کوڕێکی تاریق عەزیز باس لە رفاندنی تەرمی باوکی دەکات

کوڕێکی تاریق عەزیز باس لە رفاندنی تەرمی باوکی دەکات
کوڕێکی تاریق عەزیزی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس و سەرکردە لە حیزبی بەعسی عێراقی، رایدەگەیەنێت، کە بە دووری ناانێت تەرمی باوکی رفێنرابێت.

زیاد تاریق عەزیز بە ماڵپەڕی ”عەرەب یەوم)ی راگەیاندووە، کە (ئەو هەواڵانەی باس لە رفاندنی تەرمی باوکم دەکەن، نە رەتیان دەکەمەوە و نە دەشڵێم راستە، هەموو شتێک لە عێراق ئەگەری روودانی هەیە).

هەروەها ئەکرەم حمسی، ئەمینداری گشتی حیزبی بەعسی ئوردنی رایگەیاندووە، کە زانیاریی پشتڕاستنەکراویان هەیە، باس لە ”ونکردنی تەرمی تاریق عەزیز دەکەن“.

ئەکرەم حمسی باسی لەوەشکردووە، کە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە دوو رۆژە تەرمەکە ونبووە و ئەمەش گومان دەخاتە سەر هۆکاری مردنیشی.

دەسەڵاتدارانی ئوردن رازی بوون بە ناشتنی تەرمی ئەو سەرکردەیەی بەعسی عێراقی لەسەر خاکەکەیان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەو مەرجە رازی بووە تەرمی عەزیـز لە ئوردن بنێژرێ، کە لە فڕۆکەخانەی عەممانەوە یەکسەر ببرێتە گۆڕستان و هیچ مەراسیمێکی بۆ سازنەکرێ. بەڵام ئەمینداری گشتی بەعسی ئوردنی رایگەیاندووە، کە ”بەشداریی رێوڕەسمی ناشتنی دەکەین و گوێ بە رێککەوتنەکان نادەن“.

بەپێی رێککەوتنەکان، دەبووایە رۆژی دووشەممە تەرمی تاریق عەزیز، کە لە بەندیخانەی ناسرییە گیانی لەدەست دا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا درابوو، بگاتە ئوردن، بەڵام بە نەگەیشتنی لەو رۆژە، گومان لە ونکردنی تەرمەکەی و هۆکاری مردنی دەکرێت.






















باسنیوز
Top