گـوێـر.. ناوچە دابڕاوەكان نییەو پێویـــــــستی بەخزمەتگوزاری و ئاوڕلێدانەوە هەیە
August 23, 2011
راپۆرتەکان
* ئاوەڕۆی هەولێر لەشوێنێكەوە دەرژێتە ناو زێی گەورە كە نزیكە لەپرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوێر.
* بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گوندنشینەكان كۆچیان دەست پێكردۆتەوە
* 6-8 كاتژمێر كارەبای حكومی هەیە
* تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە كۆنە
* وەزارەتی كشتوكاڵ جۆگەیەكی ئاودێری ئەنجام نەداوە
* نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی نییەو گرفتی كەمی دەرمانیش هەیە
* دەستەی وەبەرهێنان هیچ پرۆژەیەكی ئەنجام نەداوە
كوردەكان بەرەو هەولێر دێنەوە
لەگوێر ژمارەیەك گوندی كوردنشین هەیە بەپێی پێویست ئاوەدان نەكراونەتەوە، تەنانەت بەپێی ئەو ژمارە كەمەی دانیشتوان بێت كە لەسنووری گوێرو سەنتەرەكە نیشتەجێیە ئەوە دەسەلمێنێت كە ژمارەی ئەو كوردانەی گەڕاونەتەوە ئەو ناحیەیە بەپێی پێویست نییە، سەبارەت بەوەی بۆچی كوردەكان بەپێچەوانەوە كۆچ دەكەنەوە بەرەو هەولێرو ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی: كاتێك لە ساڵی 1986 ەوە دەستكرا بە راگواستن و تەرحیل كردنی دانیشتووانی گوێر و هێنان و نیشتەجێكردنی عەرەبە هاوردەكان، لەو پرۆسە سەربازییەدا سەرجەم گوندەكانی گوێر وێران و خاپوور كران، كاتێكیش لەدوای ساڵی 2003 وە عێراق لەدەست رژێمی بەعس ئازاد كرا و كوردەكان بەئومێدێكی زۆرەوە ڕوویان كردەوە زێدی باوو باپیرانیان، بەڵام مانەوەی عەرەبە هاوردەكان گرفتێكی گەورە بوو لەبەردەم گەڕانەوەی كوردەكان بۆ سەر ماڵ و زەوییەكانیان، كاتێكیش حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی ئەم ناوچەیەی فەرامۆشكرد و پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری تێدا ئەنجام نەدراو جیاوازییەكی گەورە لەنێوان ئەم ناوچانەو ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروستبوو، هەر بۆیە بەپێچەوانەوە دووبارە كوردەكان بەرەو هەولێرو ناوچەكانی تری كوردستان كۆچیان دەست پێكردەوە، هۆكارێكی تری ئەم كۆچكردنە بۆ ئەو حاڵەتە دەگەڕێتەوە كە دانیشتووانی گوێر بەتایبەتی ئەوانەی سەرقاڵی پیشەی كشتوكاڵین و پێشینەی كشتوكاڵی نایانگرێتەوە، چونكە بەپێی ماددەی 140 مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و كۆمپانیاو وەبەرهێنەرەكان ئامادە نین وەبەرهێنان لەم ناوچانەدا ئەنجام بدەن تاوەكو خەڵكەكە كاریان دەست بكەوێت. ئەگەر حكومەتی هەرێم بەجددی كاری بكردایەو ئەوا نەك گوێر بەڵكو دەیتوانی هەر هەموو قەزای مەخموور بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمە كارێكی زۆر زەحمەت نییە، چونكە گوێرو مەخموور وەكو شنگارو تاوچە دابڕاوەكانی تر نییە و پێویست بەوە ناكات تا ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت و سنووری هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت ئەو كات قەزای مەخموور بگەڕێتەوە، مەخمور هەر هەموو قەزاكە تا ساڵی 1991 سەر بە پارێزگای هەولێر بووە و لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەبڕیارێكی هەڵەو غەدر قەزاو ناحیەكانی خرایە سەر پارێزگای موسڵ .
ئیدارەی موسڵ
پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری ئەنجام نادات
سەبارەت بەوەی ئیدارەی موسڵ ئەم ناوچەیەی فەرامۆشكردووەو زۆر بەكەمی پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری تێدا ئەنجام دەدات؛ بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی: ئیدارەی موسڵ زۆر بەكەمی ئاوڕ لەم ناوچەیە داوەتەوە، لەلایەكی ترەوە بوونی دوو ئیدارەیی لەنێوان ئیدارەی موسڵ و هەولێر بارودۆخی ئێمەی زۆر بێسەروبەر كردووەو نازانین لەگەڵ چی ئیدارەو بەچی رێنماییەك كاروباری خەڵك جێبەجێ بكەین، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیەو دەرهەق بەدانیشتوانی ناوچەیەك دەكرێت كە بەحەقیقەت لەسەرجەم خزمەتگوزارییەكان بێبەشن و لەبنەڕەتدا سەر بە پارێزگای هەولێرن. ئەم واقیعە وای لە بیزنسكارو ئیدارەی حكومەتی هەرێم و پارێزگای موسڵ و وەبەرهێنەرەكان كردووە بەزەحمەت رووبكەنە ناوچەكەمان و پرۆژەی ستراتیژی و ئاوەدانكردنەوە لەدەڤەرەكە ئەنجام بدەن تاوەكو خەڵكەكە بەئەنجامدانی ئەو پرۆژەو وەبەرهێنانانە دڵیان پێ خۆش بێت و ژیانی رۆژانەیان مسۆگەر بێت.
6-8 كاتژمێر كارەبا هەیە
نەبوونی خزمەتگوزاری بەتایبەتی هەردوو خزمەتگوزاری سەرەكی ئاوو كارەبا بەیەكێك لەو هۆكارانە دادەنرێت كە بۆتە هۆی كۆچیێكردنی كوردەكان لەناوچەكە سەبارەت بەم دوو خزمەتگوزارییە بەڕێوەبەری ناحیە وتی: كارەبای گوێر سەر بەموسڵەو لە رۆژێكدا نزیكەی 6-8 كاتژمێر كارەبای حكومی هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم بڕە كەمەی كارەبا هەوڵمانداوە لە ڕێگای موەلیدەی ئەهلیەوە قەرەبووی ئەو بێ كارەباییە بكەین، هەر بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆڕی كارەبای گوێر بە تۆڕی كارەبای كوردستانەوە ببەستێتەوە، تاوەكو هاووڵاتیانی گوێریش بەهاوشێوەی هاووڵاتیانی كوردستان بێبەش نەبن لەو بڕو ماوەیەی كارەبایەی لە كوردستان هەیە، چونكە ئەو بڕە كارەبایەی ئێستاكە لەموسڵەوە بۆمانی رەوانە دەكەن زۆر كەمەو رووبەرووی گلەیی و رەخنەیەكی زۆر بووینەتەوە، بەڵام ئێستا لە تۆڕی كارەبای هەولێر تاوەكو گوندی تەرجان هاتووە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستان بگاتە گوێرو گوندەكانی . لەلایەكی ترەوە ئامێری كارەبایی بەتایبەتی ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبامان نییەو لەكاتی كەوتنەوەی هەر گرفتێكی كارەبا بە پەیژە گرفتەكە چارەسەر دەكەین.
تۆڕی ئاوی خواردنەوەكەی كۆنە
ئاو لە ریزبەندی پێشەوەی پێداویستیەكانی هاووڵاتیان دادەنرێت، بەڵام كەمئاوی و خراپی تۆڕی دابەشكردنی ئاو لەناوخۆی ناحیەكە بەرادەیەك وای لەزۆر هاووڵاتیان كردووە لە ڕێگای سۆندەو بۆڕیەوە راستەوخۆ ئاو لە زێ یەكە رابكێشن، لەلایەكی ترەوە كەمی ئەم خزمەتگوزارییە لە گوندەكان وایكردووە ژمارەیەك گوندنشین دووبارە بەرەو شارەكان كۆچ بكەنەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی: كاتێك پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوێر جێبەجێ كرا بەپێی دانیشتوان و پێداویستی ئەو كاتی هاووڵاتیان بوو، بەڵام ئێستاكە ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكە زیادبووەو خەڵك ئاستی پێداویستیەكانیان بۆ ئاو بەرزبۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەچەندین شێوە ئاو بەفیڕۆ دەڕوات، ئێمە لە گوێر كێشەیەكی تریشمان هەیە ئەویش ئەوەیە ماڵەكان تانكی ئاو و بەلوعەیان نییە، بەمەش هاووڵاتیان ناتوانن ئاو گل بدەنەوەو ئاوێكی زۆریش بەفیڕۆ دەدەن، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی كەم ئاوییە، هەروەها تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ناو گەڕەك و سەنتەری ناحیەكە زۆر كۆنە و زۆرجاریش لەهەندێك شوێن دەشكێت و بەم هۆیەشەوە دووبارە گرفتی كەمئاوی رووبەرووی خەڵكەكە دەبێتەوە. بۆچارەسەركردنی ئەم گرفتە بڕیارە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بەدرێژایی 4 كیلۆمەترو بە بۆری 12 ئینج لە پرۆژەی ئاوەكەمانەوە ئاو رابكێشین بۆ ناو سەنتەری ناحیەكە، بەمەش تارادەیەك باش گرفتی كەمئاوی نامێنێت.
ئاو بەزێدەڕۆیی راكێشراوە
ئاوەڕۆی هەولێر لەنزیك پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی گوێر دەرژێتەوە سەر زێی گەورەو رەنگە گرفتی تەندروستی لێبكەوێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو ماڵانەی راستەوخۆ لەسەر زێ ئاویان راكێشاوە، لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی: راستە ئاوەڕۆی هەولێر دەرژێتە ناو زێی گەورەو ئاوی خواردنەوەی ناحیەكەشمان لەسەر زێ كەیە، بەڵام ئێمە چارەسەری ئەم گرفتەمان كردووە، بەوەی كاتێك ئاو رادەكێشین بۆ پرۆژەكەو لەوێشەوە دەینێرینە ناو سەنتەری ناحیە، ئەم كارە بەقۆناغەكانی پاڵاوتن و خاوێنكردنەوە دەچێت و دواتر پشكنینی بۆ دەكرێت و دڵنیا دەبین لە پاكی ئاوەكە پاشان بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرێت، لەلایەكی تر ئەو ماڵانەی بۆ خۆیان لە زێی گەورە ئاویان راكێشاوە بۆ مەبەستی خواردنەوە نییە بەڵكو بۆ جلوبەرگ شتن و باخچە ئاودانە، لەگەڵ ئەمەش دا ئەم حاڵەتانە زێدەڕۆییەو لیژنەمان داناوە بۆ بەدواداچوون و لەپێناو تەندروستی گشتی ڕێگا نادەین دوور لە رێنمایی تەندروستی و زانستی ئاو رابكێشرێتە ناو ناحیەكە، چونكە ئەو ئاوە بێ پاككردنەوە بۆ هیچ شتێك ناشێت.
دانانی قەپانێك چەندین رووداوی لێكەوتۆتەوە
سەبارەت بە كۆنی شەقام و ڕێگاوبانەكان بەتایبەتی ڕێگای نێوان هەولێر- گوێر كە بۆچی تا ئێستا نەكراوەتە جووت- ساید بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: لەماوەكانی پێشوو لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا ڕێگای سەرەكی هەولێر- گوێر نۆژەنكرایەوە، بەڵام بەهۆی لۆری و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر قورسایی و قەڵەباڵغیەكی زۆر لەسەر ئەم ڕێگایە هەیە، هەر بۆیە لەبەرنامەدایە بكرێتە جووت ساید، كێشەیەكی تری ئەم ڕێگایە ئەوەیە لۆریەكی زۆری بارهەڵگر بەسەری تێپەڕ دەبێت بەتایبەتی لەلای گوێرەوە بۆ هەولێر، كە ئەمە دەبێتە هۆی تێكچوونی ڕێگاوبانەكە گەرچی قەبان لە سایدەكەی تر لەنزیك هەولێر دانراوە، بەڵام دەبوو ئەم قەبانەی بۆ لۆرییە بارهەڵگرەكان دانراوە لەلای راستی ڕێگاكە دانرایە و نزیك ناحیەی گوێر بووایە، چونكە كاتێك لۆرییەكان روو لەقەبانەكە دەكەن پێویستە بچنە سایدەكەی تر و لەئەنجامی ئەمەش دا چەندین رووداوی دڵتەزێن روو دەدات، هەربۆیە پێویستە چارەسەرێكی بەپەلەی ئەو قەپانە بكرێت و بگوازرێتەوە دیوی راستی ڕێگاكەو لەنزیك گوێر دانرێت.
كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بەكۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵو خاشاك بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی : بەبەردەوامی كاری پاككردنەوەی ناحیەكە لە زبڵ و خاشاك دەكرێت، هاوكات حاویەی زبڵمان بەسەر هاووڵاتیان دابەشكردووە، بەڵام زۆربەی هاووڵاتیان بەكاری ناهێنن زۆر بەخراپی زبڵ و خاشاكەكە لەبەردەرگا دادەنێن و فڕێی دەدەنە ناو گۆڕەپانەكان و شوێنی بەتاڵ، گەرچی لەناو سەنتەری ناحیەو گەڕەكەكانیش حاویەی گەورەمان داناوە، بەڵام ئەمەش مامەڵەیەكی تەندروستی لەگەڵ ناكرێت و لەدەوروبەری حاویەكە زبڵ فڕێ دەدرێت، هەر شارەوانی زبڵ و خاشاكەكە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێكی دیاریكراو لەدەرەوەی ناحیەو فڕێی دەدات، فڕێدانی ئەم زبڵ و خاشاكە لە دەرەوەی شار بەمشێوەیە زۆر تەندروست نییەو پێویستە كارگەیەكی ریسایكلین بۆ هەموو سنووری قەزای مەخموور دانرێت تاوەكو بەشێوەیەكی تەندروست لە زبڵ و خاشاك رزگارمان بێت.
گوێر پزیشكی ئافرەتی نییە
لەبارەی گرفتی میلاكات و پزیشكی پسپۆرو نەبوونی نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی : ناحیەكە بنكەیەكی تەندروستی هەیە، بەڵام گرفتی نەبوونی پزیشكی پسپۆرو ئافرەتمان هەیە، ئەمە جگە لەبوونی گرفتی دەرمان، چونكە حكومەتی ناوەندی مانگانە بەچەند جارێك دەرمان بۆ بنكەی تەندروستیەكە دەنێرێت هەربۆیە هەندێك جار گرفتی كەم دەرمانی روو دەدات.
گرفتی نەبوونی مامۆستای وانە زانستیەكان هەیە
سەبارەت بەبواری پەروەردەو بوونی سێ دەوامی و دوو دەوامی بەڕێوەبەری ناحیە وتی: بەهۆی زۆری قوتابی و كەمی بینایە گرفتی قەرەباڵغی لەناو پۆلەكانی خوێندن هەبووەو گرفتی دوو دەوامی و سێ دەوامیمان هەبوو، بەڵام ماوەیەكە چەند قوتابخانەیەكمان بۆ دروست كراوە ئەو كێشەیەی كەمتر كردۆتەوە بڕیاریشە قوتابخانەی تر بكرێتەوە ئەو كات گرفتی سێ دەوامی و دوو دەوامیمان بەتەواوەتی نامێنێت، لەلایەكی ترەوە گرفتی نەبوونی مامۆستای پسپۆری وانە زانستیەكانمان.
وەزارەتی كشتوكاڵ جۆگەیەكی ئاودێری بۆ نەكردووین
هەروەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا ناحیەی گوێر سنوورێكی كشتوكاڵی یە بەڵام نەبوونی هاوكاری ئەنجام نەدانی پرۆژەی كشتوكاڵی ڕێگر بووە لەبەردەم بوژانەوەی ئەم كەرتە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەندێك جار كاری بۆ ئەم سنوورە كردووە، بەڵام بەپێی وێرانبوونی سنوورەكەمان و پێداویستیەكانی نییە، هەندێك پەین و خانووی بلاستیكی و ئامێری ئاوڕشتن دراوە بەجوتیاران، پێویستە زیاتر پاڵپشتی و هاوكاری جوتیارانی ئەم سنوورە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بكرێت، چونكە ناوچەیەكی كشتوكاڵیەو نزیكە لەسەنتەری هەولێرەوەو دەتوانێت سەوزەو میوەو خۆراكێكی زۆر بۆ ئەو شارە دابین بكات. هاوكات كارگەكانی قوم و چەو لەناوچەكە گرفتێكی ترە بۆ زەوی كشتوكاڵی چونكە رووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵی لەناوبردووە، كاتی ئەوە هاتووە سنوورێك بۆ ئەم كارگانە دابنێت. لێرەدا داوا لەوەزارەتی كشتوكاڵ دەكەین زیاتر گرنگی بەپرۆژەكانی ئاودێری بدات، گلەییمان لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم هەیە كە یەك جۆگەی ئاودێریشی بۆ سنوورەكە ئەنجام نەداوە، لەكاتێكدا زێی گەورە بەسنوورەكەدا دەڕوات.
دەستەی وەبەرهێنان هیچ پرۆژەیەكی بۆ ئەنجام نەداوین
بارودۆخی ناوچەكە واقیعێكی وای خوڵقاندووە كە كەرتی تایبەتیش لەم ناوچەیە پرۆژەو كاری وەبەرهێنانی كەم بێت بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر سەبارەت بەهۆكاری نەبوونی پرۆژەی وەبەرهێنان وتی: وەبەرهێن تا ئیمتیازات و پاڵپشتی نەدرێتێ لەم سنوورە پرۆژەی كەم دەبێت، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان هیچ پرۆژەیەكی لەسنووری ناحیەی گوێر نییەو ئەنجامی نەداوە لەكاتێكدا ئێمە پێویستیمان بە پرۆژەی نیشتەجێبوون هەیەو ناوچەیەكی گەشتوگوزارین و لە هەولێرەوە نزیكین، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە دێنە ئێرەو هەر كە دەزانن سەر بە پارێزگای موسڵین راستەوخۆ پاشەكشە دەكەن و كارەكان ئەنجام نادەن، هەر بۆ نموونە كۆمپانیایەكی دوبەی هاتە ناوچەكەو گفتوگۆی لەگەڵمان كرد بۆ ئەنجامدانی ناوچەیەكی گەشتیاری لەسەر زێی گەورە هەر كە زانی سەر بەئیدارەی موسڵین رۆیشتن و تا ئێستاش وەڵامیان نییە. لەلایەكی ترەوە چەندین شوێنەوار لەسنوورەكەمان هەیەو پشتگوێ خراون و هیچیان بۆ نەكراوە.
حاڵەتەكانی خنكاندن لەسەر زێی گەورە هەیە
لەبەر ئەوەی سەنتەری ناحیەكە كەوتۆتە سەر زێی گەورە بۆیە زۆربەی جار حاڵەتی خنكاندن روودەدات، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: حاڵەتی خنكاندن لەسەر زێی گەورە هەیە، هۆكارەكەشی بۆ ئەو شوێنی غەسالەو كارگانە دەگەڕێتەوە كە لەسەر زێ یەكە كار دەكەن، پێویستە چارەسەر بكرێن و ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێت و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، بۆ نەهێشتنی حاڵەتی خنكاندن تەنیا توانیومانە نیشانە لەو شوێنانە دابنێین كە كارگەو غەسالەی تێدا بووە، بڕوا بكەن كارگەكانی غەسالە بەشێوەیەك رووبارەكەیان تێكداوە كاریگەری بۆ سەر ئەو پردە گەورەیەش هەبوو كە لە ناحیەكەماندا هەیەو دووچاری داڕمانی دەكات .
ماستەر پلان نییە
سەبارەت بەماستەرپلان و گەورەبوونی شارۆچكەكە بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر وتی : ئێمە ماستەرپلانمان نییە، بەڵام نەخشەیەكی بنەڕەتی ڕێكوپێك بۆ شارۆچكەكە بەئاگاداری لایەنە پەیوەندارەكان دانراوەو لەسەر ئەم نەخشە بنەڕەتیەش توانیومانە ژمارەیەك زەوی بكوژێنینەوە، هەر بەپێی ئەم نەخشە بنەڕەتیەش توانیومانە گەورە بوونی شارەكە ئەنجام بدەین.
دەسەڵاتی ئیداریمان كارا نییە
بەڕێوەبەری ناحیەی گوێر سەبارەت بەدەسەڵاتی ئیداری و دارایی وتی: بەبڕیارێك دەسەڵاتی ئیداری دابەزییە خوارەوە، بەڵام ناتوانرێت كاری پێ بكرێت، چونكە بوونی دەسەڵاتی ئیداری پێویستی بەدەسەڵاتی دارایی و یەكەی ژمێریاری هەیە، بەڕێوەچوونی كارەكانمان رۆتین و بیرۆكراتیەتی زۆری دەوێت، كێشەی ئێمە زۆر ئاڵۆزترە لە ناحیەو قەزاكانی تری سەر بەپارێزگای هەولێر، چونكە ئێمە ناتوانین فشار بۆ سەر پارێزگای هەولێر بكەین و داوای بودجەو بڕی پارە بكەین بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان لەبەرئەوەی بودجەی هەموو قەزای مەخموور بەناحیەكانیشیەوە سەر بە پارێزگای موسڵە، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر جار پارێزگای هەولێر بودجەمان بۆ تەرخان دەكات و دەیدات بە كارو پرۆژە لە سنوورەكەماندا. بەگشتی هاووڵاتیانی گوێر و دانیشتووانی سنوورەكەمان داوا دەكەن بەزووترین كات لە رووی ئیداری و داراییەوە بگەڕێینەوە سەر سنووری هەولێر، چونكە ئەو كارو پرۆژانەی بۆ گوێر دەكرێت لەلایەن موسڵەوە زۆر زۆر كەمەو وەكو ئەوە وایە هیچیان بۆ نەكردبین.