شەش سەنتەری زمان بۆ كاندیدەكانی تواناسازی دەكرێتەوە

شەش سەنتەری زمان بۆ كاندیدەكانی تواناسازی دەكرێتەوە
د. ئامانج سەعید راوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ كاروباری زانستی ڕاگەیاند: لە كۆی ئەو 4351 كاندیدەی بەرنامەی تواناسازی تا ئێستا 2200 كاندید سەفەریان كردو،ەو ئێستا لە زانكۆ بەناو بانگەكانی جیهان دەستیان بەكۆرسی زمان و خوێندنی ئەكادیمی كردووە.
د. ئامانج سەعید لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەئامادەبوونیژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، رایگەیاند: بەرنامەی تواناسازی كە یەكێكە لە بەرنامە نوێیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كات پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بۆ ئەوەی بەسوود وەرگرتن لە هەڵەكان بەرنامەكە بەهێزتر بكەین و كادیری باشتر بۆ داهاتوو پێبگەێنین، بۆ نموونە ئەزمون بۆمانی دەرخست كە یەكێك لەو كێشانەی كە روبەڕووی كاندیدەكان دەبێتەوە ئاستی زمانە كاتێك كە ڕوو دەكەنە زانكۆ پێشكەتووەكان بۆ تەواوكردنی خوێندنەكانیان، بۆیە وەزارەت بەسوود وەرگرتن لە ئەزمونی شارەزیان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ڕاوێژكردنێكی زۆر و بەڕچاوكردنی بنەمایەكی زانستی بڕیاریدا ئەوانەی كە ئاستی زمانیان نەگاتە پێنجی ILTES و هاوتاكانی ڕێگە بەكاندیدەكان نەدرێت سەفەری خوێندن بكەن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی كاندیدەكانە بۆ ئەوەی لە كاتی سەفەركردنیان دووچاری كێشەو گرفتی جۆراو جۆری زمان نەبنەوە.
هەروەها گوتی: بۆ هاریكاریكردنی كاندیدەكانیش وەزارەتی بڕیاری كردنەوەی شەش سەنتەری زمانی لە زانكۆ حكوومی و تایبەتیەكاندا بۆ ئەوەی كاندیدەكان لە ماوەی 6 مانگدا كۆرسی زمان ببین و ئاستی زمانەكانیان بگەێننە ئاستی پێویست كە پێنجی ILTESـە، ئەوەش ئاستێكی زۆر بەرز نییە، بۆیە خوێندكاراو قوتابیان دوای ئەوەی ئەو ئاستەی زمان بەدەست دەهێنن كۆرسێكی دیكەی 6 مانگیان لەو وڵاتە بۆ دەكرێتەوە كە سەفەری بۆ دەكەن تا ئاستی زمانەكانیان دەگاتە ئەو ئاستەی كە زانكۆكەیان داوایان لێ دەكات كە لە شەش و نیوی ILTES و بەرەو سەرەوەیە.
سەبارەت بەو داواكارییەی خۆپێشاندەران كە وەزارەت هەماهەنگی بكات لەگەڵ زانكۆ پێشكەتووەكان بۆ وەرگرتنی ئۆفەر، د. ئامانج سەعید ڕاگەیاند:وەزارەت 100% پشتگیری ئەو داوایەیان دەكات و هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندین شاندی ڕەوانەی دەرەوە كردووە، سەبارەت بەو داوایەش كە هەندێك لە زانكۆكان داوای ئاستی زمانیان لێ ناكەن، ئەو راوێژكارە راگەیاند: هەموو زانكۆ پێشكەتووەكان داوای ئاستی زمان دەكەن، تەنانەت هەندێك لە زانكۆ عەرەبیەكانیش هەمان داواكاریان هەیە، بۆیە ئێمە لە رەوانەكردنی كاندیدەكان جەخت لەسەر كوالێتی زانكۆكان و پرۆسەی خوێندن دەكەین، بەهۆی ئەوەی ئەم بەرنامەیە كار دەكات بۆ پێگەیاندنی سەركردەكانی داهاتوو، هاوكات لە هەمان كۆنگرە تیشكی خستە سەر چەندین پرسی دیكەی پەیوەست بە چارسەركردنی كێشەی ڕەوانەكردنی موستەحەقاتی دارایی كاندیدەكان.

Top