دووبز..وەزارەتی بەرگری و كۆمپانیای نەوتی عیراقی ڕێگری دەكەن لەجێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان

دووبز..وەزارەتی بەرگری و كۆمپانیای نەوتی عیراقی ڕێگری دەكەن لەجێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
كاتێك سەردانی دووبزمان كرد لەلایەن تیرۆریستانەوە بە3 گولە هاوەن هێرش كرابووە سەر قەزاكە، ئەمە جگە لەوەی جموجوڵی هێزەكانی فیرقە لەو سنوورەدا هەبوو، تێكچوونی بارودۆخی ئاسایش و كەوتنەوەی نائارامی لەناوچەكەدا زۆر زیادیكردووە لە دوای جووڵاندنی هێزەكانی سوپای عێراق و لەشكركێشی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ مێژووی ساڵەكانی(1963 و 1974 و 1980) كە ئەوكات لەلایەن حكومەتی عێراقەوە هەموو گوندەكانی خاپور كران و، خەڵكەكەشی دەربەدەركراون و عەرەبی هاوردەیان هێنایە سەر ماڵ و موڵك و گوندی كوردەكان، تەنانەت 7 گوندی گەورەو كۆمەڵگایان بۆ عەرەبە هاوردەكان لەسنووری ناحیەی سەرگەڕان دروستكرد، هەر بۆیە قەزای دووبز بە دەروازەی تەعریب و تەرحیل دادەنرێت و تا ئێستاش لەهەموو خزمەتگوزارییەك پشت گوێخراوە. لەدوای ساڵی 1991یش ئەو پرۆژەو كارانەی لەم سنوورەدا ئەنجامدرا لەئاست ئەو كاولكاری و پێداویستیانەی ئەمڕۆدا نییە، ئەمە لەكاتێكدا تادێت ژمارەی دانیشتووانەكەی بۆ زیاتر لە 46 هەزار كەس زیادیكردووە، ئەمەش وایكردووە هاووڵاتیانی سنوورەكە گلەیی و رەخنەیەكی زۆریان لەكارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەبێت، وەكو تیمی (گۆڤاری گوڵان) سەردانی قەزای دووبز و سنوورەكەیمان كرد و لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند كە گلەییان لە بواری پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاریی شارەوانی هەبوو، ئەو گلەیی و داواكاریانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان لە (عەبدوڵڵا نورەدین) قایمقامی قەزای دووبز كرد.

هاووڵاتیانی دووبز:
سەڕەرای پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری لەشكركێشی سەربازیشمان دەكرێتە سەر
سەرەتا سەبارەت بەلایەنی ئاسایش و دڵەڕاوكێی دانیشتووانەكە لە هەڵكشانی هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو كەوتنەوەی دۆخێكی نائارمی لە ناوچەكە دایكی محەمەد دەڵێت: لەم چەند ساڵەی دواییدا لێرەو لەوێ چەند پرۆژەو كارێكی خزمەتگوزاری جێبەجێ كراوەو باری ئەمنی باشتر بوو، بەڵام بەهاتنی سوپاو كەوتنەوەی دۆخێكی نائارام لەناوچەكەماندا ئێستا زیاتر داواكاری خەڵكەكە پاراستنی لایەنی ئەمنی و نەهێشتنی هاتنی هێزەكانی سوپای عێراقە، كە بەتەئكید تیرۆرست و نائارامی بۆ ناوچەكەمان دێنن و دژایەتی كورد دەكەن. سەبارەت بەخراپی رەوشی تەندروستی و نەبوونی نەخۆشخانە لەدووبز لەگەڕەكی شەریكەی نەوت بەهادین ئەحمەد پێی وابوو نەبوونی نەخۆشخانە بەیەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە رووبەڕووی دانیشتووانی دووبز بۆتەوە، بەرادەیەك وایكردووە بۆ چارەسەری تەندروستی رووبكەنە شاری هەولێرو كەركووك، هەربۆیە ئەم هاووڵاتییە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد گرنگیەگ بەكەرتی تەندروستی و دابینكردنی ئامێری پزیشكی بدرێت. هاووڵاتی عەلائەدین ئەنوەر گلەیی لەخراپی بواری پەروەردە كرد بەتایبەتی خوێندنی كوردی كە حكومەتی ناوەندی بەتەواوەتی ئەو قوتابخانانەی پشتگوێخستووەو تەنانەت لەناو بینایەی قوتابخانە عەرەبیەكاندان، عەلائەدین گلەیی ئەوەشی هەبوو كە دروستكردنی پردی نوێی ڕێگای پردێ و هەولێر زۆر دواكەوتووەو ئومێدی خواست خێرایی بكرێت لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە چونكە ئەم پردە دووبز دەبەستێتەوە بەهەولێرو كوردستانەوە. لەگەڕەكی شەهیدانیش قوتابیەكی عەرەب بەناوی سەڵاح ئیبراهیم هەر سەبارەت بەهەمان گرفتی كەرتی پەروەردە باسی لەخراپی بواری قوتابخانەكان كردوو وتی : قوتابخانەكەمان گیرۆدەی چەندین گرفت بووە هەر لەكۆنی قوتابخانەو نەبوونی كورسی و پێداویستیەكانی تری قرتاسیەو خوێندن تا نەبوونی مامۆستای پێویست بەرادەیەك تا ئێستا وانەی بیركاریمان نەخوێندووە. هاووڵاتییەكی تر بەناوی ئیبراهیمەوە سەبارەت بەخراپی ئاستی دابینكردنی پێداویستیەكانی قوتابخانە كوردییەكان پێی سەیر بوو حكومەتی هەرێم ئەو حاڵەتە بەو شێوەیە پشتگوێ بخات لەكاتێكدا لەسەرجەم عێراق زیرەكترین قوتابی لەم قەزایە بوو، یەكێك لەو گرفتانەی قوتابخانە كوردییەكان رووبەرووی بوونەتەوە نزمی ئاستی زانستییە، هاووڵاتی فەخرەدین نەجمیش باسی لەخراپی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی كرد بەتایبەتی نەبوونی ئاوەڕۆ و رێكخستن و قیرتاوكردنی هەندێك كۆڵان و گەڕەك كە شەقامەكانیان تێكچوون، ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەمەترسی تێكەڵبوونی ئاوەڕۆی دووبز بۆ ناو زێ كرد كە كار وابڕوات ئەو زێیە بەتەواوەتی پیس دەبێت. لەگەڕەكی كوردستانیش هاووڵاتی محەمەد مەلا حەمە نوور داوای لەحكومەتی هەرێم كرد خانوو بۆ خانەوادەی شەهیدان دروست بكرێت و ژمارەیەكیش لە خانووەكانمان بێ تاپۆن و دانیشتووانەكانی داوایان لەحكومەت كردووە خانووەكانیان بۆ تاپۆ بكەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەبووەو چارەسەر نەكراوە، ئێمە داوا دەكەین ئیدارەی قەزاكەو پارێزگاكەمان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە حكومەتی بەغدا جگە لەوەی لەهەموو ڕوویەكی خزمەتگوزارییەوە دواكەوتووە هاوكات بەنایەكسانی ناڕوانێتە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و غەدر لەپارێزگایەكی دەوڵەمەند بەنەوت دەكات، ئەوەی ئێستا نوری مالیكی بەرامبەر بەناوچەكەمان دەیكات و هەڕەشەی سەربازیمان لەسەر دەكات هەمان كارەساتەكانی رابردووە لاسایی رژێمە شۆڤێنی و بكوژەكان دەكاتەوە، ئەوەتا تا بۆیان بكرێت لەنەتەوەی عەرەب دادەمەزرێنن و كوردەكانیش پشتگوێ خراون! هەر سەبارەت بەدامەزرانی عەرەبەكان و پشتگوێخستنی نەتەوەی كورد لەدامەزراندن بەتایبەتی لەكۆمپانیای نەوت هاووڵاتی عوسمان محەمەد وتی: كوردەكان لەكۆمپانیای نەوت دانامەزرێن چونكە دامەزراندن لەو كۆمپانیایە شێوازێكی شۆڤێنی وەرگرتووە. سەبارەت بەبارودۆخی خزمەتگوزاری لە گوندەكان هاووڵاتییەك پێی وابوو ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەگوندێكەوە بۆ گوندێكی تر دەگۆڕدرێت بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گرفتی تەندروستی و قوتابخانەیان هەیە، ئەمەش وایكردووە ئەو گوندانەی فەرامۆشكراون وردە وردە چۆڵ دەكرێت. كۆچكردنی گوندنشینەكان یا نەگەڕانەوەی كوردەكان بۆ چارەسەرنەكردنی گرفتی گەڕانەوەی زەوییەكانیان دەگەڕێتەوە لەمبارەیەوە هاووڵاتی محەمەد یاسین وتی: تا ئێستا یەك مەتر زەوی كشتوكاڵی بەپێی یاسا بۆ خاوەنەكانیان نەگەڕێنراونەتەوەو زۆر زەوی كشتوكاڵیش هەیە هەر بەداگیركراوی ماوەتەوە ئەمەش وایكردووە گوند هەیە تەنیا یەك ماڵی تێدایەو ئەوانی تریش وەكو گوندەكانی مەلحەی كوردان و عەلەخێ و شیرناو هەروەها تەقتەق تەنیا 4 ماڵی تێدایە هەر سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان ژمارەیەك لە هاووڵاتیان مەترسی ئەوەیان نەشاردەوە كە بەو پێیەی ئاویخواردنەوەیان لە ئاوی زێ وە بۆ دێت و زێیەكەش ئاوەڕۆی قەزاكانی پردێ و تەقتەق و دوكان و قەڵادزێ و رانیەو چوارقورنەی لەسەرە هەربۆیە مەترسی ئەوەیان هەیە لە رووی تەندروستیەوە خراپ بێت.




بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر كەموكوڕییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان سەردانی قایمقامیەتمان كردوو لەلایەن عەبدوڵا نورەدین قایمقامی دووبز بەڕاشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە .

كێشەی زەویو زار هەیە
سەرەتا سەبارەت بەگرنگی ناوچەكە بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە قایمقامی قەزای دووبز وتی: ناوچەی دووبز بە ناوچەیەكی ئابووری گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت، سنووری قەزای دووبز بەچاڵە پێترۆڵی و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەباو بەنداوو زەوی كشتوكاڵی و ناوچەیەكی گەشتوگوزاری ناسراوە، ئەمە جگە لەبوونی پڕۆژەی ئاودێری كە توانای ئاودێری زۆری هەیە، بەڵام جێی داخیشە تا ئێستا دانیشتووانەكەی هیچ سوودێكیان لەو سامانە نەوتییە وەرنەگرتووە، چونكە رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق لەبەر ئەو سامان و ستراتیژییەتەی ناوچەكە دژایەتی پارێزگای كەركوكیان بەگشتی كردووەو شارۆچكەكەشمان پشكی زۆری لەم دژایەتییە بەركەوتووە، بوونی ئەو پرۆژە ئاودێرییانەش بۆ مەبەستی سوود وەرگرتن نەبوو بۆ خەڵكی جووتیاری كورد بەڵكو بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆسەی تەرحیل و تەعریب و نیشتەجێكردنی عەرەبەكان بوو لەناوچەكانی حەویجەو حەمرین و دوزخورماتوو، ئێستا زۆربەی ئەو پرۆژەو كارانەی كە دەمانەوێت لەدووبز جێبەجێی بكەین لەلایەن سوپای عێراقی و وەزارەتی بەرگری و كۆمپانیای نەوت و وەزارەتی كارەباوە رێگریان لێ دەكرێت، چونكە زۆر لەو زەوییانەیان دەكەونە ناو سنووری شارەوانی دووبزەوە كراون بە موحەرەماتی نەوت یا موحەرەماتی وەزارەتی بەرگری، پێمان سەیرە لەم شارۆچكەیە نەوت و كارەبا بەرهەمدێت لەبری پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری كەچی ئەوان ڕێگرن لە ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری. ناكرێت دەست بۆ هەر زەوییەك ببەیت بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئەوان بەبیانووی موحەرەماتی نەوتی یا سوپاوە ڕێگری لە پێشكەشكردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بكەن كە ئەمڕۆ هاووڵاتیان زۆر پێویستیانە. بەپێی ئەو ماستەرپلانە بێت كە تا 25 ساڵ بۆ دووبز دانراوەو قەزاكە فراوانی بەخۆوە دەبینێت هەتا ئەمڕۆ لەزەویی شارەوانی كار دەكەین بەڵام لەچەند ساڵی داهاتوو لەگەڵ فراوانبوونەكە كێشەكە بەتەواوەتی سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەناوچەی نمرە هەشت دەرچووە كە خراوەتە ناو پرۆژەكانی 2013ەوە، بەڵام دەكەوێتە ناو شوێنی موحەرەماتی نەوت ناچار شوێنەكەمان گواستەوە . ئەو پرۆژانەی كە ئەنجام دراون بەپێی ئەو بودجەیە جێبەجێ كراوە كە هەبووە، كە پێش پێترۆ دۆلار زۆرترین بودجە 114 ملیار دینار بووە و ئێستا 580 ملیار دینارە، هەربۆیە لەمساڵ و ساڵی داهاتوو پرۆژەی باش لەدووبز ئەنجام دەدرێت لەوانە پرۆژەی پردی دووبز كە بەرێژەی 55%كاری تێدا كراوەو رۆڵی گرنگی دەبێت بەبەستنەوەی دووبز بەهەولێرو موسڵەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو پردە كۆنەی ساڵی 1954 دامەزرابوو تەنیا بۆ كۆمپانیای نەوت بوو مەترسی رووخان و ئاگركەوتنەوەی لێدەكرێت چونكە بۆری غازی پێدا تێپەڕ دەبێت . هەر سەبارەت بەكێشەی موڵكداریش قایمقامی دووبز وتی: دوای پرۆسەی ئازادی عێراق خەڵكە تەرحیلكراوەكە گەڕاوەتەوە سەر زەوی خۆی بەڵام بەرەسمی زەوییەكانیان نەگەڕاوەتەوە، هەربۆیە لەهەموو ئیمتیازێكی قەرزی كشتوكاڵی و پێدانی تۆو پەین و شتی تر بێبەشە،دەستەی موڵكداریش تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ كێشەیەك چارەسەر بكات و ناشتوانێت .
هێزی دیجلە بەتووندی رەت دەكەینەوە
سەبارەت بەدەنگۆی هاتنی ئۆپەراسیۆنی هێزی دیجلە بۆ ناوچەكە قایمقامی دووبز ئاماژەی بەوەدا كە پێش جموجوڵەكانی ئەم دواییەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە فریقەی 12ی سوپای عێراق لەسنووری ناوچەكەماندا بوونی هەبووە، هاوكات نزیكترین خاڵی سوپای عێراق لە ئێمەوە لیوای 49 و 47 كە تا ئێستا هیچ كێشەیەكمان لەگەڵیاندا نەبووە و شوێنی خۆیان نەگۆڕیوەو لەكۆبوونەوە ئەمنییەكان بەشدارن لەگەڵماندا، بەڵام وەكو ئیدارەی دووبزو خەڵكی قەزاكە هێزی دیجلە بەتوندی رەت دەكەینەوە، گەرچی لەناوچەی نێوان سابوونچی و مەلاعەبدوڵا لەسنووری قەزای دووبزو ناحیەی مولتەقا هێزی دیجلە لەشكركێشی كردووەو هاتوونەتە پێش و چەند تۆپێكیشیان دامەزراندووە . ئەمەو قایمقامی دووبز ئەوەی روونكردەوە كە لەسنووری دووبز هیچ كێشەیەكی ئەمنی و تیرۆرستی نەبووە و هەموو پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان كێشەو گرفتیان لەنێواندا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەو لەشكركێشییەی سوپای عێراقی و ئاڵۆزكردنی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان لێرەو لەوێ چەند كارێكی تیرۆرستی سەریهەڵداوە وەكو ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا چەند گولە هاوەنێك نرا بە شارەكەمانەوە بۆ شێواندنی بارودۆخەكەیە كە بەكاتێكی ناسك و هەستیار تێپەڕ دەبێت.
نەبوونی تاپۆو كێشەی خانووە داگیركراوەكانی كورد
سەبارەت بەوەی تاچەند توانراوە كێشەی خانووە بێ تاپۆكان چارەسەر بكرێت قایمقامی دووبز گوتی: قەزاكەمان وەكو هەموو ناوچەكانی تر بێبەش نییە لەكێشەی تاپۆ، بەتایبەتی كە لەكاتی هەڵمەتی تەرحیلكردنی كوردەكان لەقەزاكەمان تاپۆ نەبوو لێرە لەساڵی 1981 دەست بەتاپۆكردنی خانوو زەوی كراوە، هەربۆیە كاتێك ئەوانەی دەركرابوون و گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان سەرەتا بەپێی بڕیاری دادگا درایەوە بەخاوەن موڵكەكەو لە داگیركەرەكە سەندرایەوە بەڵام كاتێك چووە بەغداو كرا بەتەمیز لەوێ موسادەقەیان لەسەر نەكرد، نەگەڕانەوەی خانووە داگیركراوەكانی كورد مەسەلەیەكی سیاسییەو لەبەغدا دەستیان تێوەرداوە، هەربۆیە ئێمە نووسراومان بۆ جەنابی پارێزگا كردووەو هەموو دۆخەكەمان بۆ روونكردۆتەوەو لە پارێزگاش بەرزكرایەوە هەربۆیە تا دەستێوەردانی سیاسییانە لەبەغدا دژی مافی خوراوی هاووڵاتیانی كورد هەبێت هەموو ئیجرائاتێك رادەگرین، چونكە ئێمە خۆمان خەڵكی ئەم قەزایەین و بەزوڵمی دەزانین كەسانێك لەخانووەكان دەربكرێن، كە موڵكی خۆیانەو چەندین ساڵ زوڵمیان لێكراوە و ئێستاكە دووبارە زوڵمیان لێناكەینەوە جارێكی تر دەریان بكەینەوە.




كەرتی كشتوكاڵ
سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵی و فەرامۆشكردنی جوتیارە كوردەكان لەهەموو یارمەتی و هاوكارییەك كە حكومەتی بەغدا پێشكەشی جوتیارە عەرەبەكان دەكات قایمقامی دووبز گوتی: تا ئێستا 15 پرۆژە لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دووبز جێبەجێ كراوە، بەڵام ئێمە خۆمان بەكوردستانی دەزانین بۆیە ئێمە چاوەڕێی پرۆژەو كاری زیاترین، دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو پێیەی دووبز كوردستانییەو ناوچەیەكی ستراتیژییە بۆ هەرێمی كوردستان پرۆژەی كشتوكاڵیمان بۆ بكات یا جوتیارەكانیشمان كە گەڕاونەتەوە سەر زەوییەكانیان و بەغدا زوڵمیان لێدەكات و قەرزی كشتوكاڵییان ناداتێ با حكومەتی هەرێمی كوردستان قەرزی كشتوكاڵی بدات، لەو 10 ساڵەدا هەر ساڵی چەند جوتیارێك تۆو گەنم و خانووی بلاستیكی و قەرزی كشتوكاڵی پێبدایە ئێستا زۆربەی جوتیارەكان لەهەرێمەكەی خۆیان سوودمەند دەبوون لەكاتێكدا حكومەتی بەغدا جوتیارەكانی دووبزی لەهەموو هاوكاری و یارمەتییەك بێبەش كردووە بڕوا بكەن بڕیارەكانی حكومەتی ناوەندی هیچی كەمتر نییە لە بڕیارەكانی رژێمی بەعس تەنیا ژمارەی نووسراوەكە گۆڕدراوەو ناوەڕۆكەكەی هەمان شێوەیە.
دامەزراندن لەكۆمپانیای نەوت و وێستگەی كارەبا
سەبارەت بە نەبوونی دامەزراندن بۆ كارمەندە كوردەكان بەتایبەتی لەهەردوو كۆمپانیای نەوت و كارەبا قایمقامی دووبز پێی وابوو: دانەمەزراندنی كوردەكان بەتایبەتی لەكۆمپانیای نەوت بۆ ئەو بڕیارە مەركەزییانە دەگەڕێتەوە كە شۆڤێنێتی تێدایە، ئەوەتا لەكۆمپانیای نەوتی باكوور كۆمەڵێك كەس دامەزراوە كە زیاتر لە 80%ی عەرەبن، من پێم سەیرە كۆمپانیای نەوتو كارەبا سەر بەكەركووك نییە و لەلایەن كۆمپانیای نەوتی شیمالەوە دەبرێت بەڕێوە و بەئارەزوو بەپێی پیلانی خۆیان بەڕێوەی دەبەن.
قوتابخانە كوردییەكان و ئاستی پەروەردە
سەبارەت بەكەموكوڕی كەرتی پەروەردە بەتایبەتی پەروەردەی كوردی قایمقامی دووبز هۆشداری دایە لایەنی پەروەردە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كە بارودۆخی پەروەردەی كوردی و قوتابخانە كوردییەكان زۆر خراپن و بەراستی كەموكورتی كەرتی پەروەردەی كوردی لەناوچەكەمان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناكرێت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی قوتابیان و گۆڕانكاری لەمەنهەجدا هیچ هەنگاوێك نەنرێت قوتابخانە كوردییەكان لەدووبز میوانی قوتابخانە عەرەبییەكانە، بۆ نموونە لەقوتابخانەی خەزرەج قوتابخانەی كاوە لەوێ دەوام دەكەن لەجابر ئەنساری قوتابخانی كوردی ئەهرازی بەسەرەوەیە، لەرووی كادیرو مامۆستاشەوە ساڵانە نەچوون لەپەیمانگاو زانكۆكان چەند كورسییەكی بۆ قوتابیەكانی ئێمە تەرخانبكردایە تاوەكو لەدوا رۆژدا ببنە مامۆستا لەپسپۆرایەتییە جیاجیاكان و بێنەوە خزمەت بەنەتەوەكەیان بكەن و پەروەردەی كوردی پێش بخەن. ناكرێت لەوەرگرتنی قوتابیان لەزانكۆكانی كوردستان ئەم ناوچە دابڕێنراوانە فەرامۆش بكرێت. تۆ سەیری ئەم سیاسەتە بكە بۆ پێشخستنی كەرتی پەروەردەی كوردی قوتابیەكانمان بەكوردی دەخوێنن كەچی زانكۆكانی كوردستان وەریان ناكرێت ئیتر چۆن ئاستی زانستی ئەو قوتابیانە بەرز دەبێتەوە.
لەكۆتاییدا قایمقامی دووبز وتی: كاتی ئەوەهاتووە ئاستی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان لەم ناوچەیەدا فراوانترو زیاتر بكرێت چونكە بەغدا ڕێگرە لە پێشكەوتنی ناوچەكەمان، دووبز تا ئێستا بنكەیەكی فریاكەوتنی خێراو نەخۆشخانەیەكی منداڵبوونی لێ نییە، ئێمە دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بۆ گەرمیان كارو ئیش دەكەن بەڵام قەزاكەی ئێمەو هەردوو ناحیەكەمان پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە، من نامەوێت هاووڵاتیانی دووبز هەست بەوە بكەن كە جیاوازن بەراورد بەگەرمیان و مەخموورو ناوچە دابڕێنراوەكانی تر هەیە، هەربۆیە داوا لەسەرۆكایەتی هەرێم دەكەم گرنگیەكی زیاتر بەناوچەكەمان بدات و دوو قوتابخانەی 18 پۆلی و بنكەیەكی فریاكەوتنی خێراو نەخۆشخانەیەكی منداڵبوون بكاتەوە كە بەیەكێك لە پێداویستییە سەرەكیەكانی خوێندنی كوردی و هاووڵاتیان دادەنرێت، هەروەها داواكارم هاووڵاتیانی سنوورەكەمان لە پێشەكی خانووبەرەو هاوسەری بێبەش نەبێت لەكاتێكدا بۆ هەندێك ناوچەی دابڕێنراو هەیە كەچی بۆ سنووری ئێمە نییە، بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆلێژی كشتوكاڵ ناهێنێتە ئەو دارستانە گەورەیە كە لەناوچەكەدا وێنەی نییە و 2799 دۆنمە لەساڵی 1964 دامەزراوە، ناوچەكەمان بەو پێیەی كەوتۆتە نێوان هەولێرو كەركووك و ناوچەیەكی گەشتیاری جوانە دەكرێت چەند پرۆژەیەكی وەبەرهێنانی گەشتیاری تێدا ئەنجام بدرێت،. لەبواری ڕێگاوبان لەنێوان دووبزو كەركووك دوو سایت دروست دەكرێت كەچی بۆ هەرێمی كوردستان و هەولێر هەر یەك ڕێگای كۆنە.
جێی داخیشە ئەمساڵ بۆ 2013 لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەڵێنی هیچ پرۆژەیەكمان بێ نەدراوە.
Top