د.عەلی سەعید: ھەموو ھەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ باشکردنی بەشە ناوخۆییەکان

د.عەلی سەعید: ھەموو ھەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ باشکردنی بەشە ناوخۆییەکان
13 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- بۆ زیاتر چەسپاندنی کەلتوری تەندروستی و سەلامەتی لە ناو خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەزگاو دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی،لە ھۆڵی کۆبونەوەکانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەسەرپەرشتی د. عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەسەرەتای کۆبونەوەیەکە وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: کولتووری تەندروستی و سەلامەتی کولتورێکی تازەیە لە وڵاتی ئێمە، بۆیە کاتی زیاتری پێویستە بۆ چەسپاندنی بۆ ئەوەی لە تێکڕای ئاستە جیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ڕەنگی نەداوەتەوە، بنەماکانی تەندروستی و سەلامەتی ماوەی چەند ساڵێکە لە ناوەندەکانی خوێندن پەیڕەو دەکرێت، ئامانج لە پەیڕەوکردنی دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارەو گونجاوە بۆ مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و فەرمانبەران تا پڕۆسەی خوێندن و زانست گەشەی زیاتری پێبدرێت، ئەو کولتورە نەک پێویستە تەنیا لە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵکو لە بەشە ناوخۆییەکان و ناو ماڵەکانیش دەبێ تاکەکان فێری بکرێن کە چۆن پەیڕەوی بکەن.

د. عەلی سەعید ئەوەشی ڕاگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێویستی گرتۆتە بەر، لەوانە بەرزکردنەوەی بەش و لێژنەکانی تەندروستی سەلامەتی لە زانکۆکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی و بەستنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ڕاستەوخۆ بە نوسینگەی سەرۆکی زانکۆکانی کوردستانەوە، لەھەمان کاتدا لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتەوە کە بەرێنماییەکی وەزاری و فرمانێکی زانکۆیی لەسەر زانکۆکان پێکھێنراوە، ئەرکی سەرەکی بریتیە لە پێداچوونەوەیەکی ورد بەسەرجەم بەشە ناوخۆییە ئەھلی و حکومیەکان تا لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیەوە ھەموو کەموکوڕی و کێشەکان دیاری بکات و دواتریش ڕێگە چارەی گونجاویان بۆ دەستنیشان دەکات بەتایبەت لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی وەک ( ئاگر کوژێنەوە، ئامێری زەنگی ئاگادارکردنەوە، دەروازەی خۆ رزگارکردن و پێداویستیە سەرەکیەکانی دیکەی وەک نەوت و گاز لە شوێنی تایبەتی و دڵنیابوون لە سەلامەتی بۆردی کارەباکان و سەرجەم پێداویستیەکانی دیکە.
Top