بەرهەڵستكارانی سووریا داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی سووریا دەكەن

بەرهەڵستكارانی سووریا داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی سووریا دەكەن
سەرچاوەیەك لە كۆبەندی عەرەبی لە قاهیرە ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند، كۆبەندی عەرەبی 2 نامەی لە بەرهەڵستكارانی سووریا پێ گەیشتووە، یەكەمیان لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا كە داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی ئەو وڵاتە و دووەمیشیان لە رەوتی بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا كە داوای بەردەوامی كاری نێردەی چاودێرانی عەرەبی لە سووریا دەكا.

سەرچاوەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا نامەیەكی بۆ ئەمینداری گشتیی كۆبەندی عەرەبی ناردووە و داوای بەناودەوڵەتیكردنی فایلی ئەو وڵاتە لە رێگەی پێشكێشكردنی داوایەك بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو داوایە بۆ بواردانە بەپشتبەستن بە شارەزاییی ناودەوڵەتی و فەراهەمكردنی پاڵپشتیی ناودەوڵەتییە بۆ كاری نێردەكانی چاودێری عەرەبی.

لەلایەكی تر رەوتی بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا داوای لە لایەنەكانی بەرهەڵستكاری ئەو وڵاتە كرد كە هەڵوێستێكی روونیان لەبارەی هەموو لایەنەكانی بەرهەڵستكار لە سووریا هەبێ و داواشی كرد كاری نێردەی چاودێرانی عەرەبی لە سووریا بەردەوام بێ، بەو پێیەی بوونیان كاریگەریی ئەرێنی بۆ سەر خۆپێشاندانەكان و كەمبوونەوەی ژمارەی كوژراوان هەبووە.

لە ناوەڕاستی ئادار مارسی ساڵی رابردوو ناڕەزاییی جەماوەری گەلی سوویا دژی رێژیمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستی پێ كرد و ئێستەش بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەی كوژراوان تا ئێستە لە 5 هەزار رەتی داوە.



-ئاكانیوز
Top