راپۆرتی چاودێرانی كۆمكاری عه‌ره‌بی تاوتوو ده‌كرێت
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر كۆ ده‌بنه‌وه و یه‌كه‌مین راپۆرتی گرووپی چاودێره‌كانیان له سووریا ده‌خه‌نه به‌ر لێكدانه‌وه.
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ هه‌روه‌ها ده‌ڵێن بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا كاری هه‌تا ئێستای چاودێره‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی له سووریا و بابه‌تی مانه‌وه‌یان له‌و وڵاته بكه‌وێته به‌ر باس.
نه‌یارانی حكوومه‌تی (به‌شار ئه‌سه‌د) له سووریا دوای هه‌ندێك لێدوانی به‌رپرسی گرووپی چاودێران و هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوونی سه‌ركوت و كوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی سووریا، داوایان كردووه چاودێرانی كۆمكاری عه‌ره‌بی له سووریا بكشێنه‌وه و دۆسیه‌ی سووریا بدرێته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.