دۆخی تاران ئاڵۆزە

دۆخی تاران ئاڵۆزە
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، دۆخی كولتووری و سیاسیی تارانی پایەتەخت ئاڵۆزە، بەشێوەیەك كە سوپا بۆی ناكرێ هاوكات كۆنترۆڵی تەناهی و كولتوور بەیەكەوە بكا.

محەمەد عەلی جەعفەری دوێنێ شەموو لە رێوڕەسمی ناساندنی فەرماندە نوێیەكانی بەشێك لە سوپا لە تاران گوتی، دۆخی ئەمڕۆی تاران زۆر ئەستەمە، چونكە پرسەكان تێكەلی یەكتری بوونە و سوپا ناتوانێ هاوكات كۆنترۆڵی هەموو شتەكان بەیەكەوە بكا، تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) گواستییەوە.

ئاماژەى كرد، وەك بینیمان نەیارانی ئێران كار لەسەر ئەو بۆشایییە كولتووری و تەناهییەی پایەتەخت دەكەن و چەندان نموونەی پێشووترمان بۆ ئەو كارە بینیوە.

سوپای پاسداران كە بەباڵی دەسەڵاتدار لە ئێران دێتە دانان، پاش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2009 دژی خۆپێشاندەرانی ناڕازی بەئەنجامی پرۆسەكە، چالاكییەكی بەرچاوی هەبوو، بەتایبەت لە تاران كە چەندان مانگ ئاڵۆزی و خۆپێشاندانی پێوە دیار بوو، بەپێی هەمان سەرچاوە.
Top