زانکۆی گەرمیان خولێکی ھۆشیاری سەلامەتی بۆ قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان کردەوە

زانکۆی گەرمیان خولێکی ھۆشیاری سەلامەتی بۆ قوتابیانی  بەشە ناوخۆییەکان کردەوە
13 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- بە مەبەستی رێگرتن لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو دڵتەزێن، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان ھەستا بە کردنەوەی خولێکی ھۆشیاری و رێنمایی بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان.

د.فەرھاد قادر بەڕێوەبەری کاروباری فوتابیان لە زانکۆی گەرمیان راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بە ھاوکاری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی گەرمیان، شەوی رابردوو بە شێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی وانەیەکی تایبەت لەسەر ھۆشیاری و رێنمایی و راھێنان کراوە بە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی فاکەڵتی پەروەردە لە کەلار.

گوتیشی: لە سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە لەسەرجەم بەشە ناوخۆییەکان، پێداویستیەکانی (ئاگرکوژێنەوە، زەنگی ئاگاداکردنەوە و پەیژەی رزگاربوون) لە بەشە ناوخۆییەکاندا دابینکراون و لەم خولەدا رێنایی بە خوێندکاران درا لەسەر چۆنێتی بەکارھێنانیان. بەڕێوەبەری کاروباری قوتابیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەمان خول بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی فاکەڵتی زانستەمرۆڤایەتیەکان و وەرزش لە خانەقین ئەنجامدەدرێت.
Top