وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم لەسەر خەرجکردنی ٥٠ ملیۆن دۆلارەکە قوتابخانەکان رونکردنەوە دەدات

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم لەسەر خەرجکردنی ٥٠ ملیۆن دۆلارەکە قوتابخانەکان رونکردنەوە دەدات
26 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- دەربارەی شێوازی خەرجکردنی ٥٠ ملیۆن دۆلارەکەی حکومەتی ھەرێم کە بۆ قوتابخانەو کەرتی پەروەردە تەرخانکراوە وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم رونکردنەوە دەدات .


ھاجەر داود،گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند،لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کەرتی پەروەردە تەرخانکراوە،ھەندێ کەس رەخنەیان گرتوەو قسەیان لەبارەیەوە کردوە بۆیە ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم رونکردنەوەمان لەسەر ئەو پارەیە بۆ ھاوڵاتیان داوە.

گوتیشی،لەبارەی تەواونەبوونی ئەو قوتابخانانەی کە لە ساڵەکانی ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢ بریاری دروستکردنیان دراوە، دەڵێین لە ساڵی ٢٠١٠ دا و لە ماوەی ٢٧ مانگدا ٧١ قوتابخانە تەواوکراون و، ٢٣ قوتابخانەش لەژێر جێبەجێکردندان، ھەروەھا بۆ ساڵی ٢٠١١ بریاردرابوو ٨٤ پرۆژە دروست بکرێن، ماوەی دروستکردنیان تا ئەمرۆ دەگاتە ١٥ مانگ و ئەم ماوەیەش زۆر کەمەو کارەکانی تێدا تەواو ناکرێن.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی ساڵی ساڵی ٢٠١٢ ھاجەر داود گوتی، ئەو پرۆژانەی بریاربووە بکرێنە بواری جێبەجێکردنەوە ٦١ پرۆژە بوە، ئیستاش ٥ مانگ بەسەر دەستپێکردنیاندا تێپەریوە و ئەنجام دەدرێن.
بۆیە بەشێک لە ھۆکاری دواکەتنی پرۆژەکان ھونەرین، وەکو دواکەوتنی بەڵێندەران و گۆرینی زەوی و دیزاین و میکانیزمەکانی ئامادەکردنی تەندەر و ئاگاداریی بڵاوکردنەوەی، ئەمە و جگە لە رەزامەندی وەزارەتی پلاندانان.

باسی لەوەشکرد،تەرخانکردنی ئەم برە پارەیە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە کاتێکدا دێت کە پارساڵ بڕێک لە بودجەی وەزارەتەکەمان کەمکرابوەوە،ئەم پارەیە بۆ کاری فریاکەوتن بوە و بەپێی پلانی دارێژراو و رێژەی دەستنیشانکراو و لەلایەن لیژنەی باڵا کە نوێنەرایەتی ئەنجوومەن و وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانی تێدایە و پێداچوونەوەی خەرجکردنی بەردەوامە و وەزارەتی پەروەردە بەوپەڕی شەفافییەتەوە دیاریکردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم راشیگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو قوتابخانە لە ھەرێم ھەیە کە زۆربەیان کۆنن بۆیە پلانی وەزارەت بۆ چارەی ئەو بابەتە ئەوەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەری بکات بۆ ئەو مەبەستەش ٥٠٠ قوتابخانەی تازە بریاری دروستکردنیان دراوە و، بەشێکی تریش نۆژەن دەکرێنەوە.
Top