حاجی ئۆمەران.. پێویستی بەبنكەیەكی تەندروستی باش و پزیشكی ئافرەت هەیە

حاجی ئۆمەران..  پێویستی بەبنكەیەكی تەندروستی باش و پزیشكی ئافرەت هەیە
حاجی ئۆمەران 20 كیلۆمەتر لە قەزای چۆمان و 180كیلۆمەتر لە شاری هەولێر دوورە، سێ هەزار مەتر لە رووی دەریاوە بەرزەو بە ناوچەیەكی شاخاوی جوان و گەشتوگوزاری دادەنرێت كە بە ژمارەیەكی زۆر كانیاو دەوڵەمەندە، حاجی ئۆمەران ساڵی 1975 بۆتە ناحیە و سەنتەری حاجی ئۆمەران 18 گوند لە خۆدەگرێت، 9 گوندی بە بەردەوامی ئاوەدانەو 9 گوندەكەی تری لە وەرزی بەهار و هاوینان بەمەبەستی كاری كشتوكاڵی و رەزو باخ ئاوەدان دەبێتەوە، سەنتەری ناحیەكە 940 كەسی تێدا دەژی و سنوورەكە بەگشتی 2630 كەسە.
حاجی ئۆمەران لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بەتایبەتی لە دوای ساڵانی 1980و 1981گرنگی پێنەدراوە، سەرەڕای ئەمەش سەنتەری ناحیەو سنوورەكە بەگشتی وێران و خاپووركراو دانیشتوانەكەشی بۆ شارو شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان راگوازرانەوەو ژێرخانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بەگشتی داڕما. لە دوای راپەڕین بەرنامەو پلانی ئاوەدانكردنەوەی بۆ دانراو چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری سەرەتایی و سەرەكی بۆ ئەنجامدرا، گەرچی ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە لەئاست وێرانی و خواستی دانیشتوانەكەی نییە و لێرەو لەوێ لەلایەن هاووڵاتیانی ناو سەنتەری ناحیەو سنوورەكە گلەیی و گازندەیان لە بوارەكانی خزمەتگوزاری لێدەكرێت، داوای كارو پڕۆژە و ئاوڕلێدانەوەی زیاتر و باشتر دەكەن.
مەغدید عەریف ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بۆ(گوڵان):
سەردانی ناحیەو سنووری حاجی ئۆمەرانمان كردوو راوبۆچوونی چەند هاووڵاتییەكمان لەسەر كارو پرۆژەو كەموكوڕییەكان وەرگرت، هەر هەموویان لەسەر كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەشەپێدانی ناحیەكە و سنوورەكە ڕەخنەو داواكارییان هەبوو، لە پاشان سەردانی (مەغدید عەریف ئەحمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەرانمان كرد، رەخنەو داواكاری و چەند پرسیارێكی ترمان ئاڕاستەی كرد؛ ئەویش راوبۆچوونی خۆی بەمجۆرە بۆ گۆڤاری (گوڵان) دەربڕی.
لە حاجی ئۆمەران زێدەڕۆیی لەسەر زەوی شارەوانی نەكراوە،بەڵام كێشەی كوژاندنەوەی زەویمان هەیە
شەقامی ناو سەنتەری حاجی ئۆمەران
پێویستی بەئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە
ڕێگاوبان و شەقام یەكێكن لەو لایەن و هۆكارانەی كەدەبێتە هۆی گەشەكردن و ئاوەدانی هەموو شارو شارۆچكەیەك و هۆكارێكی سەرەكیشە بۆ گەشەكردن و برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزاری، گەرچی ژمارەیەكی زۆری شۆفڵ و ئامێرەكانی شارەوانی دەبینرێت كە سەرقاڵی دروستكردنی ڕێگای دوو سایدن، بەڵام ئەم لایەنە لەحاجی ئۆمەران پێویستی بەئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە، بەتایبەت ڕێگای ناو سەنتەری ناحیەكە كە ڕێگا دووسایدەكەی پێدا تێپەڕ نابێت، لەلایەكی ترەوە ناكرێت شارۆچكەیەكی سەرسنوور كە میوانەكان لە وڵاتێكی ترەوە پێیدا تێپەڕ دەبن، شەقامە سەرەكییەكەی بەو شێوەیە وێران بێت، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: حاجی ئۆمەران لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی سنوورییەو لە دوای ساڵی 1981 ئەو كاتەی شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێكرد، بووە بە ناوچەیەكی گەرمی شەڕەكە، لە لایەكی دیكەوە پێشتر بنكە و پێگەیەكی سەرەكی و گرنگی شۆڕشەكانی رزگاریخوازی كوردستان بوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەك گرنگی بە حاجی ئۆمەران نەدراوە، سەرەڕای ئەوەش خاپوور و وێرانكراوە، بەتایبەتی تۆڕی ڕێگاوبانی سنوورەكە و شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەری ناحیەكە، بەڵام لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدراوە كارو پڕۆژە لەم بوارانە ئەنجام بدرێت، تا ئێستا چەندین كارو ئیش لە تۆڕی ڕێگاوبانی سنوورەكە و ناو ناحیەكە كراوە، گرنگترین پڕۆژە ئەو جووت سایدەیە كە ماوەیەكە دەستی پێكردووە، هەر چەندە خەڵكی ناو ناحیە حەزیان دەكرد جووت سایدەكە بە سەنتەری شارەكەدا بڕوات، بەڵام لە هەموو شاروشارۆچكەیەك وا باوە شەقامی كەمەربەندی بە دەرەوەی شار بڕوات باشترە، چونكە لەكاتێك بەناو شارەكەدا بڕوات، دەبێت خانوو بازاڕەكانی هەردوولای شەقامەكە دوور بخرێنەوە بۆ ئەوەی شەقامەكە فراوان بێت، لەو كاتەدا زۆر كەس و خاوەن كارو پیشە زیانیان پێ دەگات، هەروەها داوامان كردووە شەقامێكی 20مەتری لە سەنتەری ناحیە دروست بكرێت. لەگەڵ ئەم شەقامەش ئاوەڕۆو پرۆژەی جوانكاری و ڕووناكەرەوەش ئەنجام بدرێت، پێویستە ئەوەش بزانین بەگشتی دەڤەری باڵەكایەتی بەناحیەكانیشەوە پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری لە دوای راپەڕینەوە لە خاڵی سفرەوە دەستی پێكردووە بەتایبەتی تۆڕی ڕێگاوبان.
حاجی ئۆمەران بێ ماستەر پلانە
لە كاتی گەورەبوون و بەرفراوانبوونی هەموو شارو شارۆچكەیەك، ماستەر پلان یەكێكە لەو نەخشە ڕێگا سەرەكییەی پشتی پێدەبەسترێت، بوونی ماستەر پلان وادەكات شارێكی ئەندازەیی و جوانت دەستكەوێت و لە دەستنیشانكردنی شوێنی خزمەتگوزاری و پرۆژەكان كەمترین گرفتت بێتە پێش، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران تەئكیدی لەوە كردەوە كە ناحیەكەیان پێویستی بەماستەر پلانە، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە هەوڵەكان بەردەوامە بۆ بەرفراوانكردنی شارۆچكەكەو بپەڕێنرێتەوە بەرەو شەقامە جووت سایدەكە، لە هەرێمی كوردستان تا دوو ساڵ پێش ئێستا شارە گەورەكانیش بە دەگمەن ماستەر پلانیان هەبووە، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەم پڕوژە گرنگ و ستراتیژییە، هەنگاوی گەورەو پڕاكتیكی نراوە، هەربۆیە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات بۆ ناحیەی حاجی ئۆمەرانیش ماستەرپلانێكی زانستی و ئەندازەیی هاوچەرخ دروست بكرێت.
بەستنەوەی حاجی ئۆمەران بەتۆڕی دابەشكردنی كارەبای كوردستانەوە
سەبارەت بە گرفتی ئاو و كارەبا و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەم دوو لایەنە گرنگە كە پەیوەندی كاریگەر و راستەوخۆی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: ماوەی چەند ساڵێكە لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كارەبامان لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ڕاكێشراوە بە بەردەوامی كارەبامان هەیە، هیچ گرفتێكمان لە بواری كارەباوە نییە تەنیا تێبینیمان لەسەر گرانی نرخەكەی هەیە، هەر بۆیە لە هەوڵی ئەوەداین و داواكارین تۆڕی كارەبای نیشتمانی بگەینینە هەموو سنوورەكە بەگشتی، بەتایبەتی بۆ ناو سەنتەری ناحیەكە، چونكە ئێستاكە بەشێك لە گوندەكان و سنوورەكە تۆڕی كارەبای نیشتمانیان پێگەیشتووە.
گرفتی ئاوی خواردنەوە
سەبارەت بە ئاوی خواردنەوە ساڵێك پێش ئێستا لە ناحیەی حاجی ئۆمەران گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەبوو، بەڵام بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئەنجامدرا كە بە بۆرییەكی چوار ئینجی لە كانی كۆتاڤەوە لە دامێنی چیای كۆدۆوە ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەی حاجی ئۆمەران ڕاكێشرا، بەڵام لەوەرزی زستانان دووبارە كێشەی كەم ئاوی ڕوو دەداتەوە، چونكە بەفرو سەرما بۆرییەكە دەبەستێت و ئاو نەدەگەیشتە ماڵەكان، بۆ چارەسەركردنی ئەمەش لە ساڵی ڕابردوو پڕۆژەیەكمان لەسەر ئاوی شێخی باڵەكان ئەنجامدا، كە ئەم ئاوە راكێشراوەتە سەر حەوزی سەرەكی دابەشكردنی ئاو بەسەر ناحیەكە، لە ئەنجامی پرۆژەی ئاوی شێخی باڵەكان گرفتی ئاوی خواردنەوە لە حاجی ئۆمەران زۆر كەم بۆتەوە، سەرەڕای ئەمەش لە گەڕەكی شەهیدان و شیوەڕەش گرفتی ئاوی خواردنەوە هەر ماوە، لە بەرنامەو پلاندایە كێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەم دوو گەڕەكەش چارەسەر بكەین، بۆ گەڕەكی شیوەڕەش سەرچاوەیەكی ئاومان دەستنیشانكرد كە پرۆژەی لەسەر ئەنجام بدەین، بەڵام ئەم سەرچاوەیەش دیاربوو كێشەی كۆمەڵایەتی لەسەربوو، بۆیە پرۆژەكەمان دواخست تا كێشە كۆمەڵایەتییەكە چارەسەر دەكەین یا سەرچاوەیەكی تری ئاو دەدۆزینەوە.
كێشەی كوژاندنەوەی زەویمان هەیە
سەبارەت بەوەی زۆربەی ئەو قەزاو ناحیانەی لە دوای ڕاپەڕین ئاوەدانكراونەتەوە دیاردەی زێدەڕۆیان زۆرە، ئەمەش بۆتە گرفتێكی بەرچاوی یەكە ئیدارییەكان و لایەنە پەیوەندارەكان، بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیەش پێویست بە بڕیارو یاسایەكی تایبەت دەكات، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: لە لایەك وەكو باسمانكرد ناحیەی حاجی ئۆمەران ماستەر پلانی نییە، هەروەها بەحوكمی ئەوەش زەوییەكانی ئەو سنوورە تاپۆیان نییە و لە كۆنەوە خەڵكەكە لەم شوێنە ژیاوە، هەر بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی خەڵكەكە و ئاوەدانكردنەوەی ناحیەكە هەر كەسە لەسەر موڵك و شوێنی خۆی یا لەنزیك شوێنەكەی خۆی خانووی بۆ خۆی دروستكردەوە، لە ئەنجامدا لە هەندێ شوێن دیاردەی زێدەڕویی دروستبووە، بەڵام ئەم دیاردەیەش لە لایەن شارەوانییەوە مامەڵەی لەگەڵ كرا و توانرا پێش لە زێدەڕۆیی بگیرێت، دەتوانین بڵێین لە ناحیەی حاجی ئۆمەران زێدەڕۆیی لەسەر زەوی شارەوانی نەكراوە، بەڵام كێشەی كوژاندنەوەی زەویمان هەیە، چونكە تا ئیستا كوژاندنەوەی زەوی لە سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەنجام نەدراوە، گەرچی ماوەیەكە ئەم كارە لە قەزای چۆمان دەستی پێكردووە، لە پاشان دەگاتە لای ئێمەش، هەر چەندە دەزانین كار و پڕۆسەی كوژاندنەوەی زەوی زەحمەتە و كاری زۆر دەوێت، هەر لەبەر نەبوونی كوژاندنەوەی زەوییە لەكاتی دیاریكردنی شوێنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كێشەو گرفتمان بۆ دروست دەبێت، هەر بۆ نموونە كاتێك پرۆژەی دروستكردنی قوتابخانەیەك دەردەچێت، زەویمان دەست ناكەوێت، هەر بۆیە ناتوانین پرۆژەكە جێبەجێ بكەین.
بنكەی تەندروستی سەنتەری حاجی ئۆمەران بچووكە
سەبارەت بە كێشەی تەندروستی و نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ و نەشتەرگەری و پزیشكی ئافرەت بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: بێگومان لە بواری تەندروستیدا كێشەمان هەیە، هەر چەندە بنكەیكی تەندروستی لە سەنتەری ناحیە و یەكێكی دیكە لە نێوان گوندی خەلان و ئازادی هەیە و بنكەیەكیش لە ناو كۆمەڵگای حاجی ئۆمەرانە، بەڵام ئەم بنكانە بە پێی پێویست، پێداویستی سنوورەكە بە تەواوی جێبەجێ ناكەن، چونكە بنكەی تەندروستی سەنتەری ناحیەكە بچوكە و لە پلەی(C)ە، گەرچی ناحیەكە پێویستی بە بنكەیەكی تەندروستی پلە(A)ی هەیە كە هەردوو بەشی فریاكەوتن و لە دایكبوونیشی تێدا بێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەداین لە چوارچێوەی ئەو( 100) ملیار دینارەی كە بۆ ئەو ناوچانە تەرخانكراوە كە لەكاتی خۆی خاپوور كران و ڕاگواستنەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە بنكەیەكی تەندروستی پلە(A)ی بەپێی پێداویستی خەڵكی ناحیەكە دروست بكرێت، لە لایەكی دیكە كێشەی نەبوونی پزیشكی ئافرەت و نەشتەرگەری و پسپۆڕمان هەیە، لەكاتی پێویستدا خەڵكەكە بەتایبەتی ئافرەتان سەردانی نەخۆشخانەی چۆمان دەكەن.
لە بواری پەروەردە كەمترین كێشەمان هەیە سەبارەت بە پڕۆسەی پەروەردە و كێشە و گرفتی قوتابخانە و میلاكات، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: گوندەكانی سنوورەكە ئەوانەی ئاوەدانن زۆربەیان قوتابخانەیان هەیە، بەڵام پێویستیان بە قوتابخانەی ئامادەیی هەیە، كە دەتوانرێت بە دوو سێ گوند یەك قوتابخانەی ئامادەییان بۆ دروست بكرێت.لە ساڵی رابردووش قوتابخانەیەكی 18 پۆلی لە سەنتەری ناحیەكە دروستكرا، بەڵام ئەم بینایە هەندێك كەموكوڕی تێدایە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كەموكوڕیانەش نووسراومان كردووە، بینایەی قوتابخانەكە بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی بە بەڵێندەر دراوە، بەگشتی ناحیەی حاجی ئۆمەران لە رووی بواری پەروەردەوە بەرەوپێشچوونێكی باش بەرچاو دەكەوێت، بەڵام هەر بێ كەموكوڕیش نییە، چونكە ساڵ لە دوای ساڵ سنوورەكە زیاتر ئاوەدان دەبێتەوە و زیاتر قەرەباڵغ دەبێت، بەمەش داواكاری و قورسایی سەر بواری پەروەردە زیاد دەكات.
كێشەی زبڵ و خاشاك
لە زۆربەی شارو شاروچكەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی كۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك هەیە، لەبەر ئەوەی سیستەم و كارەكانی ئەم بوارە كۆن و تەقلیدیە، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: لەم ساڵەوە پاككردنەوەی ناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكە لەگەڵ قەزای چۆمان و ناحیەكانی تری ئەو سنوورە بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت دراوە، بەو هۆیەوە توانیومانە پاكوخاوێنی شارۆچكەكە باشتر و زیاتر ڕابگرین، بەڵام كەموكوڕی لە ئامێرەكاندا هەیە، چونكە كۆمپانیای پەیوەندار بەپاككردنەوەی حاجی ئۆمەران ئامێری خۆیان نەگەیشتووە بە ئامێرەكانی شارەوانی كاردەكەن ئەو ئامێرانەش هەم كەمن و هەم كۆنن، گەرچی بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیاكە كراوە دەبێ لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئامێرەكانی بێنێت و كارگەی ڕیسایكلینیش دابمەزرێنیت، لەو كاتەدا ئەوە زیاتر شارۆچكەكەمان پاك و خاوێن دەبێت، بەڵام ئێستا گرفتی سەرەكیمان زیاتر لەگەڵ خۆ رزگاركردنی زبڵوخاشاكەكەیە كە لەشوێنێكی نزیك ناحیەكە كۆدەكرێتەوە و دەسوتێنرێت، ئەمەش جگە لە هۆكارێكی پیسبوونی ژینگەیە، هۆكارێكی بێزاربوونی خەڵكی سنوورەكەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە بە هۆی بۆن و دوكەڵەكەی، هەمان ئەو كۆمپانیایە لە ساڵانی داهاتوو بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵی كراوە دەبێ بەفری كۆڵان و شەقامەكانی سەنتەری ناحیەو گەڕەكەكان ڕابماڵێت.
ناحیەی حاجی ئۆمەران ئاوەڕۆی نییە
هەندێ جۆگەلە و ئاوی بچوك لە سنووری ناحیەكە هەیە ئاوی پیس و ئاوەڕۆی قورسی ناحیەكە و سنوورەكەیان دێتەوە سەر، ئەمەش گرفتێكی گەورەی تەندروستییە و پێویستی بە چارەسەركردنە، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران سەبارەت بەم گرفتە پێی وابوو ئەمە كێشەیەكی گەورەو ترسناكە پێویستی بە چارەسەركردنە، لە ڕێگای دروستكردنی پرۆژەی ئاوەڕۆ لە ناو سەنتەری ناحیە و گەڕەكەكان، چونكە ناحیەی حاجی ئۆمەران كەموكوڕییەكی زۆری لە بواری ئاوەڕۆ هەیە ناحیەكە بەگشتی بێ ئاوەڕۆیە، خەڵكەكە بیریان هەڵكەندووە بۆ ئاوی قورسی ماڵەكانیان، هەر چەندە بەردەوام جۆگەلەی كراوە بۆ ئاوی پیس لە سنوور و ناحیەكە دروست دەكرێت، بۆ چارەسەری سەرەكیش پێویستە ئاوەڕۆ لە سەنتەری ناحیەكە دروست بكرێت.
دابەزاندنی دەسەڵات
سەبارەت بەوەی كە بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی ئیداری بۆ خوارەوە دابەزێت تاوەكو كار و پرۆژەكان باشتر بەڕێوەبچێت، گەرچی بەڕاوبۆچوونی زۆربەی یەكە ئیدارییەكان ئەم دەسەڵاتەی ئیدارییە تا ئیستا دانەبەزیووە و كاری پێ نەكراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: بەشێك لە دەسەڵاتی ئیدارییەكان بۆ خوارەوە دابەزیوە و كاریشی پێ دەكەین، بەڵام ئەمەش زۆر سوودی نییە، چونكە دەسەڵاتی دارایی لەگەڵ دانەبەزیووە و دەسەڵاتی ئیداریش بەبێ دەسەڵاتی دارایی سوودی نییە، هەر بۆیە كۆمەڵێك پرۆژەهەیە و زۆریش پێویستە ناتوانین بۆ ناحیەكە ئەنجامی بدەین.
كارو پرۆژەی گەشتیاری زۆر بەكەمی
لە ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەنجامدراوە
سەبارەت بەوەی كە حاجی ئۆمەران ناوچەیەكی گەشتوگوزارییە، گەرچی زۆر بەكەمی پرۆژەی گەشتیاری لێ ئەنجامدراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: حاجی ئۆمەران ناوچەیەكی گەشتوگوزارییە، بەڵام حكومەت بەتەنیا ناتوانێ كارو پرۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدات، بەڵكو دەبێ كەرتی تایبەت شان بە شانی حكومەت بێتە مەیدان و كارو پرۆژەی گەشتیاری بكات، لێرەدا داواكارین كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران بێن كار و پرۆژەی گەشتوگوزاری ئەنجام بدەن و ئێمەش هاوكار و پاڵپشتیانین و ئاسانكاریان بۆ دەكەین، لە بواری گەشتیارییەوە تا ئێستا نیمچە كۆمەڵگایەكی گەشتیاری لە حاجی ئۆمەران دروستكراوە، گەرچی دەزانین ئەو ناوچەیە زۆر لەمە زیاتری پێویستە.
ئەوەی زیاتر كێشەیە بۆ بوار و كارو پرۆژەی گەشتیاری دابینكردنی زەوییە، چونكە كێشەی كوژاندنەوەی زەوی لەم سنوورە هەیە، بۆیە دەبێت وەبەرهێنەر لەگەڵ خاوەن زەوییەكان راستەوخۆ قسە بكەن لە نێوان خۆیان ڕێك بكەون و زۆربەی ئەو زەویانەی هەیە كشتوكاڵییە دەبێ گۆڕانكاری لە جۆری زەوییەكەش بكرێت و بۆ ئەوەی بۆ گەشتوگوزاری بگونجێت.
هەندێك خەڵك كارو كاسبی و
بژێوی ژیانیان لەسەرئەم كۆڵەبارانەیە
سەبارەت بەو كاروكاسبیەی كە كۆلەبارەكان دەیكەن لە دەرەوەی خاڵی سنووری فەرمی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: هەندێك خەڵك كارو كاسبی و بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم كۆڵەبارانەیە و تا رادەیەكیش ئێستا ئەم كارە لە هەردوو لاوە ئاسایی بووە و ئەوانەی كاری كۆڵەبار دەكەن نووسراویان بۆ كراوە.
چەندین پرۆژە ئەمساڵ لەسەر بودجەی
پەرەپێدانی پارێزگا جێبەجێ دەكرێت
سەبارەت بەوەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ئەمساڵ چ كارو پرۆژەیەك لە پلاندایە بۆ جێبەجێكردن بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: لەسەر بودجەی پەرەپێدان ئەمساڵ دوو پرۆژەی كارەبا لە حاجی ئۆمەران ئەنجام دەدرێت، ئەویش گەیاندنی تۆڕی كارەبای نیشتمانییە بۆ «ئازادی» و «ڕایەت» كە دوو گوندی ناوچەكەن. هەروەها دروستكردنی یاریگایەكی چیمەنی دەستكردە لە گوندی ڕایەت و ڕاكێشانی ئاوی خواردنەوەیە بۆ هەر یەكە لە گوندی ئاشی بەرگوێز وئازادی و چاككردنی ڕێگای شێخی باڵەكیان بەكۆنكریت و دیواری پاڵپشت و چەندین پرۆژەی تر كە تا ئێستا ڕانەگەیەنراوە، هاوكات چەند پرۆژەیەكیتر هەیە پێویستە ئەنجام بدرێت، لەوانە پێویستە هۆڵێكی وەرزشی داخراو لە سەنتەری ناحیە دروست بكرێت، بەتایبەتی لەبەر كەشوهەوا و وەرزی زستان و بەفرو باران.
دەستەی وەبەرهێنان هیچ كارو پرۆژەیەكی
نەكردووە
سەبارەت بەوەی كە دەستەی وەبەرهێنان بۆچی كارو پرۆژەی لە سنووری حاجی ئۆمەران ئەنجام نەداوە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران وتی: تا ئێستا دەستەی وەبەرهێنان هیچ كار و پرۆژەیەكی لە ناحیەكە و سنووری حاجی ئۆمەران ئەنجام نەداوە.
مەسعود ئەحمەد بەرپرسی كۆمەڵگای حاجی ئۆمەران بۆ (گوڵان):
پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت هاتووچۆكردن و جموجۆڵی بازرگانی ببێتە 24كاتژمێر لەخاڵی سەر سنووری حاجی ئۆمەران
سەبارەت بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران كە مەرزێكی نێودەوڵەتییە و ساڵ لە دوای ساڵ لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی پێ دەدرێت و كارو پرۆژەی ستراتیژی بۆ دەكرێت و ئەم خاڵە كاریگەری لەسەر زیاتربوونی جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هەیە و كاریگەری راستەوخۆشی لەسەر ئاوەدانكردنەوەو گەشەكردنی سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران هەیە، مەسعود ئەحمەد بەرپرسی كۆمەڵگای حاجی ئۆمەران وتی: لە بەرنامەی پەرەپێدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خاڵە سنووریەكان لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری زۆر گرنگی بەكۆمەڵگای حاجی ئۆمەران دراوە، هەر لەمبارەوە چەندین پرۆژەی ستراتیژی لە ژێر ئەنجامدانە، بە تەواو بوونی ئەو پرۆژانە بەرەوپێشچوونێكی گەورە و زۆر بۆ ئەم سنوورە بۆ داهاتوو دێتەدی، ئەم پرۆژانە دەبنە بنەمایەكی گەورەو بەهێز بۆ زیاتر بوونی جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان و خێراتر بەڕێوەچوونی ئیش و كارەكانی كۆمەڵگایەكە، یەكێك لەم پرۆژانە دروستكردنی هەردوو دەروازەی كۆمەڵگای حاجی ئۆمەرانە كە زیاتر لە پێنج ملیارو چوارسەدو هەشتاوسێ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە لایەن بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردی بناخەی بۆ دانرا، ئەم پرۆژەیە لە 1/5/2011 دەستی پێكردووە و لە 1/12/2011 تەواو دەبێت و لە چەندین بەشی گرنگ و پێویست پێكهاتووە لەوانە ژووری پێشوازی و كۆنترۆڵی پاسپۆرت و . . . .تاد، پرۆژەیەكی تر لە ناو كۆمەڵگا لەژێر جێبەجێكردندایە، ئەویش پرۆژەی كۆنترۆڵی جۆرییە كە چەندین تاقیگەی هاوچەرخ لە خۆدەگرێت وەكو تاقیگەی كیمیایی و فیزیایی و كەرستەی بیناسازیی، ئەمەش لەسەر بودجەی وەزارەتی داراییە كە بڕی زیاتر لە یەك ملیارو سێ سەد و سی و حەوت ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و هەموو ئەو كاڵا و كەلوپەل و شتانەی دێنە ژوورەوە لە ڕێگای تاقیگەكانەوە زۆر بە وردی و زانستی بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان پشكنینی بە مواسەفاتی جیهانی بۆ دەكرێت، ئەم پرۆژەیە چەندین كۆگاشی بۆ هەڵگرتنی كاڵا و شتەكان لەگەڵ دروست دەكرێت. پرۆژەی سێیەم كە لەكۆمەڵگای حاجی ئۆمەران ئیستاكە لەژێر ئەنجامدانە كە ساڵی ڕابردوو دەستی پێكردووەو دوو گۆڕەپانی بەرفرەوانە، یەكێكیان ڕووبەری 50 مەتر دووجایە و ئەوی تر 30 مەتر دووجایە، بە تەواوبوونی ئەم دوو گۆڕەپانە لە ناو كۆمەڵگای حاجی ئۆمەران قەرەباڵغی و جەنجاڵی و بێ سەروبەرییە لە هاتووچۆ و راوەستانی ئۆتۆمبێل نامێنێت و لە ڕێگای ئەم دوو گۆرەپانەوە دەتوانرێت ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لە یەكتر جیابكرێتەوە، بەمەش باشترو زیاتر كارەكانی ناو ئەو كۆمەڵگایە كۆنترۆڵ دەكرێت، واتە گەورەترین كێشەمان بۆ چارەسەردەبێت، سنووری حاجی ئۆمەران لە ساڵی 2008ەوە بۆتە سنوورێكی نێودەوڵەتی، بەڵام تا ئێستا جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری نەبۆتە 24 كاتژمێر، بۆیە یەكێك لەداواكارەكانی ئێمە ئەوەیە پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت هاتوچۆكردن و جموجۆڵی بازرگانی ببێتە 24كاتژمێر، چونكە ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر باش بۆ بازرگانان و گەشتیارانی هەردوولا بەدی دێنێت.
Top