كوژرانی 23 خۆپێشاندەر وێڕای گەیشتنی چاودێران بۆ سووریا

كوژرانی 23 خۆپێشاندەر وێڕای گەیشتنی چاودێران بۆ سووریا
پاش گفتوگۆیەكی زۆر لە نێوان كۆوەندی عەرەب و سووریا بۆ ناردنی 200 چاودێری رێكخراوەكە بۆ چاودێریكردنی دۆخی مرۆییی سووریا، لە قۆناغی یەكەمدا ژمارەیەكیان گەیشتنە ئەو وڵاتە لە كاتێكدا لە ماوەى 24 سەعاتی رابردوودا بەلایەنی كەمەوە 23 خۆپێشاندەری تر هاتنە كوشتن.

گەیشتنی 70 چاودێر وەك شاندی مرۆییی كۆوەندی وڵاتانی عەرەبی دوێنێ دووشەم هاوكات بوو لەگەڵ گەڕی نوێی خۆپێشاندان و كوشتنی خۆپێشاندەرانی ناڕازیی حكوومەت، بەشێوەیەك كە وێڕای گەیشتنی ئەو شاندە بۆ سووریا، دەیان خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سووریاوە كوژران.

بەپێی سەرچاوەگەلی مرۆیی، لە پارێزگەى حومس بەلایەنی كەمەوە 23 خۆپێشاندەری ناڕازیی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ماوەى 24 سەعاتی رابردوودا كوژراون، بەو پێیە داوا لە چاودێرانی مرۆیی كراوە سەردانی ئەو ناوچەیە بكەن تا لە نێزیكەوە ئاگەداری دۆخەكە بن، تۆڕی هەواڵی (بی بی سی) ئەمڕۆ گواستییەوە.

هاوكات هەندێك سەرچاوەگەلی تری هەواڵی ناوەخۆییی سووریا، ئاماژە بەكوژرانی نێزیكەى 50 كەس لە ماوەى 24 سەعاتی رابردوودا لەو وڵاتەدا دەكەن.

بڕیارە بەچەند قۆناغ، ژمارەى چاودێرانی مرۆییی كۆوەندی عەرەب بگاتە 200 كەس كە سەردانی سووریا دەكەن و دواتر راپۆرتی مرۆیی پێشكێشی رێكخراوەكە دەكەنەوە.

ئاماری رەسمیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بە هاتنەكوشتنی نێزیكەى 6 هەزار خۆپێشاندەر (لەوانە 307 ژن و منداڵ) و 600 لە هێزەیلی تەناهی لە 9 مانگی رابردووی سووریادا دەكەن، جگە لە برینداربوونی زیاتر لە 5 هەزار و گیرانی لایەنی كەم 15 هەزاری تر و راكردنی پتر لە 12 هەزار كەسی تر لەو وڵاتە، دۆخەكەش هەر بەردەوامە.


-ئاكانیوز
Top