ئەنجوومەنى ئاسایش پرۆژەبڕیارێكى رووسیا لەبارەى سووریاوە تاوتوێ دەكا

ئەنجوومەنى ئاسایش پرۆژەبڕیارێكى رووسیا لەبارەى سووریاوە تاوتوێ دەكا
رووسیا پرۆژە بڕیارێكى هەمواركراوى لەبارەى سووریاوە پێشكێشى ئەنجوومەنى ئاسایش كردووە، ئەڵمانیایش پێى وایە پرۆژە بڕیارەكەى مۆسكۆ وەڵامى دڵەڕاوكێكانى رۆئاوا ناداتەوە.

فیتالى چۆركین نوێنەرى هەمیشەیى رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، وێنەیەكى هەمواركراوى پرۆژەبڕیارێكى لەبارەى سووریاوە دایە ئەنجوومەنى ئاسایش و دوێنێ هەینى ئەندامانى ئەنجوومەن پرۆژە بڕیارەكەیان تاوتوێ كرد، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەى لە بڕیارەكەدا باس لە توندوتیژییەكانى بەرەى دژ بە رێژیمى سووریاش بكرێ.

چۆركین گوتى \"هیچ گۆڕانكاریەك لە پرۆژەبڕیارەكەدا ناكەین كە دژ بە ئامانج لە دانانى بێ، ئەگەر دەیانەوێ هەر ئاماژەیەكى بۆ توندوتیژییەكانى ئۆپۆزسیۆنى توندڕەوى تێدا نەبێ، یان پشتیوانى لە سەپاندنى گەمارۆى چەك بەسەر سووریادا بكەین، ئەوە ئەمانە روو نادەن، چونكە دەزانین گەمارۆى چەك لەم دۆخەدا چى دەگەیەنێ، وەك لە لیبیا دیمان لەكاتێكدا گەمارۆى چەك دەخرێتە سەر حكوومەت، رێگە بۆ هەر كەسێك كراوە دەبێ تا چەك بداتە ئۆپۆزسیۆن\"".

بەڵام ئامادەیى پێشان دا لەبارەى پرسەكانى ترەوە گفتوگۆ بكا، لەوانە پێداگرى لەسەر راگرتنى توندوتیژى و پاراستنى مافەكانى مرۆڤ.

لەبەرامبەردا پیترە فیتیگ باڵوێزى ئەڵمانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتى رەشنووسە بڕیارەكەى رووسیا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەى، وەڵامى خواستەكانى وڵاتانى رۆئاوا بداتەوە.

هەروەها پێداگرى كرد لەسەر گرینگیى بەردانى گیراوە سیاسییەكان و ئاماژەدانى روون بە پێویستیى لێپرسینەوەى ئەوانەى مافەكانى مرۆڤیان پێشێل كردووە. وارگەى رادیۆ \""سەوا\"" گواستیەوە.

دوێنێ هەینى تەنیا رۆژێك دواى گەیشتنى چاودێرانى كۆوەندى عەرەبی بۆ سووریا، دوو تەقینەوەى گەورە لە دیمەشق روویان دا و تێیاندا زیاتر لە 40 كەس كوژران و نێزیكەى 160ى تریش بریندار بوون. سووریا رێكخراوى قاعیدە و ئەنجوومەنى نیشتمیانیى سووریی بەرهەڵستكاریش رێژیمى بە ئەنجامدانى تۆمەتبار كرد."
Top