عامر خان بەشداری لە فیلمێکی نوێدا دەکات

عامر خان بەشداری لە فیلمێکی نوێدا دەکات
ئەکتەری سینەمای بۆلیوود، عامر خان، بەشداری لە فیلمێکی نوێی سینەماییدا دەکات و بەم نزیکانە کاری وێنەگرتنی دەست پێدەکات.
خان بە دەزگاکانی راگەیاندنی راگەیاند، نوێترین فیلمی بەناوی "دانگل"ـە و لەم مانگەدا کاری وێنەگرتنی دەست پێدەکات، دیمەنەکانی لە ویلایەتی بنجاب و هاریانا وێنە دەگیرێت.
ئەم فیلمەی خان لە دوای دوا فیلمی سینەمایی "پی کەی" دێت کە ئەو ئەکتەرە رۆڵی سەرەکەی تێدا گێڕاوە و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک فیلمی پڕداهاتی هیندستان بوو.
عامر خان، لە ساڵی ١٩٦٥ـدا لە هیندستان لە دایک بووە، جگە لە کاری ئەکتەری، لە بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماییدا کار دەکات و خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سینەمایی عامر خانە.
لە ساڵی ١٩٧٣ـدا لە تەمەنی منداڵیدا بۆ جاری یەکەم لە فیلمێکی سینەماییدا دەرکەوت، لە ساڵی ١٩٨٤ لە رێگەی فیلمی "هۆلی" ناسرا.
تائێستا بەشداری لە دەیان فیلمی سینەماییدا کردووە و چەندین خەڵاتی لە رێگەیانەوە بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بە پێی لیستی گۆڤاری تایم، وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتی جیهان دەستنیشانکرا.
Top