (ئەحمەد ئاوا و خورماڵ)؟ هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرانە لەداهاتێكی گەورە بێبەش بوون كە لەزۆر وڵاتانی دنیادا ئەوحەقیقەتە ڕوون و ئاشكرایە كە ئەو داهاتەی لەگەشتوگوزارەوە دەست دەكەوێت لەداهاتی پێترۆڵ كەمتر نییە..

پرۆژەی گەشتیاری لەسەیرانگای چاوگەو گوڵانی نزیك هەڵەبجە بەكوێ گەیشت ؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارانەدا بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزار لەسلێمانی بەڕاشكاوانە وەڵام دەداتەوەو ئەو پێی وایە : خەسڵەتی كێبڕكێی گەشتیاری لەپارێزگای سلێمانی بوونی هەیە، ساڵانی رابردووش كارێكی باش لەبواری پێشخستنی گەشتیاری ئەنجامدراوەو چەندین پرۆژەی تریش ئەنجام دەدرێت، كەواتە گرفتی كەمبوونەوەی گەشتیاری و بوونی ئاستەنگەكانی بەردەم گەشتوگوزار لەپارێزگای سلێمانی لەكوێدایە؟ بۆ نەتوانراوە وەبەرهێنانی گەشتیاری ئەنجام بدرێت؟(پرۆژەی چاقی گەشتیاری)لەبناری گۆیژە كەبەتێچووی(120) ملیۆن دۆلارو لەسەر ڕووبەری (300) دۆنم زەوی لەلایەن (كۆمپانیای نالیاوە) ئەنجام دەدرێت چ كاریگەرییەكی لەسەر بووژانەوەی گەشتوگوزار لەسلێمانی دەبێت؟ ئایا گەر هاووڵاتیان هاوكار نەبن لەپاراستنی پاكوخاوێنی شوێنە گشتییە گەشتیارییەكان؛ شارەوانی بەتەنیا دەتوانێت پاكوخاوێنی بپارێزێت؟ ئەی باشە لەنەبوونی یاساو دەسەڵات و بودجەدا دەزگا پێوەندارەكانی گەشتوگوزاری دەتوانن بەئەركەكانی سەرشانیان هەڵبسن؟

یاسین فەقێ سەعید بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ(گـــوڵان):
پشێوییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی كاریگەری خراپی كردۆتە سەر هاتنی گەشتیاران و گرفتی بێبازاڕی لێكەوتۆتەوە
كۆبوونەوەی خەڵك لەسەنتەری شار درێژەی كێشاو كاریگەری لەسەر بازاڕ و هاتوچۆی شارەكە بە گشتی دروست كردووە

سەبارەت بەوەی لە نەورۆزی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیارەكان لەشاری سلێمانی كەمی كردبوو، هۆكاری ئەمە چی بوو؟ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی: ساڵانە ئەو گەشتیارانەی ڕوو دەكەنە پارێزگای سلێمانی چەند جۆرێكن، جۆرێكیان ئەوگەشتیارییە ناوخۆییانەن، لەبەرئەوەی خەڵكی شاری سلێمانی لەم ڕووەوە تایبەتمەندی خۆی هەیە، خەڵكەكەی بەگشتی حەزیان لە سەیران و گەشتە، جۆرێكی تری گەشتیارەكان ئەوانەن كە لەناوچەكانی تری عێراقەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هاوكات گەشتیاری بیانیشمان هەیە كە لەدەرەوی وڵات وەكو ئێران و وڵاتانی تر ڕوو لە سلێمانی دەكەن.
بەشێوەیەكی گشتی لەمساڵدا گەشتیارانی دەرەوەی هەرێم ڕووی لەكەمی كردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی لە بازگە و سنوورەكان تۆماركراوە ژمارەیان لە (12-14) هەزار كەس بوون، لەكاتێكدا لەساڵی رابردوو زیاتر لە(28) هەزار گەشتیار ڕوویان لەپارێزگای سلێمانی كرد، واتا ژمارەكە دوو هەندەی ئێستا بوو، بەرادەیەك لە نەورۆزی ساڵی رابردوو ناچاربووین لەگەڵ پارێزگای سلێمانی و قایمقامەت و پەروەردە خێمە لە گۆڕەپانی هەندێ لە قوتابخانەكان هەڵبدەین بۆ پشوودان و مانەوەی گەشتیارەكان، چونكە لە هۆتێل و مۆتێل و كۆمەڵگا گەشتیارەكان شوێن نەمابوو، هۆكاری كەمبوونەوەی ئەمساڵی گەشتیاران بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشێویی و بارودۆخە خراپەی كە لە پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە كە خەڵك لەسەرای سلێمانی كۆبوونەتەوەو دواتر ڕووداوی ناخۆشی لێبكەوێتەوە، ئەمەش حاڵەتێكی ناسروشتی و ناسەقامگیری لەشارەكە دروست كردووە و هۆكارێكی تر ئەمساڵ وەرزەكە باراناوی و تەڕ بوو كە لە رۆژانی نەورۆز و گەشتدا بارانباری، هۆكارێكی تریش كەمی ژمارەی گەشتیارانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژانەی كە لەژێر ئەنجامداندایە، لەساڵی 2010 تا ئێستا لەسەر بودجەی پەرەپێدان و پارێزگا و حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (300) پرۆژەی لە ژێر ئەنجامدانە ئەو پرۆژانەش كاریگەری لەسەر هاتووچۆكردن دروست كردووە، بەڵام فاكتەری سەرەكی كە كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی گەشتیاران لە سلێمانی دروستكردووە ئەو خۆپیشاندان و تووندوتیژی و بەسەردادانی هەندێك بارەگای حزب و لایەنە، بەتایبەتی كۆبوونەوەی خەڵك لەبەردەركی سەرا كە درێژەی سەندوو لەخۆپیشاندان دەرچووە، كاریگەری لەسەر بازاڕ و هاتوچۆی شارەكە بەگشتی دروست كردووە، چونكە ئەو شوێنەی ئەوان تێیدا كۆبوونەتەوە سەنتەری سەرەكی جموجوڵی خەڵك و بازاڕە..
لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان گرێبەست كراوە بۆ هەرسێ شوێنی بناری كۆسرەت و قۆپی قەراغ و چەمی قلیاسان
سەبارەت بەوەی ئایا تا چ رادەیەك ژێرخانی گەشتیاری لە پارێزگای سلێمانی بونیاد نراوەو ماستەرپلانی گەشتیاری هەیە؟ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی: لەساڵانی رابردوو كار و ئیشێكی زۆر لە گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ ئامادەكردنی ماستەرپلان بۆ چەند زۆنێك كراوە، یەكێك لەوانە بناری كۆسرەت كە لەسەر ئاوی دوكانە، دوومیان قۆپییەكانی قەرەداغە و زۆنێكی تر چەمی قلیاسانە كە دەكاتە (قلیاسان، بەكرەجۆ، خێوەتە بۆ گوێژە و ئەزمەر) ئەو سێ زۆنە لەگەڵ سێ كۆمپانیای بیانییەوە (ئیسپانی و فەرەنسی و كەنەدی) گرێبەستیان بۆ كراوە، بەڵام تا ئێستا نەخراونەتە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لە هەرسێ زۆن كێشەی مۆڵكایەتی زەویوزار چارەسەرنەكراوە، لەلایەكی تر ساڵانێكی زۆرە هەندێ ناوچەی وەكو (ئەحمەد ئاوا و خورماڵ) شوێنی گردبوونەوەی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەكان بوون، بێگومان ئەمە وا دەكات كە كەمتر گەشتیار ڕوو لەم شوێنانە بكات، بەڵكو لەسەردەمێكە گەشتوگوزار و سەیران لەم شوێنانە قەدەغەیان كردبوو، بەڵام پاش نەمانی ئەو هێزە توندڕەوانە لەسەر بودجەی حكومەتی كوردستان باشترین پرۆژە لەم ناوچانە ئەنجام دراوە، ئەویش وەكو پرۆژەی رێگای(خورماڵ- ئەحمەد ئاوا) پرۆژەیەكی تر تەواوكردنی كابینەكانی ئەحمەدئاوایە، هەروەها ئێستا پرۆژەی چاككردنی رێگای (ئەحمەد ئاوا- زەڵم) ئەو بەشەی بەناو شوێنە گەشتیارەكان دەڕوات لەژێر ئەنجامدانە، جگە لەمانە لەناوچەی چاوگەو گوڵان لەنزیك هەڵەبجە سەیرانگایەك هەیە دراوە بەكۆمپانیایەك كە پرۆژەی جوانكاری و دروستكردنی شوێنی حەوانەوەی بۆ جێبەجێ دەكات.
تا ئێستا نەتوانراوە وەبەرهێنانی گەشتیاری ئەنجام بدرێت
هەروەها لە پارێزگای سلێمانی چەندین شوێنەوار هەیە، لە هەموو وڵاتانیش گەشتیاران گرنگی بەمبوارە دەدەن، ئایا كار بۆ شوێنەوارەكان كراوە تاوەكو ببنە شوێنی گەشتیاری؟ لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی: خەسڵەتی كێبڕكێی گەشتیاری لەپارێزگای سلێمانی هەیە، بۆ نموونە كۆمەڵێك شوێنەواری وەكو ئەشكەوتی هەزارمێرد و چەند مەزارگە و شوێنی ئایینی وەكو مەزارگەی باخەكۆن و بیارەو چەندین شوێنی مێژوویی و گەشتیاری سروشتی و جوانیان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتوانراوە لەم شوێنانە وەبەرهێنانی گەشتیاری تێدا ئەنجام بدرێت، چونكە پلانێك بۆ پرۆژەی گەشتیاری لەم شوێنانە نەبووە، بۆ نموونە لە ئەحمەد ئاوا كە شوێنێكی دڵگیر و سەرچاوەیەكی ئاوی شیرینە تاوەكو ئێستا كێشەیی خاوەنداریەتی زەویوزاری چارەسەرنەكراوە و ماستەرپلانی نییە، هەر بۆیە نەتوانراوە پرۆژەی گەشتیاری تێدا ئەنجام بدرێت.
هاوكات شوێنەكانی تریش بەگشتی كێشەو گرفتیان هەیە و نەتوانراوە بەپێی پێویست كارو پرۆژەی گەشتیاری هاوچەرخیان بۆ بكرێت، هەندێ شوێن وەكو ئاماژەمان پێكرد هێزی توندڕەوی ئیسلامییەكانی لێ بوو و خەڵكەكەشی ڕێگربوون لەگەشتوگوزارو سەیران، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە لەبارەی ژمارەیەك پرۆژە بە بودجەیەكی زۆر لەژێر جێبەجێكردندایە، هەروەها ئێستاحكومەت پلانی بۆ پرۆژەی گەشتیاری و برەودان بەو كەرتە هەیە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانیەوە پرۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ هەموو كوردستان لە پلان و ئامادەكردندایە بە تەواوبوونی ماستەرپلان دەتوانرێ بە بەرنامە و پلانی تۆكمە و زانستی كار لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان پیادە بكرێت بەتایبەتی پرۆژەی ستراتیژی گەشتیاری، هەروەها دەبێ بپرسین ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی دووبارە گەشتیارانی كەنداو كوێت و وڵاتانی تر كە چۆن پێش راپەڕین دەهاتنە كوردستان لە جیاتی ئەوەی برۆن بۆ ئەوروپا و سویسرا دەهاتنە كوردستان وا بكەین رایانبكێشینەوە لای خۆمان، چونكە لای خۆمان نزیكتر و هەرزانترە بۆ ئەوان و زمانی لێك تێگەیشتن هەبووە و لەڕووی ئایین و كەلتور وەكو یەكین و نزیكین، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت پرۆژەی گەورە و ستراتیژی و سەرنج راكێش ئەنجام بدرێت هەروەكو ئەو پرۆژەی ئێستاكە كە كۆمپانیای نالیا دەیەوێت جێبەجێی بكات، ئەویش ئەوەیە كە كۆمپانیای(نالیا) پرۆژەیەكی گەشتیاری ستراتیژی و گەورەی لەبەردەستە كە لەسەر ڕووبەری(300) دۆنم لە بناری گوێژە بەناوی(پرۆژەی چاقی گەشتیاری) كە بودجەی تێچووی نزیكەی(120) ملیۆن دۆلارە، پێكهاتەی پرۆژەكە هەمەجۆر و هاوچەرخ و زۆر پێشكەوتووە و بەرفراوانە، گەرچی تا ئێستا كۆمپانیا كەم هاتووە كە بەشداربێت لە بنیادنان و برەودان بە پرۆژەی گەشتیاری چونكە هۆكارێك هەبووە كاریگەری لەسەر دواكەوتنی و بەشدار نەبوونی كۆمپانیاكان هەیە، وەكو نەبوونی ماستەرپلانی گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان، دووەم نەبردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییە گرنگەكانی وەكو ئاو و كارەبا و رێگاوبان و .. تاد. بۆ شوێنە گەشتیارییەكان و چارەسەرنەكردنی كێشەیی زەویوزار، لەبەر ئەوەی ئەگەر رێگاوبان نەبێت یان خراپ بێت ئەوە هیچ كۆمپانیایەك ناتوانێ پرۆژە ئەنجام بدات، هەر بۆ نموونە ئێستا ماستەرپلانی بناری كۆسرەت ئامادەیە، بەڵام رێگا نییە ناتوانرێت بگەینە ئەو شوێنە و ناتوانرێ پرۆژەی لێ ئەنجام بدرێت، بۆیە پێویستە رێگاوبانی بۆ دروست بكرێت، ئینجا كۆمپانیاكانیش دەتوانن بێن كارو پرۆژە لەم شوێنە بكەن.
كەناڵەكانی راگەیاندن لەئاستی گەشتوگوزاری كوردستان نەبوون
سەبارەت بەوەی ئایا كەناڵەكانی راگەیاندن تا چ ئاستێك ڕۆڵیان هەیە لەبەرەو پێشەوەبردنی و ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكان؟ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی:
بێگومان ئێستا بەهاوكاری شارەوانی سلێمانی خەریكی ئامادەكردنی نەخشەیەكی گەشتیارین بۆ شاری سلێمانی، لەدیوێكی نەخشەكەی ناو شاری سلێمانی هوتێل و موتێل و ریستۆرانت و یانەو باخچەكانی تێدا دیاری دەكەین، لەدیوی دووەمی نەخشەكەدا ناو و شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەسەر دیار دەكەین، ئەم نەخشەیە وەكو هەنگاوی یەكەم دەبێتە رێگانیشاندەرێك بۆ گەشتیاران، بەڵام بەگشتی كەناڵەكانی راگەیاندن لەكوردستان بەپێی پێویست بەرنامە و كارو پلانیان نەبووە و بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان لێرەو لەوێ هەندێ كار و بەرنامە هەبووە، بەڵام لە ئاستی گەشتوگوزاری كوردستان نەبووە.
پاككردنەوەی سەرچنار و قلیاسان و دەباشان و چەندین شوێنی تر ناكەوێتە ناو سنووری ئەو سیستەمی پاككردنەوەیەی لەسلێمانی هەیە
سەبارەت بەوەی كە لەم نەورۆزەدا زبڵو خاشاكێكی زۆر لە ناوچە گەشتیارییەكان بەرچاو دەكەوت، ئایا خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو كاتە نەكرابوو یان هۆكاری تر هەبوو؟ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی:
كەموكوڕی لەوەدایە پاككردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان بەپێی سنووری شارەوانییەكانە، بۆ نموونە شارەوانی سلێمانی بۆ پاككردنەوەی ناو شار لەگەڵ دوو كۆمپانیا گرێبەستی كردووە كە رۆژهەڵاتی شار بەكۆمپانیای ئۆراسكۆب و رۆژئاواشی بە كۆمپانیایەكی تر داوە بەم دابەشكردنەش پاككردنەوەی سەرچنار و قلیاسان و دەباشان و چەندین شوێنی تر هەیە ناكەوێتە ناو سنووری ئەو سیستەمی پاككردنەوەی لەسلێمانی هەیە، هەروەها نەبوونی تیم و كرێكاری تایبەتیش لەلایەك و نەبوونی هاوكاری هاووڵاتیان بۆ پاكو خاوێنی شوێنە گەشتیارییەكان لە ئەنجامدا زبڵوخاشاكێكی زۆر لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان بەرچاو دەكەوێت، بەتایبەتی وەكو ئەو نەورۆزەی دیتمان، هەر بۆیە ئەم گرفتەمان خستۆتە بەردەمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە پێمان راگەیاندوون ئەو شوێنە گەشتیاریانەی ناكەونە سنووری شارەوانی سلێمانی ناتوانرێ پاك بكرێتەوە، بۆیە پێویستە سیستەمێك بۆ پاك راگرتنی ئەم شوێنانە پیادەبكرێت كە پاككردنەوەی ناوچە گەشتیارییەكان بدرێت بەكۆمپانیایەك كە لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ تا سێ رۆژ پاكی بكاتەوە، بەئەنجامدانی ئەم كارە دەتوانرێ شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكو خاوێنی ڕابگرین، بەڵام لەو كاتەشدا هەر دەبێ هاووڵاتیان هاوكارمان بن بەتایبەتی بەوەی كە پاشماوەكانی خواردن و خواردنەوەكان لە كیسی نایلۆن كۆ بكەنەوە هەر چەندە لە رۆژانی سەیران و گەشتوگوزار كیسی نایلۆنمان لە بازگەكان بەسەر هاووڵاتیان دابەشكردووەو لە راگەیاندنەكان رۆشنبیری و رێنمایی پاك و خاوێنیمان بڵاوكردۆتەوە، كەچی زۆر لە هاووڵاتیان هەر پابەندی رێنماییەكان نابن، بۆیە زبڵوخاشاك و پاشماوەكانی گەشتیاران ناوچە گەشتوگوزارییەكانیان زۆر بێسەرو بەر كردووە، بۆیە لێرەدا گلەیی لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەكەین، هاوكات تاوەكو كارگەی ریسایكلین لە پارێزگای سلێمانی دانەمەزرێت رزگارمان نابێت لە زبڵوخاشاك و ناتوانین جوانی و دیمەنی سروشتی گەشتیارییەكان بە باشی نیشانی گەشتیاران و دنیا بدەین.
داوا كراوە پێداچوونەوە بۆ رێنماییە گەشتوگوزارییەكان ئەنجام بدەین
ئایا بۆ ساڵی(2011) بودجەیەكی دیاریكراو هەیە بۆ پرۆژەی گەشتیاری لە سلێمانی لەمبارەوە بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی:
بڕی ئەو بودجەیەی بۆ ساڵی 2011 بۆ پرۆژەكانی گەشتیاری سلێمانی تەرخانكراوە تەنیا (حەوت ملیار و نیو) دینارە، كە ئەمەش بەشی بەشێكی زۆر كەمی كارو پرۆژەی گەشتیاری دەكات، بەڵام ئەگەر حكومەت وەكو نەوتێكی هەمیشەیی تەماشای كەرتی گەشتیاری دەكات، دەبێت بودجەیەكی باش بۆ كارو پرۆژەی كەرتی گەشتوگوزار تەرخان بكات، هەروەها یەكێك لە كێشەكانی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بەگشتی ئەوەیە كە سەرچاوەی دانانی رێنماییەكان بۆ پۆڵێن كردنی شوێنە گەشتیاریەكان( رێكخراوی گەشتیاری عەرەبی) بووە، ئەو رێكخراوەش هاتووە كۆلاژێكی وەرگرتووە لەرێنمایی هەندێ لەم وڵاتانە كە لەگەڵ دابونەریتی وڵاتەكانی عەرەبی گونجاندویەتی زۆر شتی لێ لابردووە و هەندێ شتیشی بۆ زیادكردووە، ئێمەش لەوانمان وەرگرتووە كە ئێستاكە كۆن بووەو نوێی نەكراوەتەوە، هەر بۆیە ئێستاكە هەر سێ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەلایەن بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاسپێردراوین كە پێداچوونەوە بۆ رێنمایەكانی گەشتوگوزار ئەنجام بدەین و نوێیان بكەینەوە.
پرۆژەكانی گەشتیاری كوالێتیان نزمە
سەبارەت بەوەی ئایا كوالیتی پرۆژەكانی گەشتیاری ستاندارد و جیهانییە، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی: یەكێك لە كێشە و گرفتەكانی گەشتوگوزار كە تا ئێستا لە كوردستان هەیە پرۆژەكانی گەشتیاری كوالێتی نزمە، بۆ نموونە ئوتێل و مۆتیل و كابینە و كۆمەڵگاكانی گەشتیاری دەبێ لە ماڵەكەی خۆت خۆشتر بێت، لە كاتێك گەشتیار دەمێنێتەوە دەبێ هەست بەخۆشی و ئاسودەیی بكات نەك ئاستی شوێنەكان لە ماڵەكەت خراپترو ناخۆشتر بێت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەیە كە دەچیتە كابینەیەك دەڵێی كۆڕەوت كردووە نەك گەشت، بۆیە ئێستا لەمبارەوەش پێداچوونەوە دەكەین و ڕێنمایی دەدەین بەهەر لایەن و كەس و كۆمپانیایەك كە دەبێت پرۆژەكانی گەشتیاری بەتایبەتی ئوتێڵ و مۆتیڵ و كۆمەڵگا و كابینەكانی گەشتیاری بەپێی ستانداردی گەشتیاری و هاوچەرخ بێت، نەك وەكو ئەو بارودۆخەی ئێستاكە هەیە.
لەسەرجەم وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا كەرتی گەشتوگوزار لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە پێشدەكەوێت و پێویستیشە بەرنامەو كارەكانی دامودەزگا پێوەندارەكانی وەبەرهێنان بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە هانی بزنسكارو سەرمایەداران بدات و كارئاسانییان پێشكەش بكات تاوەكو بە باشترین شێوازو بەرزترین كوالیتی پرۆژەكانی گەشت و گوزاری ئەنجام بدرێت ، سەبارەت بەوەی ئایا پێوەندی گەشتوگوزار لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە كوردستان چۆنە؟ بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی وتی:
دەستەی وەبەرهێنان بۆ هەر پرۆژەیەك بیەوێت مۆڵەتی پێ بدات راوبۆچوونی لایەنی پێوەندیدار وەردەگرێت، بۆ نموونە پرۆژەی(شاری چاقی گەشتیاری) مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنانی هەیە، بەڵام كە كۆمپانیا نالیا پلانی پێشكەشكردووە پێش رەزامەندی ناردوویانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار ئێمەش هەڵسەنگاندنمان بۆ پلانی ئەو پرۆژەیە كردووە بەپێی رێنماییەكان بڕیارمان لەسەرداوە، لەپاشان وەڵاممان داینەوە كەلاریمان نییە لەسەر ئەنجامدانی..
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی سەبارەت بەو سێكتەرانەی لە بواری گەشتیاری بەباشی كاریان بۆ نەكراوە وتی:
یەكێك لەو سێكتەرانەی كە بەگشتی لەلایەن حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی هەرێمی كوردستان گرنگی پێ نەدراوە كەرتی گەشتیارییە، ماوەیەك گەشتوگوزار دەزگا و ماوەیەك وەزارەتێكی سەربەخۆ بوو لە پاشان یەكی گرتەوە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی، هەروەها تەرخان نەكردنی بودجەیەكی شایستە بە كەرتی گەشتوگوزار و نەبوونی یاسایەكی تایبەت كە وەكو یاسایی وەبەرهێنان بەهێزبێت، هەموو ئەمانە وایكردووە كە گەشتوگوزار لە كوردستان پێش نەكەوێت و بە سادەیی بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت گەشتوگوزار بكەینە داهاتێك بۆ كوردستان ئەوە دەبێ وەزارەتێكی تایبەت بەوەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار دابمەزرێت و هێزی یاسایی وەبەرهێنانیش بدەین بەگەشتوگوزار و بودجەی باشی بۆ تەرخان بكرێـت، لەو كاتەدا بە فیعلی وەزارەتە تایبەتمەندەكە دەتوانێ كەرتی گەشتوگوزار بگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو و هاوچەرخ، لەلایەكی تر ئەو یاسایەی كە بەم دواییە بۆ وەزارەتی شارەوانی لە پەرلەمان پەسەندكرا تەنیا چوار لاپەڕەیە و لەیەك بڕگە زۆر بە سادەیی باسی گەشتوگوزاری تێدا كراوە، ئەمەش كێشەیەكی تری ئەم بوارەیە.
هاوكات پێویستە دەسەڵاتی تایبەتمەند و هونەری بدرێت بە ئێمە بۆ راپەراندنی كارەكانمان كە هۆكارێكی سەرەكی برەودانە بە كەرتی گەشتیاری بۆ نموونە دەسەڵاتمان هەبێت كوژاندنەوەی زەوی ئەنجام بدەین و چارەسەرەی خاوەنداری زەویوزاری گەشتیاری بكەین، بەپێچەوانەوە ئێمە پۆلیسی تایبەت بە گەشتوگوزارمان هەیە ناتوانین لێپێچینەوە و سزای بۆ دیاری بكەین، ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەسەڵات ..
Top