سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران: بەهمەن قوبادی دەتوانێ لە ئێران فیلم دەربهێنێت

سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران: بەهمەن قوبادی دەتوانێ لە ئێران فیلم دەربهێنێت
سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی ئێران بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی گوت: بەهەمەن قوبادی دەتوانێ بگەڕێتەوە ئێران و لەوێ درێژە بە کارەکەی بدات.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکایی، رۆژی ٢٢/٧/٢٠١٥، راپۆرتێکی لەبارەی داهاتووی سینەمای ئێرانی دوای پێکهاتنە ناووکییەکەی رۆژئاوا و ئێرانی بڵاو کردووەتەوە. لە راپۆرتەکە دا پرسیاری سەرۆکی بەشی سینەمای وەزارەتی "ئیرشاد"ی ئێرانیش کردووە.
حوجەتووڵلا ئەییووبی، سەرۆکی رێکخراوی سینەمایی کە سەر بە وەزارەتی "ئیرشادی ئسیلامی" (رۆشنبری)ی ئێرانە، وێڕای ئاماژە بە پێکهاتنە ناوکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان لە دوای لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوت: " لادانی گەمارۆکان یارمەتیی ئەمە دەکات فیلمە ئێرانییەکان لە درەوە زیاتر ببینرێن."
بەشێک لە لێدوانەکەی ئەم بەرپرسەی بەشی سینەمای ئێران، باس لە هێندێک لە دەرهێنەران دەکات کە لە ئێران سنوودار کراون و لەم بارەیەوە گوتی: " ئێمە دەمانهەوێ هەموو ئەو دەرهێنەرانەی خۆمان هان بدەین درێژە بە کارەکانیان بدەن و بە تایبەت ئەو دەرهێنەرانەی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدی‌نەژاددا کاریان نەکردووە.
ئەییوووبی، لە بارەی بەهمەنی قوبادی دەهێنەری ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، گوتی: "دەرگامان بۆ هەموو دەرهێنەرانی ئێران واڵایە و من دەزانم ئەگەر بەهمەن قوبادی بگەڕێتەوە ئێران، کێشەیەکی نابێت."


بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەرەوەی ئێران چەند فیلمی کورت و درێژی بە بەشداری ئەکتەرانی وەک "بهێروز وسووقی" و "مۆنیکا بەلوچی" ئامادە کردووە و لەم ساڵانەی دواییدا لە چەند فسیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا بەشداریی چالاکانەی بووە.


Top