وەزیری خوێندنی باڵا به‌ وه‌كاله‌ت بریندارەكانی ڕوداوەكەی بەشی ناوخۆی فیردەوسی بەسەركردەوە

وەزیری خوێندنی باڵا به‌ وه‌كاله‌ت بریندارەكانی ڕوداوەكەی بەشی ناوخۆی فیردەوسی بەسەركردەوە
5 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی بریندارانەی ڕوداوەكەی بەشی ناوخۆی (فیردەوەس)ی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ڕێكەوتی (5/2/2013) د.كاوە مەحمود شاكر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەوەكالەت سەردانی نەخۆشخانەی (ئێمیرجنسی) سلێمانی كردو، لە نزیكەوە لە باری تەندروستی بریندارەكانی ڕوداوەكەی كۆڵیەوە، هەروەك هیوای زوو چاكبونەوەشی بۆ خواستن، ئەوەشی ڕاگەیاند: كە د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریاندا بەرنامەی سەفەرەكەیان بپچڕێنن و بەر لە تەواوبوونی وادەی دیاریكراوی سەفەركەی بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا د.كاوە مەحمود شاكر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەوەكالەت سەردانی پەیمانگەی تەكنەلۆژی سلێمانی كردو لەگەڵ مامۆستایانی و خوێندكارانی كۆلێژەكە كۆبوەوە، لەو كۆبونەوەیەدا د.كاوە مەحمود پرسەو ماتەمینی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەمامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژەكە ڕاگەیاند و هیوای زوو چاكبونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست.
لە بەشێكی دیكەی سەردان و بەسەركردنەوەكەیدا د.كاوە مەحمود شاكر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەوەكالەت بەشداریكرد لە مەراسیمێك، كە بۆ ڕێزگرتن لە گیانی قوربانیانی ڕوداوەكە لەلایەن فیدراسیۆنی رێكخراوە قوتابی و خویندكارییەكان لەبەردەم بەشی ناوخۆی (فیردەوەس) ڕێكیان خستبوو، لەو مەراسیمەدا د.كاوە مەحمود شاكر وتەیەكی پێشكەش كرد، لە وتەكەیدا جارێكی دیكە دڵتەنگی وەزارەتی بۆ ڕوداوەكەو گیان لەدەستدان و برینداربوونی خوێندكاران و قوتابیان و پاسەوانی بەشە ناوخۆییەكە دووپاتكردەوەو، پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانیان كردو هیوای زوو چاكبونەوەشی بۆ بریندارەكان خواست. لە بەشی كۆتایی مەراسیمەكەدا د.كاوە مەحمود شاكر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەوەكالەت تاجە گوڵینەی لەبەردەم بەشە ناوخۆییەكە دانا.
Top