"ماسی و پشیله‌" به‌شداری له‌ ئه‌مه‌ریكا نمایش ده‌كرێت

فیلمی سینه‌مایی "ماسی و پشیله‌" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد شه‌هرام موكری، به‌شداری له‌ 43یه‌مین خولی فیستیڤاڵی "ده‌رهێنه‌ره‌ نوێیه‌كان/ فیلمه‌ نوێیه‌كان" له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.

نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی شه‌هرام موكری دوای به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی جیهانی، وه‌ك ته‌نیا فیلم له‌ كیشوه‌ری ئاسیا رۆژی 27 ئازار/ مارسی 2014، له‌ هۆڵی والتێر ریدی ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ناوه‌ندی لینكۆڵن و هه‌روه‌ها له‌ رۆژی دواتر له‌ هۆڵی تیتۆس له‌ مۆزه‌خانه‌ی هونه‌رگه‌لی مۆدێرن ی شاری نیۆیۆرك له‌ میانه‌ی 43یه‌مین خولی فیستیڤاڵی "ده‌رهێنه‌ره‌ نوێیه‌كان/ فیلمه‌ نوێیه‌كان" له‌ شاری نیۆیۆرك نمایش ده‌كرێت.



فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌ هاوكاری ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ناوه‌ندی لینكۆڵن و مۆزه‌خانه‌ی هونه‌رگه‌لی مۆدێرنی شاری نیۆیۆرك، به‌ شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی به‌ نمایشی 27 فیلمی سینه‌مایی و چه‌ندین كورته‌ فیلم له‌ رۆژانی 19 تا 30 ئازار/ مارس 2014 به‌ڕێوه‌ده‌چێت.



فیستیڤاڵی "ده‌رهێنه‌ره‌ نوێیه‌كان/ فیلمه‌ نوێیه‌كان" به‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین رووداوه‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای باكوور ناسراوه‌ كه‌ رووخسار و به‌هره‌مه‌نده‌ نوێیه‌كانی سینه‌ما به‌ دنیا ده‌ناسێنێت، له‌ 42 خولی پێشوویدا فیلمسازانی ناوداری به‌ سینه‌مای جیهان ناساندووه‌، له‌وانه‌: ستیون سپیلبێرگ، وۆنگ كار وای، سپایك لی، پێدرۆ ئالوادووار، ئاتۆم ئاگۆیان، جان سایلیس، سالی پاتێر، ریچارد لینكلیتێر و چه‌ندین سینه‌ماكاری دیكه‌.



ئه‌نجوومه‌نی فیلمی ناوه‌ندی لینكۆڵن ساڵی 1969 له‌ شاری نیۆیۆرك دامه‌زراوه‌، به‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین ناوه‌نده‌كانی كلتووری جیهان ده‌ناسرێت كه‌ به‌ درێژایی ساڵ، فیلمه‌ به‌رچاوه‌كانی سینه‌مایی نمایش ده‌كات و هه‌موو ساڵێك له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ردا فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی نیۆیۆركیش سازده‌كات.



فیلمی سینه‌مایی "ماسی و پشیله‌" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا 23 تا 28 شوبات/ فه‌برایه‌ر 2014 له‌ هه‌فته‌ی فیلمی ئێران له‌ وڵاتی عومان نمایشكرا.
Top