یەكەمین پەیمانی كۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا كرا

یەكەمین پەیمانی كۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا كرا
9ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەوڵی یەكلاییكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا ئیمزاكردنی پەیمانی كۆمەڵایەتی بە پێویست دەزانن و یەكەمین پەیمانی كۆمەڵایەتییش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گەڕەكێكی هەولێری پایتەخت ئیمزا كرا.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پیاو ماقوڵ و زانایانی ئایینی و نوێنەری شارەوانی و پۆلیس و ئاسایش و پەروەردەو تەندروستی پەیمانی كۆمەڵایەتی ئیمزا كرا كە مەبەست لێی بنەبڕكردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و هاریكارییە لە نێوان هەموو پێكهاتەكانی ئەو گەڕەكەدا بۆ ڕێگەنەدان و برەوسەندن بە ماددەهۆشبەرەكان.
لە سەرەتای دانیشتنی ئەمڕۆدا عەلی ئیبراهیم سەرپەرشتیاری پەیمانی كۆمەڵایەتی گوتی: ئەم پرۆِگرامە بۆ یەكەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە عیراق لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و ماوەی یەك ساڵ بەردەوام دەبێت.
لەلایەن خۆشیەوە سەركەوت شەمسەدین گوتی ئەم بەرنامەیە بۆ ئەوەیە كە تاوەكو ئێستاكە هیچ حاڵەتێك لەناو گەڕەكەكاندا ڕووی نەداوە بۆیە ئێمە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێكی ئاسایی كە ڕوودەدات بە زووی كاری لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی تەشەنە نەكات، چونكە ئەگەر حاڵەتەكان تەشەنە بكەن ئەوا دیاردەی كۆمەڵایەتی تێدا دروست دەبێت و كاریگەری نەرێنی لەسەر كۆی كۆمەڵگە دروست دەكات.
جێگەی ئاماژە بۆكردنە ئەم چالاكییە كۆمەڵایەتییەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، ڕێكخراوی كادكای نێودەوڵەتی كە دامەزراوەیەكی ئەمریكاییە بە هاوكاری كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كراوەو ڕێكخراوی ژیانی تەندروستی لە كوردستان ئەركی جێ بەجێ كردنەكەی كەوتۆتە ئەستۆ.
Top