كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان گلەیی و داواكاریان هەیە

كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان گلەیی و داواكاریان هەیە
1 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەرۆكی كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان ئاماری چاپخانەكانی هەرێمی کوردستانی ئاشكرا کرد و رایگەیاند كە دام و دەزگاو وەزارەتەكانی هەرێم وەك پێویست كاری چاپكردن لە هەرێم جێبەجێ‌ ناكەن.


سۆران عەبدولرەحمان، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ئەندامانی كۆمەڵەكەمان كە چاپخانەیان هەیە و تا ئێستا ناویان لە كۆمەڵەكەمان تۆماركردوە 55 ئەندامن و پڕۆسەی تۆماركردنیش بەردەوامە.

سەرۆكی كۆمەڵەی چاپخانەكانی كوردستان گوتی: بەداخەوە دام و دەزگا و وەزارەتەكان بە تایبەت وەزارەتی پەروەردە كە ساڵانە پڕۆگرامێكی زۆری قوتابیان چاپدەكات وەك پێویست كاری چاپكردن لای ئێمە ئەنجام نادەن و دەچنە دەرەوە بە نرخ و تێچویەكی زۆر کتێب چاپدەكەن.

سۆران عەبدولرەحمان، گلەیی ئەوەی لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم كرد كە تا ئێستا وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەگەڵیان دانەنیشتووە بۆ ئەوەی بزانن ئێمە بە چ كوالیتی و نرخ و قەبارەیەك و تا چەندە دەتوانین پەرتۆكیان بۆ چاپبكەین. لەو روەشەوە خەریكە كاری چاپكردن لە هەرێم لاوازی تێدەكەوێت بە پێچەوانەوە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە كارەكانی لای ئێمە بكات و پلانی خۆیمان پێشكەش بكات، ئێمە لەماوەی 10 ساڵدا دەتوانین توانای چاپكردنی تەواوی پەرتوك و كارەكانیان بگرینە ئەستۆ و گرفتی كادیر و تەكنیك و هونەر و لایەنەكانی‌ دیکەشمان بەهێزتر بكەین. لەو روەشەوە لایەنە پەیوەندارەكانمان ئاگادار كردوەتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی ئەنجامدارمان بەدەست نەگەیشتووە.
Top